خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی کوردستان پۆست

Friday, 22/12/2023, 2:36

5153 بینراوە


بەشی یەکەم/ هاوارەکانی ئیلهام مورادی

یەکەم: شیعری "ون"

زۆر لەگەڵ خۆمدا دووام تا دڵم نەهاتە ڕەدا، نەمتوانی وشیەک سەبارەت بە گوڵدانی وشەکانی بنووسم، خوێندنەوەی شیعر کارێکی بێهوودەیە، دەبێت دڵ بە شیعر بدەیت، خوێندنەوە کاری مێشکە، خۆ ئەمەی دەیبینی و وێنە دوای وێنە باخچەکانت پێشان دەدات ڕێنماکەت مێشک نییە و دڵە.
من دڵدادەی ئەو چەند شیعرەم کە ئەم شاعیرە لە کوردستان پۆستدا تا ئێستا بڵاوی کردوونەوە و لەوانە زیاتر هیچی تری ئەوم نەبینیوە، دیسانەوە وەک پیاوێک، لە یادم چوو، کە شیعر: نابینرێ، نا خوێندرێتەوە!! بەڵکو لەمسکردنی هەستە قووڵەکانە کە ئەوەش تەنیا بە دڵ دەکرێت، ئەمڕۆ بە درێژایی ڕۆژەکە دڵم سەرگەرمی وشەگەلێک بوو، کە ئەگەر زمانی نووسین، زمانی وێنە بایە و ئێمە هەستەکانمان بە وێنە دەربڕیبایە، زەریایەک، دووگوڵهەنار، زنەیەکی بچووک بچووک، شۆڕەبییەکی یاخی لە شەپۆلەکانی چەم و دوو گێلاسی قەددارێکی دەم ڕووبارێکی هێمنم دەنەخشاند، لەو سەری هەستە وردەکانیشەوە گوڵالە سوورەیەکی نزارێکی قەدپاڵی پیرەمەگروونم دەکێشا کە وێل بایە بە شوێن نێرگزەجارێکی قەندیلیلیدا و نیگەرانی ئەوەبایە بەهار هات و نێرگزەکەی من هەرنەهات، دەکەوتە سەر بوومەکەی ناو چوار چێوەکەم، تۆ بڕوانە ئەم هەستەی من تا کوئێستا فێرنەبووە کە وێنەی شیعر لە چوارچێوە ناگیرێت، کەی و کێ نەیبینییوە کە زۆرینەی شیعرە وتراوەکان لە چوارچێوەی وشەدا نەمردوون ونامرن؟!
من بینیوومە: " لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما"، " لێوم بە هەناسەکانتەوە سەرگەردانە" شیعری ون ئیلهام.
قامکێک لاپەڕە دوای لاپەڕە بە ڕۆژمێرەکەیدا دەچێتەوە، بۆ ڕۆژێکی ون بوو دەگەڕێت، یا بۆ ڕۆژێک کە بڕیار بوو بگەڕێتەوە، نە ئەویانی دۆزییەوە و نە ئەمیانی بۆ دیاری کرا، چوونکە ئەو کە ڕۆیشت و ون بوو، نەی وت کەی دەگەڕێتەوە، وەک ئازادی کە ونی دەکەین ناتوانین کاتی هاتنەوەی دیاری بکەین، بۆیە بە هەزاران لێو بە هەناسەکانییەوە سەرگەردان دەبێت.
" لە شوێنیکی ئەم چیرۆکەدا، شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە" هەمان شیعر، کام شوێنی ئەم چیرۆکە ئەوەندە مەترسیدار بووە، کە شەو بڕیار لەسەر قەدەغەکان دەدات؟! ئەو شوێنەی کە بڕیارە ئەو لەوێوە بگەڕێتەوە، کۆڵەپشتەکەی پڕ بێت لە تیشەکانی خۆری ئازادیی، بۆچی شەو ئەو بڕیارە دەدات؟! چون تاریکی لە هاتنی ڕووناکی زارەتەرەک دەبێت.
خەمەکانی ئیلهام هێندە گەورەن، ئەویان فێرکردووە کە تۆ پێت وایە من " ئەگەر لە زەریای چاوەکانتدا نەخنکام"،"ئەگەر(لە) قووڵایی تەنیایدا ون نەبووم" بەڵام " لە قومێ نیگەرانیدا نغرۆ دەبم" هەمان شیعری ون.
کاتێ چاو لە چاو دەڕوانێ و دڵ هەستبەریی ( وەک نامەبەر) ئەم دوو ڕوانینەیە، ئەگەر چاو زەریاش بێت باکێک نییە، کاتێکیش لە تەنیایی ئومێدێکدا و هیوایەکی چاوەڕوانکراودا نووقم دەبێت، بە هیوای ئەو ساتەوەختی گەڕانەوەیە هێشتا ژیان بەردەوامە و دڵ لێدەدات، بەڵام کە قامکەکان ئیتر بەقسەی ناکەن و ڕۆژمێرەکان ماندووی دەکەن، ئەگەر نیگەرانی نەهاتنەوەی قومێکیش بێت، بۆ هەستەکانی دەبێتە زەریایەک و زریانێک و باهۆزێک کە نووقمی دەکەن و ئەم تێیاندا دەرنابات.   
ئەمە ئەو هەستە ڕاستگۆیانەن کە بێ رەتووشکردن دەبنە ئەو وێنە شیعریانە کە نەک ناتوانن و ناوێرن هەستەکان لە وشەدا بکوژن، بەڵکو وشەکان شانازیی بە تەڕلانیی خۆیانەوە دەکەن کە ئەوە ئەوانن، هەر ئەوانن کە گونجاون بۆ دەربڕینی شیعری(ون) ی ئیلهام. 
تەنییایی ئیلهامبەخشە کە دەشێ سەرچاوەکەی چاوەڕوانییەکی هیوادار بێت، هەموومان چاوەڕوانی(ون) بوویەکین کە لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا، چاوەڕوانمانە، ئەوەندەش دوورە کە هەمیشە لە ناو گۆشە و کەنارەکانی ڕۆحماندا لەگەڵی دەدوێین، ئەوانەی دەست بۆ دڵیان دەبەن، گوڵ دەسکەنە دەکەن، جا یا لە وشەگەلێکدا گوڵەکان دەژاکێنن، یا لە باخچەی وشەگەلێکدا گوڵزارێک بەرهەم دێنن، ئەوانەی وەک ئیلهامن هەمیشە بە تاوانی گوڵچنین سزا دەدرێن و کەسێک پەیدا نابێت کە بەخەیالێدا بێت: بۆنی گوڵ لەدەستی ئەوانەوە هۆکەی گوڵ چاندنە نەک گوڵ چنین١ .

دووەم: شیعری "کۆڵەگەی گێلی"

جارێک لە چەند وشەدا وتوومە: لە کێشمەکێشی دڵ و عەقڵمدا، من هەواداریی دڵی خۆم دەکەم. 
هەمیشە کە دڵ بە شیعرەکانی ئیلهام دەدەم، ئەم هەوادارییە یەخەی عەقڵم دەگرێت و ڕێگەی پێنادا سەر بکێشێتە ناو وردبوونەوەکانم لەو شیعرانەی، خۆشم ئەمەم خۆش لیدێ و بەبێ عەقڵ و بە سەرکردەیەتی دڵ، دەچمە ناو گوڵزاری شیعرەکانەوە، ئاخر من بۆ گوڵ ژماردن بەرەو ئەو دەڤەرە سەری خۆم هەڵناگرم، بۆ مەستبوونێکی ئەزەلی دڵ، ڕوو لەو خەراباتە وێران و ئاوەدانە دەکەم، دەمەوێ، یانی دڵە کە دەیەوێ بە بێ عەقڵ وێلی ناو بۆنەکانی ڕۆح بم هەروەک ئیلهام دەڵێت: " پاڵم داوەتە گێلی و زانیارییەکان دەئاڵۆزکێنم" دەبێت زانیارییەکان بیاڵۆزکێنم تا خۆشیان سەر لە خۆیان دەرنەکەن و بە ئاڵۆزکانیی خۆیانەوە مژوڵ بن، تا دڵ ئازاد بێت، بەئازادی سەما بکات، مەست و حەیران لە بوون رامێنێ و هەستی پێ بکات. ئەوسا یەخەی:"زەمەن جەختی لە بەختم نەدا" دەگرم و لێی دەپرسم، چ بوو بۆ ئەم کارەی لەگەڵ من کرد؟! ئەگەر " شەمەندەفەری تەمەن دەفڕێ ولەجێی خۆم وەستاوم"، چۆن ئەوەندە دڵبەرد بوو کە منی بۆ وەستان و نەبزوان هەڵبژارد، من کە ڕندێکی کوردم، " تێ ناگەم لە خۆم"، هەمیشە هەوڵمداوە، " لە وێستگەکانی خەیاڵ جوان بژیم"، جوان ژیام، ئەی ئەمە بوو پاداشتی جوان ژیانەکەم، بۆچی لە بەختی نابەختی مندا ( زانیار)٢ ەکان ئاوەژوو کاریان کرد و کورتیان هێنا؟!
پرسیارگەلی بوون و نەبوونەکان بە ڕووی زەمەندا هەڵدەشاخێنم، لە شارستانەتی قەبووڵ ناکەم کە بە بەرگێکی ئاڵوواڵاوە خۆیم نیشان بدات و ئاوی چاوم بەرێت، من بە چاوی دڵ، ڕەقیی و دڵبەردییەکانی بەرانبەر بەمن دەبینم و دەیدەمەوە بە ڕوویدا، تا کەی؟! من " ئیتر فریای گێرانەوەی برینی ڕژاوی تەمەن ناکەوم". هەر دەڕۆم و برینم لێ دەڕژێ، برینەکانم بەشی ئەوە دەکەن چەندین جار  بەدەوری گۆی زەویدا درێژببنەوە و برینێکی کۆنم ساڕێژ نەبووە، لە چوارلاوە برینی نوێ لەسەر جەستەم دڕوێنن، من بوومەتە سازترین خاک بۆ شین بوونی زامەکانتان. زانیارە پووچ و ڕووکەش و درۆینەکانی ئێوە " دەمئاڵۆزکێنن و لێم دەسەنن بیرکردنەوە".
ئەمە پەیامی دڵی ژنێکی کوردە لە سنەوە، بە چاوی دڵ لەو زامانە دەڕوانێ کە دەڕژێنە سەر ڕۆژگارەکانی لەبەر ڕۆیشتووی تەمەن، نە فریای گێڕانەوەی چیرۆک و سەربووردەی زامەکان دەکەوێ، نە فریای ناشتنی زامەکان، زۆرینەی ئەو زامانە گوڕغەریبێکن کە تەنانەت بازرگانی بە گۆڕە نەناسراوەکانیشیانەوە دەکرێت، کە دڵ بە شیعرەکانی ئیلهام دەدەیت، چەندین پەنجەرەی کراوە دەبینی تەمێکی ناسکی غەمگینیان پۆشیووە، بەڵام هێشتا لە پشتیانەوە چاوێکی وردبینی ژنێک، دڵێکی زیندووی ژنێک، بۆ ژیانێکی ئازاد دەبزوێ. 
زمانی شیعریی ئیلهام: 
سیاچەمانەی ئەو زمانەی ئیلهام وێنە شیعرییەکانی پێ دەنووسێت، لە ئاویەرەوە بۆ ناو شار دابەزییوە و دڵنیام بەگوێی هەموو سنەییەکان گەیشتووە، چوونکە سادە بەڵام قووڵ وەک دەنگدانەوەی هۆرەیەک لە ناو چیا سەرکەشەکانی هەورامندا، لەو سەری مێژووی ئاوەژووکراو و دزراوی نەتەوەکەیەوە، لەسەر ڕێگایەکی درێژ درێژ لەیەکەم پلەی چیای هەزار بە هەزاری خۆشویستندا بۆ لوتکەی ئەڤین دەڕوانێ. هەرچەندە زمانی شیعر زمانی دڵێکی مەست و حەیرانە بە پرسیارە زۆرەکانی بوونەوە، دوور لەو زانیارانەی عەقڵ بەرهەمیان دێنێ و دەیان ژمێرێ، لە هەندێک جێگای ناو تابلۆ شیعرییەکانیدا، دڵم هەست بە گرێگەلێک دەکات کە لەسەر زمانی ناو دەم وەستانێک دروست دەکەن و دەبنە ڕێگر لە بەردەم ئەو ئاوە زوڵاڵ و بێدەنگەی لەبەر کانی هەلقوڵاوی دڵیدا دەڕوات:
 "ئیتر ئاسمانی تەمەن ڕوو لە کزی"...؟! کۆڵەگەی گێلی
" ئەگەر (لە) قووڵایی تەنیایدا ون نەبووم" شیعری ون

من نازانم، ئەم گرێیانە لەکوێڕا هاتوون، چوونکە کە بەراووردیان دەکەم، لەگەڵ هەندێ وێنەی شیعری ناو شیعرەکان خۆیان، دڵم ئارام نابێت و پێم دەڵیت، یا لە بیرچوونێک ڕوویداوە لە پەڕاندنی وشەکاندا، یا پەلەکردنێک بووە، دانانەوەی شیعر لەبەر ئاوێنەی دڵدا بۆ جارێک و دووان و سییان... شێوەگەلی ڕەوانتری شیعرەکەمان پیشان دەدات.
بڕواننە ئەم بازنە بچووکانەی ئاوی کانییە هەژاوەکەی دڵی، کە جیهانێک لە خۆ دەگرن و هەڵدەکشین بەرەو باڵایەکی زۆر بەرز:
" هەڵواسراون بە پێڵاوەکانمدا درێژترین شەقامەکانی جیهان"
" زەردەخەنەیەکت پاڵی نا بە خەیاڵە پەمەیییەکانمەوە" .......شیعری ون
بەشی یەکەم بوو لە سەربووردەی سپاردنی دڵم بە جیهانی شیعریی (ئیلهام مورادی) لە سنەوە، شەش شیعری ماوە کە لە بەشی دووەمدا پێشکەشتانی دەکەم و زیاتر لە سەر زمان و زمانە شیعرییەکەی دەدوێم، ئیلهام دەنگێکی بە هاواری ژنێکی کوردە لە سنەوە کە یەکێکیشە لەو دەنگە کەمانەی ژنانی کورد، کە قسەی دڵ دەکات، سەرەڕۆیە و یاخی و خۆیەتی، بۆیە هەستەکانی لە دڵ دەنیشێن و ئەگەر ئەهلی دڵ بیت، ڕووت لە خەراباتی مەستییە بەهاوارەکەی دەکەی...گەشاوە بیت هاوڕێی هێژا. 
.................  

سەرنجەکان:

١-ئیلهامی قسەیەکی ئارنستۆ چی گیڤارا.
٢-زانیار، بە مانای ( مەعریفە) بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە