کۆمەڵکوژی کۆبانی یان پرۆژەی هەڵخەڵەتاندن؟

Monday, 29/06/2015, 23:22

3204 بینراوە


لابردنی یان دووبارە هەڵنەبژاردنەوەی مەسعود بارزانی بە سەڕۆکی هەرێم، پێویستی بە پرۆژە نییە. هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی چ لە نیو میللەتدا بێت یان چ لە نێو هۆڵی پەرلەماندا بێت، هەردوو حاڵەت نایاسییە، ئەو کابراییە بەهەموو پێوەرێک بێت ماوەی یاسایی خۆی تەواو کردوە و هەقی خۆهەڵبژاردنی بۆ سەڕۆکاییەتی هەرێمی عیراقی نەماوە.
بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە دەچێت میللەتی کورد لە باشوری وڵات گیرۆدەی ناراستگۆیی دەستی چەند سەرکردەییەکن کە ژمارەیان لە پەنجەی دەستەکان ڕەت ناکەن. لە ماوەی بیستو چوار ساڵدا هەموویان پێکەوە لە ژێر ناونیشانی جیاجیادا پۆست، سەروەت و سامانی وڵات لە باشووردا بۆ خۆیان پاوان دەکەن.
ئەزمونی بیستو چوار ساڵ سەلماندوییەتی کە هەموویان بڕواین بە پەرلەمان نییە، هەموو بڕیارێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتکاندا دەدرێت، پەرلەمان تەنیا ئامرازێکە بۆ سەرخستنی بیرو بۆچونی کەساییەتی یەکەمی  پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی نەوت فرۆشەکان.
 هەموو ئەو سەرکردانە بەدەر نینن لە هێنانە پێشەوەی کەسایەتی لاوازو لەرزۆک، هەر هەموویان پاڵپشتی کۆنە بەعسی، کۆنە جاش و جاشولکە، گەندەڵ وگەندەڵکاران، دزو لەش فرۆشیان کردوە. هەیکەلی حکومەتی هەرێمی عیراقیان پڕ کردووە لەو جۆرە کەسانە، کە ناتوانرێت ببن بە جێگەی ئومێد و متمانەی میللەت بۆ سەرخستن و خزمەت بە دۆزی ڕوایی میللەتەکەمان لە باشووری وڵاتدا.
 هەر رۆژێک بە ئامرازێک خەڵکی کوردستان فریو دەدەن، غافڵیان دەکەن بۆ پێکانی مەرامو بەرژەوەندییەکانیان و کڕینەوەی هەڵوێستە سیاسییە دۆڕاوەکانیان. رۆژێک بەوەی هەموویان پێکەوە کۆکن لەسەر دەستور و یاسایی سەڕۆکاییەتی، رۆژێک بەوەی ناتەبان لەسەر ئەو دەستورە. رۆژێک بەوەی لە نێو دەستەڵاتن. رۆژێک بەوەی تەبان و موو بە نێوانییاندا ڕەت نابێت، رۆژێک بەوەی فیتنەی شەری براکوژی دەنێنەوە.
میللەتەکەمان و میدییا لە باشوری وڵات دووبارە سەرقاڵکراون بە پرسی سەڕۆکاییەتی سەرۆکێکی ماوە بەسەر چوو، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامدانی پیلانەکانی داعش و تورکیایی دژە کورد و مرۆڤاییەتی لە شاری کۆبانێ.
ئیمرۆ دەبوایە هەموو هێزو توانایی میدیای باشور، ئیماکاناتی مادی و جەماوەری بە گڕ بخرابا بۆ وەستان دژ بەو تاوانە گەورەییە کە ئەنجامداراوە لە کۆبانی و ئابرو بردنی تورکیایی دژە کوردو مرۆڤاییەتی، نەوەکە سەرقاڵ کردنی میللەتی باشور بە پرۆژەیەکی نەزۆک، سەرخستنی یان سەرنەخستنی سەرۆکێکی بێ دەوڵەتی میللەتێکی ژێر دەست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە