بێشەرەفەکان ناهێڵن ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت

Tuesday, 02/04/2024, 17:00

2341 بینراوە


هەندێ جار دەڵێم تەواو! ئیتر خۆم بە شتی بچووکەوە سەرقاڵ ناکەم . بەڵام ناهێڵن . مەجبوور بە هیلاکی و وەڕەزییەکی زۆرەوە دەبێت دەست بکەینەوە بە ڕستنی هەمان تەشی و هەمان قەوان لێبدەینەوە.. پێشتر لە دەیان فۆرم و شێوەی تردا ئەوەم نووسیوە کە ( ئەم دەسەڵاتە بە یەک ڕێگا دەگۆڕێت، ئەویش دەبێت ئەو ئەزموون و سیستمە فەشەل پێبهێنیت و ئیفلیجی بکەیت! نوقتە سەری دێڕ.. ڕێگای تر نیە.) 
لە ئێستادا مەسعود و مناڵەکانی خەریکن سوار سەری خۆیان دەبنەوە و ئەوەتا تۆزێکی ماوە لە کۆتاییدا ئەم میللەتە داماوە نەجاتی ببێت لەم سیستم و بەرەڵاخانەیە. ئەوەتا خەریکن خەونەکەی من دێننە دی و بەدەستی خۆیان سیستم و ئەزموونەکە کۆتایی پێدەهێنن. کەچی هەرچی و پەرچییەکان ناهێڵن.
پەکخستنی هەڵبژاردن و دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و ئەم فەوزایەی کە خەریکە بە ڕوونی، ڕووی ڕاستەقینەی ئەمانە دەخاتە بەرچاوی دنیا، ئەمە باشترین هەلێکە بۆ خەڵک هەڵکەوتووە. کەچی ئەم پێڕە بێشەرەفانەی بەناوی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنەوە وەک سەگی برسی لە مەیانەکەدان ناهێڵن ! بەڵێ بەم هەڵپە ناشرین و بەم هەموو چەواشەکاری و درۆو دەلەسەیە شاسوار و عەلی و ئیسلامیەکان و  لاهور لەبری ئەوەی دوابزمار لە تابووتی حوکمی سی ساڵەی چەتەکان بدەن و بینێژن، (((لەبری ئەوەی پێکەوە بچن لە بەغداد تاوتوێی مۆدێلێکی نوێ بکەن بۆ ئایندە و مافە دەستوورییەکانی کورد ببوژێننەوە و لە عێراقی ئایندەدا کورد بۆ جارێک ببێتە وزەی پۆزەتیڤ!!! ))) دێن ئەم کەلاکە بۆگەنەی دەسەڵاتە خوێنمژەکەی کوردایەتی لە تابووتەکە دەردەهێننەوە و بەتەمان زیندووی بکەنەوە. 
پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە بزانن لە ئێستادا ئەوانەی سەرسەختانە بەرگری لە مانەوەی هەژموونی بنەماڵە مافیاکانی کورد دەکەن، ڕێک ئەوانەن کە دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و پارتی وەک کەڵەگا و دیفاکتۆیەکی بۆگەن بۆ ساڵەکانی داهاتوویش مۆتەکە بێت بەسەر سەری خەڵکەوە. 
تۆ ببینن؛  پارتی و یەکێتی هیچ تاقەتی ئەم شەڕەیان نەماوە. ئەوان دەرەنجامەکانی دەزانن و بردنەوەی خۆیان مسۆگەر کردووە. ئەگەر جاران شەڕەکانیان بە قەڵەم و دەنگە شڕەکانی ناو پەیج و میدیاکانیان دەکرد، ئێستا بۆ شاسوار و عەلییان بەجێ هێشتووە و خۆیان لە دوورەوە سەیردەکەن و پێدەکەنن. 
گەلۆ ئەمجارەیش پارتی پەشیمان دەبێتەوە و بەزۆری زۆرداری و بە پشتی مناڵەکانی تاڵەبانی و ئۆپۆزسیۆنە ساختەکە و عەلی و لاهوری هەراش و تازەپیاکەوتوو دەبێتەوە بە براگەورە و حاکمی یەکەم، کە ئەمە واتای بەردەوامی ماڵوێرانییەکە.. 
وەلێ دیسان ئەوە دەڵێمەوە! یەک ڕێگاتان هەیە بۆ هاتنەدەرەوە لەم میحنەت و زیللەتە! ئەویش فەشەلی سیستم و کەوتنی دەسەڵاتی چەتەکانی کوردایەتییە. شاسوار و عەلی و لاهور ئەو سێکوچکە تازە پیاکەوتووە ناشرینەن کە هاوشانی ئیسلامیەکان و تڵپەکەی گۆڕان ناهێڵن ئێوە ئەو ڕۆژگارە ببینن کە ئێوە دەبوژێنەوە.. لەبەر ئەوە ئەرکی ئەخلاقی و مێژووییتان لەسەر شانە کە هەڵنەخەڵەتێن و بەهیوا نەبن لەژێر ئەم کەپرەدا دنیا بە جوانی ببینن.. 
ئاو بێنە و دەست بشۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە