دەرووناسی پەرەسەندنەکی: گریمانەی ساڤانا بۆ هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوونمان

Saturday, 06/04/2024, 22:11

968 بینراوە


- هۆکاری سەرسامبوونمان بە دیمەنە سروشتییەکانی وەک و ڕووبار و دار و دەوەن و گژوگیا چییە؟
- بۆچی مرۆکانی سەرتاسەری جیهان گوڵیان پێ جوانە؟
- پێویستە نوێنمان لەکوێی ژووری خەوتنمان دابنێین؟


ساڤانا (Savanna)، واتە ڕووبەرێکی پڕ لە گژوگیا، لە بنەڕەتەوە لە وشەیەکی ئیسپانیایی سابانا (Sabana) وەرگیراوە، بە دەشتانییەک لە گژوگیا و کەمی دار و کۆمەڵێک لە ئاژەڵی جیاجیا دەگوترێت، ئەم جۆرە ناوچانە لە باکور و باشوری کەمەرەی زەویدا لە چەند وەڵاتێکی ئەفریکایی و هەندێ لە دەڤەرەکانی هیندستان و ئوسترالیا و ئەمریکای باشوردا هەن. کاتێک کەشی گەرم و وەرزی باران دەست پێ دەکات، لە هەموو لایەکەوە ژیان دەبوژێتەوە و جموجۆڵی تێ دەکەوێت، گژوگیا و گەڵای دار و دەوەنەکان سەرلەنوێ سەوز دەبن، ئاژەڵەکان دەتوانن بە ئاسانی خۆراکیان بەدەست دەهێنن.
گریمانەی ساڤاناsavanna hypothesis) )، لە بواری دەروونناسی پەرەسەندنەکی لە بنچینەی ئەم تێگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتووە، پێی وایە هۆکاری پەرەسەندنی بوونەوەرە دووپێیەکان دەرەنجامی گوێزانەوەی پێشینە مرۆیییەکان بووە لە ژیانی سەر دارەکانەوە بەرەو ژینگەی ساڤانا. واتە پێش ملیۆنان ساڵ هۆزە نیوچەمرۆیییەکان دارستانەکانیان جێ هێشتووە و بۆ دەشتانییە سەوزەکان هەنگاویان ناوە و لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونەکەیان خۆیان گونجاندووە. زاناکان دەڵێن، کەمبوونەوەی دارستانەکان و گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا، پێشینە سەرەتایییەکانی ناچار کرد لەسەر دوو پێ ڕێ بکەن، پاشان دیمەنی سروشتی کراوە بووە هۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی پتری یەک بەدوای یەک.
گریمانەی ساڤانا لەگەڵ دۆزینەوەی پێشینەی نیوچەمرۆیی لە باشوری ئەفریکا ناسراو بە ئەوسترالۆپیتێکس ئەفریکانس (Australopithecus africanus)، لەلایەن‏ زانای توێکاری و مرۆناسی ئوسترالیایی رایمۆند دارت (Raymond Dart) لە ساڵی 1924 سەری هەڵدا. ئەم زانایە دۆزەوەکەی لە گۆڤاری زانستی فرە بەناوبانگ نێیچەر بڵاو دەکاتەوە و لەبارەیەوە دەبێژێت: "پەرەسەندن و بەبەرهەم هاتنی مرۆڤ، مەشق و هەوڵدانێکی یەکجار زۆری گەرەک بوو، بۆ چڕکردنەوەی ژیریی و خێراکردنێکی بەرز و باڵای هۆشمەندی و هزریی، هەروەها شوێنێکی تایبەتی و کراوەی بەسەر کێبڕکێ و ململانەیەکی تووندی نێوان ڕاکردن و دزەکردنی دەخواست، لەو دەمانەی زیرەکی ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕێ لە مانەوەی جۆرەکان لەژیاندا. بە ڕای من باشوری ئەفریکا بە دەڤەرە بەرفرەوان و خاوەن دار و کەمی ئاوەکەی، لەتەک بوونی کێبڕکێیەکی دڕندانەی نێوان شیردەرەکان، بووە ئەزموونگەیەکی گرینگ و پێویست لەم قۆناخە هەستیارەی پەرەسەندنی مرۆڤ."

دۆزینەوەی شوێنیک بۆ ژیان: هەڵبژاردنی ماڵ و ڕووبەرە سروشتییەکان

وای دابنێ لە گەشت و سەیرانیت دەتەوێت چەند ڕۆژێک لەو دەشت و دەرە بمێنیتەوە. بەیانییەک لەخەو هەڵ دەستیت و بەسکی برسی دەتەوێ سەرئاوێک بکەیت. لە کاتی چوون و هاتنەوەت تیشکی بەتینی خۆر لە سەر و ملت دەدا و گەرمایی هەراسانت دەکات و گەرووت وشک دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ هەست بە گرینگی سەرچاوەیەکی ئاوی نێزیک لەخۆت دەکەیت، بە ئاوە سارد و سازگارەکەیەوە. تێپەڕبوونی کات ناچارت دەکات بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی بۆ گەشتەکەت داناوە کارەکانت ئەنجام بدەیت، شتومەکەکانت کۆ دەکەیتەوە بەملاو بەولای خۆت دەڕوانیت، کامە ئاراستەت پێ چاکترە ڕێی بۆ بگریتە بەر؟ هەندێکیان جوانن و دیمەنەکانیان سەرنجڕاکێشن لە شێوەی ڕووبارێک بۆ دەستکەوتنی ئاو و ڕاوەماسی، ڕوەکی سەوز و گژوگیای پڕ، شوێنێکی ئارام بۆ مانەوە و خەوتن. بەڵام دەبێ ئاگەداری شتە مەترسیدارەکانیش بیت وەک، ئاژەڵە دڕندە برسییەکان، دۆڵ و خەرەندی قووڵ، تیشکی تووند و گەرمی خۆر.
ئێستە بیهێنە بەرچاوت ئەو سەیران و ماڵ دانانە بەدرێژایی ژیانت بەردەوام دەبێت، نەک تەنیا بۆ ڕۆژێک و دووان، یاخۆ چەند حەفتەیەک بێت. پێشینە کۆنەکانمان ڕووبەڕووی هەمان بژاردە بوونەوە لەو دەمەی بە ساڤانای ئەفریکادا هاتوچۆیان دەکرد، هەمیشە بەدوای شوێنێکی گونجاو دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوونیان و دانانی ماڵەکانیان، ئەگەرچی مانەوەیان هەمیشەییش نەبووایە. کەواتە هەڵبژاردنی جێی وشک و هەژار لەڕووی بەروبوومی خۆراک و مەترسیدار لەبەردەم هێزە سروشتییە دوژمنکارەکان تێچووەکەی یەکجار بەرزە، دۆزینەوەی شوێنێکی ساز و گونجاو و ئارام سوودێکی زۆری هەیە، بۆیەش هەڵبژاردنی سروشتی وای لێمان کردووە کە خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوومان تێدا چی ببێ، بۆ ئەوەی بژاردەکانمان ژیرانە بێت. ئەم گریمانەیە خرایە بەر ئەزموون لەلایەن چەند زانایەکی دەروونناسی پەرەسەندنەکی (Kaplan, 1992; Orians & Heerwagen, 1992; Ruso, Renninger, & Atzwanger, 2003).

گریمانەی ساڤانا

ئۆریەنس (Orians – 1980، 1986)، پێشەوای زاناکانی دەروونناسی پەرەسەندنەکییە لە پێشکێش کردنی گریمانەی ساڤانا بۆ هەڵبژاردنی شوێنی گونجاوی نیشتەجێبوون.
ئەم گریمانەیە بیرۆکەی ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە هەڵبژاردنی سروشتی ئەو بژاردانە پەسند دەکات، مەبەست و دەرەنجام لێیانەوە بەرەو بڕیاردانمان ببات بۆ دۆزینەوەی ژینگە دەوڵەمەندەکانی کە تژی بن لە خۆراک و بەروبوومی پێویست بۆ نیشتەجێبوون و بەردەوامبوون لە ژیان، هاوکات بڕیارەکان دوورمان بخاتەوە لە شوێنە پڕ لە مەترسی و کەمی پێداویستییەکان. هەرێمی ساڤانا هەموو ئەو مەرجانەی تێدا بەدی دەکرێت و بووتە هۆی ئەوەی دەستنیشان بکرێ وەک زێدی پەیدابوون و هاتنی مرۆڤ.
ساڤانا ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵە گەورەکان لەخۆ دەگرێت، لە نێوانیاندا چەندان جۆرە سەرەکییەکانی هاوشێوەی بابوون و شیمپانزی، نێچیری باشی تێدایە بۆ بەدەستهێنانی گۆشت زیاتر لەوەی لە دارستانەکاندا هەیە، بڕێکی زۆری ڕوەک و گژوگیای لێیە بۆ ئاژەڵداری و ماڵات بەخێوکردن، ئاسۆیەکی کراوەی سروشتی و دڵفڕێنیشی هەیە کە دەبێتە هاندەر بۆ شێوازی ژیانی کۆچەریی (1992 - Orians & Heerwagen). هەروەها دار و درەختەکانی ئەوێ پێستەی مرۆڤ دەپارێزن لە تیشک و تینی خۆر، لەگەڵ بوونی پەناگەکان بۆ هەڵاتن لە مەترسییەکان.
تۆژینەوەکان گەلەکیان پاڵپشتی گریمانەی ساڤانا دەکەن لەو بژاردەیەی بۆ ڕووبەرە سروشتییەکان. یەک لە تۆژینەوانە لە ڕاپرسییەکدا بینییان، کەسانی ئوسترالیا و ئەرجەنتین و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافیایی دارەکان پەسند دەکەن کە زانای بایۆلۆژی ئۆریانس وێنەیانی گرتبوو. هەموو وێنەکان چڕ دەکرانەوە بۆ دیمەنی یەک دار، وێنەکانیش بە هەلومەرجی تایبەتی یەکبوونی ڕووناکی ڕۆژ و کەشوهەوا گیرابوون. ئەو دارانەشی کە هەڵ بژێردرابوون بۆ ئەوەی بخرێنە بەر ئەزموون لە چوار پێکهاتە و تایبەتمەندیدا جیاواز بوون: بەشی سەرەوەی کە گەڵاکان لەخۆ دەگرێت، چڕی ئەو بەشەی گەڵای هەیە، بەرزی قەدەکەی، چەشنی بڵاوبوونەوەی لکەکان.
بەشداریکەرانی هەر سێ فەرهەنگەکە لە تۆژینەوەکەدا ڕای هاوشێوەیان نیشان دەدا، گشتیان زۆر بەپتەوی و بڕیاری تۆکمە ئەو دارانەیان بە جوانتر و چاکترین کە دادەنا شێوەیان لە دارەکانی ساڤانا دەکرد، واتە داری خاوەن لکی کەمێک چڕ و قەدێکی دوو بەشبووی نێزیک لە زەوی، هەمووشیان داری لک باریک و پڕ و چڕیان بەلاوە دەنا و هەڵیان نەدەبژاردن (1992 - Orians & Heerwagen).
دەرەنجامی ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵێنەوەکان بەڵگەی ئەوەمان پێ دەدەن کە هەمیشە ژینگە سروشتییەکان جوانتر و پەسندترە لەلامان لە ڕووبەرە دەستکردە مرۆیییەکان (1982 - Kaplan & Kaplan). تۆژینەوەیەکی دیکەش دەرەنجامی سی ئەزموونمان بۆ کۆ دەکاتەوە کە تێیاندا داوا لە بەشداریکەران دەکرێ چەند وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ ڕیز بکەن بە پێوانەی پێنج خاڵ، لە کەسانی وڵاتانی جیاجیای جیهانی وەک، ئوسترالیای خۆرئاوا، میسر، کۆریا، کۆڵۆمبیای بەریتانیایی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لیستەکەش تێکەڵەیەک بوو لە خوێندکارانی زانکۆکان، هەرزەکاران و ئەوانەی دیکە (1992 - Kaplan). لە تێکڕای ڕاپرسییەکاندا بەشداربووان ژینگەی سروشتیان پێ باشتر بوو لەوانەی دەستکردی مرۆڤ، کاتێکیش بەراورد دەکرا لە نێوان دوو ژینگەی دەستکرد، ئەوا دیسانەوە کامەیان دار و درەخت و سەوزایی پتر بوو پەسندتر دەبوون (Ulrich - 1986). ئاشکرایە ئەم جۆرە تێڕوانینانە پێشبینیکراون و نامۆ نین، بەڵام بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە مێژووی پەرەسەندندا لە سەرجەم فەرهەنگ و ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا، بایەخمان بە دیمەنی سروشتی داوە و هەردەم کاریگەری قووڵی هەبووە لەسەر هەست و نەست و دەروونمان.

قۆناخەکانی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوون

زانایان ئۆریەنس و هێیرواگن (1992)، پێشنیارێک دەخەنە ڕوو بۆ داڕشتنی شێوازێکی بەرفرەوانتر بۆ گریمانەی ساڤانا بۆ هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە سێ قۆناخدا؛
1- هەڵبژاردن: دەکرێ یەکەمیان ناو بنێین بە قۆناخی هەڵبژاردن، بەوەی لە یەکەمین خۆدیتنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی دەڤەرێک بۆ نیشتەجێبوون، یاخۆ دیتنی ڕووبەرێکی سروشتی، بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەوەدایە ئایا دەمانەوێ پتر بگەڕێین، یان شوێنەکە جێ بهێڵین؟
وەڵامی سەرەتاییمان دەشێ هەستیار و سۆزدارانە بێت، بەڵام لێرەدا پێویستە خۆدوورگرتن لە ژینگە کراوەکانی بەبێ بوونی پەناگەیەکی گونجاو لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دارستانە پڕ لە دارە بەرز و چڕ و داخراوەکانی کە ئاستی بینین و جووڵەی ئازادانە سنووردار دەکەن.
2- کۆکردنەوەی زانیاری: ئەگەر کاردانەوە بەراییەکانی قۆناخی هەڵبژاردن ئەرێنی بوو، ئەوا مرۆ دەچێتە قۆناخی دووەمی کە دەکارین ناوی قۆناخی کۆکردنەوەی زانیاری پێ بدەین، ئەو قۆناخەی گەڕان و لێکۆڵینەوە دەگرێتە خۆی بەگوێرەی ڕێژەی سەرچاوەی خۆراک و بەروبوومەکانی و ئەگەری بوونی مەترسییەکان. یەکێک لە تۆژینەوەکان پێمان دەڵێت، مرۆکان لەم قۆناخەدا ئارەزوومەندی زانینی نهێنییەکانن (Kaplan - 1992)، پێیان خۆشە بەو ڕێیانەدا هاتوچۆ بکەن کە پێچ و پەنای هەبێت بۆ خۆشاردنەوە و ونبوون لە چاوان و گردەکانی بەڵێنی بوونی گەلەک شت دەدەن لە پشتیانەوە، هاوکات پشکنینێکی وردی ناوچەکە دەبێتە هەڵسەنگاندن و ئاگەدارکردنەوەیەکی چاک بۆ مەترسییەکان. بەڵام دەشێ هەمان بەڵێنی پشت گرد و پێچەکە لە هەبوونی بەروبووم، بەرەوڕووی شێرێک، یانژی مارێکت بکاتەوە. بەم شێوەیە ڕووپێوکردنی جوگرافیایی لەم قۆناخەدا، گەڕانە بەدوای پەناگەکانی شاردنەوەی خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت. زۆری شوێنی خۆشاردنەوە دەتوانێت لە چەندان ڕوانگەی جۆراوجۆر و گەلەک ڕێی جیاجیا بۆ ڕاکردن و ڕزگاربوون سوودمان پێ بگەینێت لەو کاتانەی پێویستمان دەبێ.
ئاشکرایە مرۆڤ لە شەواندا چاوی کزە و شتەکان باش نابینێت، بۆیە لە داهاتنی تاریکیی دەبێ بچێتە پەناگەیەک و خۆی داپۆشێت، لەبەرئەوەشە بە درێژبوونی سێبەر و گۆڕانی ڕەنگی خۆر بۆ سوور و نێزیک کەوتنەوەی لە ئاسۆ، مرۆڤ بەرەو هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی شوێنی مانەوە دەبات.
تۆژینەوە هاوچەرخەکان ئاماژە دەدەن بە چەند خالێکی سەرنجڕاکێش، بەوەی مرۆکانی ئەم سەردەمەمان تەنانەت لە ژووری نووستنیشیان، پێیان باشە نوێن، یاخۆ تەختی خەوتنیان:
أ- دەرگەکەیان لێ دیار بێت.
ب- چەندەی بکرێ دوور بن لە دەرگەی ژوورەکە.
ج- لەناو ژوورەکەش لە جێیەکدا بن کە لەوێوە ببینن هەر دەمێک دەرگەکە کرایەوە.
هەموو ئەم دەرەنجامانەش سەلمێنەری خۆگونجاندنێکی پەرەسەندوون لە مرۆڤدا، دژ بە ئەگەری پەلاماری ئاژەڵە دڕندە شەوەکییەکان و هێرش و هەڵکوتانەسەریان لەلایەن مرۆکانی دیکەوە (Spörrle & Stich - 2010).
3- وەسوودهێنان: ئەم قۆناخەش لە هەڵبژاردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوون پێی دەگوترێت وەسوودهێنان، یاخۆ وەبەرهێنان. ئەمەشیان بڕیارێکی دیکە لەخۆ دەگرێت سەبارەت بەوەی ئایا لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەدا بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنیتەوە، یان نا، بۆ ئەوەی سوودمەند بیت لەو سەرچاوە خۆراک و بەروبوومەی ئەو ناوچەیە پێشکەشتی دەکات؟ بڕیارێکی ئاوا پێویستی بە هاوسەنگی ئەگەرەکان هەیە، چونکە نیشتەجێبوونت لەو شوێنە ئەگەرچی بەروبوومی چاکیشی لێ بێت، بەڵام لەوانەشە شوێنێک بێت پڕ لە دڕندەی مەترسیدار (Orians & Heerwagen - 1992). هاوشێوەی ئەوە لێواری دۆڵێک کە کۆمەڵێک چاڵایی و بەرزی و نزمی تێدایە، دەتوانێت هەلێکی باش بڕەخسێنێت بۆ خۆشاردنەوە و چاودێری کردنی جووڵەی بوونەوەرەکان، بەڵام دەشێ کەسانێکیش دووچاری کەوتنە خوارەوەیەکی گەلەک ترسناک بکات. کەواتە بڕیاری دوایەکی لەم قۆناخەدا لە مانەوە بۆ کاتێکی دیارکراو، لەپێناو سوود وەرگرتن لە شوێنی نیشتەجێبوون، ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسەنگاندن و زانیاری ئاڵۆز و جیاجیا دەخوازێت. هەندێ جار کاتی مانەوە پێویستی بە بڕیاری ڕاستەوخۆ هەیە، دەگاتە ئەوەی بە تێپەربوونی چەند ساڵێک شارەزای ناوچەکە ببین و پێشبینی دیاردە وەرزییەکان بکەین. بۆ نموونە، لەبارەی کەشوهەواوە ئەو دەمانەی گرمەی هەور دەبیستین، دەبێ دەستبەجێ ڕاکەینە پەناگەیەکەوە لە مەترسی لێدانی بروسکە.

نرخ و بەهاکانی گوڵ 

لە چوارچێوەی کاتە درێژخایەنەکاندا ڕووبەڕووی وەرزەکان دەبینەوە، لە زستانەوە بەرەو بەهار، یاخۆ لە پایزەوە بەرەو زستان. گۆڕانی وەرزەکان کۆمەڵە زانیارییەکی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە گرینگی هەیە و بایەخپێدانی ماوەیەکی پتری گەرەکە. هاتنی بەهار واتای دەرکەوتنی خونچەی سەوزی جۆراوجۆر و بەڵێنی بەری پێگەیشتوو دەبەخشن، کەچی پایز و وەرینی گەڵاکان ئاماژەیەکە بۆ دەستپێکردنی زستان و کەمی خۆراک. بۆیە گریمانەی ساڤانا پێشبینی دەکات، مرۆڤ نرخ و بەهایەکی زۆر بۆ نیشانەکانی وەرزی دروێنە و بەدەستهێنانی بەرەبووم دابنێن وەک، سەوزبوونی گژوگیا، خونچە و چرۆی دار، بەدەرکەوتنی بەر و میوەکان، بەو واتایەی داری ڕووت و گژوگیای زەرد و گەڵای وەریوو کەمتر پەسندە.
زانایان ئۆریەنس و هێیرواگن دەبێژن: "بەبوونی بڕێکی یەکجار زۆری خۆراک و بەروبوومی کەڵەکەکراو و گلدراو لە ئەنبار و کۆگەکاندا بەدرێژایی ساڵ، بۆ ئێمەی ئەم سەردەمە گەلەک سەختە لە گرینگی بینینی یەکەمین سەوزایی و چرۆی وەرزیی بۆ کەسانی مێژووی مرۆڤایەتی تێ بگەین."
گوڵ لە سەرتاپای جیهان خۆشەویستە و بە شتێکی جوان دەبیندرێ، هەرچەندە وەک خۆراکیش بەکار ناهێندرێت، لەبەرئەوەی هێمایەکە بۆ هاتنی وەرزی سەوزە و میوە، پاش برسیبوون و چاوەڕوانییەکی زۆری مانگەکانی زستان. ئەوەی جێی سەرنجە، گوڵ بەتایبەتیش لەلای ڕەگەزی مێیینەدا جوانی و بایەخی زیاترە، ئەمەش بەندە بەو ڕۆژگارانەی پیاوان خەریکی ڕاوکردن بوون و پیشەی ژنانیش کۆکردنەوەی بەروبوومی ڕوەکەکان بوو. دەشێ گوڵ دەرەنجامێکی ڕاستەقینەش بەدەستەوە بدات، کاتێک سەردانی نەخۆشێک دەکەین، بۆ ئەمەش تۆژینەوەکان پێمان دەڵێن، بەبوونی گوڵ لە ژووری نەخۆشخانەکان، یارمەتیدەرێکی چاک بووە لە پترکردنی ڕێژەی چاکبوونەوەی نەخۆشان و بردنیان بۆ بارێکی دەروونی باشتر و ئەرێنیتر (Watson & Burlingame - 1960). چارەسەرمان خێراتر دەبیتەوە، ئەو دەمانەی لە پەنجەرەی ژووری نەخۆشخانەکەمان بتوانین دار و دەوەنەکان ببینین (Ulrich - 1984).
هەڵبژاردنی سروشتی و خۆگونجاندنەکان بەها و بایەخی ژینگە و ڕووبەرە سروشتییەکانی لەناو ناخماندا جێگیر کردووە، هەرچەندە ئەمڕۆکە زۆر دوورین لە دەشتانییەکانی ساڤانا، بەڵام بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین ماڵ و جێی ژیانکردنمان هاوشێوەی شوێنی نیشتەجێبوونە کۆنەکانمان لێ بکەین. ئەندازیارانی کۆشک و تەلارەکان داهێنان لە نەخشەسازیدا دەکەن، لە لاسایی کردنەوەی ئەو هەست و سۆزەی ژیانی ئارامبەخشی نێو باخچە و دار و دارستانەکان پێمانی دەبەخشن، حەزمان لە دیمەنە کراوەکانە و ڕکمان لە شوێنی نزم و نهۆمەکانی ژێرەوەیە. هاوکات لە نەخش و نیگار و وێنەگرتنیشماندا، هەمیشە ئەو دیمەنانە هەڵ دەبژێرین کە ڕاز و نیاز و نهێنییەکانی ماڵی کۆنمان لە ساڤانادا بیر دەخاتەوە (Appleton - 1975).

سەرچاوەکان؛

Evolutionary Psychology
The New Science of the Mind ... David M. Buss

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە