دیدارى سلێمانى ئۆسڵۆ و نجێفى كوردستان!

Tuesday, 17/03/2015, 12:00

1532 بینراوە




دیدارى سلێمانى كە لەلایەن زانكۆى ئەمریكى لە كوردستان ڕیكخرا چەندین بنەماى گرنگى لەخۆ گرتبوو كە هەم بۆ شارى سلێمانى و هەمیش بۆ كوردستان جێگەى بایەخە, بەستنى دیدارەكە لە كاتێكدایە كە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست, عێڕاق و كوردستان لەبەردەم كۆمەڵێك قەیرانى سیاسى و دارایى و بگرە گۆرانى گەورەدا گوزەر دەكەن, ڕەنگە خودى دیدارەكە جێگەى توێژینەوەو باسى سیاسى بیت, چونكە لەو دیدارەدا زۆرینەى لایەنە سیاسیەكان و سەركردەكان كۆكرانەوە كە گاریگەرى راستەوخۆ و ناراستەوخۆیان لەسەر ئەو گۆرانكاریانە هەیە كە لەداهاتوودا ڕوودەدەن وەك, مەسەلەى داعش و دەرهاویشتەكانى, كێشەكانى نێوان عێراق و كوردستان, سونەو شیعە, كورد لە خۆرئاوا, هاوپەیمانان (ئەمریكا و فەرەنسا) و ئێران و سوریا.
هەرچەندە بەستنى ئەو دیدارە شكڵى زانستى و دایەلۆگى لە خۆگرتبێت, بەڵام پەیامێكى سیاسى لەپشت ئەو دیدارەوە هەبووە كە دەكرێت لەو روانگانەوە باسى لێوە بكرێت:
1- دیدارەكەى سلێمانى شكڵێكى دیبلۆماسى وەهاى لە خۆ گرتبوو كە زۆرینە سەركردەكانى بەوانەى دژایەتى یەكتریش دەكەن, بەسەرجەم جەمسەرەكانەوە هێَنایە سەر مێزى گفتوگۆ, پێشم وایە داڕێژەرى ئەو دیبلۆماسیەتە بۆ لێزانى خودى د. بەرهەم دەگەڕێتەوە كە تاكە كەسى نێو ى.ن.ك وەك دیبلۆماسكارێكى بەهێز هاوشێوەى مام. جەلال دەردەكەوێت, گەر مەبەستى د. بەرهەم هاوكاریكردن و بەزانستى كردنى دیدارەكەش بێت بەڵام ناكرێت ئەو رۆڵەى سیاسیەى لێ بەدەر بكرێت.
2- ئێران و ئەمریكا تەنها لەشوینێكدا دەگەنە یەك ئەویش كۆبوونەوەكانى نجێفە, بەڵام لەدیدارى سلێمانى دوو جەمسەر كۆدەبنەوەو دیالۆگ دەكەن, لە لایەكى تریشەوە هەرچى (پەیەدە) و دەوڵەتى توركیایە لە ئۆسڵۆ دەگەنە یەك و كۆدەكرێنەوە, بەڵام سەرەڕاى بوونى كێشە و كێبەركەى سیاسى لە دیدارى سلێمانى ئەو دوو لایەنەى نێو گۆرانكاریەكانى خۆرهەڵاتى ناوین لەدیدارى سلێمانى پەیامیان هەبوو.
3- لەو دیدارەدا ئەوە خرایە ڕوو هەرچەندە خۆرهەڵاتى ناوین گرێدراوى چەندین كێشەو ململانێى سیاسیە و ناوچەیەكى پڕ شەڕو كێشەیە, هاوكات بنەرەت و سەرچاوەى كۆكردنەوەى كەلتورە جیاوازەكانە, وە هەوێنى چارەى كێشەى عالەمیە, كەوایە دەكرێت لە خۆرهەڵاتەوە دووبارە بنیادى دەوڵەتى فراوانى هاوڵاتیبوون دابڕێژرێت.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە