تا خاوەنی مەسعود بین،دوژمنمان ناوێ

Monday, 27/07/2015, 9:09

2047 بینراوە


چەند ڕۆژێك لەمەو بەر هەریەك لە مەسوور و نێچیرڤان بارزانی پێکەوە هەمان داواکاری تورکیایان لە پەکەکە کرد کە پێوستە قەندیل و باشووری کوردستان بەجێبهێڵن. دیارە ناردنی ١٥٠ چەکداری باشوور بۆ کۆبانی بەمەبەستی پاڵپشتی مرۆیی و سەربازی تەنها بۆ ئەوە بوە کە ئەمانیش داوا بکەن پەکەکە و شەڕڤانان لە باشوور میوانن و کاتی ئەوە هاتوە بڕۆنەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئەڵبەت ناردنی ئەو ١٥٠ چەکدارە لەژێر چەتری تورکیا و بەهەماهەنگی مەسعود بۆ ئەوە نەبوە کە داعش دەرپەڕێنن ،بەڵکە جۆرێك لەهەنجەت وەرگرتنەوەیە کە هێزەکانی باکوور و ڕۆژئاوا کەوا چیتر لەوێ نەمێننەوەو بڕۆنەوە بۆ بارەگاکانی خۆیان.
مەسعود و تورکیا بێ ئاگان لەوەی کەوا پەکەکە و یەپەگە لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ هاوپەیمانیان هەیە دژ بەداعش و وە تا ترسی تیرۆر لەئارادا بێ،ئەوا بێشك ئەو هێزانە پاشەکشەیان پێ ناکرێ. هیچ جۆرە فشارێك لەلایەن پارتی وتورکیاوە بەهەند وەرناگیرێ و ئەبێ هەر سکی خۆیان بەن و ئاسنی سارد بکووتن. تازە هێزەکانی  ڕۆژئاوا نەك هەر لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە جێگای ستایش و پێزانینن،بەڵکە لەلایەن ڕوسیا و ئێرانیشەوە پشتگیریان لێ ئەکرێ.بۆیە ئەوەی بنەماڵەی بارزانی داوای ئەکا تەنها خەیاڵ پڵاوی و بیانوویەکی بێ ئەرزشە. وە ئەبێ مەسعود و بنەماڵەکەی باش بزانن کەوا ناتوانن شەڕی پەکەکە بکەن وهێزەکانیان هی ئەو جۆرە بەرەنگاربوونەوەیە نین. هەموان گەواهیدەری هێزە بەزیوەکەی پارتی بووین و هەر خەریك بوو هەولێریش فت بکرێ لەلایەن چەند داعشێکەوە. بۆیە باشترە پارتی و مەسعود خۆیان بۆ شەڕی پەکەکە و هێزەکانی تر ئامادە نەکەن،چونکێ  ئەوان تەنها بەرانبەر خەڵکی بێ چەك و سڤیل ئازان و لەبەرانبەر چەك بەشان و لەمەیدانی جەنگدا هیچ تانجیەك بەقەد ئەوان خێرا نیە.
مەسعود دوای ئەوەی لەگەڵ برا گەورەکانی لە تورکیا ووتوو وێژی کردوە لەمەڕ لێدانی بارەگاکانی پەکەکە لەقەندیل ،دێت پاساوی نابەجێ و نابەر پرسیارانە بۆ هێرش و ئۆپراسوێنەکانی جەندرمە دێنێتەوەو ئەڵێ؛ئۆردۆگان نەبوایە کێ لەتورکیا ئەیتوانی بڵێ من کوردم. ئەوە ئەردۆگانە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردی باکوور دەست پێکردوە. ئۆردۆگان داوای لە پەکەکە کردوە بێنە پەرلەمانی تورکیا و لەوێ کێشەکانتان باس بکەن. مەسعود ناڵێ؛ئەوە ئۆردوگانە ووتی لەتورکیا شتێك نیە ناوی کێشەی کورد بێ. کەچی خۆی و نێچێرڤان کەوەك نێچێری تورکانیان لێهاتوە لای تورك ئەگرن و دژ بە گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی سەنگەر لێ ئەدەن.
ئەوڕۆ لەهەموو ڕۆژێك زیاتر پێوستە گەلەکەمان ئەم بنەماڵەیە زیاتر ڕسوا بکەن و لەقاویان بدەن. ڕۆژگاری ئەمان وەك ئەردۆگان و داعش بەرەو کۆتایی ئەچێ و جگە لەڕسوایی ناتوانن هیچی تر دەستبەربکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە