"لە سێبەری شاخ" زنجیرەی ٤٥،٤٤

Wednesday, 06/07/2016, 15:24

24456 بینراوە


سیاسەت و تاکتیکی  سەرکردایەتی: (لە خوارەوە بڕوای پتەو بە بەردەوامییدان،  لەسەریشەوە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پشوو، ماندو حەسانەوە، مفاوەزات کردن و دیاری وەرگرتن لە سەدام!)
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٣دا  بنەکە و بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتی لە ناوچەی دۆڵی جافەتی نیشتەجێ بوون. سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی، لە گوندی یاخسەمەر. بنەکەی  سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران نەوشێروان مستەفا ئەمین لە ناوچەکانی مەرگە، دواتر لە بەرگەڵو لە قەد پاڵی شاخی تاشەلووشە جێگیر بوون. مەشجەب لە بەرگەڵو. نەخۆشخانە لە بەرگەڵو لە قەد پاڵی شاخی گردەقوچە.  زیندان لە بەرگەڵو. رادیۆی یەکێتی نیشتمانی لە گوندی بەرگەڵو. دەزگای چاپەمەنی لە بەرگەڵو لە قەد پاڵی چیایی تاشەلووشە. دەزگای ڕۆشەنبیری لە گوندی چاڵاوە لە قەد پاڵی چیایی کەرکەر. بارەگایی تیپی موسیقا لە بەرگەڵو. دوو دۆشکە یەکیان  لە سەر لوتکەی شاخی گردەقوچە، دوومیان لە نزیک ئەنتێنی ئێستگە دامەزرێنران.
 لە بەرگەڵو بارمان خست لە سەر ئەرزێکی رەق، هاوینان دۆڵی جافەتی گەرم دەبوو. بەرگەڵو، دوو پشک و ماری زۆری هەبوو، رۆژ تا ئێوارە لە ژێر دارگوێزەکان دادەنیشتین شەوانەش هەر لەو ناوە پەتۆمان رادەخست لە سەر ئەو ئەرزە رەقە دەخەوتین، لە چۆمەکەش ئاومان دەخواردەوە، ئەو چۆمە ئاودەستخانەی مزگەوت و کانی ژنانی گوندی سەرگەڵوی لەسەر بوو. خواردنمان  زۆر کەم و خراپ بوو. دواتر  لە کانییەک لە گوندی سەرگەڵو بە سۆندە ئاو ڕاكێشرا بۆ نێو بارەگای ئێستگە و چەند چادرێکی کۆنیان دابەش کرد بەسەر پێشمەرگە. من و رێبوار چادرێکی عەسکەریمان بەرکەوت و لەدەم چۆمەکە هەڵمان دابوو، لەو چادرە هەموو ئەو فلیمانەی کە هێرۆی خێزانی تاڵەبانی بە ڤیدیۆ گرتبوونی لە جانتایەک دا بوون لای من بە ئامانەت داینابوو ( ئیمرۆ ئەو فلیمانە و هێرۆ خۆی بوون بە دۆکیومێنت بەڵام منی تیا نیم!؟)، منیش لە سوچێک کە هەتاو نەیگرێتەوە لە نێو چادرەکەم دام نابوون، دواتر لە سەرەتایی پایزی ساڵی ١٩٨٣دا هێرۆی خێزانی تاڵەبانی رۆژێک هات جانتاکەی برد. هاوین و پایزی ساڵی ١٩٨٣مان بەوجۆرە بردە سەر. 

ئەنتێنی ئێستگە لە بەرگەڵو ساڵی ١٩٨٣

یەکەم جار بوو ناوچەکانی سلێمانی بیبینم، زۆر جار دەچووم بۆ سەر شاخەکانی دەوروبەر بۆ ئەوەی شارەزایی ناوچەکە ببم. لە خەڵکی لادێکان پرسیاری ناوی شاخ و چیاکانم دەکرد. کوردستان دۆڵ بە دۆڵی، شاخ بە شاخی بە پێیان گەڕاوم. جوانترین قۆناغی تەمەنم لە شاخەکانی کوردستان دا بردە سەر. بەرگەڵو دەورە درابوو بە کۆمەڵێک شاخ و چیا، ژیلوان، کەرکەر،شاخی گردە قوچە، شاخی تاشەلووشە، چیایی دابان کەوتبووە نێوان سەرگەڵو و گوندی شەدەڵە.  
شاخی تاشەلووشە، ناوەکەی سەیربوو لام، رۆژێك بڕیارم دا بەو شاخەدا هەڵگەڕێم، بەهاری ساڵی ١٩٨٤بوو هەتا بەرزترین لوتکەی  ئەو شاخە چووم، تاشەلووشە چەند نووکێکی تیژی هەبوو، لە شێوەی دارێکی تیژ دەچوو تاشرابێت چوو بوون بە ئاسمانا. تەنیشتەکانی شاخەکە لە چەند گا بەردێکی زۆر گەورە و لووس پێکهاتبوون شێوەی جیایان هەبوو رەنگی ڕەش. لە نێوان بەردەکان گوڵە شلێرە ڕوا بوو، جار جارە مارمیلکەی زل رەنگی جیایان هەبوو لە نێوان بەردەکان دەردەچوون، لە کاتی رۆیشتندا دەبوایە بە ئاگاداری پێ لەسەر گابەردەکان دابنێم لە ترسی خزین، گابەردەکان ئەوەندە لووس بوون وەک بەردی سەر مەرقەد وا بوون بەڵام ئەندازەیان زل بوو. لە دوای گەڕانم بە نێو شاخی تاشەلووشە دا گەیشتم بەو بڕوایەی کە رەنگە ئەو شاخە بەهۆی شێوەکەی ئەو ناوەی لێنرابێت. لە کاتی گەڕانەوەم هەندێک گوڵە شلێرەم لێکردەوە لەگەڵ خۆم هێنا، شوشەیەکی ئاوی تەماتەی بەتاڵم دەستکەوت شوشتم گوڵەکەم لە ناوی نا، دوای ماوەیەک ژوورەکەم پڕ بوو لە بۆنی سیر، دواتر بۆم دەرکەوت کە گوڵە شلێرە رەگەکەی وەک سیرە. زۆربەی گوڵە جوانەکانی کوردستان کە لە نێوان گابەردی شاخەکان و شوێنە سەختەکاندا بە خۆڕستی دەڕوێن، زۆر جوانن، ڕەگەکەیان وەک سیر وایە و بۆنی ناخۆشی هەیە بۆ نێو ئینجانە نابن.
لە ساڵی ١٩٨٣دا جگە لە شەڕی خۆکوژی نێوان هێزە کوردییەکان، چەند رووداوێک روویاندا ئەو کات دەنگی دایەوە لە نێو خەڵک و هێزی پێشمەرگە وەکو شەڕی پێشمەرگە دژ بە جاشەکانی ئەنوەر بەگی بێتواتە. مفاوەزاتی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ بەعس. تەقینەوەی مینێک لە گوندی قورەبەرازە. کەمینی قرگە. شەڕی پێشمەرگەکانی تیپی بیستویەک دژ بە بەعس لە گەڕەکی حەمامۆک لە شاڕۆچکەی کۆییە. جگە لەو شەڕانە دەیان کارەساتی تر بەسەر پێشمەرگە و میللەتەکەمان هاتووە لەو ماوە مێژوویە دیاریکراوەدا بەڵام من هەموویم لە یاد نەماوە. 

شەهید ئاشتی

شەڕی تیپی ٢١ی کەرکوک دژ بە بەعس لە گەڕەکی "حمامۆک"ی شارۆچکەی کۆیە
لە کۆتایی مانگی مایسی ساڵی١٩٨٣ دا کەرتێکی تیپی٢١ی کەرکوک چوونە ناو شارۆچکەی کۆیە گەڕەکی حەمامۆک، لە کاتی خۆر ئاوابووندا کەمینێکیان بۆ پیکاپێک ئەمن و ئیستخباراتی ڕژێم دانا.  لەگەڵ هاتنی پێکابەکە پێشمەرگەکان دەست ڕێژی تەقەیان لێکرد بوون و تێکڕایان کوژران کە ژمارەیان (١٨) ئەمن و ئیستخبارات بوو، پێشمەرکەکانیش هیچ زیانێکی گیانیان نەبوو.  خۆشترین شت بۆ پێشمەرگە ئەو کاتانە بوون کە چالاکییان ئەنجامدەدا دژ بە بەعس.  ئەو جۆرە چالاکییانە دڵی پێشمەرگەکانی ئێستگەو بەشی راگەیاندنیشی خۆش دەکرد، ئەندازیاری پێشمەرگە " شێخ پشتیوانی موهەندیس" هەموو جار پێش بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە چالاکییانە لە خۆشیانە، گۆڕانی "شەریفە باوکەڕۆی"ی "سەفای"ی دەکرد بە پێشەکی. 
شەڕی  نێوان پێشمەرگەی یەکێتی و جاشەکانی ئەنوەر بەگی بێتواتە
ئەنوەر بەگی بێتواتە، کابرایەک بوو سەڕۆک جاش، خەڵکی گوندی بێتواتە بوو، خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچانە دەزانی، لە نێو خزمەکانی جاشی ناونووس دەکرد، هەوڵی دەدا جوتیارانی گوندەکانی زیوە، هەرتەل، سەردۆڵ، مێرگەسەر،چیوەی سەرو چیوەی خوارو چەکدار بکات و شەڕی پێشمەرگەیان پێ بکات. 
لە ساڵی ١٩٨٣دا سەڕۆک جاش ئەنوەر بەگی بێتواتە، هەواڵی نارد بۆ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی گوتبووی دەبێت بنکەو بارەگاکانی یەکێتی  ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن. لە ئەنجامدا یەکێتی بڕیاری دا شەڕی ئەو سەڕۆک جاشە بکات. لەو شەڕەدا یەکێتی بە خوێنی ٩ شەهید کە (هەموویان ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران) بوون سەرکەوتنێکی مەزنی تۆمار کرد. یەکێک لە شەهیدەکان هاورێێەکی نزیکی خۆم بوو، بە ناوی شەهید " فوئاد عەبدولحەمید"، خەڵکی شاری کەرکوک.  دوای تەواو بوونی شەڕەکە، "عەباس ڤیدیۆ" چاوپێکەوتنی لەگەڵ پێشمەرگەکان کرد بوو، هات بۆ بەرگەڵو و فلیمەکەی بۆمان لێدا، ئێستاش لە یادمە یەکێک لە پێشمەرگەکان لە کاتی قسە کردن بە حەماسەوە لەبری ئەوەی بڵێت "ئەنوەر بەگی بێتواتە" گوتی " ئەنوەر سەگی بێتواتە".
نەوشێروان مستەفا ئەمین لە پەرتوکی پەنجەکان یەکتری دەشكێنن لە لاپەڕە ٣٣٤دا دەنوسێت " سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە، بەڵام تاڵان و ڕاورووت، بە تایبەتی لە بێتواتە رەونەقی ئەو سەرکەوتنەی کەم کردەوە، مام جەلال لەم تاڵانە زۆر نارەحەت بوو. فەرماندەکانی کۆکردەوە و سەرزەنشتی کردن و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دانا بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلی تاڵان."  نەوشێروان مستەفا ئەمین خۆی پاراستوە لە گوتنی ڕاستییەکان و دەیەوێت پەرێزپاکی سەرکردەکانی یەکێتی پێشانی جەماوەر بدات، لە مێژوودا پێشمەرگەی خوارەوە تاوانبار بکات بۆ مەسەلەی تاڵان! لە ڕاستییدا من لە نزیک ئەو شەڕە نەبووم هەتا مەسەلەی تاڵانی ببینم بەڵام هەواڵەکانم گوێ لێدەبوو. ئەوەی من بە چاوی خۆم دیتم  ئەوە بوو کە ئەسپەکەی سەڕۆک جاش ئەنوەر بەگی بێتواتە تاڵان کرابوو، جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەردا گرتبوو، ئەسپێکی رەنگی ڕەش بوو یان خۆڵەمێشی تا بڵێی جوان بوو، مام عەبدولرەحمان کابرایەکی لادێی بوو خزمەتکاری ماڵی تاڵەبانی بوو، لە گوندی بەرگەڵو، نزیک بە بارەگای ئێستگە و نزیک بە ژوورەکەی من ئەو کات ئەسپەوانی ئەو ئەسپەی دەکرد،  ئالیکی تایبەتی بۆ ئەو ئەسپە  پەیدا دەکرد و خزمەتی دەکرد. نەوشێروان مستەفا ئەمین لەو پەرتووکە روونی نەکردۆتەوە ئەو کات ئەو لیژنەیەی تاڵەبانی پێکیهێنابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە کەلوپەلی تاڵان و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنەکانیا ئاخۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە  ئەو "ئەسپ"ە دزراوەشی گرتبووەوە یان نا!؟
شەهید یوسف شەریف و هاوریکانی زانکۆی موسڵ سالێ ١٩٧٨

کەمینی گوندی  قرگە لە ناوچەی سلێمانی
لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٣دا یەک دوو رۆژ پێش جاردانی راگرتنی شەڕ لەگەڵ بەعس، پۆلێک پێشمەرگە (هەموویان ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوون) لە چالاکی پێشمەرگانە دەگەڕانەوە لە نێو شاری سلێمانی، لە نزیک گوندی قرگە کەوتنە کەمینی ئیستخباراتی بەعس ١٨پێشمەرگەیان لێ شەهید بوو.
 
مفاوەزات لەگەڵ سەدام ڕای کێ بوو؟ هێزی پێشمەرگە یان سەرکردایەتی یەکێێتی؟
لە هەندێک بڵاوکراوە و نووسراوی رووداوەکانی ئەو زەمانە ئاماژە بەوە کراوە کە گوایە سەرکردایەتی یەکێتی پرسیاری بە هێزی پێشمەرگە کردوە لەوەی ئایا مافاوەزات بکەن  لەگەڵ رژێمی بەعس یان نا؟ هەروها پەنجە بۆ ئەوە درێژکراوە کە گوایە "جەلال تاڵەبانی" سکرتێری گشتی یەکێتی رازی نەبووە بەڵام لە ژێر فشاری رای زۆرینە و رێزلێنان لە دەنگییان بە ناچاری ڕازی  بووە کە لەگەڵ رژێمی بەعس دانیشن بۆ گفتوگۆ! لە پەرتوکی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن لە لاپەڕە ٣٣٥دا نەوشێروان دەنووسێت "مام جەلال خۆی موافق نەبوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەعس، بۆ حورمەتی رەئی زۆرایەتی ئەویش موافەقەتی کرد". بێگومان ئەمە وا نییە، تاڵەبانی ئەگەر خۆی شتێکی پێ باش نەبا بە هیچ شێوەیەک بە قسەی کەسی نەدەکرد و ڕازی نەدەبوو.بڕیاردانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەعس بە بڕیاری تێکرایی سەرکرداییەتی یەکێتی بووە. ئەزمونی شاخ و ژیانم لە نزیک تاڵەبانی ئەو ڕاستییەی بۆ دەرخستم کە تاڵەبانی نەیدەتوانی بحەوێتەوە بەبێ پەیوەندیی لەگەڵ هەر یەکێک لە دوژمنەکانی کورد، سەرکردایەتی یەکێتی بە تایبەتی تاڵەبانی زۆر هەوڵی دا ئەو کات ئێران ئەوان هەڵبژێرێ بۆ بەستنی پەیوەندیی نەک بنەماڵەی بارزانی، بەڵام ئێران ئەو کات ماڵی بارزانی هەڵبژارد پشتی لە سەرکردایەتی یەکێتی کرد. تاڵەبانی پێشوەخت دەیزانی کە سەرکردایەتی یەکێتی، شۆرشگێران و کۆمەڵە حەزیان بەوەیە لەگەڵ سەدام بکەونە گفتوگۆ چەند جارێک لە نێو هێزی پێشمەرگە درکاندبوویان  کە پێویستیان بە پشوو بوو.  ئەمە هۆکاری ئەوە بوو تاڵەبانی ئەگەر لە کۆبونەوەکان گوتبیتی من موافق نیم ئەوا زانیویەتی کە سەرکردەکان پێداگری دەکەن لە دانیشتن لەگەڵ سەدام سەڕەرای ئەوەی کە دەیانزانی کە ئەو گفتوگۆیە بێ سوودە و سەدام دان بە مافی کورد دانانێت هەتا ئەگەر تەنیا خودموختاریش بێت.
شەهید یوسف شەریف شاری هەولێر ساڵی ١٩٨٤
ئەوە بۆ مێژوو دەینووسمەوە ئەوەندەی من تێکەڵاوی پێشمەرگە بووم لە کەوادیر و پێشمەرگەی سادە، یەک پێشمەرگەم نەدی پشتیوانی لە گفتوگۆ بکات لەگەڵ بەعس. بە پێچەوانە ئەو هەنگاوەی سەرکردایەتی یەکێتی بوو بەهۆی دڵسارد بوونەوەی گەڵێک لە کادیر و پیشمەرگەی بە هەڵوێست ئەو کات. نەوشێروان لە پەرتوکی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن لە لاپەڕە ٣٣٥دا  دەنوسێت" دەستەی سەرپەرشتی وتیان " هەموو ئەندامان هیچ کەسێک پێی وا نییە کە بەعس خواستەکانی کورد دەسەلمێنی،  بەڵام جگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم  کە بە پەنجە ئەژمێردرێن گفتوگۆیان پێ باشە" دواتر لە هەمان لاپەڕە دا دەنووسێت " مام جەلال پرسیاری لە هەر کەسێ کرد بوو دەنگی دابوو بۆ گفتوگۆ، بە جیهازی بێ تەل ئاگاداری کردم سەردانی حدکا بکەم و پێیان ڕابگەیەنم کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ".
سەرکردایەتی یەکێتی و دەوروبەریان خۆیان ئارەزوویان وابوو لەگەڵ سەدام رێککەون نەک هێزی پێشمەرگە. سەرکردایەتی یەکێتی بە ئاشکرا دەیان گوت کە پێویستیان بە پشووە لە شۆڕش و خەباتکردن! سەرکردایەتی هەستی بە ماندوو بوون دەکرد، بەڵام پێشمەرگەی خوارەوە بە پێچەوانە گڕوتەوژمی بەردەوامیی بوونیان تیادا هەبوو. لە ٢٣/١١/١٩٨٣دا سەرکردایەتی یەکێتی گەیی بە ئارەزووی خۆی و گفتوگۆی لەگەڵ بەعس جاردا. 
دیاری سەدام بۆ سەرکردایەتیی (یەکێتی و هێرۆ) ی خێزانی تاڵەبانی چی بوو؟
لە کاتی گفتۆگۆکانی نێوان  سەدام حوسین سەرۆکی عیراق و سەرکرداییەتی یەکێتی، وەفدی یەکێتی چەند جارێک چوون بۆ بەغداد، سەرکردایەتی یەکێتی نەیانتوانی  هیج دەستەکەوتێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەدەست بهێنێن لە گفتوگۆیان لەگەڵ رژێمی بەعس دا، بەڵام توانیان چەند دەستکەوتێکی ماددی بەدەستبهێنن بۆ خۆیان
یەکەم:
یەکەم بەرهەمی ئەو مفاوەزاتە فەرەیدون عەبدوڵقادر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی یەکێیتی و کۆمەڵەی رەنجدەران خواردی، هێشتا هەر هیچ نەببوو فەرەیدون بە لانکرۆزەرێکی ئیستیخباراتی بەعس لە ناوچەی مەرگە چوو بۆ شاری بەغداد لە ئۆتێل شیراتۆن مایەوە تا نەشتەرگەری گورچیلەی کرد لە شاری بەغداد لە ژێر خەرجومەخارجی حزبی بەعس!
دووەم: 
مانەوەی ئەندامانی  سەرکردایەتیی کە بە وەفد چوو بوون بۆ بەغداد  لە ئۆتییلە گرانبەهاکانی شاری بەغداد، خواردن و خواردنەوەی بەلاش، هەر وەفدێک دەچوو لە چەند مانگێک کەمتریان پێ نەدەچوو، جارێک پرسیارم کرد کە مانەوەی ئەو وەفدانە بە مانگان لە بەغداد بۆ؟ وەڵامی سەرکردایەتی ئەوەبوو کە چاوەرێێ دیتنی (سەدامییان) دەکرد!؟
سێهەم:
سەردانی هێرۆ بۆ ماڵی هاورێی کۆنەکانی بەرزان حوسین برای سەدام حوسێن سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق  و عەلی کیمیاوی!
چوارەم: 
سەدام پارە ی دابوو بە تاڵەبانی بەڵام  زانییاریم نەبوو کە چەند بوو. لە سەرکردایەتیی یەکێتی و "هێرۆ" ی خێزانی تاڵەبانی بترازێت کەسی تر نازانێت ئەو پارەیەیی لە سەدام وەرگیرا چەند بوو؟
پێنجەم: 
 سێسەد دەمانچەی چواردە خۆر لە نێو گریس، سەدام پێشکەشی  کرد بوو بە جەلال تاڵەبانی.
 شەشەم: 
تاقمێکی زێری عەیار بیستویەک پێکهاتبوو لە ( گەردانییەکی گەورە، بازنێکی پان و گوارە) لە لایەن سەدام  حوسێن سەڕۆکی پێشوی عیراق لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٤دا لە شاری بەغداد بە دیاری درا بە (هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ی خێزانی جەلال تاڵەبانی. 
حەوتەم:
وەرگرتنی چەند لانکڕۆزەرێک، (لانکرۆزەرێکیان درا بە ئەرسەلان بایز) لێپرسراوی راگەیاندنی یەکێتی. دوو موسەلەحەش دیاری سەدام بوو بۆ جەلال تاڵەبانی. 
هەشتەم:
وەرگرتنی ژمارەیەک چادر دەرەوەی رەنگی خاکی بوو، ناوەوەی رەنگی زەرد، کە داتدەخست پێشەکەی تولێکی پێوەبوو.

دایکی شەهید یوسف شاری لندن

تەقینەوەی مین لە گوندی قوڕە بەرازە لە ناوچەکانی هەولێر
لە رێککەوتی ١٨/١٢/١٩٨٣دا مینێک لە گوندی قوڕەبەرازە، لە ژێر جێبێک تەقیەوە لە ئەنجامدا بوو بەهۆی شەهید بوونی ٩پێشمەرگە و بریندار بوونی ٦ پێشمەرگەی تر کە هەموویان ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوون. شەهیدەکان بریتیبوون لە  (ئەبوبەکر محەمەد عەلی ئەحمەد مەولود، ئەکرەم عەزیز حوسێن عومەر ناسراو بە (حاجی ئەکرەم)، جەعفەر مستەفا محەمەد، زاهیر عەبدوڵڵا خدر حەمەد، سابیر عەبدوڵڵا عەلی ئیبراهیم ناسراو بە(شەهید ئاشتی)، شەوقی عەباس کاکەشین شێخەڵڵا ناسراو بە (مامۆستا شەوقی)، عەزیز خدر باوەکر شێخە ناسراو بە (مەلا غەفور) بەرپرسی کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە، هاوار بادینی و وشیار خزائی مەحمود)، لە بریندارەکانیش (عەباس محەمەد حوسێن ناسراو بە حاجی مەمۆ و مەهدی حەمید کاوانی)ن و چەند بریندارێکی تر بوون کە ناویانم لە یاد نەماوە.
کاتێک ئەو هەواڵە گەیشت بە ئێستگە من لای جیهازەکە بووم، پەلەم بوو ناوەکان ببینم، کە سەیرم کرد ناوی شەهید (ئاشتی) (سابیر عەبدوڵا عەلی)م بینی.
بۆ یەکەم جار شەهید(ئاشتی)م لە ساڵی ١٩٨٠دا لە شاری هەولێر ناسی، کوڕێکی باڵا مامناوەندی، سوور و سپی، خێزاندار خاوەن یەک کوڕ بوو ئەو کات، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران، لە دایک بووی ١٩٥٧ی شاری هەولێر، لە ساڵی ١٩٨٠دا بوو بە پێشمەرگە، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو بڕوای تەواوی بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەی هەبوو، خاوەن خوڕەوشتی بەرز بوو، بەشداری کردبوو لە گەلێک شەر بە تایبەتی شەڕی گوندی سێکانیان، زۆربەی ئەو چالاکییانەی لە نێو شاری هەولێر ئەنجامدران، شەهید (ئاشتی) بەشدار بووە.
لە ڕاستەوە بۆ چەپ شەهید یوسف شەریف، جوتیار گوندی نێوزەنگ ساڵی ١٩٨١
شەهید ئاشتی (سابیر عەبدوڵا عەلی)، کوڕێکی ئێجگار بە وەفا بوو بۆ پەیوەندیی هاورێیەتی، زۆر بە تەنگ هاورێکانیدا دەهات و گیانی یارمەتیدانی هەبوو، مرۆڤێک بوو سۆز بەسەریدا زاڵ بوو. لە گوندی ئاومار کە کەوتۆتە نێوان دەشتی هەولێر و دەشتی کۆیە، کوڕێکی کەرکوکی دەبێت بە پێشمەرگە،  لەوێوە لەگەڵ شەهید ئاشتی، شەهید مەغدید و چەند پێشمەرگەیەکی تر بەرەو دۆڵی نازەنین لە سکتانەوە بەرەو ناوچەی ھیران و نازەنین بەڕێدەکەون بەرەو گوندی چیوەی سەرو. لە ڕێگادا چەند سەعاتێکیان دەمێنێت بگەنە شوێنی مەبەست، ئەو کوڕەی تازە هاتووە بۆ پێشمەرگایەتی پەکی دەکەوێت و توانای رێگە کردنی نامێنێت، شەویان بەسەر دادێت، پێشمەرگەکە کەتەو زل دەبێت، شەھید ئاشتی و شەھید مەغدید بڕیار دەدەن ئەو پێشمەرگە تازەیە بەجێنەهێڵن و بە نۆڕە لە کۆڵی بکەن، پێشمەرگەکانی تریش کە لە گەڵیان دەبن دەستدەکەن بە ڕاکردن بۆ ئەوەی زوو بگەنە نێو گوندی چێوێ، کە دەگەنە نێو گوندەکە وڵاغێک و کابرایەک دەنێرن بەرە و پیریان بۆ یارمەتیدانیان.
کاتێک ئەو رووداوە روویدا ئەو هەموو پێشمەرگەیە لە تەمەنی گوڵدا بوون شەهید بوون، یەکێتی دەوری مانگێک دەبوو مفاوەزاتی لەگەڵ بەعس راگەیاند بوو، سەرنجم دا لێپرسراوی ئێستگە دوای چەند رۆژێک بەبێ بایەخی ئەو رووداوە دڵتەزێنەی پەخش کرد هۆکاری ئەوەش دەگەرایەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی  یەکەم ، بوونی ململانێی حزبی لە نێو سەرکردەکانی باڵەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی وە ئەو کادیرانەیان وا هەژمار دەکرد کە سەر بە باڵێکی دیاری کراو بن و جەلالی نەبن. دووەم ، بە ڕەچاوگرتنی پەیوەندی بەعس لەگەڵ یەکێتی.  بە دەنگی بەرز کەوتمە رەخنە گرتن لەو هەڵوێستە، لەو رۆژەوە بۆم دەرکەوت کە ئەو سەرکردانە کۆمەڵێکن هیج پرنسیپێکیان لا نییە تەنیا بەرژەوەندیی نەبێت.

لە سێبەری شاخ زنجیرەی ٤٥

پێشمەرگە، نووسەر، شاعیر شەهید "یوسف شەریف"
لە سێبەری شاخدا لە نێو هێزی پێشمەرگەدا سەڕەرای سەختی وناهەمواری بار و دۆخ، بەڵام ژیان بەردەوامیی هەبوو، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سەردانی یەکتر لە نێو هێزی پێشمەرگەدا هەبوو بە تایبەتی بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە بنکەو بارەگای جێگیر پێشمەرگە بوون. لە سێبەری شاخدا کۆمەڵێک خەڵکی زۆر باشم ناسی کە بوون بە هاورێی نزیک، زۆر جار رێککەوتووە چووین بۆ سەردانی یەکتر لە دیار کوورەی دار دانیشتووین و چامان خواردۆتەوەو بیروباوەڕمان گۆڕیوەتەوە دەربارەی شەڕی براکوژی، مفاوەزات،  کەسایەتییی کەسەکان بە تایبەتی دەربارەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی، دەربارەی سەدام و بارودۆخی سیایی بە گشتی. یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە ناسیم هاورێ، برای ئازیز و خۆشەویستم  "شەهید یوسف شەریف" بوو کە هاورێی رێبواری هاوسەرم بوو، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٢ دا بوو ناسیم لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی رەنجدەران لە گوندی نێوزەنگ. 
سێبەری شاخ، هەلی بۆ رەخساندم تێکەڵاوی خەڵکی رۆشەنبیر، شاعیر، وێنەکێش، گۆڕانیبێژ و نووسەر بم کە جگە لەوەی چەکی شەرفیان کردبووە شان خاوەن قەڵەمی بە شەرفیش بوون، هەموو کاتێک بابەتەکانیان رەنگدانەوەی واقیعی تاڵی نێو کۆمەڵگایی کوردیی و ململانێی حزبییەکان و دژ بە براکوژی بوون. 
شەهید موزەفەر شەریف ساڵی ١٩٨١ شاری هەولێر
شەهید یوسف شەریف، دوای ئەوەی چوو بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شاری هەولێر جارێکی تر لە گوندی چاڵاوە لە دۆڵی جافەتی دیم هاتبوو بۆ چاپکردنی دوو پەرتووک کە خۆی نووسیبوونی بە ناونیشانی (لیو شاو شی، ململانێی ناوخۆیی حیزب).
پێشمەرگە، رۆشەنبیر، نیگاکێش، شاعیر و  نووسەر شەهید یوسف شەریف، لە دایک بووی سالی ١٩٥٨ی شاری هەولێر، دەرچووی زانکۆی موسڵ، خێزانەکەیان لە سێ کچ و دوو کوڕ پێکهاتبوو. مزەفەر برای بچووکی "شەهید یوسف"  بوو. شەهید یوسف لە ساڵی ١٩٧٧دا دەچێتە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران. لە ساڵی ١٩٨٠ دا پێش شەڕی عیراق و ئێران دەبێت بە پێشمەرگە لە ناوەندی کۆمەڵە  لە گوندی نێوزەنگ. لە ساڵی ١٩٨١ دا دەچێتە خولی کادیران.  لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دا ئەندامی کەرتی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدرانی چۆمان. ١٩٨٣-١٩٨٧  کادیری بەشی راگەیاندنی مەڵبەندی سێ و ئەندامی دەستەی نووسەران، یەکەم خولی گۆڤاری ڕاپەرینی دەرکرد لە گوندی وەرتێ .   لە ساڵی ١٩٨٨دا  وەک هەر پێشمەرگەیەکی تری یەکێتی رووی لە ئێران کرد و لە شاری سەقز نیشتەجی بوو. لە ساڵی ١٩٨٩دا سەرنوسەری ئۆرگانی ڕێبازی نوێ،  لە سەعات دوونیوی  رۆژی هەینی ٢٥/٥/ ١٩٩١  دا لە تەمەنی سیوسێ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر پێشمەرگە یوسف شەریف شەهید دەبێت و تەرمەکەی لە ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ هەولێر و لە تەنیشت موزەفەری برای دەنێژرێت، بەمجۆرە شەهید یوسف دەچێتە ریز کاروانی نەمران. 
پێشمەرگە یوسف شەریف مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو، بە بڕاوەیەکی بەرز تێدەکۆشی بۆ دۆزی ڕەوای میللەتەکەی،  بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی بەرز دەنرخاند،  له‌یه‌كه‌م ساڵی کە قوتابی دەبێت له‌ زانكۆی موصل بۆ یادی نەورۆز هیچی پێنابێت ئاگر بکاتەوە ده‌ستێک لە بەرگی خۆی ئاگر تێ به‌رده‌دات و له‌گه‌ڵ هاورێکانی له‌ده‌وری دەستدەکەن بە هەڵپەڕکێ. 

موزەفەر، لە دایک بووی ساڵی ١٩٦١شاری هەولیر، بەکەلۆریۆس لە زمانی کوردی دانیشگای سلاحەدین، نووسەر، شاعیر و وێنە کێش، ئەندامی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران، لە ساڵی ١٩٨٢دا لە کاتی تاقیکردنەوەی سەری ساڵ لە لایەن رژێمی بەعس دەگیرێت، ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت، دوای شەش مانگ لە زیندان دێتە دەرەوە، هەموو گیانی شوێنی ئەشکەنجەی پێوە دیار دەبێت و گیانی هەمووی خوێنی لێدێت، توشی نەخۆشی دەبێت چەند جارێک بۆ چارەسەر دەیبەن بۆ لای دکتۆر بەڵام رۆژێکیان لە ساڵی ١٩٨٩دا بە کتوپڕی ماڵئاوایی دەکات.  مزەفەر خولیای خوێندنەوە، نووسین، شیعر و وێنە کێشان دەبێت. یەک دوو لە بەرهەمەکانی کە بڵاونەبۆتەوە دەبێت بە دەستەگوڵێکی رەنگاورەنگ لاپەری یادەوەرییەکانم دەرازێننەوە. 
سەفەر
هێشتا شەقاوی دڵداریت 
کرچ و کاڵ بوو
وا کت و پڕ،
بەو ناوەختە،
بارگەی تەمەنت تێک ناو
کەس بە سەفەرتی نەزانی...
ناێیتەوە؟
هۆگرت بووم
ترپەی دڵی باران و گوڵ و هەتاو بووی
بەڵام نەمزانی وەها زوو
بەرەو جیهانێکی ئەبەدی
دەڕۆیت و ناگەڕێیتەوە،
دایک و باوکی،  سێ خوشکی شەهید یوسف لە کۆڕەوەی ساڵی ١٩٩١دا بەرەو ئێران دەچن بە هیوای ئەوەی کوڕێکیان لەدەستداوە بەڵام ئەویتریان پێشمەرگەیە و بە دیداری شاد دەبن. لە سەقز دەکەونە هەواڵپرسین کاتێک کە دەگەنە لای کوڕەکەیان بۆیان دەردەکەوێت کە شەهید یوسف تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە چارەسەری مەحاڵە.  شەهید یوسف سۆراغی مزەفەری برای دەپرسێت، بەڵام  دایک و باوکی دڵیان نایەت هەواڵی ماڵئاوایی بوونی مزەفەر بە یوسف رابگەیەنن، دەڵێن موزەفەر بە لایەکی تردا رۆیشتووە.  شەهید یوسف بۆ دۆزینەوەی برای بچوکی ناوی دەدا بە ئێستگە بۆ بانگەواز کردن و دۆزینەوەی. وا ریککدەکەوێت شەهید یوسف لەگەڵ شەش هاورێی لە خانویەکدا دەژین لە شاری سەقز، هەر شەشیان برایان شەهید بووە و بە هەواڵی شەهید بوونی برای یەکتر دەزانن، بەڵام کەسیان هەواڵی برای یەکتر بەویتر ناڵێت.  لە پێش چاولێنانی کۆتایی شەهید یوسف بە خێزانەکەی دەڵێت ( ئاواتم ئەوەیە بگەڕێمەوە شاری هه‌ولێر و پیاسه‌یه‌كی ئێوارانی بن قه‌ڵات  بکەم). دوای کۆڕەو ئەو خێزانە لەگەڵ تەرمی شەهید یوسف دەگەرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کاتێک دێنەوە ماڵیشیان تاڵان کراوە. بە ماوەیەکی کورت باوکی  "شەهید یوسف" یش ماڵئاوایی دەکات و دوو کەسەری گەورە لەگەڵ خۆی دەنێتە ژێر گڵ کە مەرگی هەردوو کوڕەکەیەتی.  
پێشمەرگە کاتێک کە نەخۆش دەکەوتن کێشەیەکی گەورە بوو، بەهۆی ئەوەی ژیانی پێسمەرگایەتی سەخت بوو، برسیەتی، تینویەتی و بڕینی رێگەی دوورو درێژ  پێویستی بە جەستەی ساغ هەبوو. پێشمەرگەی نەخۆش پارەی نەبوو، شوێنی ئیسراحەتی نەبوو، خواردن و جلوبەرگی باشی نەبوو، دەرمان نەبوو. لە ساڵی ١٩٩١دا کاتێک سەدام دووبارە شارەکانی گرتەوە شەهید یوسف دووبارە بە  نەخۆشی  لە مانگی سێ کە هێشتا هه‌وا سارد و به‌فروباران بوو، لەگەڵ پێشمەرگەکانی هاورێی ڤانێكی عسكریان پێ ده‌بێت  پری دەکەن لە شتی ئیعلام. پێشمەرگە یوسف له‌و سه‌فه‌ره‌ دا سه‌رمای ده‌بێت و ئازارێكی زۆری ده‌بێت، له‌ تاوا خۆی له‌ ناو شته‌كانی اعلام- په‌رتووك و ستێنسل و كارتۆن- وه‌ردابوو تا دەگەنەوە شاری سه‌قز تەواو پەکی دەکەوێت و خوین دەرشێتەوە. 
پێشمەرگە یوسف شەریف، کوڕێکی خاوەن خوڕەوشتێکی بی هاوتا بوو، هێمن، ئاستی ڕۆشەنبیری ئێجگار بەرز بوو،  تێروانیینەکانی روون بوون، کاتێک کە قسەی دەکرد ئامانجی باسەکەی دەپێکا. شەهید یوسف  پێی وابوو کە تاکی کورد پێویستی بە هۆشیار کردنەوە هەیە دەبێت پێش هەموو شتێک کار لە سەر تاک بکرێت و تێبەگەیەندرێت کە چۆن نیشتمانی خۆی خۆشبووێت، رۆحی بەرەنگاری بوونەوەی تیادا دروست بکرێت، پێویستە تاک رۆشەنبیر بکرێت بۆ ئەوەی خەیانەت کردن و بوون بە جاشی لا سووک بێت و بۆ پارە خۆی نەفرۆشێت.
شەهید یوسف بە دڵسۆزی لە ئاسۆی ڕزگاریی کوردی دەڕوانی،  لەو ڕوانگەیەوە دوژمنایه‌تی و دووبه‌ره‌كیی له‌ بزووتنەوەیی ڕزگاریخوازی کورددا بە زیانبار دەزانی. به‌ چه‌ندین وتار به‌رپه‌رچی شه‌ڕی براكوژیی سه‌رده‌می شاخی دایه‌وه‌. باوه‌ڕی وابوو كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كوژرێ سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێك بێت كوڕی هەژاری نێو کۆمەڵگایی کوردییە. بیروبراواکانی شەهید لە نووسین و شیعرەکانی بە روونی دیارە دەربارەی شەڕی براکوژی و شۆڕشی نوێ بە تایبەتی لە شیعری " لە زەمانی لم"دا.
یوسف شەریف (کادری ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و سەرنووسەری "ڕێبازی نوێ" بوو. ئەم شیعرە و چەند شیعرێکی دیکەی لە نامیلکەیەکی بچووکی ٣٩ لاپەڕەییدا، بە ناوی "زەمانی لم" ساڵی ١٩٩١ دا لە "چاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ" چاپ کراوە.

شەهید یوسف شەریف گوندی هەروتکان ساڵی  ١٩٨٦

زەمانی لم
لە زەمانی لم دا
نیگاکان
لە ناو تابووتی چاو، دامرکاون،
بێ جیاوازی
سەیری سەما یا سووتانت ئەکەن
بێ کینە، بێ خۆشەویستی
بێ شادی، بێ خەندە، بێ تووڕەیی
لە زەمانی لم دا
بەرزاییەکان، نزماییەکان
لە ژێر بۆرایی بێ ئاسۆی لم دا
ونن
هەتاو وەک یەک لێیان هەڵدێ
شەو وەک یەک بەسەریاندا ئەکشێ
بێ جیاوازی.
لە زەمانی لم دا
ڕێگەکان لێک ترازاون
ڕێگە نییە و، هەموو بستێکیش
- گەر بتهەوێ – ڕێگەیەکە،
ڕێگاکان
بەلام بەردەوام ڕائەخوشن،
پەپکە ئەخۆن
ئەئاڵۆزکێن، ئەکرێنەوە
پەرتە ئەکەن و
بەڵام سەر بە کۆشی هیچ مەنزڵگەیێ دا ناکەن.
ڕێبوارانی زەمانی لم
کەوتوونە داوی
ڕێگەکان.
سەرهەڵنابڕن
ئەزانن بە هیچ کوێ ناگەن.
ئاوڕیش نادەنەوە
ئەزانن با شوێن پێیانی لە سەر لم
ڕەش کردووەتەوە
ڕێبوارانی زەمانی لم،
ئەزانن گەر نائومێد بن ئەمرن
ئەزانن گەر بەئومێدیش بن، کەرن
خۆشباوەڕن.

کاکە یوسف، سەرەرای  ئەو هەموو ئازارەی کە لە جەستەی خۆتدا بوو، نیگەرانی نەبوونی ئاسۆی روون بوویت و هێشتا خەمی  رێبوارانی زەمانی "لم"ت  لەبەردا بوو! ئاخۆ هاورێ رێبوارانی زەمانی "لم"ت  بۆ کێ نووسیوە؟ مەبەستت  لە کێ بووە؟  هەزاران رێبواری دڵسۆزی وەک تۆ "با" جێگە پێیانی لە سەر ئەو لەمەدا  ڕەش کردۆتەوە! برای ئازیزم، رێبوارانی زەمانی لم، لە نێوان دوو ڕیانی بە ئومێد بوون و نائومێد بووندا هەنوکەش  ونن!
سوپاسنامە،
* سوپاس و پێزانین بۆ کاک عاصم و خوشکە رووناک شەریف خوشکی شەهید یوسف شەریف، بۆ پەیوەندی و هاوکاری. بە دڵنیاییەوە وێنە و زانییارییەکان لاپەڕەکانی "لە سێبەری شاخ" دەرازێنەوە.
* سوپاس و پێزانین بۆ کاک مەستەفای حەسەنە گەورە بۆ پەیوەندی کردنی و ناردنی هەندێک زانیاریی.
*زۆر سوپاسی، کاک دەرسیم پێشەوا دیبەگەیی دەکەم بۆ پەیوەندیی کردنی، هاوکاری، بەدەنگەوە هاتنی ناردنی وێنە و زانیاریی. گومان لەوەدا نییە کە وێنەو زانیارییەکان لاپەڕەکانی "لە سێبەری شاخ" دەرازێنەوە.
*زۆر سوپاسی، کاک ئومێد عیسا دەکەم برای "شەهید خەدرعیسا" بۆ هاوکاری، پەیوەندیی, ناردنی وێنەو زانیاریی. بە دڵنیاییەوە وێنە و زانییارییەکان لاپەڕەکانی "لە سێبەری شاخ" دەرازێنەوە.
*سوپاس و پێزانین بۆ هاورێ و برایەکی خۆشەویست، کە هەموو زنجیرەیەک لە خەمی هەڵەی زمانەوانیدایە کە بێگومان ئەوە نیشانەی دڵسۆزی، پاکی و بێگەردی ئەو کەسایەتییە.
* سوپاسی ستافی کوردستان پۆست دەکەم، کە بە بایەخەوە زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" بڵاو دەکەنەوە .
تێبینی یەکەم: شەهید موزەفەر شەریف لە ژیر نازناوی (موزەفەر سلێمان) هەندێک لە شیعرەکانی لە گۆڤاری کاروان بڵاو دەکرایەوە. 
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستانپۆست"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە