ئێمە لە هەمووتان تووڕەین

Sunday, 15/10/2023, 18:21

1787 بینراوە


کاک عەلی باپیر دەتوانێت بەناوی خۆیەوە لێدوان بدات و کەس ئەوی نەکردۆتە وەکیلی نەتەوەی کورد و هیچ کوردێک شاگەشگە نەبووە بە کردەوەکانی حەماس و ئیسرائیل و ڕەفتاری ئەوان پەیوەندی بە بزاڤی ئازادیخوازیی کوردەوە نییە، جگە لەوانەی کە هەروەک حەماس بیردەکەنەوە، ئەوانیش ئازادن چۆن بیردەکەنەوە.
هەر لەو کاتەدا کە کاک عەلی باپیر توڕەیە لە بەشێکی گەورەی نەتەوەکە کە وەک ئەو بیرناکەنەوە و ستایشی کردەوەکانی حەماس ناکەن، ڕۆژئاوای کوردستان منداڵ و ژن و گوڵ و باخچە و قورئان و مزگەوت و کڵێسا و ژینگەی بەشێکی گرنگی نیشتمانی لە خاچ دراوی ئێمە لە ڕۆژئاوادا بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکانی خەلیفەکەیانەوە کە ئۆردووگانی فاشیستە، گیان بەخت دەکەن و خاکەکەیان دەسووتێنرێت و ماڵیان وێران دەکرێت، ئێمە هەم لە عەلی باپیرەکان توڕەین و هەم لە خەلیفەکەیان، ئێمە شەڕمان ناوێت و ناخوازین شەڕی خەڵک بکەین بە شەڕی خۆمان، مەسەلەکەی ئێمەش بە مەسەلەی هیچ گەلێکی تر لە ناو چەکەدا بەراورد ناکرێت و بەراوردی ناکەین.
ئێمە خۆمان و دوژمنانی داگیرکەرمان و داعیشە نووستووەکان و خوا و پەیامی خوا باش ناس دەکەین و بۆ هەموو پێشهاتەکان لێکدانەوەی کوردستانیمان هەیە و پێوانەیەکی کوردستانی، کار لەسەر سۆزیی پاکی نەتەوەیی و ئاینی گەلەکەمان ناکەین و نەتەوەکەمان چەواشە ناکەین، چوونکە بیرمەندی گەورەی ئێمە مامۆستا مەسعوود محەمەد ڕێنمایمان دەکات و دەڵێت: " کورد، هەر ئەوەندە ڕێز لە خەڵک دەگرێت کە ڕێزی لێدەگیرێت".
خۆمان نەبە کەمتر و نە بەزیاتر لەهیچ گەلێک نازانین و لەهەموو ڕەفتارەکانماندا یەکسانی ڕەچاو دەکەین و ڕێگا بەکەس نادەین بچووکمان بکاتەوە.
تووڕەیی ئێمە : لە داگیرکەرانی کوردستان، لووتبەرزیی نەتەوەی سەردەست و جلخواریی کوردی و خیانەتکاریی کوردیی و داعیشی نووستووی ناو حیزبەسیاسییە ئیسلامییەکانی باشوور و گەورە فاشیستی ناوچەکە ئۆردووگانە و دەزانین کە ئەڵقە گەورەکەی داگیرکردنی خاکی کوردستان، باکووری نیشتمانی ئێمەیە و بە ترازانی ئەو ئەڵقەیە، زنجیری داگیرکردنەکە لە سێ بەشەکەی تردا دەڕەوێتەوە، ئەم ڕاستییەش فاشییەکانی تورک باش دەیزانن بۆیە پەلاماری منداڵی کورد و سپای ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان دەدەن هەموو کاتێک و لەبەر هەر هۆیەک بێت، واتە دژایەتی ئەوان کووشتنی هەموو کوردێکی زیندووە، چوونکە لای ئەوان باشترین کورد، ئەو کوردیە کە مردووە!!.
جارێکی تر دەیڵێمەوە، کاک عەلی بابیرەکان وەکیلانی گەلی کورد نین و لە هەرچی توڕەن و لەبەر هەر شتێک شاد و سەرحاڵن، هی خۆیانە و تەنیا و تەنیا باسی خۆیانە و خواستی خۆیانە و هیوای خۆیانە و لە دوور و نزیکەوە  پەیوەندی بە بزافی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەی ئێمەوە نییە و قسەکردن بە ناوی گەلی کوردستانەوە، بۆ هەموو سیاسییەکی جلخواری ئۆردووغانیی خۆ مەڵاسدا و بەزاندنی هێڵی سووری کورد بوون و هەڕەشەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانیانی ئێمە.
من وەک کوردێک دەنگم بە کاک عەلی باپیر نەداوە، کە لە جیاتی من بیربکاتەوە و هەڵوێست  لەمەڕ حەماس و نموونەی حەماس وەربگرێت و دژایەتی بەشێکی زۆری نەتەوەکەی من بکات کە وەک ئەو بیرناکەنەوە، ئەمە لێپیچینەوەی یاسایشی لەسەرە و شکاندنی مرۆڤ بوونی کورد و ئازادیی بیرکردەوەیانە.
 خۆ مەسەلەی شەڕی نێوان ئەوان و ڕژێمەکانی ناوچەکە و هەڵوێستیان سەبارەت بە تێکۆشانی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی ئێمە نوێ نییە و ئەوە بۆ سەد ساڵ دەچێت، ئەم مێژووە پڕ لە خوێن و کوشتار و قێزەونە، بە جۆرێک دەنووسرێتەوە و چەواشەدەکرێت، کە لە کۆتایدا بە زیانی نەتەوەکەی ئێمە بووە.
زۆرینەی هەڤاڵانی ئێمە هاورێ و هاوبیرانی من کە ئێستا سەبارەت بە گرفتارییەکان و ڕووداوەکان بیروڕا ئاڵوگۆڕدەکەین، لەو سەردەم و كاتە بە تالوکە و سەختانەدا ژیاون و هەڵوێستیان بووە و بۆیان ڕوونە، کە چۆن قەڵەمە ناسراو و بەناو پێشکەوتنخواز و ڕاست و چەپ و باوەڕدار و بێباوەڕیان، سەبارەت بە خەباتی نەتەوەکەمان هەڵوێستیان وەردەگرت/ دەگرن و پشتیوانیان لە کام بەرە و ڕەفتاری فاشیانە دەکرد / دەکەن، لەو ڕۆژگارانەدا کە کورد دەکوژرا و منداڵ و ژنی کورد زیندەبەچاڵ دەکران.
هۆش و بیرەوەریدان و خەمە قورسەکان و ڕووداوە نامرۆیی و بەربەرییەکانیان، تەنانەت تا ئێستاش، دێنەوە خەونەکانمان و هەراسانمان دەکەن. ئێمەی کورد مرۆڤین و بیرەوەریدانی ماسی و چۆلەکەمان نییە، بەڵکە گەلێکی زیندوو، ئاشنا بە ژیان و تامەزرۆی ئازادی و سەربەرزیی مرۆڤ و یەکسانیخواز و داواکارێکی سەرسەختی هێمنی و ئاسایشن بۆ هەموو مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەی کۆڵەی ئێمەی کوتاوە، هەمیشە گرۆپێک و دەستەیەک و تاقمێک لە کرۆکی خۆمان پەیدا بوون و لەسەر ڕێچکەی داگیرکردن و درێژەدان بە ڕشتنی خوێنی منداڵی کورد، بازرگانی و مامەڵەیان کردووە و سۆزی پاکی باوەڕ و نەتەوەیی و ئاینی بەشێک لە نەتەوەکەی ئێمەیان بەچەوتە رێدا بردووە و سەرنجی خەڵکیان، بەتایبەت لاوەکان، بۆ ڕووداوی لابەلا و ناکوردیی و نا کوردستانی ڕاکێشاوە.
بۆیە تکا ئەکەم، تکای جەنگاوەرێکی ڕێگای ئازادیی مرۆڤ، بە ورە و بیرو بۆچوونی شەڕڤانێکی کوردستانییەوە، کە هەر کەسێک هەیت و پلەی حیزبی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی و چینایەتیت هەرچی هەیە، بۆ خۆتە و نوێنەرایەتی خۆتە و دەنگێکە و مرۆڤێکە و هیوایەکە و خواستێک و ئارەزوویەکە، دەتوانیت باسی خواست و هیوا و ئارەزووەکانی خۆت بکەیت و دەریان ببڕێت و تەنانەت ڕێکلامیان بۆ بکەیت، بەڵام لە ژێر سەردێڕ و ئارگومێتی لۆجیکی و (بێ زیان بۆ ئەوانی تر)، هەرکاتێک خۆت لێ بوو بە سووپەرمان، عەقڵی گشت، دەسەڵاتی ڕەها، نوێنەری خوا، وەکیلی یەزدان، سێبەری فریشتەکان و زانای غەیبزان و دیاری کەری چارەنووسی ئەوانی تر، بزانە کە سنوورەکانت بەزاندووە و گۆشەیەکی دەروونت لاسەنگ بووە و خەریکە کارەساتی مرۆیی دەقەومێنی. 
لەم کاتەدا، ئەو دەنگ و هەڵوێستانەی وەک دەنگ و هەڵوێستی تۆ نین، دێن و لێکدانەوە بۆ پشتی وشەکانت و دانە دانە لە ڕیزکردنی وشەکانت دەکەن و بە تەرازووی مرۆڤ بوون و ئەو سەردەمە دەیکێشن، کە تۆ و ئەوانیش تێیدا دەژین/ ژیاون، لێکدانەوش زەمینە و بناغەی دەوێ کە پێویستە بۆ ڕابردوو و ڕووداوە لەیەکچووەکان بگەرێتەوە و بۆ هەڵهێنجان و بەئاکام گەیشتن لە بەرانبەر یەکیان دا بنێت، تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی مرۆیانە و زانستیانە بۆ هەڵوێستەکەت بکات، تۆ ئەمە ناو دەنێت، ئەو کەسانە و ئەو بیروڕایانەی کە لە تۆ ناچن و پاڵپشتی قەوارەی زایۆنی ( بە بۆچوونی خۆتان!!) دەکەن، چوونکە پشتیوانی دەستەی حەماس نین، ئەوانیش پێیان وایە کە تۆ بیرو ڕا و بۆچوون و لایەنگریی خۆت گشتی دەکەیت و دەتەوێ هەموو کەسێک وەک تۆ بیر بکاتەوە و بڵێت و ڕەفتار بکات، ئەمەش بەزاندنی ئازادیی بیر و رەفتاری ئەوانی ترە کە لە تۆ ناچن!!. پێوانەکەت جگە لە سەپاندن چییە بۆ ئەم هەڵوێستە مەترسیدارە، کە ئەگەر ئەمڕۆ قسە و وشەن، سبەی دەبنە کرداری مەترسیدار بۆ سەر ژیانی ئەوانی دی؟!!.
لە کۆتایدا دەڵێم: تێگەیشتن لە ( وەک یەک نەبوونەکان) لە نێوان مرۆڤەکاندا، بناغەی تێگەیشتن و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤەکانە. هیوادارم لێم تێ بگەیت. 
من ئەگەر رۆژێک هەڵوێستێکم بەرانبەر بە یەکێک وەرگرت و ئاواتێکم بۆ خواست و  پیم وابوو کە  شایان بە پلەیەک و جێگایەکە، بەڵام لە پاشاندا بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە پێچەوانەی ڕامانەکانی من ڕەفتاری کردووە، هەم ئەرکی مرۆڤ بوونم هەم پاراستنی ڕاستگۆیی و ڕێزم بۆ ئازادیی مرۆڤ ئەرکدارم دەکەن کە لەو هەڵوێستەم ژیوان ببمەوە و زوڵاڵ لەگەڵ گەلی خۆم بدوێم. بۆیە بە کاک عەلی باپیرەکان دەڵێم ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، لە هەڵوێستی خۆتان ژیوان ببنەوە بۆ پیرۆزبایی کردنتان لە هەڵبژاردنەوەی  ئۆردووگان وەک سەرەک کۆماری نوێ بۆ تورکیا؟! چوونکە دادگەر نەبوو لە مامەڵەیدا لەگەڵ نەتەوەی کورد و منداڵ و خاک و مزگەوت و قورئان و داری بەشێک لە خاکی ئێمە لە رۆژئاوا پێکەوە دەسووتینێت؟!
قسە و ڕەفتاریش دەکەوێتە بازنەی ئەو یاسایانەوە، کە ڕابووردووش دەگرێتەوە، واتە ئەسەری رەجعییان هەیە!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە