ڕاستینەی کۆماری مەهاباد

Monday, 22/01/2024, 21:16

1983 بینراوە


هاوبیر شەرەفزادە

گەر خەون و خەیاڵت لە ڕاستی پێخۆشترە، ئەم وتارە مەخوێنەوە

حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ئاکامی کودتایەکی ناوخۆۆیی چینی دەستڕۆییشتووی مەهاباد لە دژی لاوان و ڕووناکبیرانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بوو. 
دەست نیشان کردنی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ بە ناوی ڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران درۆیەکی مێژوییە. لە ڕاستی دا ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ کۆمەڵەی ژ ک دامەزراوە.
 حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە یەکی خەزەڵوەر واتا ٢٣ی ئۆکتوبەری ١٩٤٥ بە سەرکردایەتی قازی محەمەد و بەشداری دەیان سەرۆک عەشیرە و کەسایەتی ناوچەی موکریان و خێڵەکانی شکاک و دەوری ورمێ  لە سەر جەنازەی کۆمەڵەی ژ کاف دادەمەزرێت.  
لەم زەمانە دا سێ کەس لە بناغەدانەران و ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژ ک لە زیندانی دەوڵەتی ناوەندی ئێران دا حەبس بوون(عەبدولڕەحمانی زەبیحی، قاسم قادری و دڵشاد ڕەسوڵی) 
بۆچی قازی لە وتاری ڕایەیاندنی کۆمار دا بە یەک وشە ناوێکی لە کۆمەڵەی ژ کاف نەهێنا؟  
دەمەزراندنی حیزبی دێموکڕات لە غەیابی سێ ڕێبەری ئەسڵی ک ژ ک و ناو نەهێنانی ک ژ کاف لە وتاری ڕایەگەیاندنی کۆمار جێگای پرسیارە. 
قازی محەمەد دوای شەڕی دووەمی جیهانی لە بۆشایی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی ئێران، بە هاوکاری ئەرتەشی سوری سۆڤیەت کۆماری کوردستانی (مەهاباد) دامەزراند(١٩٤٦)
 قازی محەمەد سەرەڕای خوێندەواری و زانایی بە سەر دونیا دا، گەورەترین مڵکدار، مەلا و قازی موکریان بوو.
کۆماری ئازەربایجانی ئێران (تەورێز) دۆست و دەستە خوشکی کۆماری مەهاباد بوو. ئەم کۆمارە تەنیا ٤٠ ڕۆژ پێش کۆماری مەهاباد دامەزرابوو. لە ماوەی یەک ساڵ تەمەنی دا سیستمی فیئۆداڵی هەڵوەشاندەوە، زەوی و زاری بە سەر جووتیاران دابەش کرد.
بەڵام کۆماری کوردستان (مەهاباد) سیستمی فیئۆداڵی وەک خۆی هێشتەوە. تەنانەت بەشی زۆری وەزیر، فەرماندە و کاربەدەستی کۆمار فیۆداڵ بوون. بۆ نمونە هەر چوار کەسایەتی کە قازی دەرەجەی ژینڕاڵی پێبەخشین فیۆداڵ یان سەرۆک عشیرە بوون. (حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی- عومەر خانی شکاک- حەمە ڕەشید خانی بانە- مەلا مستەفای بارزانی)
مانگێک دوای دامەزرانی کۆماری مەهاباد بە دەستوری قازی محەمەد ڕووناکبیری دژە دەرەبەگی کورد غەفور مەحمودیان بە دەستی هاشم سەعید، سەعید مامە قالە بێستانچی و حەمەدی مەولودە چرچ تیرۆر کرا. 
دۆکۆمێنتی پەیوەست:  ڕۆژنامەی کوردستان- ١٩٤٦
 سەرچاە : کورد بوون- حەمەدی مەولودە چرچ- مێژووی مەهاباد. م. سەمەدی-  ژیان و بەسەرهاتی زەبیحی

هاوبیر شەرەفزادە

https://www.facebook.com/HAWBIRS

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە