لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


کۆنفرانسی میرزا ئەحمەد داواشی و پەیڤێک

Sunday, 26/05/2024, 17:21

278 بینراوە


بەڕێوەچوونی هەر چەشنە کۆبوونەوە،کۆنفرانس و فێستیڤاڵێک،یەک لە پێوەرەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانە دێتە ئەژمار و گەرەک بەهەند وەربگیردرێت. ڕووداو و بویەری لەم چەشنە،هەوایەکی تازە بۆ نێو کۆمەڵ دەگوێزێتەوە و دەرفەتێکیش دەخاتە بەردەم کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تا بە ئامادەییەکی باشترەوە بۆ داهاتوو، پلان و بەرنامە دابڕێژێت. ڕاستە ئێمەی کورد لەم بوارەدا هێشتاکە خاوەن ئەزموونێکی دوور و درێژ نین و بگرە لە سەرەتاداین، لێ هەنگاوی شیاویشمان ناوە. 
بۆ ساڵانێک دەچێت لە شار و دەڤەرە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یان لە ڕێی دەزگە و دامەزراوە فەرمییەکان یانژی ناوەندە سەربەخۆکانەوە چەندان کۆنفرانس و فێستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت. هەر کامە لەم ڕووداوانەیش بە گوێرەی کەشوباکە،هەڵگری کۆمەڵە تایبەتمەندییەکن. بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا گرینگە ڕووی لە دەستەی بەڕێوەبەرە کە تا چەندە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم پرسە هەستیارەدا شارەزا و پسپۆڕە و بەپلانەوە بەرەو پیری ڕووداوەکە دەڕوات. تا چەندە لە بانگهێشتی میوان و خەڵکانی ڕووناکبیر و پسپۆڕی ئازاد و سەربەخۆدا بڕیاربەدەست بۆ خۆیەتی و کرۆکی ڕووداوەکەی بەلاوە گرینگە.
دەڤەری هەورامان بە هەموو پار و بەشەکانیەوە لە چاو ناوچەکانی دیکەی کوردستان (لەبەر گەلێک هۆ و هەگەر)لەم سۆنگەوە هەژارترە و ئەو دەرفەتەی پێنەدراوە وەک پێویست خۆی لەم بوارەدا تاقی بکاتەوە. 
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەورامان،ئەو ناوچە زەنگین و دەوڵەمەندەی کوردستان دێتە ئەژمار کە خاوەنی مێژوو و چاند و کولتوورێکی دێرین و ڕەنگاڵەییە و هەر لە کۆنەوە تا هەنووکە بە هەزاران سیما و کەسایەتی درەوشاوەی لە گەلێک بواردا تێدا هەڵکەوتووە کە بەشێکیان کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە.
"میرزا ئەحمەد داواشی"(1980-1905)،یەک لەو کەسایەتییە دیارانەی ئەم ناوەی نیشتمان دێتە ئەژمار کە بەداخەوە لە خودی ناوچەکەی خۆیشیدا غەریب دەنوێنێت و کەمتری لەسەر نووسراوە. بۆ چەند ساڵێک دەچێت کە "توێژینگەی کوردستانناسیی زانستگەی سنە" باسکی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە و تا ئێستا چەند کۆنفرانسێکی لەم پێوەندییەدا بەڕێوە بردووە. بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکیش بۆ شاعیر و سیمایەکی ناوچەی هەورامان جێی پێزانین و دەستخۆشیی فرەوانە. وەک خودی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە ئیشارەتیان پێداوە،نزیکەی شەش مانگێک بەو پرسەوە سەرقاڵ بوونە و هەموو هەوڵێکیشیان خستووەتە گەڕ تا کۆنفرانسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت. سەرەنجام ڕۆژی 19ی گوڵانی 2724 (8ی مای 2024)کۆنفرانسەکە لە زانستگەی سنە و لە چەند پەنێلێک(لە دوو هۆڵی مەولەوی و فیردەوسی)دا بەڕێوە چوو.
بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەم کۆنفرانسە ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم. 
یەکەم خاڵ، ئەوەی لە ناوەندێکی زانستی دەوەشێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت، بایەخدانان بۆ نەزم و تەکووزی و پلان و بەرنامەیە کە ئەم خاڵە لە کۆنفرانسەکەدا ئەوەند بەردیدە نەدەکەوت و شپرزییەکی فرەی پێوە دەبینرا.
دووەم،کەسایەتییەکی فارسزمانم لە نێو کۆنفرانسەکەدا بەرچاو نەکەوت کە وتار یان بابەتێک لەسەر میرزا ئەحمەد داواشی پێشکەش بکات کەچی پێشکەشکار بەردەوام خۆی بە باڵای زمانی فارسیدا هەڵدەواسی. هەروەها زمانی ئاخاوتن و قسەکردنی چەند وتاربێژێکی کۆنفرانسەکەیش لە ئاست پێگەی ناوەندێکی زانستیدا نەبوو و زێتر شیاوی کۆڕ و دانیشتنی نێو فەرمانگە فەرمییەکان بوو! 
سێیەم،نەبوونی بەرنامەیەکی چڕ و پڕ و دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ وتاربێژان بوو کە هەر ئەم پرسە هەرا و زەنایەکی لە نێو هۆڵەکەدا نابووەوە.
چوارەم،خۆهەڵواسینی بەڕێوەبەران بە"فەرهەنگی ئێرانی"!دا بوو کە بووبووە بنێشتەخۆشەی تەنانەت چەند وتاربێژێکێش و بەردەوام پاتە دەکرایەوە کە گوایە پێویستە میرزا ئەحمەد و کەسایەتییەکانمان بە هەموو ئێران بناسێندرێن کە ئەرچی وەک خودی خۆم بە چاوێکی ئەرێنی سەیری ئەم پرسە دەکەم بەڵام ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە نەک کۆمەڵگەی ئێرانی بگرە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئێرانییش هەرگیز فەرهەنگ و چاندی کوردی لە لای نەبووەتە پەرۆشێکی نەک سەرەکی بگرە لاوەکییش و تەنانەت فرە جاریش بە هەڕەشە دادەنرێت. بەڵگەیش لەم پێوەندییەدا یەک و دووان نین. دیوێکی ئەم پرسە، ڕاست درێژکراوەی سیاسەتە دزێوەکەی ڕژێمی پاشایەتیی حەمە ڕەزا پالەوی(1980-1919) لە هەمبەر مێژوو و کولتووری کوردە کە ئەو سەردەمە لە ڕێی سیمایەکی ناسراوی وەک "ڕەشید یاسمی"(1951-1896)یەوە جێبەجێ دەکرا.
پێنجەم،بەڕێوەچوونی پەنێلەکان لە دوو هۆڵی جیاوازدا بوو کە ئەرچی دەرفەتی دەخستە بەردەم بەشداربووان بە گوێرەی حەز و ویستی خۆ بڕیار بدەن بۆ کامە پەنێل پشکدار بن،لێ لەبەر چەند هۆکارێک،ئەم پرسە بۆ خۆ بشێوییەکی لە کۆنفرانسەکەدا دروست کردبوو.
شەشەم،قەرەباڵغبوونی ناوەڕۆک و بەرنامەی کۆنفرانسەکە بوو کە هیچ پێویستی نەدەکرد ئەو هەموو وتار و بابەت و وتاربێژەی تێدا جێ بکرێتەوە هەر ئەمەیش بە لایەنێکی لاوازی کۆنفرانسێکی زانستی دادەنرێت.
حەوتەم،سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەران ئاماژەیان بەو خاڵە دەدا کە گوایە نزیک بە شەش مانگێکە بەو ڕووداوەوە سەرقاڵن بەڵام لە باری ڕاگەیاندن و میدیاییەوە کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکرابوو؛تەنانەت لە نێو خودی شاری سنەدا بەزەحمەت دوو لافیتە و پارچەنووست بەردیدە دەکەوت کە بۆ کۆنفرانسەکە پەلکێشت بکات. بە واتایەکی دی،بەشێکی فرەی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران هەر ئاگاداری ڕووداوەکەیش نەبوون. ئەوە لە حاڵێکدایە لەسەر لافیتەی خودی کۆنفرانسەکە بە "کۆنفرانسی نەتەوەیی" ناودێر کراوە!
هەشتەم،ئەمە وتەی سەرزاری بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە بوو کە ئێمە دەمانەوێت نەک لە ئاستی کوردەواری بگرە لە هەموو ئێراندا میرزا ئەحمەد داواشی بناسێنین کەچی زۆربەی بەشداربووان ڕووی لە خودی بەڕێوەبەرانی زانستگە و بەشێکی گوڵچنکراو و هەرە کەمی ڕووناکبیرانی ناوچەی هەورامان(ڕوانسەر،جوانڕۆ و پاوە) بوو. بە واتایەکی ڕاستتر،نووسەر و ڕۆشنبیرێکی دەڤەر و ناوچەکانی دی کوردستانت لە کۆنفرانسەکەدا بەردیدە نەکەوت کە ئەمە ڕاست بەپێچەوانەی بانگەوازەکەی ئەم بەڕێزانەیە. گەلێک پێویست بوو بازنەکە بەرفرەوانتر بکرێت و نووسەر و ڕووناکبیری فرەتر بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت بکرێت(ئەگەر تەنێ وەک بەشداربوویش بێت.). 
سەرەڕای ئەم خاڵانە بەڵام هەمیشە یەک لە بەشە باڵکێشەکانی فێستیڤاڵ و کۆنفرانسەکان ڕووی لە بەشی پەراوێزە کە هەلێکی شیاو بۆ بەشداربووان بە مەبەستی ئاشنابوون بە سیما و کەسایەتییە جۆربەجۆرەکان دەڕەخسێنێت. زۆر جار پرسە جیاوازەکانی بەرباس لە کۆڕ و دانیشتنەکانی پەراوێزی ئەم چەشنە جڤین و کۆبوونەوانە،گەرم و گوڕتر لە خودی کۆنگرەکان دەنوێنن و دەرفەتێک بۆ بەشداربووان دروست دەبێت تا پێکەوە بکەونە گفتوگۆ و باسوخواس و بیر و ڕاگۆڕینەوە. هەر ئەم پرسەیش دواتر کۆنفرانس و کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادا دێت. گەرەک ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە ژمارەیەک نووسەر و توێژەری وەک حەمەڕەشید ئەمینی،سەیید ئیسماعیل حسێنی،محەممەد یەعقووبی،ئەکرەم وڵەدبەگی،سابیر عەزیزی،عوسمان نووری،عەداڵەت کەریمی و هتد لە پەنێلەکاندا پشکدار بوون و لەسەر لایەن و ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان و شیعر و کەسایەتیی ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی قسەیان کرد. هەروەها کۆنفرانسەکە چەندان وتاربێژیشی لە خۆ دەگرت کە لەو نێوانەدا دەکرێت ئیشارەت بدەینە کەسانی وەک محەممەدعەلی سوڵتانی،سەیید موعتەسەم سەییدزادەی هاشمی،یادگار کەریمی،حسێن محەممەدی(کوڕی شاعیر)،مەسعوود بینەندە و هتد.
کۆنفرانسەکە بە هەموو خاڵە ئەرێنی و لاوازەکانیەوە کۆتایی هات؛ئومێدە بۆ لەمەوبەدوا کۆنگرەی بەپێزتری بەدوادا بێت.
جێی ئاماژەپێدانە ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستانناسی ساڵی 1379ی هه‌تاوی(2000)له‌سه‌ر ڕه‌زا‌مه‌ندیی به‌شی توێژینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی زانست، توێژینه‌وه‌ و ته‌کنۆلۆژیای ئێران، گرووپی توێژینه‌وه‌یی زمانناسیی و تۆره‌ی کوردی دامه‌زرا و چالاکیی فه‌رمیی خۆی ده‌ست پێ کرد. دواتر دوو لقی توێژینه‌وه‌یی "لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردستان" و لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتژیک و په‌ره‌پێدانی کوردستان" هاتنه‌ ئاراوه‌ و ڕێبه‌ندانی ساڵی 1394ی هه‌تاوی(2016)،مۆڵه‌ت بۆ توێژینگه‌ی کوردستانناسی ده‌رچوو. 
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت وەک لە دیوانەکەی شاعیردا هاتووە، میرزا ئەحمەد داواشی،کوڕی محەممەد، ساڵی 1323ی کۆچی(1905)لە شاری "ڕوانسەر"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت.
(دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،ل14) 
میرزا ئەحمەد دواتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی خۆی لە چەند بوارێکدا ڕوو لە چەند گوندێکی ئەم ناوە دەکات و وەک لە خودی دیوانە چاپکراوەکەیشیدا ئیشارەتی پێدراوە، تا دوا ساڵی ژیان لە گوندی"کانی خێران"دا دەمێنێتەوە. میرزا ئەحمەد،پێوەندییەکی نزیکی دەگەڵ ژمارەیەک شاعیر و نووسەری ناسراوی وەکوو سەیید تایەر هاشمی(1991-1915)،شێخ محەممەدسەعید نەقشبەندی(1930)،محەممەدعەلی سوڵتانی(1957) و هتد بووە. یەک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعری میرزا ئەحمەد داواشی ڕووی لە نزیککردنەوەی زار و بنزارەکانی زمانی کوردییە کە ئەم پرسە بۆ ژمارەیەک بە ناو نووسەر و توێژەری ئێستا لە دەڤەری هەوراماندا کە سەد مخابن لەبەر ناشارەزایەتی یان هەر هۆکارێکی تەماویی دی، دەیانەوێت کەلێن بخەنە نێو زمانی کوردییەوە، زۆر جێی تێڕامان و سەرنجڕاکێشە. شیعری ئەم شاعیرە، باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دێتە ئەژمار کە زمانی کوردی،دارێکی پڕ لقوپۆیە کە هەر کامە لە زار و بنزارەکانی دەبنە مایەی دەوڵەمەندیی خودی شادارەکە.
سەرەنجام ئەم مرۆ نیشتمانپەروەرە ساڵی 1980 کۆچی دواییی دەکات و لەسەر وەسییەتی خۆی،لە ئارامگەی "سەروەیس"و لە تەنیشت مەزاری "وەیسی قەرەنی"دا دەنێژرێت.
بۆ وتن دەشێت کە" سەروەیس"دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەسەر بەرزاییەکەوە لە نێوان جادەکەی ڕوانسەر-کرماشاندایە و نزیکەی 7 کیلۆمەترێک لە جادەی سەرەکییەوە دوورە. وەک دەگوترێت مەزاری "وەیسی قەرەنی"لەوێیە. ساڵانەیش بە هەزاران کەس بۆ هاتنەدی مرازیان،ڕوو لەوێندەرێ دەکەن.
هیجران
تا کەی لە هیجران دوورییت بناڵم؟
تا کەی بێ مەیلی،هاوار وە ماڵم؟
تا کەی چون"فەرهاد"ئاهر بشۆ لێم؟
بێدینێ چون تۆ،باوەڕ نەکا پێم
هەر من چون فەرهاد ئاوارەی چینم
شەهید شەیدای،شێوەی شیرینم
هەر من پەرێ تۆ،هوون دڵ وەردم
هەر من پەرێ تۆ،گرانەن دەردم
نە نە وە ڕاسی،ڕاز نەباتەکەم
بوویەرە چێشەن،تەقسیراتەکەم
هەر من چون مەجنوون،وەیلان هەردم
زەلیل و زار و زەبوون و زەردم
تۆ بیت وە"تەرسا"ی لاو شێوە شیرین
من بیم وە"سەنعان"،دەیری بیم لە دین
من هەر لە سەفا،تۆ لە جەفا بیت
گونای من چێشەن،وێت بێوەفا بیت
(دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،ل219)
ژێدەر: 
دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،کۆکردنەوەی حسێن محەممەدی و پێداچوونەوەی حەبیبوڵڵا کەریمی،تاران،پەخشکاری ئیحسان،چاپی یەکەم،1389ی هەتاوی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە