فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن

Thursday, 11/01/2024, 22:51

3498 بینراوە


بەشی چوارەم

لە بەشی سێیەمدا کۆتایم بەوە هێنا کە بناغەی ئەم فۆڕمە نوێیە لە بەڕێوەبردن، ئازادییە، کە تێیدا هەموو سیستەمی بەڕێوەبردن و کۆمەڵگا بە هەموو ئامڕازەکانی ژیانییەوە ڕووبەڕووی (مرۆڤێکی ئازاد) دەبنەوە.
بەپێی پێناسەی ئەم فۆڕمە نوێیەی بەڕێوەبردن، (ئازادی ماف نییە)، کەسێک بە کەسێکی تری بدات، یا حوکوومەت، دەسەڵاتێک، سیستەمێک، ئایدیۆلۆجیایەک و ئاینێک، ئەم مافە بەکەسێک بدەن و ئەم مافەی لێوەربگرنەوە، چوونکە ئەوەی بەکەسێکی دەدەیت دەتوانیت بە دەیان بەهانە وهۆ لێی بستێنیتەوە. 
لەم فۆڕمەدا ئازادی لەگەڵ لەدایک بوونی مرۆڤەکەدا وەک دیارترین دیاردەی (مرۆڤبوون)ه کە، دەبێتە ئەو زەمینەیەی کە ژیان و داهاتووی مرۆڤەکەی لەسەر بنیاد دەنرێت و پرۆسەیەکی سەربەخۆ، باڵا، بەڕێز و سەروەرە، کە سەرچاوەی یاساکانیشە، واتە لە دەرکردن و دروستکردنی یاساکاندا، هەمیشە دەستپێک ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ئەم یاسایانە بۆ ڕێکخستنی ژیان و پاراستنی مافەکانی تری مرۆڤێکی ئازاد دادەنرێن.
لە فۆڕمێکی نوێی بەڕێوەبردندا، ناسنامەی یەکەمی دوای لە دایک بوونی مرۆڤەکە ئەمەیە:
-ناو و نازناو
-مرۆڤێکی ئازاد
هیچ هێزێک:حوکوومەتی، خێزانی، کلتووری، ئاینیی و کۆمەڵگایی ناتوانن ئەم ئازادییەی پێشێل بکەن یا لێی زەوت بکەن.
تەنیا ئەو یاسایانە دەتوانن ئازادییەکەی سنووردار بکەن، کە لە پێناوی پاراستنی ئەو ئازادییەی ئەودا دانراون.
بەڵام هەتا ئێستا ئازادیی کەسێک، بەهۆی بەکارهێنانی زۆر و سەرمایەوە، زەوت دەکرێت و سنووردار دەکرێت.
 بۆیە: لە فۆڕمێکی نوێی بەڕێوەبردندا، هیچ لایەن، ناوەند، دەسەڵات، کۆمپانیا، ئاین، ئایدیۆلۆژیا، دەسەڵاتە زانستی و کلتوورییەکان، ناتوانن خاوەنی هێزی چەکدار یا ئامڕازەکانی تری هێز بن، کە لە بارودۆخێکی تایبەتدا، بتوانن بۆ سەندنەوە یا سنووردارکردنی ئازادی کەسێک بەکاری بێنن، سەرمایەش هەرچەند گەورە بێت، لە پێناوی پاراستنی ئازادی تاکدا، بە جۆرێک ڕێک دەخرێت کە نەتوانرێ بۆ زەوتکردنی ئازادیی مرۆڤێکی تر بەکاربهێنرێت.
خاڵی دەستپێک لەم فۆڕمە نوێیەدا، مرۆڤێکی ئازادە، هیچ بەربەستێکی کۆمەڵایەتی، دارایی، جەستەیی، دەروونی، ڕەگەز، هۆز و ناوچە ناتوانن ئەم ( بوونە ئازادە)ی لێ زەوت بکەن.
هەموو مرۆڤێک لەم فۆڕمەدا بەمجۆرە خۆی پێناسە دەکات: من مرۆڤێکی ئازادم.
یەکەم پرسیاری لۆجیکی کە بە بیری خوێنەردا دێت ئەوەیە، ئایا ئازادیی مرۆڤێک لەم فۆڕمەدا سنوورێکی هەیە؟!
کاتێک پێناسەی بوونی مرۆڤێک ئازادییەکەی بێت و ژیانی لەسەر زەمینەی ئازادییەکەی بنیاتنرابێ، بێگوومان ناتوانین هیچ سنوورێکی بۆ قایل بین، هەر چۆن هۆش و ئەزموون و ناسینی کۆمەڵگا، لە ئەنجامی مامەڵەی ڕۆژانەی مرۆڤەکەدا، دەیکاتە مرۆڤێکی خاراودراو کە هوونەرەکانی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان فێر دەبێت، بەو جۆرەش ئازادییە ڕەهاکەی کە پێناسەی بوونییەتی وەک مرۆڤ، دەیکاتە کەسێکی قاڵ بوو لە مامەڵەیدا لەگەڵ بەکارهێنانی ئازادییەکەیدا، واتە خۆی بۆ خۆی بەو جۆرە ئازادییەکەی بەکاردەهێنێت کە:
یەکەم- هەستێکی بەرپرسیارێتی لەلا دروست دەکات کە ئەو شایستەبوونەی کە ئەو مرۆڤێکی ئازادە، بریندار و لەکەدار نەکات.
دووەم- ئەو دەزانێت کە بەکارهێنانی ئازادی، لەگەڵ خۆیدا ئەرکی بەرپرسیارێتیش بەرهەم دێنێ و لە ئەستۆی کەسەکەدایە کە ئەم ئەرکە بەجێبێنێت.
بۆیە ژیانی ئازاد هێدی هێدی دەبێتە کلتوورێکی زیندوو کە ڕۆژانە بەرهەم و ئەنجامی نوێ و دەرهاویشتەی نوێی دەبێت و دەبێتە ئەو ڕایەڵە دیار و گرنگەی کە تاک بە تاک، تاک بە کۆمەڵگا، کۆمەڵگا بە تاک و تاک بە بەڕێوەبردنەکە و بەڕێوەبردنەکە بە کۆمەڵگا و تاکەوە دەبەستێتەوە. ئەمە ئەو زەمینە ساغ و لە بارەیە کە کۆمەڵگا گەشەی تێدا دەکات و رێگر دەبێت لە بە فیڕۆدانی تواناکان، چ مادی چ هزری و مەعنەوی.
کەسێک پەیدا ناکەیت لەو حاڵەتەدا کە بیەوێت، ئازادییەکەی ببەستێتەوە بە کارێکی تایبەتەوە کە ناڕەوایە، بۆ نموونە دزییەک، ناپاکییەک یا ویستی تێکدانی گۆشەیەکی کۆمەڵگا. بەر لەوەی یاسا چاودێر بێت و سزاکان ئەنجام بن، مرۆڤەکە لە ژیانی ئازادیدا فێربووە کە چۆن چۆنی لەگەڵ دیاردە و خواستە دەروونییەکانی مامەڵە بکات، کاتێک  خواستە ڕەواکانیی بە شێوەیەکی ڕەوا بەدەست بێن، کلتووری ژیانە ئازادەکەی بەربەستی یەکەمینە بۆ گێڕاندنەوەی لە دەستبردن بۆ ناڕەواییەکان.
لە ئەنجامی بەپراکتیککردنی ئەو ژیانە ئازادەدا ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە ژیانی ئاوا چ هەستێکی شانازیی و بڕوا بوون بەخۆی لە لا دروستکردووە کە شایان بەوەیە بیپارێزێ و لە لوتکەدا بیهێڵێتەوە. کەسانێکیش کە لە گۆشەیەکی ترەوە بۆ ئەم ئازادییە دەڕوانن، بەواتایەکی ڕوونتر لە حاڵەتێکی تایبەت و کاتێکی تایبەت و شوێنێکی تایبەتدا، بیانەوێت ئازادی کەسێکی تر پێشێل بکەن یا لێی بسێننەوە، ئەو کاتە یاساکان کە بنەماکەی پاراستنی ئازادیی تاک و کۆمەڵگایە، چالاک دەکرێن.
سەرنجێک لێرەدا گرنگە: هەموو خوارییەکی کە کەسێک لە حاڵێکی تایبەت، کاتێکی تایبەت و شوێنێکی تایبەتدا، بەرهەمی دێنێت و دەبێتە هۆی چالاکبوونی یاساگەلێکی سزایی تایبەت بەو ( خوارییە)، بنەماکەی ئەوەیە کە:
یەکەم- ئەو کەسەی کە ئەم خوارییەی بەرهەم هێناوە، تاکێکی ئازادە، بەو پێناسەیەی کە لەسەرەوە بۆ ئازادیی تاک و کۆمەڵگا کراوە.
دووەم- لەبەر ئەوەی لەم ( فۆرمە نوێیەدا بۆ بەڕێوە بردن) بەرێوەبردنەکەی لەسەر ئازادیی و دەستبەری مافە مرۆییەکانی تری تاک و کۆمەڵگا دامەزراوە، سەرەتا لێکۆڵینەوە لەو بنەما گرنگە دەکرێت، کە ئایا بۆ بەرگرتن* لە دروستبوونی خوارییەکان، ئامڕاز و توانا مرۆییەکان و مادییەکان وەک پێویست چالاک و ڕەچاوکراوون، کە ئەمەش ئەرکی بەرێوەبەرانی کۆمەڵگایە و بەرپرسییارێتی دەستەبەرکردنیی ئەو ژینگە درووستانە بۆ چارەسەریی هەر لە سەرەتاوە وا لە ئەستۆی بەڕێوەبەراندا، واتە کە خوارییەک بەرهەم دەهێنرێت لەلایەن تاکێکەوە، یەکەم جار بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگا لێپرسراون پاشان ئەو تاکەی کە ئەم خوارییەی بەرهەم هێناوە.
بە نموونەیەک زیاتر ڕوونی دەکەمەوە: تاکێک هەڵدەستێت بەوەی شتێک کە ئەو خاوەنی نییە، لە نادیاریدا دەبات و وەک موڵکی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. 
لە سەرەتاوە لەوە دەکۆڵرێتەوە کە ئایا بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگە چ دەرەفت گەلێکیان ڕەخساندووە بۆ ئەم تاکە، کە پێویستی بەوە نەبێت خۆی بخاتە ئەو تالوکە ناپەسەندەوە؟! ئایا ژیانی وەک هاووڵاتییەک دابین و پارێزراوە؟! کەم و کوورتییەکانی تۆمارکراوون(جوستویی و دەروونی)؟! لێکۆڵینەوەکان بەردەستن؟! کار لەسەر چارەسەرکردنیان کراوە و پرۆسەکە بە چی گەیشتووە و پێشنیازەکان تۆرمارکراون و ئەنجامەکان چی بوون؟!.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە هەمیشە بەرێوەبەرانی ئەم فۆڕمە نوێیە بۆ بەڕێوەبردن، لێپرسراوی یەکەمن بەرانبەر بە خوارییەکانی تاک. ئەگەر ئەو پرسیارانەی لەسەرەوە کران وەڵامیان هەبوو، دەردەکەوێت کە ئەم ڕەفتارە بە چەندبارەبوونەوەی لە لایەن تاکەوە، بۆتە خوو، پێویستی بە چارەسەری تایبەت هەیە، کە دەبێت لە ناو پێشنیازە تۆمارکراوەکاندا باسکرابێت و تۆماریش کرابێت. بۆیە زۆر بەر لەوەی تاکەکە ڕەفتارەکەی لێ ببێتە خوو ڕێنماییەکان، پێشنیازەکان و چارەسەرەکان دەسنیشان کراون و پرۆسەی چاککردنەوە دەستی پێکردووە، واتە لە فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردندا، دیاردەی: نەمانزانی و سەرمان سوڕما و پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد و ڕووداوی نەخوازراو بوونیان نابێت.
لێرەدا وەڵامی چەند پرسیار دەدەمەوە کە مامۆستای هێژام ( عەبدول سەمەد محەمەد) لە سلێمانییەوە بۆی نووسیبووم، سەرەتا سپاسی دەکەم و ڕێزم هەیە بۆ کاردانەوە هێژا و دڵسۆزییە کوردستانییەکەی.
" سڵاو کاک کامی، دەستەکانت خۆش بێ پێشەکی و وەک ئەوەی لەو دەست پێکەدا خوێندمەوە، ئەو پرسەم لادروست بوو کە ئاراستەتانی بکەم ئەویش ئەوەیە، کەپێت وانەیە ئەم لێکۆڵینەوەیەت وەک کۆماری ئەفڵاتون و مدینة الفاضلة فاڕابی وایە، و بەتایبەتێش من نازانم یاهەرئەوەندە تێی دەگەم یا هیچ میکانزمێکی ئەوتۆ وکارای تێدانیە کەوەک مەنجێک وابێت بۆ کۆکردنەوەی دیدە جیاوازەکانی ئەو ڕەوتانەی سەربەنەتەوایەتین یا خۆیان بەنەتەوایەتی دەزانن، هیوادارم بەدڵێکی ساف لێمی بڕوانی ئەو تێڕوانینەم، لەگەڵ هیوای هەموو سەرکەوتنێکم بۆ بەڕێزتان .... ".
لەو دەقەی مامۆستادا چەند پرسیاری لێکردووم، بۆ ئاسانی بەڕیز جوودایان دەکەمەوە:
1- پێت وانییە ئەم لێکۆڵینەوەیەت وەک کۆماری ئەفڵاتون و مدینة الفاضلة فاڕابی وایە؟!
2- ئەوەندەی لەدەوری کەف و کوڵی دروون وهەندێکجار میتافیزکاو تۆزێکیش لەخەیاڵ وە نزیکترە وەک لە واقعی حاڵ ئێستا؟!
3- هیچ میکانزمێکی ئەوتۆ وکارای تێدانیە کەوەک مەنجێک وابێت بۆ کۆکردنەوەی دیدە جیاوازەکانی ئەو ڕەوتانەی سەربەنەتەوایەتین یا خۆیان بەنەتەوایەتی دەزانن؟!
وەڵامی یەکەم: ئەم بەرێوە بردنە، شێوازێکی نوێیە، پڕۆژەیەکی هەمەگیرە، نەک پرۆژەی ئێلیتەکانی ناو کۆمەڵگا، هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگا، لە ئێلیتەکانی بێت یان نە، لەم بەڕێوەبردنەدا هاوبەشە و چمکێک لە بەرێوەبردنەکە بەرێوەدەبات، ئێلیتە کوردستانپەروەر و زاناکانیش چمکێکی دی بەرێوەبردنەکە. ئەم بەرێوە بردنە پڕۆژەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەرپرسە لە چارەنووسی خۆی، کە تواناکانی تاک دەگەشێنێتەوە و ژینگەیەکی دروست بۆ پێشوەچوونی هزرە خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات لەهەموو بوارەکانی ژیاندا. ئەو کەسانەی دەبنە ئەندامی کۆمیتەکانی بەڕیوەبردن، بە زانیار و زانیارییەکی فراوانەوە دێنە ناو کۆمیتەکان و لە پرۆسەی هەڵبژاردنیاندا بۆ بەرێوەبردنەکە لە پسپۆڕی خۆیاندا، لە ناو کۆمەڵگاوە دێن و ڕاپۆرتەکانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنیاندا، خۆی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ چاکترکردنی بەرێوەبەرێیەتییەکە و چاککردنی شێوازی بەرێوەبردنەکە. واتە ئەو کەسانە خۆیان لەناو پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوە و سەرنجدان لە کۆمەڵگاوە هاتوون و لە کاتی کارکردنیاندا لە یەکێک لە کۆمیتەکاندا، کەمایەسییەکان دەزانن و پێشنیاز و چارەسەریی سەرەتاییان( کە لە بیرکردنەوە و هزری خۆیانەوە بۆ کۆمەڵگا سەرچاوەی گرتووە) لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە. کەواتە ئەم بەڕێوەبەرێتییە بەرهەمی کۆی بیرکردنەوەی گەلە، کەواتە لەواقعدا دروست بووە و ڕەنگدانەوەی واقعەکە و ئەو هەوڵانەی پێیە کە دەیەوێ ئەو واقعە بگۆڕێت بۆ واقعێک کە بەسوودی گەشەی کۆمەڵگاو تاک کار دەکات. لەبەر ئەوەش کە بەڕیوەبردنێکە لە سەر بناغەی پاراستنی ئازادیی ڕەهای تاک و کۆمەڵگا بنیاتنراوە، دەرفەتێکی ڕەهاش دەبێت بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگا خۆیان دەرببڕن، بە کوالێتییەکی بەرز و لێرەدا ئەو مێتۆدی کێبەرکێ ڕەوایە کە لەسەرەتای لێکۆڵینەوەکەمدا/ بەشی یەکەم باسم کرد، گەشە دەسێنێ و جوانییەکانی مرۆڤبوون خۆیان نیشان دەدەن و دەبنە کلتوورێکی گشتی.
وەڵامی دووەم: بێگوومان هەستەکان، خەیاڵ و داخوازییەکان، هزرەکان دەخوڵقێنن، لە سەرەتاوە واقیعێک دەبینرێت، سەردەمەکان بەراورد دەکرێت و لێکۆڵینەوە و شیکاریی بۆ ئاکامی هەوڵەکان ئەنجام دەدرێت و ئەوسا مرۆڤ بە دوای ئامڕازەکاندا دەگەڕێت، کە سەرەتای هەموو هەنگاوێک پلاندانە و دەشێ لە کاتی جێبەجێکردنی پلانەکاندا کەمایەسییەکانی هزرەکە خۆیان دەربخەن و بە تێکۆشانێکی هەمەگیر چاکتر و تۆکمە تر بکرێت و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا گۆڕانکاری بەسەر هزرەکەدا بێت، لە گۆڕەپانی تیۆری یان پراکتیکدا، کە ئامانج چاککردن و هەمەگیرکردنی زیاتریی بەرێوە بردنەکە بێت، گرنگ ئەوەیە کە لەم پرۆسەیەدا کەس لەبیرنەکرێت وکەسیش لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە، توانای گشتی و هێزە فراوانەکەی بەڕێوەبردنەکە، کۆی توانا و هێزی تاکەکانی کۆمەڵگایە و هەموو کەس هەستی بەرپرسیارێتی و بەرێوەبەریی تێدا بگەشیتەوە سەبارەت بە چارەنووسی خۆی. 
وەڵامی سێیەم: ئەم بەرێوەبردنە، شێوازێکی نوێیە، بۆیە ناتوانێت و نابێت لەسەر بناغەی کۆن و لار خۆی بنیاتبنێتەوە، پرۆژەیەکی پەروەردەیی مرۆیی، تاکی کوردە لە کۆمەڵگایەکی ناسراودا، پارت و دەستە و تاقمکاریی تێدا نییە، هزرەکە کۆکردنەوەی هەموو تواناکانی ناو کۆمەڵگایە بۆ بەرێوەبردنێکی نوێ و هەر چالاکییەک بەشێکە لە پرۆژە گەورەکە و چمکێکی دانەبڕاوە لە بەرێوەبەردنەکە، ناتوانیت وەک یەکەیەکی سەربەخۆ لایەنێک لە پرۆژە هەمەگیرەکە جودا بکەیتەوە، ئەمە خاڵی بنەڕەتی و کرۆکی نوێبوونی ئەم هزرەیە کە یەکپارچەیی و چارەنووسێکی گشتی پێکیانەوە گرێدەدات، بە پێچەوانەوە، کارکردنی لایەنەکان جودا لەیەکتر کە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشدا نەبن، مایەی ناکۆکی و جوودایی و چەواشە بوونە، ئەوەی کە ئێستا مرۆڤی کوردی سەرگەردان و وەیلان کردووە. 
هەر تاکێکی کوردی ئەم سەردەمە، چەندە زانا بێت و زانیارەکانی چەندە فراوان بن، ناتوانێت پڕۆژەیەک بدۆزێتەوە کە لایەنێکی
( گروپێک، تاقمێک وحیزبێک) هەیانبووبێت تا درێژەی پێبدات، یان چاکی بکات. ئەم گرووپ و تاقمانە: واقعی دابەشکراوی نیشتمانی داگیرکراوی نەتەوەی کورد دروستی کردن و کەسایەتییەکانیان، ئەوانەی پلەی باڵایان بووە، ڕەچەڵەک، عەشیرەت، خێڵ و هەستێکی کورد بوونی پاک لە نەتەوەکەوە بۆ ئازادیی نیشتمانەکەی، درێژەی بە دەسەڵاتیان دا و هێشتنییەوە، کە ئەوەیان بەرهەمهێنا ئێستا دەیبینین، نکوڵی لە دوو شت ناکرێت. یەکەمیان ئەوەیە کە خەڵکانی زۆر دڵسۆز و بەتوانا و کوردستانپەروەر لەناو ئەم دەستە و تاقمانەدا بوون، هەر لەبەر دڵسۆزیشیان ئەو جێگا و پلەیەیان پێنەدرا کە دەبوو هەیان بێت و زۆرینەیان لە ڕووداوی گوماناویدا گیانیان بەخشی و لەکیس نەتەوەکە چوون. دووەم ئەوەی کە نەتەوەکەکە بەدڵ و گیان خۆیی و سامان و خۆشەویستانی پێشکەش بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە، کە سەردەمێکی درێژە چەواشەکراوە و بەلاڕێدا براوە، کرد و لەهیچ جۆرێکی تێکۆشان و بەرخۆدان نەپرینگایەوە، ئەم هەستەش هەر زیندووە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە، گەشانەوە و بایەخپێدان و تەسلیمکردنەوەیەتی بە خودی نەتەوەکە لەو فۆڕمە نوێیەی بەڕێوەبردندا، کە خۆی بەرپرسیاری چارەنووس و بەرێوەبردنی خۆی بێت. 
لە درێژەی لێکۆڵینمەوەکەدا وەڵامی زیاتری ئەم پرسیارانە و پرسیارگەلی تریش کە دەکرێن، دەدەمەوە.
...........

سەرنجەکان

 * بەرگرتن- بەواتای کارکردنی پێشوەخت بۆ کۆنترۆڵ و چارەسەریی کەمایەسییەکی دەستنیشان کراو لای تاک، چۆن منداڵ بۆ تووشنەبوونی بە نەخۆشی جوودا ڤاکسینی لێدەدرێت، بەو جۆرەش هەر زوو دەبێت، کۆمیتەکانی بەرێوەبردن ئەم کارە لەگەڵ ئەو تاکەدا بکەن بەر لەوەی ڕەفتارە خوارەکەی لێ ببێت بە خوو، بە مێتۆدە دەروونییە سەردەمەکان شیکاری، پێشنیازی چارەسەر و چارەسەری بۆ دیاری بکەن و هەنگاوەکانیش تۆمار بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە