ئەودەمەی هەولێر بەرگی سەرشۆڕی فڕێدەدا، هەر ئەودەمەشە دێتە گۆ

Monday, 08/01/2024, 23:11

1765 بینراوە


هەولێر، ئەو دەمەی تف لەڕابردووی سی و سێ ساڵەی شەرمەزاری بندەستی خایەن و جاش و گەوادو قەحپە مۆڵکراوەکانی دەکات.

بەدەست و بە بەرنامەی خایەنان و بەویستی دوژمنە داگیرکەرەکان، لەبۆ سەرپێ شۆڕکردنی خەڵکەکەی برسی برسی دەکرێن شکۆیان تيکدەشکێنرێت  کەرامەت و گەورەییان دەخرێتە ژێر پێ
سووکایەتی بەژنی ڕووسوورو، پیاوی عەگیدیان دەکرێت
ئەودەمەی بەفیتی دوژمنی داگیرکەر، ڕابردووی پڕشکۆی مێژووی بەرەنگاربوونەوەی تيکشکاندنی تەتەریان سووک دەکرێ  ئەودەمەی بەسێ سەعات ئازادکردنەکەی هەولێری دەمی ڕاپەڕین لەبیر دەکرێ ئەودەمەی، هەرچی خایەن و جاش و ئەنفالچی و میت لێرە لەسەر شکۆی شاریەکان دەبنە سەردار ئەودەمەی، شاری مزگەفت و دەرۆزە و مەرقەدی عوزێر پێغەمبەرو سوڵتان موزەفەر پێنج عەلی و بابەگوڕگوڕو شێخ ڕەشیدو شێخ ئۆمەرو شێخ ئەحمەدو شێخ مەعروفی دەکرێتە گوندی لوبنانی لەشفرۆش و لەشکڕو سۆزانی و گەوادی هەموو دونیا.
ئەودەمەی، جێنزرگەی عەبدوڵا پەشێو و جەمیل ڕەنجبەرو کاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژارو حەیدەر کەریم و عەبدولخالق مەعروف و کاکە زیاد لادێی و خەجە باوەو گەنجە سینگ هەڵتڵیشاوەکانی فیلکەی مەلعەب و مەرکەز تەدریبی دەکرێتە گەڕەک و ماڵ و ڤێللای جاشەکان
ئەودەمەی بەئاشکرا و بێشەرم قووتی ماڵ و منداڵی خەڵک دەدزرێت و دەدرێتە قەردی کۆمپانیاکانی ڕابواردنی منداڵە لووسکەکانیان.
ئەودەمەی سووکایەتی بەکەرامەتی یەک بەیەکی شاریەکان دەکرێت.
هەر ئەودەمەشە لێرە لەسێتاقان و سەیداوەو کوران و بەستەپیازەو تەیراوەو تەعجیل و سەعدوناوەو خانەقاو حەی عەسکەری و سەدام و ئازادی ئیسکان و شۆڕش  لێرە، ئیدریس مەسعودی نانەوا، وەک فڕنی چیەک دێ و دەبیتە ئایکۆن و تریندو باس و خواستي شاریەکان و دێتە سەرخوانی هەر هەموو هەولێریەکان.
- ئەگەر چاکسازی دەکەیت بڕۆ لە ماڵی خۆت، کوڕت، ئامۆزات، باوک و برای خۆت دەستپێبکە.
- ئەگەر چاکسازی دەکەیت بڕۆ لەناو سەرۆک عەشیرەت و جاشەکان بیکە.
- بۆ واتان لەو میللەتە کرد. ئێمەش هاوڵاتی ئەم نیشتیمانە نین؟
- بەسە. کەنگێ هەولێرێ وا بووە؟ کەنگێ هەولێرێ وابووە؟ هەولێر هۆلاکۆ بەزێن بوو.
- هەولێر  ئێستا بووەتە شوێنی جاش و خۆفرۆش و قە/حبە و کۆیلە.
- دەبێت یان بمرین یان بژین. ژیان ئاوا ناکرێت.
- ئەوانە خۆشەویستییان نەهێشت.
- ئەوانە سیلەی ڕەحمیان نەهێشت.
- ئەوانە غیرەتیان نەهێشت.
- پێمان دەڵێن: دەمانەوێ بریستان کەین. دەمانەوێ کوردبوون و نیشتیمانپەروەریتان لەبیر بەینەوە.
- پێمان دەڵێن: بەس پارەمان دەوێ. دیارە بەتەمایە گوندێک درووست بکات و ئەو خەڵکەی تێبکا!
- ئێمە تەنها پابەندی بڕیاری خوا دەبین نەک کەسانێک کە بە دڵسۆزی بڕیار بۆ میللەتەکەی خۆیان نادەن.
- وەرە بمک/وژە، دەچمە بەهەشت. بتک/وژم دەچیە دۆزەخ!
- بۆچی خۆمان لە گێلی بدەین و ئەوان هەرچی بڵێن، ئێمەش بڵێین باشە.
- ئێمە دەبێ هەستینەوە.
ئەمە وتەكانی ئەمڕۆی ئیدریس مەسعود بوو خاوەنی نانەواخانەی نیل لە هەولێر،ئەو پەیامێكی پڕ لە وشیاری گەیاند كە قسەی دڵی زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردستانە، بۆیە چاوەڕوانكراو بوو لەبەرانبەر ئەو پەیامە قوڵە پڕ لە هۆشیارییە دەستگیر بكرێت و ئازاربدرێت، چونكە ئەوەی ئەم لاوە وتی لە جۆری هەمان ئەو گوتار و پەیامانەیە هەموو دەسەڵاتە دیكتاتۆرو گەندەڵەكان لێی دەترسن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە