شکستی باشوری کوردستان و چارەسەر

Monday, 18/01/2016, 13:19

3529 بینراوە


ئەوە ناونیشانی کۆڕێکی کاک "ناسر حەفید" بوو کە لە شاری یۆتەبۆری لە ووڵاتی سوید ئەنجامی دا و کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان بۆیان سازکردبوو. سمینارەکە لە کۆمەڵێک پرسیاردا خۆی چڕکردبۆوە کە بریتیبوون لە :
بۆچی کورد نەبووە بەهیچ ؟ 
ئایا کورد ویستوێتی ڕزگاری بێت ؟
 دەسەڵاتی سیاسی چییە ؟
هاوڵاتی بۆچی دەنگ دەدات ؟
ئایا چارەسەر لای دەسەڵاتە یان لای گەل ؟
 خەڵک چی بکات باشە؟ 
 کاکە نالە قەلەمێکی ئازا و دیاری ساڵەکانی ٧٠ و ٨٠کانە و لە مێژە خەمێکی قوڵ و پرسیارگەلێک لەسەر" بۆچی" گنگلی پێدەدات و بەدوای وەڵامێکەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی بخاتە سەر ڕێچکە و بتوانێت ئەو نهێنی ئەو کۆدانە بکاتەوە کە کورد لەو بازنە قەتیسمەوە بهێنێتە دەرێ و پرسیار لەهزری تاکدا دروست بکات . کاتێکیش پرسیار دروست دەبێت، ئەو کاتە وەڵام خۆی دەخاتە خانەکانی هزرەوە و هەنگاوی بۆ رێگاچارەسەری دەنێت، کاتێک مرۆڤ چیرۆکی "شاعیرە شێتەکە " دەخوێنێتەوە یان گەشتێک بەناو کتێبی "گڵ"دا دەکات دەزانێت کە کاکە نالە زۆر شتی هەیە بۆی وتووین . 
کتێبی" گڵ" لە ١٩٧٦.٩.١١ قەدەغەکرا کە مافی بڵاو بونەوەی لێگیرا ، بەر لە ٣٩ ساڵ نالە دەڵێ:"دەمی کەس مەگرن ...! هەمووشتێک بۆ ووتن دەبێت ، ماڵ نییە سەرین و تەنەکەی خۆڵی تێدا نەبێت " یان دەڵێت: حەمە ووتی: لەسەر ڕێما بۆ ئێرە ناونیشانم بۆ شیعرەکەم دۆزێوە، کە چووە سەر سەکۆکە و بەردەمی میکرۆفۆنەکە حەمە ووتی"بڕوخێ بێدەنگی" . ئەمە تەنها دوودێرە لە کتێبی "گڵ " .
چیرۆکی شاعیرە شێتەکەش دەیان پرسیارمان بەڕوودا دەدات. دەمەوێ بڵێم کاکە نالە پاشخانێکی ڕۆشنبیری هەیەو دەیەوێت بەدوای هۆکارەکانی شکست و داڕوخان و بون بەهیچەوە بێت لەهۆکاری دەکۆڵێتەوە . ئەمڕۆ لە کەشێکی ساردی بەفراوی سوئید کۆڕێکی گەرمی بۆسازکردین ، لەوێ لەڕێگەی وێنەوە قسەی لەکۆمەڵی هۆکاری نەبوون" بەهیچ"ەوەدەکرد لەباشوری وولات .
 چارەسەر لای "نالە حەفید" کۆنتراکتی گەل و دەسەڵاتە ، ئەو دەیووت دەبێت گەل لەپڕۆسەیەکدا کۆنتراکتی هەبێت لە گەڵ دەسەڵاتدا و تا ئەو بەڵێنەی کە دەسەڵات دای و نەیبردە سەر ، گەل بتوانێت لەسەر پەیمان شکاندنی بەڵێنەکەی و جێ بەچی نەکردنی دەسەڵات پەراوێز بخات و نەیهێڵێت . خۆڕێخستن بەشێکی تری قسەکانی بوو، گەل چۆن خۆی ڕێک دەخات ؟ 
نالە بەڕەچەلەکی مرۆڤدا ڕۆچوو لەناو سروشتدا ،تاگەیشتە شۆڕشي جیهانێکان و پاشان جوگرافیای باشوری خستە ژێرنەشتەرگەری و مێژووی چەکداری لەساڵەکانی ١٩٦١کەوە لەژێر پرسیاردا ڕاگرت کە لەو هێزەچەکداریەدا هیچ مەرجێک نەبوە ، یان ڕوونتر بڵێین هیچ پلانێک نەبوە بۆ گەیشتن بەئازادی و چەمکی نیشتمان بەئێستاشيوە. ئەرگومێندەکانی کە دەیهێنایەوە هەڵهێنجراوی ئەزمونی ژیانی بوو لەناو ئەوکێشمەکێشەدا کە لەنزیکەوە چاودێری کردوە یان بەشداربوە تێیدا .
دوای تەواو بونی باسەکەی گفتوگۆیەکی دۆستانە و پرسیارگەلێکی زۆر ئاراستەی کرا، دەکرێ بڵێین لە کۆی سمینارەکەدا مرۆڤ دەگەشتە ئەو بڕوایەی کە بەدوای هۆکاری نەگەیشتن بەسەرفرازی ببینین بەڕونی . من دوای گوێگرتن گەیشتم بەئەنجامێک کە تاکی کورد ئەگەر قوربانیشی دابێت تەنها بەجەستە داوێتی و دڵ و هزری غایب بوە ، یان گرنگ نەبوە لای کە بەهیچ نەگات . کاکە نالە گوێگرێکی باش بوو ئەوەش مانای ئەوەیە کە بڕوای بەکارەکەیەتی و ئەو دەیەوێت بەئەنجامێک بگات کە تاکی کورد مەڕ نەبێت . 
 کاکە نالە دەخوازێت ئیتر خەڵک لەوە زیاتر خۆی فریونەدات و بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان نەچیت و یاخی بێت لەو سیستەمە دروستکراو و پڕۆگرامکراوەی کە دەسەڵات لەباشور پەیڕەوی دەکەن ، نالە دەنگدان بە ڕەواییدان دەزانێت بۆ دەسەلات، دەڵێت کە تۆ ئامادەبیت دەنگ بدەیت ، نابێت ئیتر گلەیی گازندە بکەیت کە ڕەوشی ژیانت خراپە نەوت و کارەبا و موچەت نییە . بە کوردی و کرمانجی دەنگدارەکان مافی گلەییکردنیان نییە چونکە ئەوان ئەو سیستەمەیان دروست کردوە . پاشان ڕۆشنایی خستە سەر پەرلەمان و حیزبەکان و پێشمەرگە و ڕەوشی ژیان و موچەی فەرمانبەران. باشوری کوردستان کە زیاترین ڕوداو کارەساتی لێڕووداوە خەڵکی هیچی لێوە فێرنەبوون. کۆچە گەورەکەشی ناونا گەلێکی ڕاکردوو بۆسەر سنور، بەراوردی کرد بە گیانی بەرگریی کۆبانی، کە هەموومان وەک کورد شانازیی پێوەدەکەین، کەچی بە چۆڵکردنی شينگال و تەسلیم کردنی بەچەتەکەکانی داعش شەرمەزاری دەچنینەوە پێی .
 دەستخۆشی لە "کاکە نالە" دەکەم هیوای بەردەوام بوونی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە