مردنی نەخۆشەکانی مەلا (زەکەریا کەریم)

Wednesday, 20/07/2011, 12:00

4080 بینراوە


سەرەتا دەمەوێت دەستخۆشی لە بەڕێز (ڤیان مستەفا) و ڕۆژنامەی ئاوێنە بکەم سەبارەت بەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (مەلا زەکەریا کەریم) ئەنجامیانداوە، سەرەڕای ئەوەی مەلا (زەکەریا) کارەکانی بە نهێنی ئەنجام نادات، بەڵام بەبەڵگە کردنی ئەوەی لەماڵی مەلا (زەکەریا)دا ڕوودەدات کارێکی گرنگەو دەرگایەکی ئاوەڵا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەمبارەوە قسە بکرێت.
لەژمارەی (٢٨٢)ی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا، ڕۆژی سێشەممە ٥/٧/٢٠١١ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مەلا (زەکریا) دانیشتووی شاری سلێمانی لە گەڕەکی خەبات سازدراوە، بەپێی زانیاری ناو چاوپێکەوتنەکەو لێدوانەکانی مەلا (زەکریا) دەردەکەوێت کە مەلا (زەکەریا) خەریکی دەرکردنی جنۆکەیە لە جەستەی ئەو کەسانەی کە جنۆکە چۆتە ناو جەستەیان و نەخۆشی خستوون، لەدرێژەی لێدوانەکانی مەلا (زەکریا)دا هاتووە کە تاکو ئێستا (١٥ کەس) لەکاتی چارەسەردا لەژێر دەستیدا مردون.
مردن دیاردەیەکی سروشتیەو هەر ئینسانێک کە دێتە ژیانەوە بەپێی هەموو پێوەرەکان و لێکدانەوە لۆژیکیەکان دەبێت بمرێت، ئەمە هاوکێشەیەکە کە بەردەوامی ژیانی لەسەر هەڵچنراوەو مەدارێکی ئاسایی و سروشتی بەخۆوە گرتووەو، ئینسانەکان وەک واقیعەتێک قبووڵیان کردوە.
بەڵام ئەوەی لەژیر دەستی مەلا (زەکریا)دا ڕوودەدات بەتەواوی مردنێکی جیاواز و سەرسوڕهێنەرە، ئەم جۆرە مردنەی نەخۆشەکانی بەردەست مەلا (زەکەریا) پێویستی بە هەڵوێستەکردنی شێلگیرانە هەیە لەلایەن کۆمەڵگا و دەزگا بەرپرسەکانەوە، مردنی (١٥) ئینسان بەهۆی شەڕی جنۆکەکان لەناخی نەخۆشەکاندا و دواتر خنکاندنیان، لەسەدەی (٢١)دا کە تەکنەلۆژیاو زانست و داهێنانەکانی ئینسان گەشتۆتە لووتکە هیچ نیە بێجگە بەکەم سەیرکردنی ژیانی ئینسانەکان، هیچ نیە بێجگە لە نەبوونی پێوەرێکی لۆژیکی کە ژیان و مردنی ئینسانەکان لێکتر جیابکاتەوە، کاتێک چاوپێکەوتنەکەی مەلا (زەکریا) دەخوێنیتەوە ئەوکاتە هەستدەکەیت کە هەر کۆڵان و گەڕەکێک لە کوردستان کارگەیەکی هەرزان فرۆشی ژیانی تاکەکانە.
بەپێی لێدوانەکانی مەلا (زەکریا) تەنها ڕەزامەندبوونی کەسوکاری نەخۆشەکە بەسە بۆ ئەوەی مردنی ئینسانێک یاسایی و شەرعی بکرێتەوە، ئەم بیردۆزە ترسناکەی لای مەلا (زەکریا) سەرەڕای ئەوەی کە ڕەهەندێکی قوڵی کۆمەڵایەتی و مەزهەبی هەیە، هەمانکات داماڵینی تاکە لە بڕیار و ئیرادە و چارەنووسی خۆی، تاک بۆئەوەی لە ژێردەستی مەلا (زەکریا)دا مردنەکەی یاسایی و شەرعی بێت ئەوا تەنها سەرلەقاندنی باوک و مام و براو خاڵ کافیە.
لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی دنیادا هەر ئینسانیک کە بە پێی پێوەرە زانستی و تەندروستیەکان چاوڕوانی مردن دەکات و ناتوانێ درێژە بە ژیانی بدات، ئەوا تەواوی ئەو بەڵگانەی کە ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت دەبێت لەبەردەستدابێت، هەندێک جار پزیشکی تایبەت هۆکارەکانی مردنی نەخۆشەکە یان ئەو کەسەی بەهۆی گەورەی تەمەنیەوە چاوەڕوانی مردن دەکات بە شێوەی دەنگ و بەکاسێت تۆمار دەکات، پاشان ئەو کەسەی کە چاوەڕوانی مردن دەکات دەبرێتە جێگایەکی تایبەت و تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین دەکرێت.
دەبێت مەلا (زەکەریا) تەواوی ئەو بەڵگانە بخاتە بەردەست کۆمەڵگاو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆچی (١٥) ئینسان لەبەردەست ئەودا مردون؟ دەبێت وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی لەمبارەوە قسەی خۆیان بکەن، لە کوردستان ڕۆژانە دەسەڵاتداران باسی ئەوە دەکەن کە دەبێت کۆمەڵگای کوردستان بە دامەزراوەی بکرێت، کەسێک دەتوانێت بڵێت دامەزراوەبوون و یاسا و مافی مرۆڤ چ مانایەکی هەیە لە کاتێکدا (١٥) ئینسان بەناوی دەرکردنی جنۆکە لە جەستەیان دەمرن و دەچنە خانەی نەبوونەوە.
خەڵکی کوردستان بەگشتی و نوسەران ، ڕۆشنبیران، ئازادیخوازان و میدیاکان نابێت بێدەنگبن لەبەرانبەر کارەساتێکی بەم شێوەیەدا، لە کۆمەڵگایەدا مردن و فەناکردنی تاکەکان نەبێتە پرسیار و تەنها هەرئەوەندەمان لەسەربێت سەرەخۆشی لەکەسوکاریان بکەین کارەساتەکە قوڵتر دەکاتەوە، نرخی هەر ئینسانێک یەکسانە بەوەی کە چۆن سەیری ژیانی دەکرێت، مردنی هەر ئینسانێک یەکسانە بەو شیکردنەوەو وردبوونەوەیەی لە هۆکارەکانی مردنی دەکرێت، دەبێت ڕێگا نەدەین ژیانی ئینسان لە کوردستان هەرزان فرۆش بکرێت ، دەبێت مەلا (زەکریا) لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت ، دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسی یەکەمن لەبەرانبەر ئەم جۆرە کارەسات و مردنانەدا.

[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە