جەستەی یەکێتی لە دەباشانە و عەقڵەکەی چۆتە گردەکە!

Sunday, 16/02/2014, 12:00

2672 بینراوە


  د. جەزا چنگیانی چی لە گۆڕان چاوەڕوان دەکات؟
  ئەوەی دەڵێت: یەکێتیی نەماوە، راست ناکات، یەکێتی تەنها حیزبێک نییە، عەقڵێکە مێژوویەک دروستی کردووە، نەوشیروان مستەفا رابەری ئەو عەقلەیە
  شاسوار عەبدولواحیدی کۆمپانیای نالیا لەگەڵ نەوشیروانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێکەوە خەریکن لە ئەوروپا کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئاسمانی دابنێن.
  گۆڕان بڕوانامەی هەمان قوتابخانەی پێیە کە بە جەلالییزم ناسراوە.
-----------------------------------------------

ئەو گروپ و دەستە و تاقمەی کە بە نووسەر و رۆژنامەنووس خۆیان ناساندووە، یان ئەو فەیلسوف و رۆماننووسانەی، بە شان و باڵی یەکتردا هەڵدەدەن، خۆیان بە روناکبیر و سوپەرمانی سیاسەت، ئەدەب، تەنانەت زانست دەناسێنن، گوایە بۆ ئیستا و داهاتوو قسە و پێشنیاریان هەیە، ئەمانە لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوودا خۆیان دەبیننەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان بەتایبەتی لە باشووردا روودەدەن، زۆر لەوە ترسناکترە، کە ئەمانە توانیبێتیان گرێ کوێرەکەی بکەنەوە و کاریگەرییەکی وایان هەبووبێت، یان دەسەلات لەئاست قسە و پێشنیارەکانیاندا ملنەوی  و گوێڕایەڵ بووبێت، رەوشی نوووسەر و روناکبیرانی میللەتان وایە، ئەم چینەی، ئیستا لەناو کورددا پەیدا بوون بەپێچەوانەوەی ئەو سروشتەوە کار دەکەن، کە بۆ خۆیان بوونەتە کۆیلەی دەسەڵات و لە پێناو مشتێ پارە و وەرگرتنی زەویی و مووچەیەکدا خۆیان ناشرین کردوە، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە مێژووەیە، گرنگە ئەوەی دێڕێکیش دەنووسێت زۆر بە وشیاریی و وریایانە مامەڵە بکات، چونکە دادگای مێژوو بەرەو روویان دەبێتەوە و زۆر لەسەریان دەکەوێت، لەگەڵ رێزم بۆ د. جەزا چنگیانی کە لێرەدا مەبەستم لەو نییە، بەڵکو من بە گشتگیریی قسە دەکەم.

ئەو نووسەرانەی کە بەشان و باڵی ئەو حیزب و سەرکردانەیان هەڵدەدەن و پشتگیریی کوێرانەیان لێکردوون،ناتوانن لە لاپەرەکانی مێژوودا خۆیان ببینەوە، مێژوو پێچەوانەی خواستی ئەوان سەلماندوویەتی، بۆ نمونە پاش زیاتر لە حەفتا ساڵ ئەوەتا دادگای مێژوو ئێخەی ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەهبی دەگرێت لە گۆڕەکەیان دەریان دەهێنێت و دادگاییان دەکات. ئەو کتێبانەی نووسیویانە نەیانتوانیوە خۆیان لە دادگای مێژوو رزگار بکەن و گەرەنتی تەواوییان بۆ مسۆگەر بکەن، من دڵنیام لە پاشەڕۆژدا شیرکۆ بیکەس و چەندین لەم فەیلەسوف و روناکبیرانەی کوردیش دەکەونە بەردادگای مێژوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوەی ئەمڕۆش پشتگیریی لە پارتیی و یەکێتیی، یان بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، یان هەر بەرپرسێکی پیسخۆری ناو ئەو دەسەڵات و حیزبانەی کردبێت، بە بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکەشیەوە، ئەگەرا بۆ ئەمرۆ لایەنگریان هەبێت و لە پشتیانەوە وەستابن، بەڵام لە پاشەرۆژدا بە چاوێکی دیکەوە  دەڕوانرێتە نووسین و قسە و بۆچوون و هەڵویستەکانیان.

د. جەزا چنگیانی لە دوا نووسینیدا بەناونیشانی (کاک نەوشیرەوان یاری بەئاگر ناکات، لێ بازی بە کات دەکات) دەنووسێت:
(بڕوانە چ بەزمێکە ئێستا هەرشەقاوەیەک لەسەرکردایەتی سوپای خۆی. میدیای خۆی. مزگەوتی خۆی. بانکی خۆی.شاعیری خۆی. مۆسیقایری خۆی.دادوەری خۆی.پارێزەری خۆی. بەڵێندەری خۆی. تیرۆرستی خۆی. لەشفرۆشی خۆی. گەوادی خۆی. ئەمە کادیرانی(کۆمەڵەی مارکسی وللینی) بوون.)

د. جەزا چنگیانی دەست بۆ ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانە دەبات، کە حیزب و بەرپرسەکان بۆنەتە خاوەنیان. ئەمە تا رادەیەک راستە و لەگەڵییدام، بۆیە ئەم قسەیە هانی منی دا، کە  نووسینی رەخنەیەکی پێشووتریش لە د. جەزا، زیندوو بکەمەوە، کە پێش چەند مانگێک لەمەوبەر بۆ کوردستانپۆستم نارد، بەداخەوە بە کۆنتڕۆڵی برادەرانی کوردستانپۆستدا تێنەپەڕی، بۆیە هیوادارم پەساپۆرتی چوونە ژوورەوە وەربگرێت  و بچێتە ناو ماڵی کوردستانپۆستەوە.


///////////////////// (چوونە ژوورەوە) /////////////////////

کاتێک دەبینین داگیرکەران و دوژمنانی کورد چارەنووسی کوردیان داوەتە دەست کۆمەڵێک کەسانی مافیا و نەزان، کە هیچ لە خەمی داهاتووی ئەم میللەتەدا نیین، ئەم کۆمەڵە کەسانەیش بە ناوی حیزب و بزووتنەوەوە لە هەموو رووداوەکان بوونەتە خزمەتکارێک و غوڵامێکی داگیرکەران، بۆیە خۆجیاکردنە لەم دەسەڵات و پارتانە دەبێت لە ئاستی بیرکردنەوەکانماندا بێت، ئەگەر وانەکەین ئەوە سۆز بەسەر بیرکردنەوەماندا سەردەکەوێت و کێشەکان سادە و ساکار دەبینین.  هەموو دەزانین ئەمڕۆ عەقڵێکی قوڵی تەکنیککارانە چۆتە دنیای سیاسەت و بازرگانیی و کارە دیبلۆماسییەکانیشەوە، جیهانی داگیرکردوە، هەڵەیە کەسێکی وەک د. جەزا بێت گۆڕان بکاتە فریاد ڕەس، کاتێک دەڵێت:
"گۆڕان لە ئۆپۆزیسۆیندا بێ یان دەسەڵات تەنیا بەکۆنتڕۆڵکردنی داهاتی (ئابوری)هەرێم هەردووکیان چەک دەکات. چونکە دەنگدەرانی ئەوان دەنگیان بە پارە داوە، نەک بەئیستراتیجێکی سیاسی کوردی. بە بەرژەوەندی تاک داوە. نەک بەرژەوەندی کورد، بەڵام دەنگدەرانی گۆڕان بەهیوایەک. ئیستراتیجییەک دەنگیاداوە، کە ئەویش گۆڕینی سیستەمی سیاسی باشورە. ئەم جیاوازییە بۆ سەرجەم پێکهاتە هزرییەکانی باشور (چەپ و ئیسلامیەکانیش) وەبەشەکانی تری کوردستان زۆر گرنگە.
دۆخی ئایندەی باشور بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە. ئەمە ڕاستییەکە (حقیقەتێکە) ئەگەر ئەوان گەڕەکیان بێ بوونی خۆیان وەک دوویەکەیی سیاسی پێناسە بکەن دەبێ ملکەچی(حقیقەتی سیاسی) بن. ئیستا جەلالییەکان لە دوو زەلکاودا گیریان خواردووە".
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=66902e53

کاتێک خوێنەر ئەمە دەخوێنێتەوە، ئەو قسە و بۆچوونە زیاتر وەک خەو دەبینێت. چینەکان پەندێکی جوانیان هەیە، کە دەڵێن:
"ئەو کەسەی بڕوای بە خەو هەبێت، وەک ئەوە وایە بە ڕۆژ بەدەم خەوەوە بڕوات"
ئێمە لە د. جەزا دەپرسین: ئەرێ چۆن چۆنی گۆڕان دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئابوریی هەرێم بکات، لە کاتێکدا تا بێت خۆی لە دەسەلاتی پیسخۆری هەرێم نزیک دەکاتەوە و داوای بەشە پیسخۆری خۆی دەکات!؟ ئایا گۆڕان چۆن دەتوانێت ئەو هەموو گرێبەستی نەوت و هەراجی نیشتمانە بخاتە دەستی خۆیەوە، کە نەوشیروان مستەفا تا وازهێنانی لە یەکێتی بۆ خۆی بەشێک بووبێت لەو مێژووە؟
ئەوەی ئەمڕۆ لەو هەرێمەدا دەگوزەرێت، تەواوکەریی رابردووە، نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی دەسەڵاتن، بەلام کارەکانی پارتیی و یەکێتیی تەواو دەکەن، کوردستانی باشوور بۆ ماوەیەکی زۆرە هەراج کراوە و قۆنتەراتی هەراجەکەی لای دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیی و دوو بنەماڵەی " تاڵەبانی و بارزانی"یە. ئەمڕۆ تا بە نیوە ناچڵی مەلەفێک لێرە و لەوێ دەست دەخەیت، سەدان مەلەفی تر وەک باڵندەی یاخی لەشەقەی باڵ دەدەن. بزووتنەوەی گۆڕان لە خەیاڵی د. جەزادا کە بەڕێوە دەچێت، چۆن دەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی (ئابوری) هەرێم بکات؟ ئەوانەی دەنگیان بەگۆڕان داوە بەچ پێوەرێکی بەڕێزیان دەنگیان بە ستراتیجیەت داوە؟ داخۆ لای بەڕێزیان گۆڕان هەڵگری کامە ستراتیجی نیشتمانییە؟ چەندین ساڵە هاوڕێیانی کوردستانپۆست لە چەندین بابەتدا داوایان لە سەرکردایەتی گۆڕان کردووە، کە سنوری کوردستان دیاری بکەن و ئاماژە بەو جێگایانە بدەن کە ڕاستەوخۆ داگیرکراون، ئەوەتا عەرەبەکان بە زۆرە ملێ هەڕەشە لە کورد دەکەن، کە توزخورماتو و ناوچەکانی دیکە چۆڵ بکەن، بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە چی کراوە تا فشار بخاتە سەر دەسەڵاتی کوردی؟ چ هەڵویستێکیان هەیە و چ هێزێکیان ناردووە تا بەرگری لەو ماڵە کوردانە بکەن، کە نەهێڵن عەرەبەکان هەڕەشەکانیان جێبەجێ بکەن؟ ئێوە بۆ خۆتان باس لەوە دەکەن، هەر گەلێک خاک و نیشتیمان و دەوڵەتی نەبێت، شەرەفی نییە، ئایا بزووتنەوەی گۆڕان، مەدالیای شەرەفی نەتەوەیی کردووە بە ئێخەی خۆیدا؟  کاک نەوشیروان لە هەموو قسەیەکیدا بۆ دنیای دووبارە دەکاتەوە، کە ئەمە کوردستانی عێراقە، لە کاتێکداعێراق بەشێکە لە نیشتمانی عەرەب!؟  هێندەی نەوشیروان مستەفا لە خەمی عێراق و دەستوری عێراقدایە، بۆ خۆی یەکێکە لەوانەی دەستوری عێراقیان نووسییەوە، کوانێ لە خەمی دەستورێکدا بۆ نیشتمانی کورد و ئەو هەرێمە هەڵواستراوە؟ کە نازانرێت چارەنووسی بەرەو کوێ دەچێت؟.

با بگەڕێینەوە سەر دەنگدەران، لای هەمووان ئاشکرایە، بنەماڵەی بارزانی تەزویریان لە هەموو دەنگدانەکاندا کردووە. تەزیر و ساختە، واتە خۆسەپاندن و گاڵتەکردن بە ئیرادەی خەڵکیی، بەتایبەتی ئەوانەی، کە دەچن دەنگدەدەن. تۆ  کاتێک بزانیت ساختە لە دەنگداندا دەکرێت، ئیتر چاوەڕێی چی لەسەرەنجامەکەی دەکەیت؟ لە هەڵبژاردنەکاندا پارتی و یەکێتیی براوەن، چونکە داگیرکەران لە پشتیانەوەن، ئێمە دەبێت وەک برادەرانی کوردستانپۆست خەڵکی هان بدەین کەس نەچێتە بەردەم سندوقی دەنگدان، چونکە هەمووی ساختە و گاڵتەپێکردن و فریودانی خەڵکییە، دەنگدان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، بە پێچەوانەوە پارتی و یەکێتیی بە ناوی دیموکراتی و دەنگی ئازادەوە، لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە رەوا بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، هەموو خەڵکی ئەمە دەزانێت، بۆیە لەو دواییەدا ساردبووبوونەوە و زۆر کەس بەتەما نەبوون بچن دەنگ بدەن، بەڵام ئەوەی زۆرینەی خەڵکی نایزانێت ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕانیش بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا، هانی خەڵکی ساویلکە و ساردبووەکانیان دەدا، تا بچن بۆ دەنگدان، کەوابوو بزووتنەوەی گۆڕان تەواوکەری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییە، رۆژ بەرۆژ زیاتر نزیکیی و پەیوەندییەکانیان دەردەکەوێت، کە چەند لە خەمی مانەوەی یەکتردان، ئەو مناوەرە و قسانەی گۆڕان لە کەناڵەکانیەوە دەیکات، بۆ چەواشەکردنە، دەنا گۆڕان چ هەڵوێستێکی جدی هەیە لەسەر ئەو هەموو تەزویر و فێڵکردن و بیموڕاڵییە؟ دیسان لێرەدا بەبیر د. جەزای دەهێنمەوە، کە لە یەکەم هەڵبژاردندا نەوشیروان مستەفا لەبارەی تەزویر لە تەلەفیزۆنی (الجزیرە)ی عەرەبی ووتی:
 "ئێمە بێدەنگ نابین سکاڵا دەکەین لێرە و لەبەغداد و لە دنیا، دەرەوەش تێدەگەیەنین کە تەزویرمان لێکراوەو ئەو هەڵبژاردنە شەرعی نییە، گەر هیچمان بۆ نەکرا ئەوە دێنەوە لای خەڵکی خۆمان و شەقام دەجوڵێنین".
کاتێک کە زانیان ٢٥ کورسیان لەناو پەرلەماندا هێناا، هیچ لەو بەڵێنانەیان نەبردە سەر و بێدەنگیان لێکرد. بزوتنەوەی گۆڕان هێندەی چاویان لەسەر هەرێمی سەوز بوو، هەر باسی هەرێمی زەردیان نەکرد، پاشان مەسعود بارزانی وەک تەحدایەک هاتە تاسڵوجەی سلێمانی خیتابێکی دا لەناو هەناوی جاشە دڕەکانی خزمی "تەحسین شاوەیس"ی برایدا، بەڵام نەوشیروان مستەفا، کە ڕابەرایەتی گۆڕان دەکات، نەیویست لەگردەکە بێتە خوارێ و نەشهات. هەر ئەوەی هەڵوێستی گۆڕان لە١٧ی شوباتدا دیمان کە هەڵویستێکی نەشیاو نائۆپۆسیسۆن و نەرم بوو، ئەمە بووە مایەی پرسیاری زۆر. لەسەرو ئەوانەشەوە لە بیرمان ناچێتەوە قسە مێژوویەکەی کاک نەوشیروان کە بە مەسعود بارازانی ووت :
"ئێوە کەسێکی ئەمینن"
گۆڕانخوازەکان بڕوایان نەکرد و بێدەنگیان هەڵبژارد، لەدوایشدا لە ڕێگەی پارتییەوە بۆ دڵنیابوون ووترایەوە.
د. جەزا چنگیانی لەمێژە لەناو ووتارەکانیدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە جەلالی دەشوبهێنێت، کەچی بۆ تاکە جارێکیش دان بەو ڕاستیەدا نانێت کە گۆڕان بڕوانامەی هەمان قوتابخانەی پێیە کە بە جەلالییزم ناسراوە.

لای هەموومان ئاشکرایە، ئەگەر گۆڕانکارییەک بمانەوێت ڕووبدات، یان بمانەوێت شتگەڵێک بگۆڕین بەبێ ململانێ و توندوتیژی ئەو کارە مەحاڵە، بەتایبەتی گۆڕینی دەسەڵاتی بنەماڵەی مەلامستەفا و تاڵەبانی، لەخەیاڵ دەچێت ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە سیستەمێک لەو هەرێمەدا بگۆڕین، خەونی شاعیرانەیە. ئەمە سەری چەندەمین جارە تاقی کراوەتەوە. گۆڕان تاکو ئێستا شۆڕشی فیکری بەخۆیەوە نەدیوە. ئاخر چۆن فیکرێک لەناو بزوتنەوەیەکدا دەبێت، لە کاتێکدا شۆڕشی فیکری غایب بێت، ئەی چۆن شۆڕشی سیاسی ئەنجام دەدات؟ ئێستا گۆڕان لەگەڵ پارتیدا حکومەت دروست دەکات، ئیتر دەبێت ڕەخنە نەرمەکانیشی لەگەڵ چوونە ناو دەسەڵاتەوە بپێچێتەوە و یاری بە سۆز و عاتیفەی خەڵک نەکات.
گۆڕان بە قسەی خۆی ویستی ستەم لەنیشتمانی ئێمەدا نەهێڵێت و ڕژێمی ستەمکار پاشەکشێ پێبکات. ئێستا وەک د. جەزا دەڵێت: کاتێک بچنە ناو سیستەمەوە داخۆ نابن بە بەشێک لەو ستەم و دزیی و گەندەڵی مشەخۆرییە؟ ئەوەتا بە دانپێنانی کارمەندێکی ئێن ئاڕ تی، کۆمپانیاکەی شاسوار عەبدولواحید و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەوروپا خەریکن کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی دابنێن، خوشکی شاسوار عەبدولواحید چۆتە ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە و خۆی کاندید کردووە، مستەفای سەید قادر، کە کاندیدە بۆ وەزیری ناوخۆ، کەسی نێوان ئەو کۆمپانیایە و بزووتنەوەی گۆڕانە، کۆمپانیای نالیا لە رێگای مستەفای سەید قادرەوە پارە بە گۆران دەدات؟ ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی وردە وردە چەند کارمەندی بێلایەنی نالیا دەست لە کاربکێشنەوە، چونکە دەڵێن: تەلەفیزیۆنی ئێن ئار تی بێلایەنی خۆی لەدەستداوە! ئەمەش بە کۆمپانیاکردنی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئیتر چۆن گۆڕان دەتوانێت کۆنتڕۆڵی داهاتی (ئابوری) هەرێم بکات، کە ئەو لە بزوتنەوەیەکەوە ببێت بە کۆمپانیایەک و خەریکی پیسخۆریی بێت؟

د. جەزا لەم وتارەی دواییدا دیسان هاتووە نەوشیروان مستەفا دەکاتە سیاسەتمەدارێکی لێزان و دەڵێت: "کاک نەوشیروان یاری بەئاگر ناکات، بەڵکو یاری بە کات دەکات.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=6ad0b2a5
بۆ د. جەزای روون دەکەمەوە، کە ئەو جێگایەی نابێ یاری پێ بکرێت، تەنها نیشتمانە هەراجکراوەکەی ئێمەیە. نەوشیروان مستەفا نە یاری بە کات دەکات، نە بە پارتیی، بەڵکو یاری بە عەقڵی کورد دەکات!
د. جەزا چنگیانی نەیتوانیوە بۆمان روون بکاتەوە، کە مەبەست لە کات چییە؟ ئەم ناونیشانە چ پەیوەندییەکی بە کاتەوە هەیە؟ یان ناوەرۆکەکەی چەند لە ناونیشانی باسەکەوە نزیکە؟ ئەو لای وایە نەوشیروان مستەفا دەتوانێت لە بنەماڵەی بارزانی بباتەوە، ئەو پێی وایە دانیشتن و گفتوگۆ، کێشەکان چارەسەر دەکات! پەندێکی ئیتاڵی هەیە دەڵێت:
" ئەو کەسەی هەنگوین لەگەڵ ورچدا بخوات، کەمترین بەشی بەردەکەوێت"
بەم بیرکردنەوە و دنیادیدەیەی ئیستایانەوە، نەوشیروان ناتوانێت لە ورچە بارزانییەکانی بەرێتەوە، ئەگەر پەنجەش بە هەنگوینەکەدا بکات، نابێت بۆ دەمی خۆی بەرێت، دەبێت بیکات بە دەمی مەسعودەوە، کە بشچێتە دەسەڵاتەوە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی داهاتی هەرێم بکات! ئەو بەشەش وەرناگرێت، کە رووی جوان بکات. جێگری سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران، جێگری فڵانە پۆست و ئەمانە، تەنها شۆرینی  قاپە هەنگوینەکەیە، کە پارتی دەیخاتە بەردەستی، نەوشیروان، تەنها لستنەوەی قاپەکەی بەردەکەوێت.
گۆڕانخوازەکان هەموو ئەو شتەی هەیانە، کە باسی دەکەن دەست پاکی و سادەیی نەوشیروانە، بەڵام هەرگیز لە خۆیان نەپرسیوە، بۆچی نەوشیروان مستەفا ئەو هەموو موشەخۆرە بەخێو دەکات؟ بۆچی ئەو هەموو دزەی لە خۆی کۆکردۆتەوە؟! ئەو هەموو کەسە دەبڵموڕاڵ و داوێنپیسانە کاری لەلا دەکەن!؟
لە سەفەری دووهەمیدا بۆ سەری ڕەش وێنەیەکیان لە پەیجە کۆمەڵایەتییەکەی فەیس بووک داناوە، نەوشیروان لە کانی وەتمان نان دەخوات، گۆڕانخوازە خوێن شیرینەکان دەڵێن: سەرکردەی سادە دیارە!
د. جەزا چونکە زانیارییەکانی تەنها لەڕێگەی کۆمپیوتەرەکەوەیە، بۆیە زوو دێت بە ووتارێک خەونەکانی خۆی ڕام دەکات، ئەوە چەندەمین جارە ووتار دەنووسێت و باسی کاریزمایی و دنیا دیدەنی نەوشیروان دەکات. لە کاتێدا کاک نەوشیروان بەقەدەر قورسایی کێش و باڵای مەسعود بارزانی کتێب و نامیلکەی دژی بنەماڵەی مەلامستەفا نووسیوە، کەچی ئەمڕۆ مێدیایی گۆڕان دەڵێ:
"بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی بزانێت، نەوشیروان مستەفا دژی بنەماڵە نییە.".

من لام خۆشە بە د. جەزا بڵێم: تاوانە ئێمە سڵ لەکارەساتەکان بکەینەوە، کە دەبێت ڕووبدەن. ئەوەتانێ بنەماڵەی بارزانی سەدان مەلا مستەفایان ئامادە کردووە. ئەگەر لە شەقامەکانی هەولێردا بگەڕێیت سەدان هەزاران جامانە سور دەبینی، کاتێکیش لە گەرمەی بریناربوونی سلێمانیدا لە١٧ی شوباتدا نەوشیروان مستەفا" ئاری هەرسین"ی بەجامانەی سورەوە هێنایە سەر تەلەفیزۆنی کەی ئێن ئێن بۆ ئەوەی  ئەو پەیامە بگەیەنێت و هێندەی تر خەڵکی لە بێ هیواییدا نقوم و تەسلیم بە ئیرادەی پارتی و مەسعود بارزانی بکات، ئاری هەرسینیش پەیامی خۆی گەیاند وتی: "پارتی لە سلێمانی  ڕەزا گران نییە".

د. جەزا چنگیانی ئەمە جاری یەکەمی نییە، ووتاری گەشبینی لەسەر گۆڕان دەنووسێت. خۆزگە بۆ خۆی ڕاستەوخۆ دەچوو دەبووە کەسێکی ئەکتیف لەناو ئەو بزوتنەوەیە، یان ماوەیەک لە گردەکە دەمایەوە، لەگەڵ گۆڕانخواز و پیاوە نزیکەکانی کاک نەوشیرواندا هەڵسوکەوتی دەکرد، بزانێت چۆن خۆینی جەلالیزم لە ناو دەمارەکانیاندا هاتوچۆ دەکەن؟ ئەگەر راست دەکات بچێتە گردەکە رەخنەیەکی نەرمیان لێبگرێت، بزانە چۆن هەموو گۆڕانخوازەکان بایکۆتی دەکەن و رووی لێوەردەگێڕن!. ئەوەی دەڵێت: یەکێتیی نەماوە، راست ناکات، چونکە یەکێتی حیزبێک نییە،، عەقڵێکە مێژوویەکی دوور و درێژ دروستی کردووە، نەوشیروان مستەفا ئەو عەقلەی لە گردەکە موتوربە کردووە و  چەقاندوویەتی!
یەکێتی هەرچەندە بە پراکتیک وەک رێکخستن نەماوە، بەڵام ئەو عەقلە خەریکە لە گردەکەوە بە ناوی گۆڕانەوە خۆی دروست دەکاتەوە.

ئەگەرچی د. جەزاچنگیانی وەکو نووسەرێکی کوردستانپۆست ناسراوە، وەک من تەنها نووسینەکانی لە کوردستانپۆست بڵاودەکاتەوە، بۆ خۆشی هاوسەفەرە لەکەشتییەکەدا، بەڵام د. جەزا بەپێچەوانەی برایانی کوردستانپۆست سەوڵەکەی لێدەدات، ئەوەش لای کوردستانپۆست نامۆ نییە، چونکە ئەگەر هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە، مانای وایە بیر ناکەینەوە.

بۆ کۆتایی ئەم نووسینەم: کاتێک نەوشیروان مستەفا لەناو یەکێتیدا ئاڵای یاخیبوونی هەڵکرد، زوو زوو دەیووت من لە ئەدای تاڵەبانی رازی نیم، کە ڕەفتار بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی، لەناو یەکێتیدا دەکات، کەچی ئێستا خۆی دەڕوات لە ژوورە داخراوەکاندا دوور لە چاوی مێدیاکان لەگەڵ بارزانی ئەمیندا کۆدەبێتەوە، ئەو بارزانییەی بە زۆریش کورسییەکەی خۆی جێ ناهێڵێت. پاش چەند ساڵی تر، کاتێک پارتی گۆڵ لە گۆڕانیش دەکات، ئەو دەم کاکە نەوە ئەمە دەکات بە نامیلکەیەک بیرەوەری دیدارەکانیمان لەگەڵ پیاوە قەزمەکەی هەرێمدا بۆ دەنووسێتەوە و دەیکات بە هەڵوێست نواندنێک و رەخنەی لێدەگرێت.
  " لە خاک و نیشتمانێکدا، ئەگەر سێبەری کەسە بچوکەکان گەورە کران، ئەوە بزانە لەو نیشتمانەدا خۆر لە ئاوابووندایە"  (عەلی شەریعەتی).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە