ژیانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی فیشەک

Monday, 22/01/2024, 21:11

1657 بینراوە


مرۆڤ وەک خەڵک، گەل و نەتەوە، سەدان ساڵە لە پێکدادان و یەکتر قڕکردن و وێرانکردنی یەکتردا گیرۆدە کراون، ناوی زۆریان بۆ ئەم جەنگ و خوێن ڕشتنە داهێناوە، لە بنەڕەتدا:
ـ جەنگ تاوانە، واتە دژ بە ژیانە.
ـ چەک خراپە، واتە دژ بە ژیانە.
ـ مادەی هۆشبەر تاوانە، واتە دژ بە ژیانە.
ـ ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان خراپن، واتە دژ بە ژیانن.
ـ سیستەمە سیاسییە تۆلیتارییەکان، خراپن واتە دژ بە ژیانن.
ـ گرووپە تاوانکارە ئاینییەکان خراپن، واتە دژ بە ژیانن.
تەنانەت سیستەمی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ بە جۆرێک گەشەی کردووە، کە:
ـ بۆ ئەوەی کەسێک باشتر بژی، دەبێت کەسێکی تر ستەمی لێ بکرێت.
ـ بۆ ئەوەی گەلێک باشتر بژی، دەبێت گەلێکی تر ستەمی لێ بکرێت.
ـ بۆ ئەوەی نەتەوەیەک باشتر بژی، دەبێت نەتەوەیەکی تر ستەمی لێ بکرێت.
ئەم هەموو ستەمانە بە بەرچاوی مرۆڤ، گەل و نەتەوەکانەوە ئەنجام دەدرێن و بە ناوی ئەوانەوە ئەنجام دەرێن. واتە بەجۆرێک وێنەکراون کە مرۆڤ، گەل و نەتەوەکان سەلماندوویانە و قبوڵیان کردووە، بۆیە هاوبەشی ئەو خوێنڕشتنەی فەرمانڕانەکانیانن.
من دەتوانم بڵێم، سیاسەتبازەکان، کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی، کۆمپانیاکانی چەک دروستکردن، پیاوە ئاینییەکان، زاناکان، لابراتۆری تاقیکردنەوە و گەشەپێدانی چەک و ژەهرە مرۆڤ کوژەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی بیری ڕەگەزسازیی، پارتە سیاسییە تاوانبارەکان، قوتابخانە ئاینییە یەک ئاڕاستەکان، گرووپەکانی گواستنەوە و ساخکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان، زیندانەکان، مزگەوت و کنیست و کڵیساکان لە مانەوە، بەردەوامی، وێنەکردن و قبوڵاندنی خوێنڕشتنی (مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ) هاوبەشن و سەرپەرشتی ئەم تاوانە مرۆییە چەپەڵە دەکەن، بۆ ئەوەی ئابووری بەردەوام بێت و دەسکەوتەکان زیاتر بن و کۆنترۆڵی مرۆڤەکان لە دەستیان دەرنەچێت.
له هەر کارخانەیەکی چەکسازیدا، کە فیشەکێک بەرهەم دەهێنرێ، واتە گیانی مرۆڤێک لە مەترسیدایە، کە بەرهەم هێنانی فیشەکەکە گەشەی کرد بۆ بەرهەمهێنانی تۆپێک و ئەنجا ڕۆکێتێک، دوایی بۆمبایەک، دواتر بۆمبایەکی ئەتۆم و هایدرۆجینی، واتە گیانی دەیان هەزار مرۆڤ لە مەترسیدایە. کەواتە لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دەژین و پەیوەندیمان هەیە و بێ یەک ئیدارەناکەین و پلان بۆ پێکەوە ژیان دادەڕێژین، لە کارخانەیەکی چەکسازیدا پلان بۆ کوشتنی یەکێکمان، یا هەردووکمان یا هەموومان، دادەڕێژرێ، کە واتە لە بنەوەی، یا لە ژێرەوەی ئەو ژیانە ڕوکەشەی من و تۆدا، مەرگ دادڕێژرێ و پلانی کوشتن و وێرانکردنی ژیانمان واژۆ دەکرێت، ئەمەش ناوی ئابووری و زانست و بازرگانییە، کە من و تۆش قبوڵمان کردووە و خۆمان یا هاوڕێ و برا و خوشکێکمان لەو بەرهەمهێنانەدا، بە ناوی کارکردنەوە هاوبەشین و دڵمان خۆشە کە کارێکمان هەیە و بەو پارەیەی لەم کارە وەری دەگرین ژیانمان بەڕێدەکەین!!! مەسەلەکە ئەوەندە سادەیە. 
ئەم نموونەیە جێبەجێ بکە بەسەر ئەو سەربازەی دەچێتە جەنگێکەوە کە سیاسییەکانی پێیان وایە شەڕێکی ڕەوا و پێویستە، بەو جۆرە وێنەیان کردووە بۆ ئێمە بەو ناوانەی کە لەسەرەوە باسم کردن.
بە پێی چ یاسایەک، کوشتنی دایکێک و منداڵەکەی ڕەوایە؟!
ئەگەر لە کتێبەکاندا بۆی بگەڕێیت، گومڕا دەبیت.
ئەگەر لە ئاینەکاندا بۆی بگەرێیت، گومڕا دەبیت.
ئەگەر لە ئایدیۆلۆژیاکاندا بۆی بگەرێیت، گومڕا دەبیت.
دەبێت لە ( مرۆڤ بووندا) بۆی بگەرێیت، تا بەرچاوت و بیرکردنەوەت ڕۆشن بێت.
پێشکەوتنی مرۆڤیش، بریتییە لە سیستەمی بیرکردنەوە، سەرەتای بیرکردنەوەش گومانکردنە، واتە گومان لەو شتەی پێت دەڵێن، ئەگەر قسەیەکت بیست و بێ گومان کردن وەک ڕاستی و یەقین وەرتگرت، بزانە کە لە سەر ڕێگایەکی خوار بەرێکەوتووی کە ئەگەری زۆریی تاوانکردنت دەخاتە بەردەم، بەو ناوە زۆرانەی کە لە خوارەوە باسیان دەکەم.
مرۆڤ بوونیش، تەنیا و لە بنەڕەتەوە، بڕوا بوونە بە مرۆڤبوونی ئەوی تریش، کە لە گەڵ ئەم پرۆسەیەدا، واتە مرۆڤ بوون، دوو هەڵبژاردە دەخاتە بەردەمت، کە بریتین لە ماف و ئەرک. لە بنچینەدا تۆ مافی ژیانێکی ئازادت لەگەڵ لەدایک بووندا هێناوە، کە ئەرکی مرۆڤ بوونت لە ئەستۆ دەخات، کە بریتییە لەو هاوکێشەیەی کە چەندە تۆ مرۆڤیت بە ئەندازەی ئەوەش کەسەکەی بەرانبەرت مرۆڤە، ئەمە یاسای یەکەمی مرۆڤ بوونە.
ئەگەر خۆت بە باشتر لەوەی تر زانی، واتە مرۆڤ بوونت، ناتەواوە.
ئەگەر لە بەر پیاوبوونت، ئەوی ژنت بە کەمتر زانی، واتە مرۆڤ بوونت، ناتەواوە.
ئەگەر گەلەکەی خۆت، بە باشتر زانی، واتە مرۆڤ بوونت ناتەواوە.
ئەگەر زمانی خۆت، بە باشتر زانی واتە مرۆڤ بوونت ناتەواوە.
ئەگەر نەتەوەی خۆت، بە باشتر زانی، واتە مرۆڤ بوونت ناتەواوە.
ئەگەر ئاینی خۆت، بە باشتر زانی، واتە مرۆڤ بوونت ناتەواوە.
کاتێک مرۆڤ بوونت تەواو دەبێت، کە ( ئەو باشتر بوونانە لەلای تۆ گەشەی کردبێت بۆ یەکسان بوون)، ئێمە دەبینین، دەبییەین و دەخوێنینەوە، کە زۆرینەی جەنگ و خوێنڕشتنەکان، لە بنەوەڕا بەناوی ئەو باشتر بوونانەوە ئەنجام دەدرێن، کە ساختە و دەسکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤگەلێکن کە هێشتا، مرۆڤبوونیان کامڵ نەبووە. کەواتە ئەرکی یەکەمینی ئێمە کامڵکردنی 
مرۆڤ بوونمانە. هەر لەم پێناوەدا هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە دژە چەک و شەڕ بین، ئارگومێنتی ئەوەی کە مادام ئەمێریکا و ڕوسییا و....هتد بۆمبای ئەتۆمییان هەیە بۆ نموونە: ئێرانیش مافی خۆیەتی کە بۆمبای ئەتۆمی هەبێت، نادروستە، ئەوانەی قۆناغی مرۆڤ بوونیان تێپەڕاندووە، دژ بە بۆمبا ئەتۆمییەکانی ئەمێریکا، ڕووسیا و ...هەتا دوواین، هەر چۆن دژ بەوەن کە ئێران و ڕژێمەکانی دی ببنە خاوەن بۆمبای ئەتۆم، واتە مرۆڤە کامڵەکان دژ بە ئامڕازەکانی جەنگن کە ئیستا هەن و دژ بەوەشن کە لە داهاتوودا، ڕژێمی دیش ببنە خاوەن ئامڕازی خوێنڕشتنی مرۆڤ، هەر کەسێ دەبن با ببن. بەهەر بەهانەیەکەوە تیفتیفەی دەدەن با بیدەن، هیچ لە تاوانی کوشتنی دایک و منداڵەکە پێکەوە، کەم ناکاتەوە.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزێنراوەدا، مرۆڤگەلێک، نەتەوەگەلێک و گرووپگەلێک دێنە ناو باسەکەمانەوە، کە بەر ستەمی کورتخایەن یا درێژخایەن کەوتوون/ دەکەون.
لەم هاوکێشەیەدا و لەم بارەی ئێستای دنیادا کە شەڕ زاڵکراوە، جوانتر کراوە، باشتر کراوە بەسەر خێر و ئاشتیدا، بەو ناو و بەهانەنەی کەلەسەرەوە باسمکردن. گەلانێک، نەتەوەگەلێک و گرووپگەلێکی مرۆیی، خراونەتە ژێر ستەمێکەوە کە بوونیی مرۆییان لە مەترسی سڕینەوەدایە، پاراستنی مرۆڤ بوونیان، ڕێگەیان پێدەدات کە بەرگریی لە بوون و مانەوەی خۆیان بکەن، بە قەڵەم، بە بیرکردنەوە، بە بەرەنگاری و وەستانەوە بەرانبەر بەو ستەمانە، هەر چۆن مرۆڤ بوونی ژنێک، منداڵێک ڕێگەیان پێدەدات کە بەرانبەر بە ستەمی پیاوێک و گەورەیەک، بوەستنەوە و ئەرکی مانەوەی مرۆڤ بوونی خۆیان جێبەجێ بکەن، مەرجەکەیان ئەوەیە کە ئەم مافانەیان، ڕایان نەکێشێت بۆ ئەو باشتربوونە کوێرانەیانەی کە لەسەرەوە باسم کردن. ئەم بەرگرییەی گەلەکە، نەتەوەکە و گرووپە مرۆییەکەی ستەملێکراو، بۆ ڕاماڵین و ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییە باشتربوونانەیە کە گەیشتوونەتە ڕادەی تاوانکردن.
لە پوختەی نووسینەکەمدا ئەوە دەڵێم کە مرۆڤ بوونمان ئەم ئەرکانەمان دەخاتە ئەستۆ:
- من مرۆڤم هەروەک تۆمرۆڤی.
- زمانی تۆ زمانە هەروەک زمانەکەی من زمانە.
- ئاینەکەی تۆ هەر هێندەی ئاینەکەی من دروستە.
- نیشتمانەکەی تۆ هەر هێندەی نیشتمانەکەی من نیشتمانە.
- کلتوورەکەی تۆ هەر هێندەی کلتوورەکەی من کلتوورە.
- مافی ژیانێکی ئازاد بۆ تۆ هەر ئەوەندەی مافی ژیانێکی ئازادە بۆ من.
- من و تۆ، لە مرۆڤ بووندا یەکسانین، ئەگەر یەکێکمان ئەو باشتربوونانەی لەسەرەوە باسم کردن، بیرکردنەوەی وێران نەکردبێ. 
- بنەمای مرۆڤ بوون، بەر لەوەی بوونێکی مەتریالی بێت، بنەمایەکی مۆرالییە، کە ئەو باشتربوونانەی لەسەرەوە باسم کردن، یەکسان دەکاتەوە، تا تۆ و من بتوانین وەک دوو مرۆڤ پێکەوە ژیان باشتر، جوانتر و گونجاوتر بکەین. 
مانەوەی ژیانی مرۆڤ و سیستەمە گەردوونییەکە، بە هەموو بوونەوەرەکانییەوە، کە ژینگەکەیەتی، پێویستی خێرای بە سازدانی بزووتنەوەیەکی مرۆیی جیهانییە، دژ بەهەموو جۆرەکانی کوشتن، خوێنڕشتن، جەنگ و چەکسازییە. مرۆڤ دەبێت بڵیت: نا، بۆ نانی خوێناوی، بۆ هەوای ئالوودە، بۆ ئابووری تێکەڵ بە خوێن، بۆ بازرگانی بە خوێنەوە، بۆ ژیانیکردن لەسەر مردنی ئەوی تر، بۆ بیر و ناوەندی بیرسازیی، باشتربوونی ڕەگەزێک و زمانێک و کلتوورێک و ئاینێک و خاکێک. 
ئەگەر پاساوی پێشکەوتنی مادیی مرۆڤ هەڵواسراوە بەو پرۆسانەوە، مرۆڤ دەبێت، ئەو پرۆسانە بووەستێنیت و بیر لە داهێنانێکی دی بکاتەوە بۆ ژیان، چوونکە ئەم پرۆسەیە لە دوو حاڵەت بەدەر نییە:
1- یا لارکراوەتەوە بە قازانجی دەستەیەک و گرۆپێک و سیستەمگەلێک، کە ژێردەستە و ژێر گرووپ و ژیر سیستەمی لە چەشنی خۆی خوڵقاندووە، بۆیە بە هەموویان بەردەوامیی پێدەدەن، ئاینی، سیاسی یا زانستی بێت.
2- یا لە بنەڕەتەوە هەڵەیە و درێژەدان بەو هەڵەیە ژیانی مرۆڤ بەرەو وێران بوون دەبات.
ئاکامەکانی، ئەو ژیانە سەخت و ئەو کڵۆڵی و ستەمانەی لە مرۆڤ دەکرێن بە ناوی سیاسەت، ئاین و زانستەوە، ڕاستی ئەو وشانەی لێرەدا هاتوونە نووسین دەسەلمێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە