نهێنییەکانی خۆکوژی لە ڕوانگەی دروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Monday, 04/03/2024, 12:21

1684 بینراوە


هەموومان دەزانین هیچ شتێک لە کوشتنی مرۆڤێک خراپتر نییە، لەوەش ترسناکتر و قێزەوەنتر ئەوەیە کەسێک خۆی بکوژێت، بەڵام لەگەڵ ناپەسەندی ئەو کارە، ساڵانە ملیۆنێک کەس بە خۆکوژی کۆتایی بەژیانیان دەهێنن، واتە هەر چل چرکە یەکێک خۆی دەکوژێت!   
بەرانبەر بەمە بیردۆزی پەرەسەندن فێرمان دەکات کە مانەوە لەژیاندا بزوێنەری هەرە سەرەکیی پرۆسەی پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتییە، لەبەرئەوەی مانەوە پێویستییەکی گرینگ و ڕیشەیییە بۆ زۆربوون و نەوەنانەوە. باشە ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەی چۆن ئەم هەموو خۆکوژییە ڕاڤە دەکرێت؟
ئەو دەمەی لەڕوانگەیەکەی سروشتییەوە سەرنج بدەینە بوونەوەران، ئەوا بێگومان دەتوانین لە پیربوونی زیندەوەران و کۆتایی هاتنیان بە مردن تێ بگەین، چونکە دیاردەیەکی سروشتییە و خۆلادان و ڕاکردن لێی کارێکی ئەستەمە، بەڵام خۆکوژی بۆ ئێمە و خودی دەروونناسی پەرەسەندنەکیش بووەتە مەتەڵێکی سەخت و ئاڵۆز. بۆیە لێرەدا دەشێ زۆربەمان بە پەرۆش و سەرسوڕمانەوە بپرسین، بۆچی هەڵبژاردنی سروشتی تا ئێستە نەی توانیووە ڕێگری بکات لە زۆرێک لەو نەخۆشییە لەشی و دەروونییانەی کە دەبنە هاندەری خۆکوژی؟
لەڕاستیدا کاتێک بمانەوێت بەپێی خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکانەوە شیکاری دیاردەی خۆکوژی بکەین، نابێت بەو شێوازە پرسیارەکانمان دابڕێژین، بەڵکوو پێویستە پێشتر بزانین سوودە پەرەسەندنەکییەکانی خۆکوژی چین؟

هۆکارەکانی خۆکوژی و بنەمای هاملتۆن

سەرەتا با لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدەین و بگەڕێین بەدوای ئەو هۆکارانەی وا لە کەسێک دەکەن پەنا بباتە بەر خۆکوژی.
هەندێ هۆکاری خۆکوژی (بە کاریگەرییەکی کەمەوە) وەک؛
- بارە جینەکییەکان (Genetic loading): نزمبوونەوەی ڕێژەی چالاکییە بۆماوەیییەکانی هەندێ کەسە بەرانبەر بە کۆمەڵە کەسێک کە لەڕووی جینەکییەوە نموونەیین، یاخۆ هەلێکی ڕێژەییە بۆ مردنی تاکێک لە کۆمەڵگەیەکدا پێش گەیشتن بە تەمەنی زاوزێکردن، لەبەرئەوەی خاوەنی ژمارەیەک لە جینە زیانبەخشەکانە.
- جۆری کەسایەتی (هەڵمەتبەر و تووندوتیژ، دوژمنکارانە و شەڕانگێز). 
- خراپی و شێوانی گەشەی ئاوەلەمە و هەلومەرجی لەدایکبوون.
- ڕووداوە بەئازارەکانی سەرەتای ژیان و قۆناخی منداڵیی.
- تێکچوون و شڵەژانە دەمارەکییە بایۆلۆژییەکان.
هۆکاری دیکەی خۆکوژی (هاندەرە بەهێزەکان) وەک؛ 
- شێوان و گیروگرفتە دەروونییەکان.
- نەخۆشییە لەشییەکان.
- زۆری و بەردەستبوونی کەرستە و ئامرازەکانی خۆکۆژی.
- لەم سەردەمەشدا بینین و ئاشنابوون بە ئەزموون و نموونەکانی خۆکوژی (لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن).
لێرەدا لەسەر بنچینەی بیردۆزی پەرەسەندن ئاماژە دەدەین بە گرینگترین ئەو تێڕوانینانەی پێیان وایە خۆکوژی جۆرە شێوازێکی تایبەتییە بۆ گونجانێکی پەرەسەندوو (Adaptation). بەڵام پێش ئەوە پێویستە بەچاکی لە (بنەمای هاملتۆن) تێ بگەین.
بە گەڕانمان بەدوای وەڵامی پرسیارەکەمان لەبارەی سوودەکانی خۆکوژی بۆ پەرەسەندن، دووچاری تەنگژەیەکی ئاڵۆز دەبینەوە، هیچمان لەدەستدا نامێنێت جگە لەوەی بڵێین خۆکوژی جۆرێکە لە گونجان. بەو واتایەی کەسی خۆکوژ کاتێک کۆتایی بەژیانی دەهێنێت، دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆکاری سوود گەیاندن بە کەسێکی دیکە، یاخۆ کۆمەڵە کەسێک. ئەمە تاکە ڕێیە بۆ ئەوەی بکارین پێناسەی گونجانێکی پەرەسەندوو بدەینە خۆکۆژی، بەم دەربڕینەش ڕووبەڕووی بنەمای هاملتۆن دەبینەوە.
هاملتۆن (William Donald Hamilton) زانایەکی زیندەوەرزانی پەرەسەندنەکییە، توانی ڕاڤەیەک پێشکێش بکات لەبارەی ڕەفتاری خۆبەخشانە و سوودگەیاندن بەوانەی دیکە. ڕەفتاری خۆبەخشانە لە بواری پەرەسەندندا، مەبەست لێی هەوڵدانێکە لەپێناو سوود و قازانجی ئەوانەی دیکەی جۆرەکەیان، بەبێ ڕەچاوکردنی سوودەکانی ڕەفتارەکە بۆ خودی کەسەکە.
هاملتۆن بیردۆزی لێهاتوویی لەخۆگیراوی (Inclusive fitness) هێنایە کایەوە، ئەمەشیان بیرۆکەیەکە بۆ بەرنامەڕێژییەکی بۆماوەیی پێشینە کە ڕەفتاری بوونەوەرە زیندووەکان بەڕێوە دەبات. پێکهاتە بۆماوەیییە چالاکەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان، چونکە هەلی سەرکەوتن و لەبەرگرتنەوە و گوێزانەوەی بۆ نەوەکان پتر دەکات. توانی گونجان لە بیردۆزی پەرەسەندن گوێزانەوەی جینەکانە (تایبەتمەندییە لەشی و دەروونییەکان) بۆ بەرەی داهاتوو، واتە ئەو بوونەوەرەی توانی خۆگونجاندنی تێدا هەیە کە دەبێتە هۆی گوێزانەوەی جینەکانی بۆ نەوەکەی، ناو دەنرێت بە لێهاتوو (fit)، یان ئەوەی خاوەنی لێهاتەیەکی بایۆلۆژییە.
هاوکات هاملتۆن ئاستێکی تایبەتی لە لێهاتوویی لەخۆگیراوی خستە بەردەست ناسراو بە هەڵبژاردنی خزمەکان (Kin selection). چەمکە سەرەکییەکەی ئەم بیردۆزە ئەوەیە کە هەڵبژاردنی سروشتی، جینی بەرپرس لە ڕەفتاری خۆبەخشانە پەسند دەکات، ئەو دەمەی سوودی خزمە جینییەکان پتر دەبێت لە بەهای کەسە خۆبەخشەکە.
بە زمانی ماتماتیک، ڕەفتاری خۆبەخشانە دێتە ئاراوە بەهۆی؛
بەگوێرەی ئەم هاوکێشەیە: r × b > c 
بەوەی "r" یەکسانە بە پلەی خزمایەتی جینەکی (relatedness degree).
هێمای "b" دەکاتە سوودی زاوزێیی بۆ خزمێکی جینەکیی (benefit).
پیتی "c" واتە نرخی زاوزێیی لەسەر کەسی خۆبەخش (cost).
ئێستەش کاتی ئەوە هاتووە بپرسین: بە خۆکوژیمان چی جۆرە سوودێک بە خزمە بایۆلۆژییەکانمان دەگات؟ بێگومان ئەمەش بە چاوپۆشیمان لە کارەسات و خەم و لەکەداربوونی شکۆیان لەناو کۆمەڵگەدا.
بەپێی تۆژینەوەیەکی نوێی (2013) بڵاوکراوە لە گۆڤارێکی جیهانیی تایبەت بە ژینەگە و لەشساخی بە ناونیشانی "نهێنی پەرەسەندنەکیی خۆکوژی" بەم سێ شیکردنەوەیە ڕاڤەی خۆکوژی دەکات؛

گریمانەی خۆکوژی خۆبەخشانە

پڕۆفیسۆری زانستی دەروونی و دەمارەکی و ڕەفتارەکان دێنیس دی کاتانزارۆ (Denys de Catanzaro)، گریمانەی خۆکوژی خۆبەخشانە و سوودگەیاندن بەوانەی دیکە (The Altruistic Suicide Hypothesis)، لەڕێی بیردۆزی لێهاتوویی، یاخۆ توانی گونجاندنی لەخۆگیراو وەک ڕاڤەیەک بۆ نهێنی خۆکوژی لەسەر بنچینەی پەرەسەندن بەکار دەهێنێت.
کڕۆکی بیرۆکەی دی کاتانزارۆ لەوەدایە، زۆرترین ئەگەری ڕوودانی خۆکوژی ئەو کاتەیە کە کەسەکە توانی بەشداریکردنی لە چالاکی بوارەکانی ژیاندا یەکجار کەم دەبێتەوە. نیشانەکانی نزمبوونەوەی ئاستی توانەکان برێتین لە چەند شتەگەلەکی پێشبینیکراوی وەک: خراپبوونی باری لەشساخی لە دواڕۆژدا، بێهێزی و پەککەوتنی درێژخایەن، شکست و شەرمەزاریییەکان، چاوەڕواننەکردنی جووتبوون و هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو، هەروەها زانینی ئەوەی کەسەکە بووەتە بارگرانی بەسەر کەسوکارە جینەکییەکانی. بە بوونی ئەو هەلومەرجانە، دەشێ نەبوون و نەگوێزانەوەی تایبەتمەندییە بۆماوەییەکان بۆ نەوەی داهاتوو، سوودی زیاتر بێت بۆ کۆمەڵەی جۆرەکەی. واتە ئەو دەمەی یەکێک دەبێتە کێشە و گرفت بۆ کەسوکاری، ئەوا کەسەکە کاریگەرییەکی نەرێیی لەسەر مانەوە و زۆربوونی ئەوانیش دەبێت، بەمەش لە ئاکامی مانەوەی لەژیاندا، دەبێتە هۆی زیان گەیاند بە خۆی و دەوروبەرەکەی.
دی کاتانزارۆ بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و تاقیکردنەوەی بیردۆزەکەی، چەند پرسارێک دەوروژێنێت لەبارەی هەنگاونان بەرەو بیرکردنەوە لە خۆکوژی: ئایا کەسەکە پێشتر بیری خۆکوژی هەبووە، یان لەم دواییانەدا بیری لێ کردۆتەوە، ویستوویەتی لە ماوەی ساڵێکدا خۆی بکوژێت، یاخۆ هەردەم نیازەی هەبووە بۆ خۆکوژی، یان پێشووتر چەند ڕەفتارێکی خۆکۆژییانەی لەلادا بینراوە؟
لێرەدا پێوەرەکە دەوەستێتە سەر کۆی وەڵامەکانی بەش بەبەشی ئەم پرسیارانەی سەرەوە. گومانی تێدا نییە هەبوونی بیرۆکەی خۆکوژی واتای خۆکوشتنیکی ڕاستەقینە نادات، گەلەک کەس هەن بیرۆکەی خۆکۆژیان لەلادا هەبووە، بەبێ ئەوەی کرداری خۆکوشتنیان ئەنجام دابێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئاشکرایە خۆکوژی زۆربەی جار بە بیرکردنەوە و بڕیارێکی لەپێشینەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، بۆیە هەبوونی بیرۆکەکە لەلای زۆرینەیاندا پێش خۆکوژییەکی ڕاستەقینە دەکەوێت. کەواتە هەبوونی بیرۆکەی خۆکوژی هێما و نیشانەیەکی بەهێزە بۆ ئەگەری خۆکوشتن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپرسییەکەدا دی کاتانزارۆ کۆمەڵێک پرسیاری لە بەشداربووان کرد سەبارەت بە بۆچوونیان لەبارەی: بارگرانیان بۆ ئەندامانی خێزانەکەیان، بیروڕایان بۆ هاوبەشی کردنیان لە چالاکییەکانی ماڵ و کۆمەڵگەکەیان، چەندجارەبوونەوەی کردارە سێکسییەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی ڕەگەزەکەی دی و هاوڕەگەزخوازان، ژمارەی هاوڕێکانیان، هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کەسانی دیکە بەرانبەریان، باری ئابووری و خۆشگوزەرانیان، ڕەوشی تەندروستییان.
بەشداریکەران لە چەندان کۆمەڵە پێک هاتبوون وەک، کەسانی ئاسایی و ڕەمەکی، پیرەکان، نەخۆشەکانی باری دەروونی و هۆشەکی، تاوانکارە تووند و ترسناکەکان، هاوڕەگەزخوازەکان.
لە زۆربەی کۆمەڵەکاندا بیرۆکەی خۆکوژی بەم ڕیزبەندییە پێوەندی هەبوو بە: بارگرانی بەسەر خێزان، نزمی چەندجارەبوونەوەی سێکسکردن، ژمارەی منداڵ. لەژنانیشدا هەمان ڕیزبەندی هەبوو بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر.
لەلای پیاوانی پیر و بەتەمەنەکان بە ڕیزبەندی: باری لەشساخی، کێشەی دارایی، بارگرانی بەسەر خێزان، هاوڕەگەزخوازی، ژمارەی هاوڕیکان. لە ژناندا: تەنیایی، بارگرانی بەسەر خێزان، کێشەی دارایی، لەشساخی.
چەند تۆژینەوەیەکی دیکە ئەنجام دران لەسەر 175 خوێندکاری زانکۆی ئەمریکایی لەپێناو وەرگرتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە زانیاری، بۆ تاقیکردنەوەی بیردۆزی دی کاتانزارۆ لەبارەی بوونی بیرۆکە و هەوڵی خۆکوژی. دەرنجام نزمی ئاستی توانی زاوزێکردن و هەستکردن بەوەی کەسانی سەرنجڕاکێش نین بۆ ڕەگەزەکەی دیکە و پلەیەکی بەرز لە هەستی بارگرانی لەسەر خێزان، لە گشت هۆکارەکانی دی کاریگەرییان پتر بوو بۆ هەبوونی بیرۆکە و چوون بەرەو کرداری خۆکوژی، لەتەک بڕێکی زۆر لە خەمۆکی و هیوابڕاوبوون.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم بیردۆزە یاریدەرێکی گەلەک چاکە بۆ ڕاڤەی جیاوازی نێوان ڕەگەزەکانیش، لە ڕێژەی خۆکوشتنە ئەنجامدراو و ڕاستەقینەکان. تۆژینەوەکان دەبێژن کە ژمارەی خۆکوژی لە پیاوان لە هەموو تەمەنەکاندا بەرزترە لەوەی ژنان، ئەو جیاوازییەش دەگاتە لوتکە لە قۆناخی کێبڕکێی گەیشتن و جووتبوون لەگەڵ ڕەگەزەکەی دی (بەنێزیکەیی لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 35)، تەمەنی پیریی (70 و بەرەو سەرەوە). بۆ نموونە لە بیستەکانی تەمەن ڕێژەی پیاوانی خۆکوژ شەش هێندەی ژنانە، لە پاش حەفتا ساڵیش لەبەر نەخۆشییە مەترسیدارەکانی هاوشێوەی نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکان و جگەر و هی دیکە کە زیاتر تووشی پیاوان دەبن و پتر دەبنە بارگرانی بەسەر ئەندامانی خێزان، ئەوا ڕێژەی پیاوان حەفت جارانی ژنان بوو.
ڕەفتاری لەناوبردنی خود لەپێناو قازانجی جۆرەکەیان لەلای ژمارەیەک لە زیندەوەراندا بوونی هەیە، لە زیندەوەرە هەرە وردەکان و مشەخۆرەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئەو مێشومەگەزانەی بەکۆمەڵ دەژین. خۆکوژی لە مەگەزە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەی بەرگری و بەرپەرچدانەوەیەک دژ بە دوژمنان پەرەی سەندووە، لەبەرئەوەی کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە بۆ کۆمەڵەکەی و بە سوودی نەوەنانەوە دەشکێتەوە، واتە مەگەزەکە کاتێک خۆی دەخاتە مەترسییەوە، ئەوا دەزانێت مەگەزەکانی دیکەی شانەکەیان بەردەوام دەبن لە زاوزێ و پاشانیش جینەکانیان بڵاو دەکەنەوە.
مەگەزەکان ژیانی خۆیان دەخەنە بەر مەترسی لە چەند بارودۆخێکی جۆراوجۆری وەک:
- لە دۆخی بەرگریکردنە کتوپڕەکان، لە هەبوونی دوژمنێک.
- لە دۆخی بەرگریکردنی خۆکوژی پارێزگاریکردن، ئەو دەمەی مردن دەبێتە دەرەنجامێک بۆ چاککردنەوە و شاردنەوەی خانەکەیان (ماڵی مەگەزەکان) بەشێوەی پارێزگاری پێش هێرشی دوژمن.
- بەجێهێشتن و دوورکەوتنەوەی مەگەزە نەخۆشەکان، ئەوانەی نەخۆشی درمیان هەیە تا نەخۆشییەکە نەتەنێتەوە و نەبێتە هۆی تووشبوونی هی دیکەیان، پاش دوورکەوتنەوە مەگەزەکە دووچاری مەترسی مردن دەبێتەوە.
ئەی لەبارەی مرۆڤەوە چی شیکارێک هەیە؟
هەرچەندە بوونی سوود و قازانج بۆ کۆمەڵەی جۆر لە مرۆڤدا مشتومڕی لەسەرە و زاناکان لەبارەیەوە هاوڕا نین، بەڵام چەند تۆژینەوەیەک هەن پێمان دەڵێن، کەسەکان بەهایەکی نەرێنی بەدەستەوە دەدەن ئەگەر ببنە بارگرانی بەسەر کەسوکاریان ( بە نەخۆشی و شاتانی دیکەوە)، لەبەرئەمەشە هەستکردن بە تەنیایی و بارگرانی بەسەر خێزان بەندە بە بیرکردنەوە لە خۆکوژی. هەندێ کەسیش وای بۆ دەچن کە خۆکوژییان لە شێوەی قوربانیدانێکە بۆ یاریدەدانی کەسوکاریان، وەک چۆن لە کۆنیشدا گەلی ئیسکیمۆ خۆکوژی لەلایاندا ڕەفتارێکی خۆبەخشانە بوو لەپێناو قوربانیدان بۆ یەکێک، یاخۆ کۆمەڵە کەسێک، بەوەی پیر و پێگەیشتووان و تووشبووان بە نەخۆشی خۆیان دەکوشت، یان داوایان دەکرد بکوژرێن لە کاتی برسێتی و قات و قڕیدا.
بەکورتی بەگوێرەی ئەم گریمانەیە، خۆکۆژی ڕەفتارێکی خۆگونجاوی پەرەسەندووە لە هەلومەرجە نائاسایییەکانی هاوشێوەی، پیربوون، نەخۆشییە دەروونییەکان، نەخۆشییە لەشییەکان – بەتایبەتیش نەخۆشییە تووند و درێژخایەنەکان، هاوڕەگەزخوازیی.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، ئەگەر بارگرانی بەسەر کەسوکار ڕاڤەیەکی ڕاست بێت بۆ خۆکوژی بەتەمەنەکان، ئەوا گەلەک سەختە خۆکۆژی گەنجانی لەشساخیش گونجانێک بێت بۆ پترکردنی هەلی مانەوە و نەوەنانەوەی کەسوکارەکانیان. بۆیە لێرەدا دەشێ خۆکوژی گونجانی خاوەن لەشێکی باشی بەبێ گیروگرفت، جۆرە دەرەنجامێکی لاوەکی و ناسەرەکی بێت لە خۆگونجاندنە پەرەسەندووەکان، واتە ڕەفتارێکی بنچینەیی بەبەرهەمهاتوو نییە لە کرداری پەرەسەندنە ڕاستەوخۆکان.

گریمانەی سازشکردن

بەگوێرەی گریمانەی سازشکردن (The Bargaining Hypothesis)، با وای دابنێین تۆ لە ماڵێکدا لەتەک دە ئەندامی دیکە دەژیت، لە ئازار و ناڵەیت لەبەرئەوەی هەردەم فەرامۆش دەکرێی و بایەخێکی ئەوتۆت پێ نادرێ لەلایەن دایک و باوکێک کە بەردەوام کێشەیان لەگەڵت هەیە. لێرەدا لە خراپترین بارودۆخ، شانۆگەری و نمایشی خۆکوژی دەرەنجامێکی مسۆگەری دەبێت بەبێ ئەنجامدانی خۆکوشتنێکی ڕاستەقینە.
ئەم گریمانەیە پێمان دەڵێت، ڕەفتار و هەوڵی خۆکوژی هەندێ جار دەبێتە هاوار و بانگەوازێک بۆ بەهاناهاتن، یان هێمایەکی ڕاستگۆیانەیە بۆ پێویستبوون بە یارمەتی کاتێک کەسانێک پەنای بۆ دەبەن (هەرزەکاران بە نموونە)، ئەوانەی هەمیشە ژیانیان پڕە لە گیروگرفت لەگەڵ کۆمەڵەکەیان (خێزان، کۆمەڵگە و هی دیکە).
کەواتە لەمەیاندا هەوڵدان بۆ خۆکوژی دەبێتە سەرەڕۆیییەکی مەترسیدار، بەوەی لەوانەیە ڕزگارت ببێ و ئەوەی ویستت پێی بگەیت، یاخۆ ژیانت لەدەست دەدەی. لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە پێڕەویکردنی ئەم ڕێکارە ئەو دەمە دەبێتە گونجانێکی پەرەسەندوو، کاتێک ڕێژەی سوودی جینەکانی بەرپرس لە نیشانەناردن و ئاگەدارکردنەوە پتر بن لە نرخەکان. ئەوەی گرینگە لەم گریمانەیەدا پێویستە زۆربەی هەوڵدانەکان بۆ خۆکوژی نەبنە دەرنجامی کوشتن.

گریمانەی یاریپێکردنی مشەخۆرەکان

بۆ ڕوونکردنەوەی گریمانەی یاریپێکردنی مشەخۆرەکان (The Parasite Manipulation Hypothesis)، ئێمە دەزانین کە هەندێ لە بوونەوەرە مشەخۆرەکان دەتوانن یاری بکەن بە ڕەفتاری خانەخوێکەیان (ئەو زیندەوەرەی مشەخۆرەکان تێیدا دەژین)، ئەم یاریپێکردنە دەبێتە میکانیزمێکی پەرەسەندوو و بە قازانجی مشەخۆرەکە دەگەڕێتەوە، وای لێ دێت بەئاسانی جێگۆزی بکات لە خانەخوێیەک بۆ یەکێکی دیکە. مشەخۆر هەیە لە چەندان خانەخوێدا ژیانی بەسەر دەبات، بەشێوەیەک دەچێتە خانەخوێیەکی نێوانەکی (کاتیی) و تێیدا دەژیێت، پاش ئەوە دەگوێزێتەوە لای خانەخۆی دوایەکی بۆ تەواوکردنی قۆناخی ژیانی.
ناسراوترین نموونە لەو یاریپێکردنە گونجاوەی پەرەسەندوو لە مشەخۆری تۆکسۆپلازما گۆندیای (Toxoplasma gondii) دەبیندرێت، ئەمەیان دەکارێ لە شیردەرەکان بژیێت وەک خانەخوێیەکی نێوانەکی بۆی، پاشان دەچێتە خانەخوێی دوایەکی لە جۆری پشیلەیییەکان (پشیلە و شێر و هی دیکە)، لەبەرئەوەی تەنیا ئەوانە لەگەڵ پاشەڕۆیان هێلکەکانی مشەخۆرەکە دەهێننە دەرەوە و بڵاویان دەکەنەوە. هەر دەمێکیش شیردەرێکی دیکەی هاوشێوەی مشک تووشی مشەخۆری تۆکسۆپلازما گۆندیای دەبێتەوە، ئەوا مشەخۆرەکە دەڕواتە کۆئەندامی دەمارەکی و هەڵ دەستێ بە یاریکردن بە ڕەفتارەکانی، بەوەی وا لە مشکەکە دەکات ترسی لە پشیلە نەبێت و پتر لێی نێزیک ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مشەخۆرەکە بچێتە ناو خانەخوێیە دوایەکییەکە بۆ تەواوکردنی سووڕی ژیانی (واتە پشیلەکان مشکەکانی کە هەڵگری مشەخۆرەکەیە دەخۆن و دەرەنجام دەگوێزرێتەوە لای پشیلەکان و گەشە دەکا و پێ دەگات).
مرۆڤیش دووچاری تۆکسۆپلازما گۆندیای دەبێتەوە، بۆیەش هەندێ لە تۆژینەوەکان ئەم درمە مت و شاراوەیە (هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لێیەوە بەدەر ناکەوێت) دەبەستنەوە بە ڕەفتارە خۆکوژییەکانی مرۆڤ. سەرەڕای ئەوەش جۆرە پشیلەکییەکان زیاترین پەلاماردەر بوونە بۆ سەر مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا، ئەگەریشی زۆرە پشیلەکییە هاوچەرخەکان (لەگەڵ ئەوانەی لە ژینگەی پێشینەکانی مرۆڤدا دەژیان) ئاژەڵانێکی دڕندە و مەترسیدار بووبن بۆ مرۆیە سەرەتایییەکان. 
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش گریمانەی یاریپێکردنی مشەخۆرەکان لە مرۆڤدا کێشە و مشتومڕییەکی زۆری لەسەرە، بەو واتایەی کە کارێکی سەختە مشەخۆرەکان بتوانن یاری بە ڕەفتاری مرۆڤ بکەن بۆ گوێزانەوەیان بەرەو خانەخوێیە دوایەکییەکەیان. لەبەرئەوەی لەم گریمانەیەدا ڕەفتاری خۆکوژی لە قازانجی خۆکوژ نییە (لە نموونەی مرۆڤ)، بەڵکوو قازانجەکەی بۆ مشەخۆرەکانە.
دواجار بە دەرەنجامی تۆژینەوەکان گەیشتینە ئەوەی کە پاشخانی ژینگەیی و ڕۆشنبیری مرۆڤ گەلەک پەرەی سەندووە و بەرەو پێشەوە چووە، بە پێچەوانەی ڕابردوو و سەردەمی پێشینەکانمان هاریکاری نێوان تاکەکان پتر بووە و کەمتر پێویستیان بە پاڵپشتی کەسوکار و خزمەکانیان هەیە. زاناکان پێیان وایە چاکسازیی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو لە چەندان وڵاتدا، وای لە خۆکوژی کردووە بەهای گونجانە پەرەسەندووەکەی لەدەست بدات، کەواتە ئێستە دەکرێ لە خۆکوژی تێ بگەین وەک شتێکی نەگونجاو بۆ ژینگە و ژیاری ئەمڕۆکەمان.
……………………………….

سەرچاوەکان؛

https://real-sciences.com
Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە