شارستانەتی مرۆڤ، سوێد وەک نموونە

Monday, 06/11/2023, 22:37

988 بینراوە


ئێوارەی ١٧ نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، یمی ئۆکێسسۆن، ڕابەری پارتی دیمۆکراتەکانی سوێد ( سڤاریا دیمۆکراتەرنا)، گوتەیەکی پێشکەش بە سیاسەتباز و خەڵکی سوێد کرد لە ژێر ناونیشانی ( ئاخافتنێک بۆ نەتەوەکە).
یەکەمین جارە ڕەنگە لە مێژووی نوێی سوێددا ڕابەری حیزبێک بەو جۆرە، ڕاشکاوانە، زوڵاڵ، بێپەردە، دبلۆماسییەتی سیاسی،  پێچ و پەنا، کۆد و کۆدبازیی قسەی دڵ و باوەڕەکانی خۆی بکات، کە بێگوومان زۆرینەی قسەکانی قسەی ئێستای دڵی ژمارەیەکی زۆری خەڵکیشە، ڕاستی زۆر لەناو ئاخافتنەکانیدا هەبوون.
ئەو یەکسەر چووە سەر مەبەستەکەی و هیچی نەشاردەوە، باسی ئەو باسە هەمیشەیەکانی پارتەکەیەتی کە بریتیە لە پەنابەرانی بێگانە لە سوێد و هەر لەسەر ئەم بابەتەش لەگەڵ چەند پارتی تر و پارتی مۆدێراتدا کە دووەم پارتی گەورەی سویدە پاش سوشیال دیمۆکراتەکان، پەیماننامەی( تیدیئیۆ)ێ* یان مۆرکرد بۆ دروستکردنی حوکوومەتی ئێستای سوێد.
من فراوانتر لە قسەکەی ئەو، باسەکەم دەبەمە پێشەوە، چوونکە مەسەلەکە ( ئازاری برینە مرۆڤایەتییەکە) زۆر بە قوڵیی کولاوەتەوە و لە زۆر جێگای جیهاندا مرۆڤایەتی تووشی خوێن بەربوون بووە. ئەمەش ناکرێت ببەسترێتەوە بە کۆچ و کۆچباریی مرۆڤ لە جێگایەکی تایبەتی جوگرافیای زەمینەوە بۆ جێگایەکی تری زەوی، بەڵکو ڕیشەی گرفتەکە لەوە قوڵتر و ناکامییەکانی مرۆڤایەتی دەیان هۆی بنچینەیی چارەسەرنەکراوی تریان هەیە.
ئەو وەک هاووڵاتییەکی سوێدی، ماف و ئەرکی سەرشانییەتی کە سەبارەت بە خەڵک و خاک و نیشتمانەکەی دڵسۆزانە بە دوای چارەسەر و ڕێگا چارەدا بگەڕێت و کەمکورتییەکان دەستنیشان بکات، جا ئەگەر پەنابەرانیش بەشێک بن، یان گرفتێکی بنەڕەتی ئەم مەسەلەیە بن و باسی بکات، باسێکی نامۆ و نەبووی نەوروژاندووە یان بوختانی نەکردووە، گرفتی پەنابەر گرفتە و دەبێت باس بکرێت.
مرۆڤ لەوشارستانەتییەدا کە بەرهەمی هێناوە ، نەیتوانییوە یا ڕەنگە بە زانایی یا ڕەنگە وا پێویست بووبێت کە گرفتەکان چارەسەر نەکرێن، ئەمەی دوایشیان ئەگەری هەرە نزیکە، چوونکە (سیستەمە ئابووریی)ەکە لەسەر ئەو بنەمایانە بنیات نراوە و بەو جۆرە بەڕێوەدەبرێت، مانەوەی ئەم گرفتانەش کە هەر جارەی لە جێگایەکی دنیادا دەتەقێتەوە، پرسیاری زۆر و بنەڕەتی لەسەر شارستانەتی مرۆڤ دروست دەکات، جا هۆی ئەو پێکدادانانە، ئاین، زانست، تەکنۆلۆجیا و پرسەکانی تری سایکۆلۆجی و کلتووری بن یا هەر گرفتێکی سەر بە ژیانی مرۆڤ.
ئەگەر ئەم پرسانە، لە شوێنێک مایەی گەشە و ژیانێکی چاک بێت و لە دەیان جێگای تر مایەی بەدبەختی و سەرگەردانی و هەڵوەدایی بن، گرفتەکە هەم یەخەی گەشەکردنەکە دەگرێت و هەم یەخەی خەڵکە هەڵوەدا و سەرگەردانەکە، چوونکە ئەم جیاوازیانە لە سەر یەک خاک کە زەوییە و لە یەک بوونەوەر کە مرۆڤە ڕوودەدەن و دەقەومێن. 
ئەوەش کە لە مرۆڤ ڕوودەدات، کاریگەریی بۆسەر هەموو ژینگەی زیندەوەران دەبێت و تەنانەت بەرد لە بەردیی دەخات و مرۆڤ لە مرۆڤ بوون. ئەم یەکە پێکەوە گرێدراوە، یەک خەڵق و یەک داهێنان و یەک دروستکراوە، ئەگەر هەر مرۆڤێک لە دیوەی ناوەوەیەوە هەڵگێڕیتەوە و دەرەوەی ببێتە ناوەوەیی و ناوەوەی دیوی دەرەوەی، هیچ جوداوازییەک لە ئەندام و کۆئەندامی سیستەمی جەستەیدا نییە، کەواتە جیهانێکی دی ئەم بوونەوەرە چوون یەک و چوون خەڵقە، لەیەکدی جودا دەکاتەوە و گرفتی بنەڕەتی و مایەی درێژەدان بە ژیانیشی ئەو جوداوازییەیە لەو جیهانە نەبینراوە نەدۆزراوەیەی کە هەر مرۆڤ خۆی هەوڵی زۆری داوە لێی تێ بگات و هێشتا سەرەتای تێگەیشتنێتی لە خۆی. 
بۆیە گرنگە لە جووداییەکان تێبگەین ئەگەر بمانەوێ چارەسەری بنەڕەتی کێشەمرۆییەکان بکەین.
باوەڕی من ئەوەیە کە: تێگەیشتن لە وەک یەک نەبوونەکانی مرۆڤ، بنەرەتی دۆزینەوە و تێگەیشتە لە خاڵە هاوبەشە وەک یەکەکانی مرۆڤ. واتە لە جووداییەوە بڕۆین بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان.
کە وردتر لە شارستانەت ڕادەمێنین، دەبینین منداڵی جەنگ و پێکدادانەکانە، بەتایبەت پاش دوو جەنگی گەورەی جیهانی، زۆرینەی بیروڕا، ڕامان، بیرە فەلسەفییە مۆدێرنەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان، پێشوەچوونە تەکنیکییەکان، لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە پەیدا بوون و سەریان هەڵدا.
بڕیارە سیاسییەکان و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی براوە، بوونە هۆی دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەش و نیو کە بریتی بوون لە دەوڵەتانی براوە، ئەو دەوڵەت نەتەوانەی لەبەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی براوە دروست کران و هەرگیز نەیانتوانی لە خولگەی بەرژەوەندی ئەوان بچنە دەرەوە، ئەوەی کە ماشەوە ئەو بەشە بوو کە من بە نیو ناوم بردوون لە زنجیرە وتاری ( فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن بەشەکانی: یەکەم، دووەم و سێیەمدا....بەردەوامە) ئەم نیوە، نە وڵاتێکی ددان پێدانراوی بۆ دروستکرا و نە وەک نەتەوە لە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا!! دەنگێکی پێ ڕەوا بینرا کە هاوبەشی بڕیارە جیهانییەکان بێت و بشتوانێت دەنگی خۆی بگەێنێ. 
بۆیە مانەوەی ئەو نەتەوانە لە پەراوێزدا و لە دەرەوەی مێژوودا، گەورەترین پەڵەی نەنگییە بە تەوێڵی شارستانەتی مرۆڤەوە و هیچ کاتێک مرۆڤایەتی ناتوانێت شانازی بە شارستانەتێک، زانستێک، ئەدەبێک و ئاینێکەوە بکات، کە منداڵی تێدا دەکوژرێت، ژنی تێدا دەدزرێت و مرۆڤی سڤیلی تێدا ڕەشەکوژ دەکرێت.
ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، گەوایی ئەوە دەدەن کە زۆرینەی ئێلیتی سەر بە ڕەوتە سیاسییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، زانستییەکان، ئەدەبییەکان و ئاینییەکان، لەگەڵ خۆیان و خەڵکی خۆیان و خوای خۆیان و مرۆڤایەتی ڕاستگۆ نەبوون/ نین و لە قۆناغێکدا یا بەدرێژایی چەندین قۆناغ کەوتوونەتە/ دەکەونە ناوبازنەی هەمان سیاسەت و ستراتیجەوە کە ئەو کارەساتە گەورانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناوە.
ئەگەر بڕوانین، کام بزووتنەوەی بەناو: نیشتمانی، گەلیی، نەتەوەیی، ئاینی و سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتیانە، توانیان، ویستیان و وێرایان کە قسەی دڵی خۆیان بکەن، کە دەبوو قسەی دڵی مرۆڤە ستەمدیدەکان بێت؟!
کاتێک لە دوای مێژوویەکی دووهەزار ساڵیی، هێشتا گەلان و نەتەوەگەلێک مابن و زمانی دایکی خۆیان لێ زەوت و قەدەغە بکرێت و زمانەکەیان وەک شۆڕش و یاخی بوون و ترسی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت نەتەوەکان ببینرێت و ڕێکخراوە کلتووری و مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمانەیان بەلاوە ئاسایی بێت، کەواتە هێشتا لەسەرەتای ڕێگای بیرکردنەوەداین بۆ دەستەبەرکردنی هێمنایەتی و ئاسایشی ژیانی تاک کە هەڕەشەی کارەساتی گەردوونیی گەورە لە بوون و مانەوەی مرۆڤایەتی دەکات و سەرەتای داڕمانەکەش خێراتر دەکات لەوەی کە هەندێک لە عەقڵە مرۆییە لەپێشتر لە سەردەمەکەی خۆیان پێشبینیان بۆ کردبوو.
هۆ گەلی دەسکرد و سروشتی زۆر هەن کە وەیلانیی مرۆڤیان فراوانتر، زۆرتر و خێراترکردووە، دەست بۆ ژیانی هەر تاکێک بەریت، لیستەیەک لە هۆکارەکانت بۆ ڕیز دەکات، بەڵام ئەوەی کە گرنگە لامان ڕوون بێت، ئەم وەیلانییەی مرۆڤ زنجیرەیەکە، هۆگەلەکانی ئەڵقەی ئەو زنجیرەن. واتە سەرگەردانییەکە هۆی لەسەریەک هەڵچنراوە، هۆی یەکەم هۆی دووەم و هۆی دووەم هۆی سێیەم و......هتد، درێژدەبێتەوە و لە کۆتایدا مرۆڤەکە وێران دەکات.
ئێ خۆ مرۆڤیش بەدەر نییە! لە کۆمەڵگایەک و ژیان و ژیاری کۆمەڵگایەکدا دەژی، کە سەرەتا سەر بە خێزانێکە، لەناو کۆمەڵێک مرۆڤی تردا مامەڵەی ڕۆژانە و ڕەفتار دەکات، هەم کاریگەرە و هەم کارتێکراو، ڕەفتارەکانی ڕەنگدانەوەی مامەڵەی ئەوانی ترە، هەر چۆن مامەڵەی ئەوانی تر ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانی ئەمە، ئاوایە ئەو ئەڵقانەی ئەم زنجیرە پێکدەهێنن. مرۆڤیش بە پێی: توانا و باری ئابووریی و پلەی تێگەیشتنی کە  پەروەردەی سەردەمی منداڵی و لەوەش گرنگتر (بۆماوەکانی وەچەیی) زۆر لە شێوە و سیمای ڕەفتارەکانی سەردەمیی جاحێڵی و گەورەیی دەنەخشێنن. 
ئەو مرۆڤەی باری ئابوورییەکی جێگیری هەبووە، هێمنتر یا دروستتر بڵێم بەسەرجێکی خۆپارێزانەترەوە بۆ ڕووداوەکانی دەرووبەری ڕوانییوە و هەڵوێستی وەرگرتووە، تا ئەو مرۆڤەی کە ژیانێکی مەمرە مەژیی بووە و ئەگەر هەڵوێستێکی جودای بووبێ لەو گۆشەیەوە بووە کە ئەوەی دێت بۆ ئەم و منداڵەکانیشی باشتر بێت. ئەمە ئەوە ڕەتناکاتەوە کە فرەکەسانێک بوون، سەری خۆیان و ژیانی منداڵ و سامان و دارایشییان پێشکەش بە ئازادیی خاک و نەتەوەکەیان کردووە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەو چەشنە مرۆڤانە زۆرن. دەمەوێ ئەوە بڵێم کە جوڵاندنی هەستی مرۆڤە نەدارەکە ئاسانتر بووە، تا جوڵاندنی هەستی مرۆڤە داراکە، ئەمەش خەسڵەتێکی چەسپاوە لە ناخی مرۆڤدا کە پارێزگاریی لە هەبووەکانی خۆی بکات.
بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کە هۆی جوڵاندنی تاک و بەکۆمەڵی خەڵک هۆی خۆی هەیە، لە هەواوە دانابەزێ و سەر بە مرۆڤێک هەڵناگرێ لە زێدی خۆیەوە بۆ ناو خەڵک و خاکێکی نامۆ. یەکێک لەو هۆیانە پەیجۆری مرۆڤە بەدوای بوونەکاندا، لە هەندێ کەسدا ئەو پەرۆشییە هەیە کە دەیەوێ بزانێ و ئەم پەرۆشییەش دەیبات بەرەو ئەوەی کە بارگە و بنەی تێک بنێت و بەشوێن داواکارییەکانی دەروونیدا هەڵوەدا ببێت. ئەمەش نووسراوی زۆری لەسەرە و لە زۆر حاڵەتدا بۆتە هۆی درووستبوونی ڕێچکەی زانستی تایبەتی.
بەڵام کۆچی بە کۆمەڵی ئەم سەردەمەی خەڵکانی بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و با نموونەکەمان کورد بێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا وەک سوێد، سیاسییە زیاتر لەوەی کە کۆچێکی خواستراو و پلان بۆ دانراو بێت، بەڵێ لەم دواییانەدا چاولێکەریی و مەسەلەی گرفتی دارایی بەتایبەت لە باشووردا و هەندێ حەزی دەروونی گەنجانیشی تێدا دەبینین، کە ناتوانین چاویان لێ بپۆشین و لە قسەکانی ئەو رێبەری حیزبە سویدییەشدا هات و ئاماژەکەی ئاوا دەربڕی: "ناتوانن هەروا کچان و کوڕانی ئێمە بەرن"، مەبەستەکەی ئاشکرایە. بێگوومان ئەوان لە ئایندەی کچان و ژنانی خۆیان دەترسن، چوونکە مێدیاکان زۆر کارەساتی سەیر و سەمەرە بڵاو دەکەنەوە و لە ڕاستیشدا زۆر کارەساتی قەڵب و دوور لە مرۆڤ بوون لەلایەن بێگانەکانەوە لەگەڵ کچان و ژنانی سوێدی ڕوویانداوە بەتایبەت لە ناو گەنجەکاندا، ئەمانە ڕاستیین.
لەو لاشەوە کە وردتر بۆ مەسەلەکانی جیهان و جەنگ و هەڵپژانەکان دەڕوانی، ئەوەت بۆ دەسەلمێت کە سیاسەتی دەوڵەتانی براوەی دوو جەنگە گەورەکە سیاسەتی بەخێوکردن و نازهەڵگرتنی بەرێوەبەرانی دەوڵەت نەتەوەکان بووە تا ئەوەی چاودێریی حاڵی گەلانی ناو ئەو دەوڵەت نەتەوانە، بۆیە لە هەر فرسەتێکدا کە بەدەست هاتبێ و ڕەخسابێ، تاکەکانی ئەو گەلانەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرانی ئەو دەوڵەت نەتەوانە، خاکی خۆیان بەجێ هێشتووە، یا بەردەوام و پچڕپچڕ لە بەرەنگاریدا بوون لەگەڵ دەسەڵاتی بەرێوەبەریی سەپێنراودا، سەردەمانێک باوی کۆدەتای سەربازیی بوو 
(ئێستایش لە ئەفریقا هەر بەردەوامە) کە دەبووە هۆی ڕۆنیشتنی پلەدارێکی سەربازیی دکتاتۆر بۆ ماوەی دەیان ساڵ(عێراق، سووریا و...هتد)، بە کورتی هەموو شێوازەکان لەم ناوچەیەدا تاقی کرایەوە و ئاکامەکەی هەر هەڵوەدایی گەلان بوو، بەجۆرێکی لێهاتووە کە ئەمە بۆتە کلتوورێکی قەبووڵکراو کە ژمارەیەکی زۆریی تاکەکانی گەلەکانیشی گەندەڵ کردووە.
پوختەی باسەکەم ئەوەیە کە بزووتنەوەی دژە بێگانە، بەتایبەتی ئەو بێگانانەی کە لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپاوە هاتوون، تا بێت لە هەڵکشاندایە و دەستە و پارتگەلێک پێکهاتوون / پێکدێن کە کار لەسەر ئەم دژبوونە دەکەن و بە پێوانە ناوخۆییەکە ( هەر وڵاتێک بە جوودا). ڕاستی زۆری ژیانی ڕۆژانە لە ئارگومێنت و ئاخافتنەکانیاندا هەیە و بێگانەکان بە باری قورس و مایەی درووستبوونی پشێویی لەناو وڵاتەکانیاندا دەزانن، ئەمەش لە ڕاستییەوە دوور نییە، هەرچەندە هەموو هاتوویەک ناگرێتەوە، بەڵام کورد وتەنی: لەم حاڵەتانەدا تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێن.
بێگانەکان بەزۆری لە سێکتەرەکانی خزمەتگوزارییە پلە دوو و سێ و خوارترەکاندا کاردەکەن، بەڵام هاوبەشن لە دەستەبەرە کۆمەڵایەتی، تەندروستی و ئیمتیازەکانی تردا وەک خانەنشینی و مەسەلەی هاوکاریی منداڵ تا دەبێتە هەژدەساڵ و ....هتد، ئەمەش ئەو خاڵە کرۆکیانەیە کە لە ڕووە ئابوورییەکەوە ئەو پارتانە تۆخی دەکەنەوە و لەم دواییانەدا، مەسەلەی ئاین و توندڕەویی ئاینی کە بوونەتە هۆی پێکهەڵپژان لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس و ئەو تاوانانەی کە باندەکانی فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکان دەیکەن ئەو پاراتانە دەیانەوێ سەرنجی خەڵکی سوێدی بۆ ڕابکێشن و کار لەسەر هەستی خەڵکەکەی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە لە ئاخافتنەکەی ئەو ڕێبەرەی پارتی دیمۆکراتەکانی سویددا بەمجۆرە ئاماژەی پێدا کە : " ئێمە ئوتۆمۆبیل دروست دەکەین، ئۆتۆمۆبیل ناسووتێنین"، کە ئاماژەیە بۆ ئەو سووتان و وێرانکردنانەی ئۆتۆمۆبیلی پۆلیسی سوێد کە کۆمەڵێک گەنجی مووسڵمان کردیان و هەم پۆلیسی تێدا زامدار بوو هەم لەو گەنجانەش زامدار بوون و زیندانی کران.
مەسەلەی باندەکانی قاچاغ و ساغکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان گرفتی گەورەی بۆ کۆمەڵگای سوێد دروستکردووە کە گیانی زۆرگەنج و خەڵکی بێتاوانیشی خستۆتە مەترسییەوە و کووشتنی ناو ئەو باندانە لەناو خۆدا و لە یەکتری بە ڕادەیەکی زۆر هەڵکشاوە، کە ئاماژەی سیاسییەکانی سوێد بۆ ئەوەیە کە دەستی دەرەوەی دژ بە سوێدی تێدایە و زۆر جار بەناوی کۆمەڵەی خێرخوازیی و مزگەوت و هاوکاریی مرۆییەوە، لە دەرگاکانی پشتەوە ئەم مامەڵە بازرگانیانە ئەنجام دەدرێن، کە کاریگەرییەکی نایەتی زۆر دەکاتە سەر ئەو کۆمەڵە فەرهەنگی و سیاسیانەی کە بێگانەکان هەیانە/ دەیانبێت. 

چەند ڕاستییەک سەبارەت بە سوید

1- سوێد وڵاتێکی پاشایی پەرلەمانییە و پاشا تێیدا سیمبۆلێکی مێژوویی بێدەسەڵاتە.
2- بەرێوەبەرانی وڵات ئەو نوێنەرانەن کە ڕاستەوخۆ خەڵک هەر چوارساڵ جارێک لە دەنگدانێکی ئارام و هێمندا هەڵیان دەبژێرن.
3- سوێد زیاتر لە دووسەدساڵە جەنگی گەورە و ناوخۆیی تێدا نەبووە و لە سەرەتادا و لەبەر نەداریی و هەژاریی کۆچی بە کۆمەڵ کراوە بۆ ئەمێریکا ئەوەش لە ناوەڕاستی ساڵی ١٨٥٠دا بەگووڕوتین ژمارەیەکی زۆر کۆچیان کردووە بۆ ئەو وڵاتە. لە ١٨٤٠ وە تا ٢٠١٤ پەنجا ملیۆن کەس لە هەموو ئەوروپاوە کۆچیان کردووە بۆ ئەمێریکا لەسەرەتادا ئینگلیزەکان، سکۆتلەندییەکان و ئێرلەندییەکان لە ناوەڕاستی ١٨٠٠ دەوە سکەندناڤییاییەکان و ئەڵمانییەکان و خەڵکانی تری ئەوروپاش کۆچیان کردووە.
4- سوێد بۆ ساڵانێکی زۆر و تا ئێستاش بەوە ناسراوە کە ستانداردی ژیانی خەڵکەکەی زۆر باڵایە و هەموو شتێک بەپێی سیستەمێکی دامەزراوی تۆکمە کار دەکات، زۆرینەی یاساکانی سوێدیی ئەو یاسایانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر داون، وەک مافی منداڵ کە زۆر گرنگە و مافی ژن و ....هتد. برسێتی و هەژاریی لە سوێد کە نزیکەی ١،٢ ملێۆن کەسی دەگرتەوە واتە پێنجیەکی دانیشتوانەکەی، هۆی سەرەکی ئەو کۆچە بە کۆمەڵە بووە.
5- سوێد یەکەم وڵاتە کە تێیدا لێکۆڵینەوەی جدیی و لابراتۆری لەسەر رەگەز تێدا کراوە (ڕەگەزی نەتەوەکان)، لە زانستگەی ئیوپسلا پرۆفیسۆر هێرمان لیوند، ئەم تاقیکردنەوانەی کردووە و ڕیبازێکی تایبەتی بەناوی ڕاس بایۆلۆجی دامەزراندووە، ( بە وردی ڕۆژی ٠٣/٠٨/٢٠٢١ لە کوردستانپۆستی ئازیزدا، لەمەڕ ئەم بابەتە دوواوم بەم لینکە دەتوانی باسکەم بخوێنییەوە
6- خەڵکی سوێد، مەردومگەلێکی هێمن، خۆپارێز لە دەربڕینی ڕاستەوخۆ لەسەر مەسەلە سیاسییەکان، بە ئەدەب و ڕێزدارن. بڕوای تەواویان بە حوکوومەتەکەی خۆیان هەیە و خەڵکگەلێکن کە لە چوارچێوەی یاساکان دەرناچن. وڵاتەکەی خۆیان خۆشدەوێت و ماندوویەتیی زۆریان کێشاوە بۆ بەرهەمهێنانی وڵاتەکەیان، یاساکان تا ڕادەیەکی باڵا جێبەجێ دەکرێن و خەڵک پابەندی ڕێنماییەکانی حوکوومەتن، چوونکە بە حوکوومەتی خۆیانی دەزانن، وەک دەڵێن و دەیخوێنینەوە، پارتی سوسیال دێمۆکراتەکان رێخەری ئەم ڕاپەڕینە کلتووری، زانستی و پیشەسازییە بوون. خەڵکەکە بەناز و تێر و تەسەل بەخێوکراون و ئەوانیش قەدر و رێزی ئەم دەستەبەرییەیان لە لایە و پارێزگاری لێ دەکەن.
7- ئازادی تاک و کۆمەڵ پارێزراوە و کەس ناتوانێ بەپێی یاسا ئازادیت لێ زەوت بکات. دادگاکان سەربەخۆ و ئازادن و خەڵک دەتوانێ لەکاتی دادگایی کردنەکاندا ئامادەبێت و گوێ بۆ بەرێوەچوونی دادگایکردنەکان بگرێت و دەشتوانێ نموونەیەک لەو بەڕێوەچوونە وەک کۆپی داوابکات ئەگەر مەبەستی بێت و بۆی گرنگ بێت. دەتوانی ڕای خۆت دەرببڕی بەرانبەر بەهەموو کێشە و مەسەلەکان، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام بۆت نییە گاڵتە و جەفەنگ بە ڕای خەڵکی تر بکەیت و خۆت بەرپرسیاری لەوەی کە دەیکەیت و دەیلێیت.
8- زمانی سوێدی لای زۆرینەی بێگانەکان وەک زمانێکی لۆکاڵی بۆی دەڕوانن و پێیان وایە کە کەڵکی نییە و لە سوید چوویتە دەرەوە ئێدی کەڵکی هیچی نییە، بێگومان لەمەدا لە هەڵەدا چەقیوون، هەرچی ئەدەبیات، فەلسەفە، زانست و نووسینەکانی دنیایە بەسوێدی وەرگێڕدراون، مانای تۆ لە دەرگایەکی گەورەی ئەم زمانەوە دەتوانی بچیتە ناو جیهانە گەورەکە و زانست و بیر و هۆشی خۆت بەو بابەتانە ئاوەدان بکەیتەوە کە مەیلت بۆیان هەیە و دەتەوێت لێیان شارەزا ببیت، بێگوومان وەرگێڕڕاوەکان بۆسەر زمانی سوێدی، لە سەدا سەد جێگای متمانەن ئەگەر بەراوردیان بکەیت بەو نووسراوانەی کە وەرگێڕڕاونەتە سەر زمانەکانی عەرەبی، لەهجەی فارسی و تورکی، وەرگێڕی سویدی بێلایەن و بەپێی ستانداردە جیهانییەکەی وەرگێڕڕان نووسراوەکان وەردەگێڕن، بە پێچەوانەی وەرگێڕی عەرەب، تورک و فارسەوە کە لە ڕوانگەی نەتەوەی سەردەست و تا ڕادەیەکی زۆریش شۆڤێنزمی نەتەوەی سەردەستەوە نووسراوەکان هەڵدەبژێرن بۆ وەرگێڕانیان. سوێدییەکان زمانی ئینگلیزی زمانی دووەمیانە و وەک زمانی دایکی خۆیان ئاخافتنی پێ دەکەن، میللەتێکی عاقڵ و هۆشدار و ژیرن، ڕیز لە بۆچوون و ئاینی کەسانی دی دەگرن، ئەگەر کەمینەیەکی زۆر بچووکیش بن. لە هەموو شارەکانی سوێد مزگەوتی لێیە و شارەوانی شارەکان بە دەستەبەرکردنی ئەم جێمزگەوتانە هەڵدەستن و تەنانەت بۆ دوو مەزهەبە جوداکەی ناو ئاینی ئیسلام، ڕێز قایلن و مزگەوتی جودایان بۆ دابین کردوون، کە ئەمە لەوڵاتی موسڵمانان خۆیدا بەو جۆرە بۆ یەکتر ناڕوانن، بۆ نموونە لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێراندا!! قەدەغەیە سوونییەکان مزگەوتیان هەبێت و مزگەوتی سوونی لێ نییە، زۆر جاران لە تاران، سونەی پابەندی مەزهەبەکەی دەبینی لە مەیدانی ئازادی پاڵتۆکەی ڕادەخات و لە ناو هەرا و هوریای قەرەباڵغیی ئەو مەیدانەدا نوێژ دەکات!!! کەواتە دەتوانین بڵێین پایەدار بیت سوێد بۆ خۆت و بیرکردنەوەت. لەم دواییانەدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکانی وەکو داعیشدا، کە خوێن بەری چاوی گرتبوون و تینوێتیان بە خوێن دەشکا، زۆر لەم جێگای پەرستنانە بوونە ناوەندی کۆکردنەوە و هاوکاری ئەو گرووپانە، کەواتە مووسڵمانەکان!! لەگەڵ خودادا لێرەدا ناڕاست ڕەفتاریان کرد و لەو بەڵێنەی کە دابوویان بە شارەوانییەکان، چاویان پۆشی و پەرستگاکەیان بۆ مەبەستێکی جودا بەکار هێنا و ئەو ئازادییەی بۆیان دەستبەرکرابوو، لەکەداریان کرد و پێچەوانەی فەرمانی یەزدان کە پارێزگارییە لە بەڵین و گفتەکان جوڵانەوە و بە خراپی سوودیان لە ئازادی وەرگرت کە نیعمەتێکی خوداییە و لەسەر مرۆڤ ئەرکە کە بۆ بەدەستهێنانی تێکۆشان بکات، چوونکە مرۆڤ نابێ و ناشێ مل بە کۆیلەبوون بدات، کەواتە ئەوان دووجار فەرمانی خودایان شکاندووە، یەکەم: لە گفت و بەڵێنەکانیاندا ڕاسگۆ نەبوون و دووەمیش: ئەو ئازادییەی کە بۆیان دەستەبەرکرابوو، خراپ سوودیان لێ وەرگرت، ئەمەش ناچێتە چوارچێوەی بڕوا بوونەوە بە فەرمانەکانی خودا.
9- سیاسەتی دەرەوەی سوێد، ڕووکەشەکەی ئاشتیخوازیی و نەرم و ناوبژیکارییە لە پێکدادان و تێکهەڵچوونەکاندا، بەڵام وەکی هەموو دەوڵەتانی تری خۆرئاوا لەژێر هەژموونی سیاسەتی پەیڕەوکراوی خۆرئاوادان کە ئەمێریکا سەرپەرشتی دەکات. ئەزموونی فراوانیان لە باری دبلۆماسیدا هەیە و دبلۆماسییەکی ورد و بیرلێکراوە بەڕێوە دەبەن. گەمەی هەستیان کەمە و لە باری سیاسی و بوارەکانی تری ژیاندا لە یاساوە بۆی دەڕوانن و هەستی خۆیان تێکەڵ بە هەنگاوە سیاسی، ئابووریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناکەن.
10- بڕوای تەواویان بە خۆیان هەیە و هەر لە منداڵییەوە ئەو پەروەردەیە پەیڕەودەکەن، کە مرۆڤ دەتوانێ و دەبێت خۆی هەوڵ بدات و گیانی بەزەیی پێداهاتنەوە و ملکەچی و چاوەڕوانی کەسانی دی کردن تێیاندا نییە و وەک مرۆڤێک شانازی بە خۆیان و نیشتمان و کۆمەڵگای خۆیانەوە دەکەن، پێچەوانەی کەسانی ڕۆژهەڵاتی کە پاڕانەوە و چاوەڕوانی و دەسنەخۆریی و مەزڵووم بوون وەک کلتوورێکی دامەزراوی لێهاتووە و ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی هەیە و شۆڕشی دەوێت لە هەموو بوارەکاندا تا مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ڕابچەڵەکێ، ئەمە وا لێک مەدەنەوە کە بەراورد بێت و تانەو تەشەر، نا واقعێکە ڕۆژانە لە سوێد مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتیانی دەبینێ و دەبییە. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی پێویستی بەڕاچڵەکاندنە تا ڕەگی خۆی بدۆزێتەوە کە فرە جودایە لەو شێوە مرۆڤەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی، خۆی پاک بکاتەوە لەو کلتوورە سیاسیی و لێکدانەوە ئاوەژووەی ئاینی کە لە پەروەردەکردنیدا، بەلارێیاندا بردووە و توانا و بەهرە مرۆییەکانییان وردکردووە، ئەوسا دەبینی کە شۆڕەسواری مەیدانەکانی ژیانی ئێستا کێ دەبێت و چۆن چەرخی زەمان هەڵدەگەڕیتەوە و ڕۆژهەڵاتی دەبێتەوە بە ڕێبەری داهێنان و پێشوەچوونەکان، لەم کێشمەکێشەدا، سیاسەتی ڕۆژئاوایی ناسازە و لەگەڵ نییە، بەڵام تا ڕادەیەک دەتوانێ بەر بە ڕابوونەکە بگرێت و دوای بخات، لە کۆتایدا ناچار دەبێت لەگەڵی بسازێ و خۆرئاواییەکان ئەو ژیرێتییەیان هەیە کە واقیع ببینن، هەتا مرۆی ڕۆژهەڵاتی پشتی ڕاست نەکاتەوە لە سەر زەمینەی ژیرێتی و هۆش و سەرنجدانی قوڵ، کەس لە کۆڵی نابێتەوە و پاڕانەوە دادی کەس نادات.
بە باوەڕی من وایە کە ئەم لێشاوی دژە بێگانە بوونە تا ماوەیەکی دیش هەر لە هەڵچووندا دەبێت و گرفتاریی زۆر دروست دەکات، کاردانەوەش بە ئەندازەی لە خۆی کەمتر دروست دەکات، بەڵام وا چاکتر و لەباری مرۆییەوە ماقوڵترە، کە باوانی منداڵانی بێگانە لە سوێد، خەمێکی گەورە لە ئایندەی منداڵەکانیان بخۆن و بەتەنگیانەوە بێن، بۆ ئەوەی نەبنە نێچیری باند و باندبازییەکان و گرووپە تاوانکارەکان، زۆر لایەن و مرۆی وشیار هەیە کە دەتوانن تەگبیریان پێ بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە