نامەیەک بۆ دایک و باوکی (ئارۆ) لە کانی گۆمە

Thursday, 25/08/2011, 12:00

1853 بینراوە



بەڕێزان دایک و باوکی (ئارۆ)ی تەمەن سێ ساڵ
لەڕێگای کەناڵی ئاسمانی(ک.ن.ن)وە هەواڵی مەرگی (ئارۆ)ی تەمەن سێ ساڵی کوڕتانم بیست، ئەو هەواڵە لەناخەوە هەژاندمی و ویژدانی بریندارکردم، چونکە ئەزانم مەرگی ئەو گوڵە سێ بەهارەی کوڕتان چ سوێیەکی خستۆتە دڵ و دەروونتان، دەزانم یادگارییە شیرین و مناڵانەکەی (ئارۆ) چەند کاریگەری لەسەر خۆشی و ئارامی خێزانەکەتان هەیە، دەزانم هەر نیگایەک بۆ دۆشەک و پشتیە بچکۆلانە جێماوەکەی (ئارۆ) چ تراژیدیایەک بۆ دایک و باوکایەتی ئێوەی جگەر سووتاو دەخولقێنێ.
بەڕێزان: من هەرچی بنووسم ناتوانم لەئازار و خەمەکانی ئێوە کەم بکەمەوە، چونکە دەزانم لەچرکرساتێکدا کە دایک و باوکێک چاوەڕوانی منداڵەکەیانن ماچی بکەن و باوەشی پێدا بکەن، بەڵام لاشەیەکی سارد و سڕ دێتەوە ماڵەوە، لاشەیەک نەوەک جاران پێدەکەنێو نەوەک جاران بانگتان دەکات، ئەم شانۆیە هەروا کارێکی ئاسان نییە.
بەڕێزان دایک و باوکی (ئارۆ)ی تەمەن پەمەی: کوڕە سێ ساڵەکەی ئێوە دەکەوێتە چاڵێکی ئاو دەخنکێت، ئەم کارەساتە نەیەکەم ڕووداوە لە کوردستان و نە دواڕووداویش دەبێت، تاکو ئێستا لە کوردستان دەیان منداڵ و گەورە لەئاکامی کەوتنە ناو مەنهۆڵ، حەوزی ئاو، وچاڵی عەموود، ئاوەڕۆی کۆڵانەکان، پاشماوەی کاری کۆمپانیاکان، پرۆژە کەموکورتەکان، یان گیانیان لەدەستداوە یان بەسەختی برینداربوون.
سەرچاوەی ئەم مەرگە ناوەخت و ئازاربەخشانە لە کوردستان شتێک نییە بە ڕێکەوت بێت، یان پەیوەندی بە کەمتەرخەمی خێزانەکانەوە هەبێت، بەڵکو هۆکار و سەرچاوەی ئەم مەرگانە بێدەربەستی دەسەڵات و نەبوونی حورمەت و ڕێزدانەنانە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک ئینسانێک بە گەورەو مناڵەوە، بیهێننە بەرچاوی خۆتان لە کوردستان تەنها لە یەک ساڵدا (١١١) ئینسان بە گرتنی کارەبا گیانیان لەدەستداوە، ئەم ئامارە سەرسوڕهێنەرە ئینسان دەباتە بەردەم بیرکردنەوەی فراوان و ڕاچڵەکێنەر.
لەهەر جێگایەکی جیهان کە ئینسان حورمەتی هەیە، ژیان و ئاسایشی تاکەکان بەگرنگیەوە سەیردەکرێت، هەر کاتێک پرۆژەیەک یان نۆژەنکردنەوەیەک ئەنجام دەدەرێت، پێش هەر هەنگاوێک بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن ژیانی ئینسانەکان لە پەیوەند بەم پرۆژانەوە پارێزراو دەبێت، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان کارێکی زەحمەت و گران نییە، بەڵام لە کوردستان ڕۆژانە ڕێژەی گیانلەدەستدان بەم هۆکارانە ڕوو لەهەڵکشانە، لە کوردستان ئەوەی لە پەیوەند بە پرۆژە و نۆژەنکردنەوە و کاری کۆمپانیاکانەوە بەگرنگیەوە سەیر دەکرێت قازانج و سەرمایەگوزاری و پڕکردنی گیرفانە قوڵەکانە لەپارە، نەک ژیانی ئینسانەکان.
بەڕێزان دایک و باوکی (ئارۆ)ی تەمەن نێرگز: ئارۆ بوویە قوربانی دەستی سیستەمێک لە کوردستان کە ئینسانیبوون لەلای هیچ بەهایەکی نییە، سیستەمێک کە مەرگی هاوڵاتیان لەخەوی قوڵی دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەئاگای ناهێنێتەوە، سیستەمێک بۆ قوربانیەکانی ڕێگاوبان و پێکدادانی ئۆتۆمبیلەکان بەردەوام دەڵێت شۆفێرەکان خێرا لێدەخوڕن، بۆ قوربانیەکانی خۆکوشتن دەڵێت باری دەروونیان تەواو نییە، سیستەمێک هەرگیز خۆی ناخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و بەردەوام شانی خۆی خاڵی دەکاتەوە.
مەرگی (ئارۆ) مەرگی کۆمەڵگایە بە شێوەیەکی شێنەی، مەرگی (ئارۆ) مەرگی ئینسانیەت و بەها جوانەکانی ژیانە، مەرگی (ئارۆ) ئاڕاستەکردنی هەموومانە بۆ قبوڵکردنی مەرگی بەرانبەرەکەمان، ئەگەر مەرگی (ئارۆ) نەبێتە دەنگی زەنگێکی گەورە بۆ کۆمەڵگا، ئەگەر تەنها دڵدانەوە و هاوخەمی ببێتە کڵێشەو چوارچێوەی تێگەشتن لە مەرگەکانمان، ئەوا ئەو کاتە هەموومان دەبینە نێچیری ڕاوچیەکانمان.
بۆ ئەوەی قوربانیەکان، ئارۆکان، هەموو ئەوکەسانەی چیرۆکی مەرگیان لە چیرۆکی ژیانیان سەرسوڕهێنەرترە کەمبێتەوە، دەبێت لە کوردستان حورمەت و کەرامەتی ئینسانی بۆ تاکەکان بگەڕیتەوە، دەبێت هاوڵاتیان وەک ئینسانی خاوەن ئیرادە و حەقبەژیان سەیر بکرێت، دەبێت ئینسان ببێتە سەنتەر بۆ هەموو خۆشگوزەرانی و ئاسایشێک نەک سەرمایەو بەرژەوەندی بەرپرس و دەسەڵاتداران.
لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم دەگەیەنمە دایک و باوک و سەرجەم کەسوکاری (ئارۆ) منیش باوکم و وەک ئێوە دەزانم کە مناڵ لەناو ئازار و خۆشی و ناخۆشیەکانی دایک و باوکدا چ جێگایەکی هەیە، دڵم لەگەڵ دڵتاندایە ، دڵنیاتان دەکەم کە سێ مۆم بۆ مەرگی (ئارۆ) دادەگیرسێنم، هیوادارم کە بتوانن بەئیرادەوە لەم کۆستە سەختە بڕوانن و خۆڕاگربن.
هیدایەت مەلا عەلی

[email protected]

 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە