پێویستە بە ئەقڵی نووسینەوەی مێژوودا بچینەوە

Tuesday, 25/11/2014, 12:00

2675 بینراوە


(ئەوەی لە ئێستادا جاش و باش تێکەڵاو دەبێت سەرچاوەی لە شکانەکانی مێژووەوە گرتووە، کە پێوەری وڵاتپارێزییش بۆ هەڵسەنگاندن تیایاندا شکستی هێناوە.)

ژێردەستیی لە ناوچونی پرەنسیپی وڵاتپارێزییشە بۆ هەڵسەنگاندن

هەڵوێستگرتن و تێگەیشتن بەندن بە موراڵەوە نەک بە زانیارییەوە

نەبوونی ئەقڵی ئازاد رێگای زانیاریی بڕیووە لە روناکبیران
-----------------------------------------
بە گوێرەی وتارێکی کاک ئەیوب بارزانی مێژوونوسی کورد ئازاد نییە لە نووسینەوەی مێژوودا وەکو خۆی. مێژوو دەبێت بە ئارەزووی دەستەڵاتی هەرێم بنوسرێتەوە. ئەگینا نوسەر سزا دەدرێت.
لە راستییدا بەگشتیی "فاکتەری سەردەم" هەمیشە کاریگەرە لەسەر چۆنێتی بیرکردنەوەو هەڵوێستگرتن. مێژووش بەدەرنابێت لەم دیاردەیە. فاکتەری سەردەم لە رێگای ژمارەیەک روانگەی سەردەمەکەوە گوزارشت لە خۆی دەکات. بۆ نموونە:

١. روانگەی ئایدۆلۆجیی. لە سەردەمی کۆمۆنیزمدا لێکدانەوەو نوسینەوەی مێژوو تا رادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی مارکسیزمدا بوو.
٢. روانگەی بەرژەوەندیی. لەم روانگەیەوە نوسەر لە پێناوی دەستکەوتدا بە دڵی دەستەڵات دەنوسێت. بێ خەم بەسەر روداودا باز دەدات، روداو کلکوگوێ دەکات یان لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ دەکات و پینەچێتییان تیادا دەکات.
٣. روانگەی زۆرداریی. دەستەڵاتێکی رەها کە هەموو بڕیارێکی لە دەستدا کۆ بووبێتەوە بڕیاری ئەوەش ئەدات کە مێژوو چۆن ببینرێت و چاوەڕێی چی لێ بکرێت. لێرەدا کێشەکە تەنها هەر دەستەڵات نییە. بەڵکو جەماوەری ملکەچ و زەلیلیش مافی ئەوە بە خۆی نادات دنیا بە شێوەیەک ببینێت کۆیلەدارەکەی بۆی دیاری نەکردبێت.
٤. روانگەی بێتوانایی. نوسینەوەی مێژوو ئامادەییەکی زانستیی دەوێت کە لە ئاستی ئەرکەکەدا بێت. هەژاریی نوسەری کورد لە پرەنسیپە زانستییەکانی نوسینەوەو لێکدانەوەی مێژوودا فاکتەری روانگەیەکی ترە لە نەبوونی مێژوودا لە ئاستێکی زانستییدا. نەبوونی توانای زانستیی جێگا چۆڵ دەکات بۆ ئەوەی نوسەر بە مەزاج بنوسێت.

جەوهەری کێشەکە لێرەدا ئەوە نییە کە بە گوێرەی کام ئایدۆلۆجیی مێژوو بنوسینەوە. چونکە کە ئایدۆلۆجییەکمان دیاری کرد ئەوسا دەگلێینەوە لە روانگەیەکی ترەوە کە رەنگە لامان وابێت بۆ ئەم سەردەمە چارەسەرە بەڵام بۆ داهاتوو بڕ نەکات. ئەوەی جەوهەرییە ئەوەیە کە تێبکۆشین بۆ دامەزراندنی سیستێمێکی زانستیی بۆ بیرکردنەوەو تۆمارکردن. ئەمەش ناکرێت بە بێ هەبوونی ئەقڵێکی ئازاد. ئەقڵێک ئازاد لە هەموو ئەو فاکتەرانەی کە بیرکردنەوەو تێگەشتن لەسەر هێڵی زانستیی لادەبەن. بۆ ئەمەش پێویستە موراڵێکی زانستیی مێژوونوسینەوە گەشە پێ بدرێت. ئەم چالاکییەش ناتوانێت دابڕاو و تەنها بکەوێتە سەرپێی خۆی. بەڵکو بەشێک دەبێت لە شۆڕشێکدا کە کۆمەڵگا پێویستە لەناو خۆیدا بیکات. هێڵێک دەبێت لەناو خۆرێکخستنەوەی کۆمەڵگای کوردییدا لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتییدا. کۆنتراکتێک کە دەستەڵاتی سیاسیی تیادا نوێنەرێکی کاتیی سیستێمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بێت. نەک وەکو ئێستا کە ژمارەیەک پیسخۆر خاوەنی خاک و خەڵکن و داهاتووشمان بۆ گەمەی میراتگرانیان بێت.
تێگەشتن و هەڵوێستگرتن لە روداوەکانی ئەمڕۆ بە موراڵێکە کە دابڕو نییە لە مێژوو. مێژووی کوردیش بە گشتیی مێژووی ژێردەستییەو راپەڕینە دژی ئەم ژێردەستییە. کورد کە شکاوە هەر چەکی دانەناوە. ئەقڵیشی داناوە. خراوەتە سەر سکەیەکی بیرکردنەوە کە سەرچاوەی لە سروشتی خۆیەوە نەگرتووە. بەڵكو هەلومەرجی کۆلدان، ژێردەستیی و مکلەچیی بۆی دیاری کردووە. کۆڵدان لە وڵاتپارێزیی وای کرد کە ئەوانەی خزمەتی داگیرکەری نیشتیمانیان کردووە بە پێوەرێکی وڵاتپارێزییش نەنرخێن. چونکە ژێرکەوتن و کۆڵدان مانای لەناوچوونی پرەنسیپی وڵاتپارێزییشە بۆ هەڵسەنگاندن. ئەمە رێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی کە ئەو کەسانەی لەسەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیاندا داردەستی ئێنگلیزو عێراق بوون، بگرە سوپاشیان بۆ دوژمن دروست کرد، نەک هەڵوێستیان لێ نەگیرا بەڵکو بە روناکبیرو پیاوی گەورە دانراون چونکە کتێب یان شیعریان نوسیووە.
هەڵوێستگرتن و تێگەشتن بەندن بە موراڵەوە نەک بە زانیارییەوە. روناکبیرانی کورد کەسەکان و روداوەکان لە زانیارییەوە هەڵناسەنگێنن. چونکە نەبوونی ئەقڵی ئازاد ئەو رێگایەی لێ بڕیوون. روناکبیران بەگشتیی لەو روانگەیەوە دەڕوانن کە شکست و ژێردەستیی بۆی دیاری کردوون. بۆیە کێشەی پیاچوونەوەی مێژوو لە کێشەی پیاچوونەوەی موراڵ جیا نابێتەوە. ئەوەی لە ئێستادا جاش و باش تێکەڵاو دەبێت سەرچاوەی لە شکانەکانی مێژووەوە گرتووە کە پێوەری وڵاتپارێزییش بۆ هەڵسەنگاندن تیایاندا شکستی هێناوە. کارەساتی هەڵەبجە هیچ پرسیارێکی نەخستە سەر دەستەڵات. روداوی شەنگال، داعش و بازرگانیی نەوت و چەک کەسیان تاوانبار نەکرد. دەستەڵاتدار بە پێی ئەوە سەرکردەی نەتەوەیی نییە چونکە بۆ نەتەوە هەوڵی داوە. بەڵکو بەو یاسایەی جەماوەری سەرکوت کردووە.
ژێردەستیی و تێکشکاویی، ماف و ئیرادە لە مرۆڤ دەسەننەوە. مرۆڤێک دروست دەکەن وەکو مەڕ چاوەڕێی شوان بێت. بۆیە ئەو دەستەڵاتەی لە هەمووان بەهێزترە ملکەچیی جەماوەر دەباتەوە. گرنگ نییە دەستەڵات ئەو هێزە لە کوێوە دێنێت. چونکە کۆمەڵگای ژێردەستە مافی هەڵبژاردنی نییە تا زانیاریی و هەڵسەنگاندن بەکەڵکی ئەو بێت. مەسعود بارزانی بە هێنانی سوپای عێراق لە ٣١ی ئابدا جێگای لەق نەبوو. بە پێچەوانەوە، جەماوەر بەگشتیی زیاتر لە ملکەچیی خۆی دڵنیا بوو. مێژوو لەناو ئەم پرۆسەیەدا فۆرم وەردەگرێت. فۆرمێک کە جەماوەری پێ ملکەچی دەستەڵات بێت. جەماوەری ئەقڵکەچ لە روداوەکان مێژوویەک دەفۆرمێنێت داوای شتێکی تری لێ نەکات لە سنوری توانای ئەودا نەبێت.
کاک ئەیوب بارزانی باس دەکات کە سەرۆک کۆماری تونس "مونسیف المرزوقی" کە کەسێکی دەگمەنە لە ناو تێکۆشەرانی عەرەبدا لە پاکیی ومرۆڤایەتییدا، داوای نوسینەوەی مێژووی عەرەب دەکات. چونکە ئەو میژووەی هەیە هەڵەی تیایە. دەستەڵاتێکی کوردیی کە بە دەنگدانی جەماوەرێکی ژێردەستەو زەلیلکراو رەوایی داوە بە خۆی، ئەرکی ئەوە نابێت مێژوو بە جۆرێک بنوسێتەوە کە بۆ جەماوەرەکەی نامۆ بێت. چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگای کوردیی لە باشوردا بە پێی زانیاریی و زانست ناڕوات بەڕێووە. بۆیە ئەوەی کە کاک ئەیوب داوای دەکات بریتی نییە لە راستکردنەوەی چەند تێکستێک. بەڵکو رێکخستنەوەیەکی موراڵییە کە رابوردوو، ئەمڕۆ و داهاتوو دەگرێتەوە.

ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

ناسر حەفید
مەفرەزەی قەڵەم
نوسەرانی ئەقڵی ئازاد
٢٠١٤/١١/١٩

https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts




سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە