داگیرکەری ئێرانی!

Tuesday, 19/09/2023, 20:25

3213 بینراوە


بۆ ساڵیادی لە دایک بوونی (ژینا) گیان

شا (ساوک)ی بوو
مەلاکانیش (ئیتلاعات)
لە نێوان ساواک و ئیتلاعاتدا
ڕیشێک و
تەزبیحێک و 
جبەیەک، جیایان دەکاتەوە
ساواکییەکان
کتێبی (بەرەو شارستانییەتی گەورە)* ی ئاریامیهریان
دەخوێندەوە و
کوردیان دەکوشت
ئیتلاعچییەکانیش
قورئانێک
لاپەڕەیەک (خوب)
لاپەڕەیەک(بد)
دەخوێننەوە و
خەڵک دەکوژن
کورد لەدار دەدەن
باوە، کراوە و دەڵێن:
قازییەکانی سەددام
بەرەبەیان
کاتێ دەهاتنە هۆڵی بڕیاردان
کوردەکانیان ڕیزدەکرد، جا دەیانخوڕی:
لەو پشتێن گوڵ گوڵییەوە، بۆ ئەو پشتێن ڕەشە
ئیعدام
لەو پشتێن قاوەییەوە بۆ ئەو چۆغەلەبەرە
دەساڵ زیندان
قازی مەلاکانیش
قورئانە خوب و بەدەکە**
دەکەنەوە
(زەینەب جەلالیان)
زیندانی هەتاهەتایی
(شیرین عەلەم کوهی)
جوخە اعدام***
پار لە تاران
کچەکوردێکیان گرت
ئەوەڵ ناوەکەیان گۆڕی و بوو بە مەهسا
هەر ئەو کاتە لە سنە
زارا وانەی کوردیی دەگوتەوە
بۆ نموونەی پیتی (ژ)ێ
منداڵەکانی فێرکرد
لە دەفتەری نووسینەوەی وانەکاندا
سەدجار بنووسن (ژینا)
ئەوسا مەهسا بووە هێمای داگیرکردن و
ژیناش بوویە سیبۆلی ژیان
هەمووش پێکەوە
وتیان
داگیرکەری ئێرانی
بکوژی (ژینا)مانی
بکوژی (ژیان)مانی
----------------
سەرنجەکان: ئەو وشانەی بە زاراوەی فارسی نووسراون: 
*بسوی تمدن بزرگ، کتێبێکی خەیاڵ پڵاویی شای ئێران بوو، بەناوی وییەوە بۆی نوسرابوو لەلایەن چەند نووسەری دەربارەوە لە ناویاندا داریوش هومایۆن، وەزیری ڕۆشنبیریی و سکرتێری حیزبەکەی شا بە ناوی رستاخیز، دووساڵ بەر لەوەی شاهنشا، قەلفڕی پێ بکەن، چاپ و بڵاوکرایەوە، بەڵام ئێران نەک بەرەو شارستانەت نەچوو، بەڵکو بەرەو تاریکستانی مەلاکان چوو.
**مەلاکان لە ئێران، قورئانێکیان چاپکردووە کە ئیستخارە(بەختگرتنەوە)ی پێ دەکەن، لاپەڕەیەک لە سووچی سەرەوەی نووسراوە خوب/ باش، لە سووچی لاپەڕەکەی بەرامبەردا نووسراوە بد/ خراپ
*** جوخە إعدام/ دەستەی سێدارە، یا گولە باران

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە