بارەگاى حزب وەكو پەرەستگایەكى لاهووتى

Thursday, 16/05/2013, 12:00

1460 بینراوە







لە پاش ڕاپەڕینەوە ، حزب كەشێكى كۆمەڵایەتى و سیاسى سەر سووڕهێنەرو نامۆى گواستەوە بۆ نێو مێژووى كۆمەڵگاى كوردستان كە پێشتر دنیاى ئێمە بەو كولتورو شێوە مامەڵە كردنە ئاشنا نەبوو ،ئەویش سیخناخ كردنى كوچەو كۆڵانەكانى شارەكان بوو بە بارەگاى حزبى هاو شێوەى مزگەوتەكان، وە لە نێو ئەو بارەگایانەدا هەزاران ئینسان بە ناوى ((كادرى حزبیەوە)) لە چوار چێوەى سیاسى حزبەكاندا وەكو كومپانیایەكى تێكشكاوو بێ بەرهەم بە چەشنێك كە كەرەستەكانى كلاسیك و لە كار كەوت بێت ، یان وەكو ڕاهب گەلێكى نێو پەرەستگاكانى لاهوتى سەرقاڵن بۆ جێبەجێ كردنى بڕیارەكانى سەرانى خێڵەكى ئەو حزبانەو ، درێژە بە ڕەوشێك دەدەن كە تێیدا وا خەریكە سیستەمێكى سەرتاپاگیرى لێ دێتە كایەوە ،ئەمانە سەربارى ئەوەى هیچ بەرهەم و داهاتێكى مادى ومەعنەوى و ڕۆشنبیریان نییە بۆ كۆمەڵگاكەیان لە گەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەكى مشەخۆرى بوونەتە بار بە سەر بوودجەو سامانى وڵاتەوە ، ئەو حزب و ڕێخراوانەى خاوەن بارگایەكى یەكجار زۆرن پەیوەندیەكى كۆمەڵایەتى كۆیلایەتیان سەر لە نوێ گێڕایەوە بۆ نێو كۆمەڵگاى كوردستان بەڵام بە فۆرمێكى مۆدێرنە و ئاوا كردنى ئەو پەیوەندیە كۆیلایەتیەش لە سەر بنەماى ئابوورى بوو ، چونكە حزب نەك دەوڵەت خاوەنى داهات و سامانى ئەم وڵاتەیە ، ژیان و بژێوى ئەو كادرانەش وەكو ڕاهیبەكان چۆن وابەستە بووە بە ئابوورى پەرەستگاكانەوە ئەوانیش وابەستەیە بە مەقەڕى حزبەكانەوە، لەو سۆنگەوە دەبێت وەكو ڕاهیبەكان مل كەچ بن بۆ فەرمان و داواكارى مەعبودە سیاسیەكانیان . ئەو ترادسیۆن و ڕێچكەیەى كە ڕاهیبەكان وەكو كولتورێكى تێولۆژى لە پەرەستاگاكاندا خەڵكیان لە سەرى ڕادەهێنا بۆ پەرەستنى موقەدەساتەكان و خوداكان و ڕاگەیاندنى بەندەیى خۆیان لە ئاست پەرەستراوەكاندا ،لە مەقەڕى حزبەكانیشدا كادرەكانى حیزب بە هۆى بەر تەسكى هۆشیاریان و نا ئاشنا بونیان بە دنیاى سیاسەت جگە لەوەى وەكو خودا سەركردەكان دەپەرەستن و پەرەستراوێكى موقەدەسى ئینسانى سیاسی خێلەكى بۆخۆیان گڵاڵە كردووە ، وەكو سەربازێكى هەمیشە ئامادە ئەو پەیوەندیە كۆیلایەتیەى كە خۆیان بە بنەما گردویانە دەخوازن بە سەر كۆمەڵگاشدا بیسەپێنن . لە گەڵ ئەوەشدا ئەركێكى دیكەش ئەنجام دەدەن كە بریتیە لە دسپلین كردنى خەڵك و كۆ كردنەوەى زانیارى هەواڵگرى لە سەر دانیشتوانى گەڕەك و هاوشاریەكانیان . پێشتر ئەوەى هەبوو لە شارەكاندا ((مەقەڕى مونەزەمەى حزبى بەعس)) و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانى ئەو بوو كە جێى نەفرەت و ڕقى خەڵكى كوردستان بوون، چونكە ئەو بارەگاو دەزگا سەربازیانە كارى چاودێرى سیاسى و ستەمكارى و كردارى بە بەعسى كردنى زۆرە ملێى تاكەكانى كۆمەڵگا بوو، بۆیە خەڵك بە چاوێكى نەفرەت و ڕقاوییەوە تێیانى دەنواڕى . وەكو ئەوەى ئێستا كۆمەڵگاى ئێمە كۆمەڵگایەكى موتەحزبە،پارادۆكسى بارگاى حزب هاو شێوەى دامەزراوە كۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژى و بیرۆكراسیەكانى دنیاى ئێمە هەر لە دەمەزراوەى ئاینیەوە بیگرە تا دامەزراوەى ئیدارى و پەروەردەیى و پانتایەكى فرەوانى داپۆشیوە لەم ووڵاتەدا ، هەروەها كارێگەریەكى پەروەردەیى ئایدۆلۆژى نەخشە بۆ كێشراوى نەگەتیڤ و قووڵیشى چاندووە لە چۆنیەتى ئارایشدانى بارى سایكۆلۆژى تاكەكان و شێوازى بیر كردنەوەیان . بۆ ئەوەى بوونى خۆت بسەلمێنیت دەبێت سەردانى بارەگا بكەى ، بۆ ئەوەى كارێكت دەسكەوێت ، یان دامەزرێیت لە یەكێك لە فەرمانگەكانى حكومەتدا دەبێت سەردانى بارەگا بكەیت و بتناسن تا تسكیەت بۆ بكەن ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى سەرهەڵدانى حزب و بارگاى حیزبى لە پاش شۆڕشى گەورەى فەرەنساوە ، بونیادى ئەم پێكهاتە سیاسى و كۆمەڵایەتیە بەشێك بووە لە داهێنانەكانى مۆدێرنە.ئەم پارادۆكسە ئۆتۆریتەیە((دەسەڵاتخوازیە)) دەیەویست هەژموونى خۆى بسەپێنێت بە سەر دام و دەزگاكانى دەوڵەتدا و دەسەڵات بۆ چینێك مۆنۆپۆڵ بكات . لە گەڵ ئەوەشدا حزب و بارگاى حزبى ئەو كات و ئێستاش بەو چەشنە نەبووە كە ئەمڕۆ لە دنیاى ئێمەدا وەكو تۆڕێكى كۆمەڵایەتى خۆ سەپێنەر ژیانى سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى تاكەكانى ئەم جڤاتە دیاریدەكات و ، دواجاریش ئاراستەیان دەكات . ڕەنگە ئەو كات لە نێو بۆتەى حزب و بارگاى حزبى دەیان بیرمەندو ڕۆشنبیر سەریهەڵدا بێت ، ئەو بارگایانە وەكو سەنتێزێكى سیاسى و ڕۆشنبیرى و كۆمەڵایەتى ڕۆڵێكى پۆزێتیڤى گێڕاوە بۆ پەروەردە كردنی دروستى تاكەكان لە سەر بنەماى زانستى و هاوچەرخانە . هەر ئەوەش بووە زۆرێك لە بیرمەندان لە نێو حزبدا چرۆ دەكەن وەكو ((بلیخانۆف و، گرامشى و ،دیمترۆف و، جان پۆڵ سارتەرو، ئەڵتوسێرو، میشیل فۆكۆو ، بیكاسۆ)) دەیان بیرمەندى دیكە دەبنە تێورێسێنى حزبى بۆ ماوەیەك لە نێو حزبدا كارى سیاسی دەكەن . بەڵام لە لاى ئێمە حزب و بارگاكانیان ڕەوشێكى جێواز تریان پێشكەش كرد ، بوون بە مەعبەتێكى لاهوتى بەڵام بە ناوى كایەى سیاسى مۆدێرنەوە خۆیان پێناسە دەكەن ، كە چى سیاسەتیان كردۆتە مەهزەلەو لە چەمك و واتاو ئامانجى تایبەتى خۆى داماڵێنراوە . بارگا بۆتە ناوەندێك كە تاكەكان تێیدا جگە لە مل كەچ كردن بۆ كارەكتەرە سیاسیەكان و پەرەستنیان ،دیسان بە شێوەیەكى كارا كارى كردووە بۆ چاندنى ڕۆحێتێكى ڕق لێ بوونەوە و بێز لێ هاتنەوە لەوانیتر ، كە لە ڕووى سیاسی و بیر كردنەوە لەمان جێوازن و لە ڕیزى تەوژمى سیاسى ئەماندا نیین و، ڕەنگى ئەمانیان پێ قبوڵ نییە ،ئەم یەكتر قبوڵ نەكردن و بێز لێ هاتنەوە لە ئەوانیتر فاكتەرێك بووە بۆ خوڵقاندنى پەشێوى كۆمەڵایەتى . پایەدار كردنى دۆخێكى لەم چەشنە واى لە حزبە بە شەڕ هاتووەكانى كوردستان كرد بۆ چەندین ساڵ لە شەڕى ناوخۆیدا بتوانن درێژە بە شەڕە كۆنەپەرەستەكانیان بدەن و ، لە ڕێگاى ئەو بارەگایانەوە خۆراكیش بۆ چەرخاندنى مەكینەى ئەو شەڕانە پەیدا بكەن و، ئەو خۆراكەش بریتى بوو لە هاڕینى جەستەى گەنجانى نیشتمانەكەمان و بە تەڵەزگەى لاهوتیەتى سیاسى ئەوان كۆتایى بە تەمەنیان هات . هەندێك جاریش بارگا بۆتە ناوەندێك بۆ پارێزگارى لە كەسانى تاوانبارو لە یاسا دەرچوو داڵدەدانى مرۆڤى پۆخڵەوات ، هەروەها بارگاى حزبى بۆتە ناوەندێك بۆ دەست تێوەردانى سیاسى فەرمانگەكانى بەرێوەبردنى حكومەت . هەر لە ڕێى ئەو بارگایانەوە بە بڵنگۆكانیان ئەمجادى سیاسى خۆیان ڕادەگەیاندو هەندێك دەستەواژەى نیشتمانى و نەتەوایەتیان بە كار دەهێناو دەكرانە دەسپێچێك و سومبڵ بۆ لە خشتە بردنى گەنجان و كۆ كردنەوەیان لەو بارەگایانەدا . كەواتە بارگاو مەقەڕى حزبەكان ئەزموونێكى ناشرین و دوور لە فۆرمى مۆدێرنەى سیاسى لە كوردستان پایەدار كرت ، دەكرێت بە وێنایەك بیچوێنین كە لە دیمەنى دەرهاوێشتەى پەرەستگاكانى لاهوتی دەچێت ، چونكە بڕوایەك لە لاى هەوادارانى دروست دەكات جگە لەو بڕواو بەرنامەیەى كە بۆى دیارى كراوە ، هەرگیز بیر لە هزرێكى دیكە نكاتەوە و بڕواشى پێ نەكات . بەڵام لە ئەنجامى ئەو پێشكەوتن و گەشە كردنانەى كە لە بوارى تۆڕەكانى گەیاندن و پەیوەندى هاتۆتە ئاراوە خەڵك زیاتر لە زانیارى ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە سوودمەند بووەو ، بووتە سەرچاوەیەكى گرنگ بۆ بە دەست هێنانى زانست و زانیارى ، كارێگەریەكى بەرچاوى نواندووە لە هۆشیار كردنەوەو ڕۆشنبیر كردنى تاكەكانى كۆمەڵگا و گەنجان و زیاتر ئاشنا بوون بە ئامانجى نەگەتیڤیانەى ئەو بارگایانە . ئەوەش تا ڕادەیەك كێرفى بازاڕى ئەو بارگایانەى هێناوەتە خوارەوە وەكو مەرجەعێكى سەرەكى بۆ خڕ كردنەوەى خەڵك ، ئێستا پتر ئەوانە ڕوو دەكەنە ئەو بارگایانە كە بژێوى و بارى ئابووریانى پێوە پەیوەستە ..



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە