فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن (بەشی سێیەم)

Saturday, 23/09/2023, 22:13

1971 بینراوە


- لە بەشی دووەمدا باسم کرد کە براوەکانی دوای دوو جەنگە جیهانییەکە، دنیایان دابەش کرد بە دوو بەش و نیوەوە کە جیهانی براوەکان و ئەو دەوڵەت نەتەوانە بوون کە دەسکردی خۆیان بوون. نیوەکەش ئەو نەتەوانە بوون کە کرانە قووربانی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەکان و هێشتنەوەیان بوو لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەت نەتەوانەدا و سپاردنی چارەنووسیان بوو بە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەهاتنە سەر کورسی فەرمانڕانی یا کورسیان لێ دەسێنرایەوە، بکەری ڕاستەوخۆی تاوانەکان دژ بەو نەتەوانە ئەو ڕژێمانە بوون و چاودێر و پشتیوانی  پشتی پەردەش هەمان دەوڵەتانی براوەی جەنگ بوون، ئەم یارییە قێزەونەش کە ئەوان دەیانکرد بۆ بردنە پێشەوەی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆیان بوو، یەکێک لەو نەتەوە مەزنانەی کە بووە ستەمدیدەترین خەڵکانی سەر ڕووی زەوی نەتەوەکەی من بوو، نەتەوەی کورد. جگە لەو هۆ دەرەکییە، بەدرێژبوونەوەی داگیرکردنەکە و فراوانبوونی، ستەمی نەتەوەی سەردەست کلتوورێکی بەرهەمهێنا و کوردانێکیش کە لە ڕووی ئیرادە و کەسایەتییەوە لاواز بوون و سامان و پارە بووە ناوەندی ژیانیان، دروست بوون، خۆیان دۆڕاند و بوونە دژە کورد و درێژە پێدەری ستەمی داگیرکەران، لە جۆرە کوردییەکەی. زۆر لە کوردە شەرافەتمەند و کوردستانییەکان پێیان وایە کە ئەم هیزە خیانەتمەندە ناوەکییانە ئامڕازێکی سەرەکی ناکامبوون و تێکشکاندنی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەکە بوون.   
ئەو نەتەوانەی کە لەبازنەی نیوەکەدا بوون، خاکەکەیان بووە مەیدانێکی بەردەوامی پێکدادانی ویستی خەڵکەکەی بۆ ئازادی و ویستی دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەر بۆ پیشاندانی هێز و سەپاندنی کلتوور و باشتربوونی نەتەوەی سەردەست. هێدی هێدیش چینێک لە پلەدارەکانی ئەو دەوڵەت نەتەوانە کە پلەدارە سەربازییەکان بوون دروست دەبوون، کە ئەم شەڕەیان لەگەڵ نەتەوە داگیرکراوەکان بۆ بوویە  دەرفەتێکی بازرگانی ڕەواجدار کە ئێدی هەر ڕژێمێک دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێت لە قەوارەی دەوڵەت نەتەوەکاندا و بەهەر بیرکردنەوەیەکەوە فەرمانڕانی کردبێت، بەرژەوەندی ئەم چینە پلەدارە سەربازیانە لەوەدا بووە، کە تا هاتووە جەنگیان دژ بە نەتەوەکانی بندەستیان توندتر کردۆتەوە، هەموو ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کوردستانیان داگیرکردووە، ساڵ لە دوای ساڵ و ڕژێم دوای ڕژێم، ستەمەکەیان لە کورد فراوانتر و خوێناوی تر کردووە، زۆرینەی ئەو کارخانە سەربازیانەی دەوڵەت نەتەوەکانیش یا ڕاستەوخۆ هی پلەدارە سەربازییەکانن، یا بەشێوەی بەش و پشک لەو کارخانە چەکسازیی و بازرگانییە سەربازیانەدا، خاوەن، هاوبەش و پشکدار بوون/ هەن، بۆیە جەنگ و ئاشتی ناوبەناو، هیچ کاتێک کۆتاییان نەهات و پشکی شێر درا بە جەنگ و ئەم پلەدارە سەربازییە زەبەلاحانە لەگەڵ خۆیاندا دەزگا سیاسی، دەزگا زانیارەکان و ئەگەر هەش بووبێت، بیر و هزری بیرکەرەوەکانی ناو نەتەوە سەردەستەکانیان بەکێش کرد بۆ جەنگی دژ بە نەتەوە بندەستەکان، واتە شەڕەکە لە پەلاماری سەربازییەوە فراوان کرا بۆ پەلاماردانی کلتووریی، مێژوویی، جوگرافیایی و وێرانکردنی ئابووری و ژینگەی نەتەوە بندەستەکان، ئەم ئەرکەش تەنیا لە بازنەی چالاکییە سەربازییەکاندا نەمایەوە، بەڵکو ڕۆشنبیران، دەزگا کلتوورییەکان، زانکۆکان و مێدیاییەکان، کەوتنە داڕشتن و فۆرمۆلەکردنی ئەم دژایەتییە لە قاڵبی وانەی قوتابخانە و وتاری سەردەستی مێدیایی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی کۆمەڵایەتیدا.
ئەوەی جێگای سەرنجە، خەباتی ئەو نەتەوانەش ( لێرەدا من باسی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد دەکەم، بەتایبەتیش لە باشووردا، چوونکە باشوور بڕیار وابوو یان وای لێ چاوەڕوان دەکرا کە نموونەی بەرهەمی خەباتی نزیکەی سەدساڵی نەتەوەی کورد بێت)، ئێمە دوای سی و سێ ساڵ، زەحمەتە بتوانین لایەنی ئایەتی* ئەم فەرمانڕانییە دەستنیشان بکەین، لەبەر دوو هۆ:
یەکەم – هێندە کەمە کە لە چاو خوارییەکاند، ناتوانێت وەک نموونە وەربگیرێت تا بێتە باسکردن و لە بنەڕەتیشدا پێوانەکە وایە کە سەرنجی ورد دەبێت لە خوارییەکان بدرێت، چوونکە ئەرکی یەکەمینی فەرمانڕانیی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەیە.
دووەم – خوارییەکان هێندە زۆرن، ئەگەر بە زەڕەبینیش بەدوای کاری بنیاتنانەوەدا بگەرێیت پەیدای ناکەیت و ئەرکی سەرەکی ڕەخنەگریش دۆزینەوەی خوارییەکانە نەک شتە ڕووکەشەکان.
نموونە گەلێک باسدەکەم تا دەری بخەم فەرمانڕانی لە باشووری نیشتماندا بە چ چەوتە رێگایەکدا ڕۆیشتووە:
- میللەتی ئێمە دەیان ساڵ بوو بۆ ڕزگاری لە خەبات و تێکۆشاندا بوو کە ئامانجی ڕزگاریی بوو، کەواتە دەبوو سەرکردەیەتی حیزبەکان بەرنامەیەکی تایبەتییان هەبایە بۆ قۆناغی ڕزگاربوون، بێگومان هیچیان نەبوو. دەرکەوت کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەوان دەستبەتاڵترن.
- سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەی کە لە شاخەوە دابەزین بۆ ناو شار، بەرنامەیەکیەکیان نەبوو، بۆیە هەمان ئەو ڕێگایەیان گرتەوە بەر کە ڕژێمی پێشوولەسەری دەڕۆیشت.
- بەکارهێنانەوەی یاساکانی ڕژێمی پێشوو، تێنەگەیشتن لەوەی کە ساڵانی زۆریی شەڕی پاکتاوکردنی مرۆیی و کلتووریی چی بە نەتەوەکە کردبوو لە باشووردا.
- زۆرینەی سەرکردەیەتی حیزبەکان و کەسایەتی ناو حیزبەکان، تا چەند ڕۆژ و هەفتەیش پێش ڕاپەڕین لە ناو هاوپەیمانیدا بوون لەگەڵ یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردبوو.
- بڕوا نەبوون بەهێزی گەل و هێزەکانی خۆشیان، وەک توانایەکی بنات نانەوە، گەل هێندە تامەزرۆی ئازادی بووکە زۆر بە سانایی دەیتوانی/ دەیویست کە ببێتە هێزێکی بنیاتنەری کوردستانی لە نموونەی ئەوە هەڵوێستی مامۆستایانی کورد بوو کە خۆبەخشانە قوتابخانەکانیان ئاوەدانکردوە.
- ئەو هەستە پاکەی گەل سەبارەت بە ئازادیی کوردستان هێشتا قوڵپی دەدا، بە جۆرێک گەرم و فراوان بوو کە رێکخستنی هەرگیز لە توانا و بیرکردنەوەی ئەو سەرکردەیەتییەدا نەبوو، ئەوان زیاتر لە بازنەی کۆنەقین و تۆڵەسەندنەوە و پاشقول گرتن و سڕینەوەی نەیارەکانی دوێنی شاخدا ڕەفتاریان دەکرد. 
- کارەکە لەوە گەورەتر و پێویستی بیرێکی نوێ و وەلانانی کۆن هێندە دڵسۆزیی و خۆبەخشی دەویست، کە سەرکردەیەتی حیزبەکان هەرگیز لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەدا نەبوون کە بتوانن باری بنیاتنانەوە هەم خۆیان و هێزەکانیان بچنە ژێری هەم خۆیان ببن بە پێشەنگی دروستکردنی ئەو سیستەمە، چوونکە باوەڕیان بەوە نەبوو هێشتا لە دەواری خێڵ دوور نەکەوتبوونەوە، خێڵ وەک بنەماڵە، حیزب، دەسەڵات و پاوانخوازیی و قبوڵ نەکردنی ئەوەی دی، واتە هێشتا لە قۆناغی پێش مۆدێرنیتەدا مابوونەوە و ئەم ڕەوشە نوێیەیان بۆ هەرس نەدەکرا، بۆیە خۆیان لە ناو کۆشک و ئۆتۆمبیلی دوا مۆدێلدا قایم کرد و بوێری ڕووبەڕوبوونەوەی گەلیان نەبوو کە بڕوای کوردستانی بوون و تامەزرۆیی ئەوان بۆ ئازادی نیشتمان بە سەدان فرسەق (هەم لە باشوور هەم لە ڕۆژهەڵات) لە پێش ئەو سەرکردەیەتییەوە لە تێکۆشانێکی کوردستانی بەردەوامدایە. 
- ئەو شتە ڕووکەشانەی کە بەزۆری بۆ قازانجی بازرگانی سەرکردە، حیزب و بنەماڵە ئەنجامدارن، شتگەلێک بوون کە لە ڕابووردوودا هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم لە ڕووی چوونایەتییەوە، لەوانە زیاتر و باشتر ئەنجامدرابوون. ئێمە دوو وێرانیمان بینی: وێرانی ژینگەی کوردستان( نیشتمان و کۆمەڵگە) بەدەستی ڕژێمی پێشوو، هەروەها ئەو وێرانیانەش بەدەستی سەرکردەیەتی حیزبی کوردی، کە ئەمەی دواییان مەترسی زۆر زیاترە چوونکە شێوازە کوردییەکەیەتی، واتە لە یەکەمدا گەل دوژمنی دەناسی و دوژمن ئاشکرا بوو، لە دەووەمدا چەواشەکردنی گەل هەر بەناوی خۆیی و ئازادی نیشتمانەکەیەوە ، ئاسانتر بوو، ئەم مەترسییەش لەماوەی ئەم سی وسێ ساڵەدا چەندین جار ئەزموون کرا. ئەمەش بوویە هۆی کرۆمۆڵکردنی ئازادیی، بیر، کە خوێنی ڕژێندروای کوردی بەفیڕۆ دا و دەرئەنجامی ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری پێچەوانەکردەوە تا ڕادەی ئەوەی نەفرەت و بێزاری بەرهەمهێنا!!.
- زۆر مەترسیدار بوو کە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی لە باشووردا، گوژمە پارەی زەبەلاحیان کەوتە بەردەست، بەو ئەدا و ئەتوار و ڕەفتارە نا کوردییەی کە هەیان بوو، بەو وابەستەییە کۆنانەوە کە لەگەڵ سیخوڕخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەیان بوو، کە ئێستا بە زۆر جۆر و شێواز نوێکراونەوە.
- ئەوان خراپترین ڕێگەیان هەڵبژارد کە خراپترین بەرهەمی بەدەستەوە دا ، پێوانەیەکی کۆن و ڕزیوویان بەکارهێنا، ئەوی لە خۆمانە ئەوە کوردە، ئەویش لە خۆمان نییە ئەوە دژەکوردە، واتە خۆیان کردە پێوانەی کوردبوون!!.
- ئەوان هەموو ڕەخنەیەکی تاکیان بەستەوە بە چارەنووسی هەرێم و دژایەتی قەوارەی هەرێمەوە، کە مەبەست لێی فەرمانڕانییەکەی خۆیان بوو، واتە هەموو ڕەخنەیەک، لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە کە مەبەست لێی بردە ژێر پرسیاری دەسەڵاتە لە هەرێم، لەمەشدا باش بۆی چوون، چوونکە خۆیان دەزانن کە خەریکی چین و گەل چۆن بۆیان دەڕوانێ. بۆیە هەوڵ دەدەن کە هەموو دەنگێکی ئازاد و ڕەخنەگر بکوژن، لەم هەموو ساڵانەشدا بەم گیوتینەی دەستی دەسەڵاتداران، سەری زۆر کوردی شەرافەتمەند لە لاشەی جودا کرایەوە و بەو هاوکێشەیەی کە لەسەرەوە باسم کرد بۆ ئەم هەموو تاوانانە دیسان هەمان هەستی پاکی کوردستانی گەلیان بەکارهێنایەوە بۆ ڕەوایی دان بە ڕەفتارە دژەکوردییەکانی خۆیان. 
پرێنسیپە بنچینەییەکان لەم فۆرمە نوێیەی فەرمانڕانیدا
بنەماکانی ئەم سیستەمە بەرێوەبەرێتییە چەند یاسای بنچینەیی نەگۆڕن کە تێکڕای یاساکانی ئەم سیستەمە لەسەر ئەو بناغانە دێنە داڕشتن و ناتوانن ئەو بنەمایانە ببەزێنن.
سەرەتا یاسا بنچینەییەکان باس دەکەم و پاشان ئەو یاسایانەی کە کۆمەڵگە دەبەن بەڕێوە.

یەکەم: فۆڕمی دەوڵەت
فۆرمی ئەم فەرمانڕانییە، بەڕێوەبەرێتییەکی گشتییە، واتە هەموو کەس ( بەپێی زانینیان) هاوبەشی بەڕێوەبردنەکەن، لێرەدا پرسێارێک دەکرێت، چۆن هەموو هاوبەشی بەڕێوەبردنەکەن؟! 
ئەمە ئەو حاڵەتە  کێبەرکێییەیە لە ناو کۆمەڵگادا، لەسەر خزمەت کردن هەم بە خۆ هەم بەوانی دی.
هەموو دەزگا و پڕۆژە و بڕیارێک کۆمێتەیی دەبێت، واتە لەلایەن کەسێکەوە بڕیار نادرێت، یا کەسێک ناتوانێ تەنیا بڕیار دەربێت، کۆمیتەکان بڕیار لەسەر پڕۆژەکان دەدەن و لیژنە و دەستەکان بڕیارەکان جێ بەجێ دەکەن، لێرەدا (لێزانینەکان) و ئەزموونەکانی کەس ڕۆڵی گرنگی دەبێت. لە ڕوانینی یەکەمدا بۆ ئەم شێوەی ڕێکخستنە وا دەردەکەوێت کە شیوازەکە ئاڵۆز و سەخت و گران بچێت بەڕێوە و کارەکان لە ناو ئەم کۆمیتە و دەستە و لیژنانەدا بوەستن، بەڵام لە ڕووانینی قوڵدا و پاش بەوردی باسکردنی شێوازەکە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کارەکان زۆر ڕەوان و زوڵاڵ دەچن بەڕێوە. 

لەبەشی چوارەمدا لەگەڵتان دەبم بۆ دڕێژەی لێکۆڵینەوەکەم....

سەرنجەکان:

*ئایەتی لەسەر زارو و نووسینی بیرمەند مامۆستا مەسعوودەوە بەمانای ئەرێنی دێت.    

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە