ئایا خێرێکیان تێدا ماوە....؟!

Friday, 06/10/2023, 14:35

1267 بینراوە


ناو بە ناو پێویستە، ئەوانەی دڵسۆزی نەتەوەکەن و بە تایبەت نووسەرانی کوردستان پۆست، کە سەکۆی دەنگە شەرافەتمەند و ئازادیخوازە کوردستانییەکانە لە دەیان ساڵ لەمە و بەرەوە، خوێندنەوە بۆ ڕا و بووچوونەکانی یەکتر بکەن، بێ ئەوەی ڕێکخراوێک، حیزبێک یا دەستە و تاقمێک، ئەو بیر و قەڵەمانە ئاڕاستە بکات و هێڵی نووسین و بیرکردنەوەیان بۆ دیاری بکات و بێ ئەوەیش کوردستان پۆست، بەخشیش و شیرینی بدات بەو کەسانەی کە ڕا و بۆچوونەکانیان لەو سەکۆ ئازادەدا بڵاودەکەنەوە، ئازاری نەتەوەکە و هەستکردنی نووسەرە کوردستانییەکان، کە جێبەجێکردنی ئەرکی کوردبوونی خۆیانە، پێکەوە کۆی کردوونەتەوە و لەسەر چەندین تەوەرەی جوودای ناو کۆمەڵگاکەمان دەنووسن بە شێوازی جیاواز، ئەمەش خاڵی بەهێزی ئەو جۆرە لە بەرەنگاریی ستەمە، لەدەرەوە ڕا بەسەر کورددا سەپێنرا بێت یا لە ناوەوە ڕا، جیاوازیی نییە، تەنانەت ئەوەی لەناوەوە ڕا سەرکردەیەتی حیزبەکان بە کوردی دەکەن، دە بەرانبەر مەترسی زیاترە لەوەی کە داگیرکەرانی بەشێک لە خاکی کوردستان بەکوردی دەکەن!!.
ئایا دوای سەت ساڵ لە کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی و پاکتاوی نەتەوەیی و کلتووریی ئەم نەتەوەیە، ئێدی پێویست بەوە دەکات، نووسەری کورد سەرنجی خوێنەری کورد بۆوە ڕابکێشێ کە: 
دەسەڵاتی فارس کێیە و نەتەوەی سەردەستی فارس چ دەکات لە کوردستان؟!
دەسەڵاتی توورک کێیە و نەتەوەی سەردەستی توورک چ دەکات لە کوردستان؟!
دەسەڵاتی عێراق *و سووریا** کێن و نەتەوەی سەردەستی عەرەب چ دەکەن لە کوردستان؟!
کەواتە ئێدی دوژمن ئاشکرا و ڕوونە بۆ نەتەوەکە و هەم هێز و نەتەوە داگیرکەرەکان دەزانن چییان دەوێت لەم خاکە و هەم نەتەوەکە چاک دەزانێ کە دەسەڵات و نەتەوەی سەردەست چییان دەوێت لەم خاکەدا و بۆ لێرەن؟!
بە بڕوای من، ئەوەی کە نەتەوەکە چاوەڕوانی دەکات لە نووسەران و چالاکانی ئازادیخوازی خۆی کە لەدەرەوەی خولگەی گەورەی داگیرکارییەکەی لەدەرەوە ڕا هاتووەکەدان و لە دەرەوەی خولگەی دەسەڵاتە ناوخۆیەکەشدان، گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی وشیاریی نەتەوەیی و ڕینمایی گەلێکە کە بەر لە خەڵکە ئاساییەکە دەبێت، نووسەران و بەرهەڵستکارانی ئازادیخواز خۆیان پێی گەیشتبن و لەسەری بڕۆن. هەر ئەم بەئاکام گەیشتنەی نەتەوەکە  بۆ حاڵی خۆی پوچەڵکەرەوەی ئەو فیتەنەیەیە کە ناونرا ڕیفراندەم!!.
دەمەوێت وەک خاڵی دەستپێک لەسەر وتارێکی مامۆستای هێژا ساڵح ژاژڵەیی بنووسم، یا دروستتر ڕای خۆم دەرببڕم سەبارەت بە پێشنیازەکانی کە ڕۆژی ٢٤.٠٩.٢٠٢٣ لە کوردستان پۆستدا بڵاوی کردۆتەوە بەناوی { حكومەتی هەرێم دەبێ چۆن ئەم قەیرانە سەختە تێپەڕێنێت}؟!
هیچ نووسەرێکی کە لە کوردستان پۆستدا دەنووسێت، گوومانی لە دڵسۆزیی نووسەرانی تری کوردستان پۆست نییە و بەڵام لەسەرەوە باسم کرد، کە ئەم بیر و قەڵەم و هزرانە، هێڵێکی گشتی نووسنیان دروستکردووە، کە هیچ هێز و سەرکردەی حیزب و تاقم و دەستەیان لە پشتەوە نییە و خۆیان دەنگی ئازاد و هێمای کۆمەڵگای فرە ڕای ئەو ئایندەیەن کە دەیانەوێ دروستی بکەن، یا بەشداربن لە هەڵنانیدا.
مامۆستا لە هەشت خاڵدا، دڵسۆزانە پێشنیازگەلێک بۆ ( حکوومەتی هەرێم!! )، پێشکەش دەکات، کە ڕێگا چارەسەر و بەهاناوەهاتنێکی دڵسۆزانەی کوردانەیە بۆ حکوومەتێکی شەق وشڕ کە دەزانێت چی کردووە، چی دەکات و لە داهاتووشدا مەرامی چییە؟!
دوای حەفتا ساڵی ئەم سەرکردەیەتییە کە  سی و سێ ساڵی فەرمانڕان بوون، پێموایە نە گوێ لە ئێمە دەگرن و نە ئەوەندە سادە و گێلن کە نەزانن خەریکی چین، ئەوەی گرنگ نەبێت بۆیان دەنگی خەڵکە، چ یاریان بێت چ نەیار!! .
ئەوەی نەیاریانە بێگوومان حەز لە چارەی ناکەن و ئەگەر بتوانن لە تاریکی زیندانەکانی توند دەکەن، بشزانن دەرفەت هەیە تیرۆری دەکەن، ئەوەش کە یاریانە، بەهی خۆیانی دەزانن و چۆنیان بووێت دەی ڕەتێنن، خۆ ڕیفراندەم زۆر دوور نییە، بە حساب خەڵک دەنگی دا بە ڕیفراندەم کە لە خەیاڵی خۆیاندا بۆ دیارییکردنی سنوورەکانی باشووری کوردستان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو، بەڵام پاش بیست و چوار سەعات وتیان، ڕیفراندەم بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆ و دیاریکردنی سنوور نەبووە، خۆ ئەوە دەنگی یارانی خۆیان بوو؟! هیچ رێزیان لێگرت؟! هیچ بایەخێکی بۆ قایل بوون؟!
ئەوان لەگەڵ یار و نەیاردا هەزار ڕوون، ئەگەر بیانگوتبایە خەڵکینە ئێمە ڕیفراندەم بۆ خۆشی دەکەین، کەس ئاوڕی لێیان نەدەدایەوە، کەواتە کاتێک ئەوان لەگەڵ یارانی خۆیاندا گەمەی سیاسی دەکەن، دەبێ قسەی نەیاران و پێشنیاز و دڵسۆزیی و خەمخۆریی نەیاریان چۆن تەماشا بکەن و چۆن لێک بدەنەوە؟!
جگە لەمە ئایا لە ڕووی لۆجیک و ئەو فاکتانەی کە ئەمڕۆ لە مەیدانی گەمەکەدا هەن، شەمەندەفەرە شڕەکەی حوکوومەتی هەرێم، بای ئەوەی پێوەماوە کە پێشنیازی لەو جۆرەی بۆ بکرێت؟!
ئەمە سیاسەت و بەرژەوەندی و چارەنووسی میللەتە، دوو قسەی خێری تێدا بکەین، چ سوودی نییە، لە کاتێکدا بەدرێژایی حەفتا ساڵ، نەتەوەکە خێرێکی لەم سەرکردەیەتتیە نەدیبێت. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ داین و چارەسەرە عەشیرەتییەکان و هۆز و تایەفە، کورد بەرەو دواووە دەبەن و داگیرکارییەکە قوڵ دەکەنەوە. 
ئەگەر زۆر وشیار و ئاگادار و پرنسیپە نەنووسراوەکانی ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازییەی نووسین ڕەچاونەکەین، ڕەنگە بە قازانجی بەرەی دەسەڵات و داگیرکەری ستەمکاری ناوخۆمان بشکێتەوە و هیوایەکی ناڕاست بە ژمارەیەک لە خەڵکە ماندووەکەمان بدەین کە بەڵێ: هێشتا سەرکردەیەتی فەرمانڕان خێرێکی تێدا ماوە و دەکرێت بە هەموومان لەم قەیرانە ڕزگاری بکەین!!
- خواریی باری سیاسی، ئابووری، کلتووری و دبلۆماسییەت لە خواریی سیاسەتی فەرمانڕانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوە ئەو خواریی فەرمانڕانییەیە کە ژینگەیەکی ئاسوودە بۆ گەشەکردنی هەموو فەسادەکان دەخوڵقێنێ، واتە فەرمانڕانیی خوار لەگەڵ بەرهەمهێنانی فەساددا و خوارییەکانی ناو کۆمەڵگەدا، دوانەی یەک سکن و بێیەک هەڵناکەن!!.
ئەوەی ئەرکی فرە گرنگ و بەتالوکەی ئێستای منە ئەوەیە کە: لاوی کورد بە خۆیی و مەسەلەکەیی و نەتەوەکەی ئاشنا بکەمەوە و سەر لە نوێ درووستی کەمەوە، کە ئەو دەتوانێت، باشتر بێت، چاکتر هەنگاو بنێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، ئەو لە پارە و سامان بەنرخترە، ئەو لەیستۆکی دەستی کەس نییە، چۆنیان بووێت وا گەمەی پێ بکەن، بیری ئەو هزری ئەو لە یارییەکی حەفتاساڵەی داڕزاوی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب و بنەماڵە، جوانتر و سەردەمیانەتر و تواناترە، ئەو ئەلتێرناتیڤێک، جێگرەوەیەکی بەنرخە، ئەو ژیرێتییە کە دەتوانێ داهاتوو وێنە بکات و لە مەیداندا خۆی بێت کە ڕێبەرە و توانای بەڕێوەبردنی هەیە. هەندێ پێشنیاز و چاوەڕوانیی، دەبێتە مایەی سستکردن و بێزاریی و بێدەربەست بوونی کچان و کوڕانی لاومان، لەم حاڵەتەدایە ڕەنگە گرفتاری ئەو داوانە ببن کە دەزگای سیخووڕخانەکانی دەرەوە و ناوخۆ بۆیان دەچنن . من دەبێت لەگەڵ نەتەوەکەمدا ڕاستگۆ و زوڵاڵ قسە و ڕاوێژ بکەم تا متمانە بەخۆبوونی بەهێز بکەم و بگەشێنمەوە.
من وەک نووسەرێکی کوردستان پۆست، ڕام لە پێشنیازەکانی مامۆستا نییە و سپاسی دەکەم کە خستمییە سەر ئەو بارەی ئەمە بنووسم، یەک ئامانجیی و بڕوابوونمان بە خۆری ئازادیی نەتەوە ستەم لێکراوەکان، ئەو ڕایەڵە نەپساوەیە کە لە کوردستان پۆستدا کۆی کردووینەتەوە و هەموومان بەرە و ئەو خۆرە هەنگاو دەنێین و گەیشتن بە خۆری ئازادیش، دەبێت نەتەوەکە لە هەموو ڕێگاکانەوە هەنگاوی بۆ بنێت. لەم حاڵەتەدایە، کە پشتیوانی یەکتر توندتر و متمانەکان زیاتر و گەڵالە ئازادیخوازەکان زوڵاتر و هەنگاوەکان پتەوتر دەبن. متمانەی نەتەوەکە پێمان فروانتر دەبێت.
هەموومان دەزانین کە حکوومەتەکەی سەرکردەیەتی دوو بنەماڵە و وردەبنەماڵەی دەوریان، زۆر زیاتر لەو پێشنیازانەی مامۆستایان لەسەر نەتەوەکە تاقی کردەوە و مامۆستای کوردیان ناچار کرد کە دەست بۆ بردنی قووتوویەک شیر ببات بۆ منداڵەکەی.
چی ماوە بەو بەشە لە نەتەوەکەی نەکەن، ئەوە هەر ئەو بەشە لە نەتەوەکەیە لە باشووردا، هەر لەبەر لێڵی داهاتوویان، شانیان داوەتە بەر بەپێوەمانی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە، دژە کوردە. هەر ئەو ڕەفتارەشیان ڕەخنەیەکە ڕووبەڕوی ئەو بەشە لە نەتەوەکە دەبێتەوە، چوونکە لایەنی زۆری ئەرک دەکەوێتە سەر گەل و گەل لێپرسراوە لە دانیشتی ستەمکار و دیکتاتۆر لەسەر کورسی فەرمانڕانیی، گەل دەبێت وەک لێپرسراوێکی ڕێبەر تەماشا بکرێت، نەک قوربانی!!.
مەبەست وەڵام و وەڵامکاریی یەکتر نییە، نا، هەر ئەو ئامانجە مرۆیی و کوردستانییەی لەم سەکۆ ئازادەدا کۆیکردووینەتەوە، هەمیشە داوامان لێدەکات کە ئاگامان  لەیەکتر و چاومان لەسەر یەک بێت تا نەکەوین و ئەگەر یەک وشە و یەک دێڕ و یەک چرکەش بووە، بەبێ سوود و بەرهەم لەکیسی نەتەوەکەمانی نەدەین، بەڕێزەوە دەستەکانت دەگووشم. 
-------------

سەرنجەکان:

*لە عێراقی دوای سەددامدا، هەرچی کورد دەیویست و ئاواتی بوو، ئامادە بوو ئامادەشکرابوو، بەڵام تامەزرۆیی ئەو بەشە لە نەتەوەکە بۆ ئازادیی، جۆرێک هیوای تراویلکەیی لەسەر بروا بوون بە سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور، دروستکردبوو، کە ساڵ لە دوای ساڵ وای لەنەتەوەکە کرد کە ئەو چاڕەوانییەی لەو سەرکردەیەتییە هەیان بوو، درێژە بکێشیت و بە ئومیدی ئەم ڕۆ نەبوو سبەی دەبێ غیرەتی کوردبوون و خوێنی ڕژاوی سەت ساڵە بەئاگایان دێنیتەوە، بەڵام دوای سی و سێ ساڵ ئەوەی بەرهەم هێنا کە هێنای. 
** سەبارەت بە خۆرئاوا، ئەوە بۆ هەموومان ئاشکرایە کە ئازادیخوازانی کورد لە ڕۆژئاوا چییان کردووە و لەوێ سەرکردەیەتی حەفتاساڵەیی و کوڕی فڵان و فیسارەکان، بوونیان نییە و ژنان و پیاوانی کورد، کچان و کوڕان  لەوێ ڕێبەرایەتی ئەزموونێکی تاقانەی مێژووی دەکەن و بوونەتە تاجی سەری تێکۆشانی نەتەوەکە، باکووریش کە پێشەنگی خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکە بووە و هەیە و سپای ڕزگاری کوردستان قەڵغانی مانەوە و بۆ پێشەوەبردنی بەرخۆدانی ڕزگارییخوازیی نەتەوەکەمانە، هەرچی ڕۆژهەڵاتە ئازیزەکەمانە وەک مەڵبەندی کلتووریی نەتەوەکەمان، لە هەموو بووارەکاندا، زیند و تەژیی ژیان و بە باوەڕبوون بە خۆیی و ڕەوایی مەسەلەی نەتەوەکەیەوە بۆ داهاتوو دەڕوانێ و بەرخۆدان دەکات، هێڵە کلاسیکی و داڕزاوەکان و هێڵە گەش و ئەمڕۆییەکانی پێوویستی بەرخۆدانەکەیان بۆ ڕوونبۆتەوە و
لەو هاوکێشە تراویلکەییەی سەرکردەیەتی باشوور حاڵی بوون، کە مایەی سەرگەردانی نەتەوەکە وا لە ژێر سەری ئەو سەرکردەیەتییە خێڵەکییەی باشووردا، کە سەد ساڵە زڕەکوردایەتی بەخەڵک دەفرۆشنەوە، ئێدی بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەک ڕوون بۆتەوە کە کێ، کێێە؟! ئێستا قۆناغێکی گەشی نەتەوەکەیە لە هەر چوار دەڤەرەکەیدا، چون ئاسمانی بیرکردنەوەی تا دێت ساماڵ دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە