ڕۆژ ژمێری "شارێک" و سەرنجی بینەرێک

Wednesday, 20/02/2013, 12:00

1836 بینراوە







ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە وەکو بینەرێکی ئەم "شانۆگەری یە" بە ناو درامایە چەند سەرنجێکی خۆم دەر بڕم دوور لە هەموو ئامانجێکی تایبەتی. لە سەرەتاوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرنجەکانم زیاتر بوون و خۆم ڕاگرت تا ئەم کاتە کە "دراماکە" گەیشتۆتە ئەو شوێنەی کە ئەتوانرێت بینەر بە تێرو تەسەلی سەرنج و بۆچوونی خۆی لە سەر بڵێ. من وەکوو بینەرێک قسە دەکەم و پسپۆڕ نیم لە بواری نواندن و دەرهێنان و درامادا. هەر چەندە زیاتر حەز ئەکەم لە سەر دەقی دراماکە هیچ نەڵێم بەڵام پێم وایە کەموکوڕیەکانی ئەم کارە یەکتری تەواو ئەکەن هەر لە نووسین و دەرهێنان و نواندنەوە تا دەگاتە شوێن و کات و جل و بەرگ و زمان و ناوەرۆکی چیرۆکەکەوە. وەک دیارە ئەم کارە لە لایەن دوو کەسەوە نووسراوە کە هەر یەکێکیان لە دوو شوێنی جیاواز و دوور لەیەکن و لە هەمان کاتیشدا پێم وابێ لە بیرووبۆچوونی تایبەتیاندا لە یەکەوە دوورن؟ئەی باشە چی وای کرد ئەم دوو بەڕێزە یەک بگرن و سیناریۆیەکی هاوبەش بنووسن دەربارەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمێکی شاری سلێمانی کە ئەو دوو بەڕێزە ڕەنگە ئەو کاتە لە دایک بووبن.
چیرۆکی بەرهەمهێنانی ئەم کارە خۆی لە خۆیدا وەکوو مەتەڵێک وایە. کاکی دەرهێنەر لە هەولێرەو سەر بە هەرێمەکەی ئەولایەو کاکی نووسەر سەر بە ئەم هەرێمەی ترە. ئەکتەرەکان سەر بە هەردوو هەرێمەکەن و تیایاندایە کە لە سلێمانی جێ ی نابێتەوە. ئەم درامایە چۆن لە کوردسات وەرگیراو ئایا هەڵسەنگێنراوە پێش ئەوەی پەخش بکرێت؟؟ئەی چۆنە بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەولێرەوە و لە کەناڵەکانی ئەوێوە پەخش نەکرا؟
ئەکتەرەکان لە گەڵ ڕێزم بۆ ماندووبوونیان هەر لە چوارچێوەیەکدا دەسووڕێنەوەو نواندنیان تا بڵێ ی لاوازە، سەڕەڕای ئەوەی کە ئەکتەری باشیان تێدایە بەڵام لەم کارەدا ئەوانیش شکستیان هێناوە بە داخەوە. شێوازی گفتوگۆکان زیاتر لە نمایشی شانۆگەری ئەچێت و سروشتی نین. وەکوو شوێنیش هەتا بڵێ ی ئاستی نزمە. شارێک بچووک کراوەتەوە بۆ کۆڵانێک و یەک دوو دوکان.
من هەست ئەکەم لاسایی ئەڵقە عەرەبیەکان گەیشتۆتە لووتکە لە لای ئەکتەرو دەرهێنەری کورد. هەموو ئەڵقەیەک نزیکەی ٢٠خولەک بەس بۆ تایتل و وێنەی بەشداربووانە!لە هەمووی سەیر تر کاکی دەرهێنەر لە هەموو ئەڵقەیەکدا بە خۆیی و مشکی و جامانەکەیەوە خێسەیەکمان لێ دەکات. من نازانم دەرهێنەر ئەگەر کارەکەی بەهێز بێت چی پێویست بەم حەزی خۆدەرخستنە ئەکات؟میکیاژ و دەمو چاوی کچەکان تا بڵێ ی بێ لەزەت بوون، تۆ بڵێ ی لەو کاتەدا کچانی سلێمانی ئاوا دەستکاری برۆ و دەموچاوی خۆیان کردبێت؟! لە سلێمانی ئێستەشی لە گەڵدا بێت کوڕو کچێک ناتوانن بە ئاشکرا پێکەوە پیاسەیەک بکەن کەچی لەو باخچەی عاشقانە بە نوێژی نیوەڕۆ پیر وگەنج خەریکی دڵدارین!
بە داخەوە وەکوو بینەرێک کە بە ئاواتەوە بووم درامای کوردیش ئاستێکی هەبێت وبەرهەمی زیاترمان هەبێت بۆ ئەوەی چی تر ئەم دراما دۆبلاژکراوە کۆریانە نەبینین، بەلام مەخابن وا بزانم ئەم ئاواتەمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو نەمان ئەچێت، سەڕەڕای هەموو کەموو کورتی و هەڵەکانی من پێم وایە لە دراما دۆبلاژکراوەکان باشترن و ئەبنە ئەزموونێک بۆ کاری باشتر. هیوادارم ئەم چەند دێڕەم وەکوو بینەرێکی ئەم کارە لێ وەربگیرێت و بەو هیوایەم لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری باشتر بکرێت و هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە