لە دوور و نزیکەوە باس لە سەربەخۆیی کوردستان نەکراوە

Monday, 03/10/2016, 20:04

2687 بینراوە


بە پێی قسەی برادەرێک کە بە خۆی لە نزیکەوە ئاگاداری سەردانەکەی ئەم دواییەی وەفدەکەی هەرێم بووە بۆ بەغدا، لە هیچ کۆبونەوەیەکدا بە رەسمی وشەی سەربەخۆیی بە زاری هیچ کەسێکدا نەهاتووە، بەڵام باس لە هاوبەشی و شەراکەت و هاوکاری یەکتر و مافی فیدراڵی  بەپێی مادەکانی دەستور کراوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو هەراو هوریا و چەواشەکاریەیە، کە هەندێک کەس و تەنانەت لە سەرکردە باڵاکانی حزبی دەسەڵاتی قۆرخکەر ئیدعای دەکەن، گوایە باسی سەربەخۆییان لە بەغدا کردووە، بەڵکو ئەوەی وتراوە تەنها لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی مەسعود بارزانی و عەمار حەکیم بووە نەک لەگەڵ عەبادیشدا، بە پەلەپرۆزکی وتراوە سەربەخۆیی نەک جیابونەوە بە لێکتێگەیشتن و رازیبونی بەغدا دەکرێت، واتە دەبێت ورچەکە هێلکە بکات بۆ ئەوەی ئەو مافە جێبەجێ بکەن، ئەم قسەزلانەش بۆ ئەم ماوە دوورودرێژە خەڵک پێ چەواشەدەکەن، بە سوک و ئاسانی و بە هەموو زەرەر و زیانە هەمەلایەنانەکەیەوە  لە دەرئەنجامی دورکەوتنەوە لە بەغدا و ملکەچبون بۆ تورکیا لە گەلی کوردستان کەوت، تاوەکو حاڵ گەیشتە ئەم وەزعەی کە  لە باری ئابوریەکداین، خۆزگە بە زەمانی دیکتاتۆریەتەکەی بەغدا بخوازرێ .
هەنگاونان بە بێ هیچ زەمینە و بنامەیەکی راست و دروستی سەرکەوتن لە ئامانجەکەت، ئاوات لێدەکات کە رۆبچیتە مەتاهاتێکەوە خۆتیش بە هەزار دەردەسەری لێی دەرنەچیت . دەچێتە عەقڵی هیچ کەسێکەوە، چەند سادە و ساویلکەش بێت لە رووی سیاسیەوە، تورکیا بواری ئەوەت بدات سەربەخۆیی رابگەیەنێت و ببیتە پاڵپشتێک بۆ کوردانی کوردستانی باکوور و تۆش سەرجەم هێلکەکانت بخەیتە سەبەتەکەیەوە . 
ئەوەی زانراوە، بە هاندانی ئەمریکا و تورکیا مەسعود بارزانی رووی کردۆتە بەغدا، ئەمەش هەڵوێستی تورکیا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتیدا دەردەخات کە تا چەند یاری بەو حزبە و سەرکردەکانی کردووە، تادواجار پاڵی پێوەناون بگەرێنەوە بۆ باوەشی ناوەند، دوای ئەو هەموو قازانجە سیاسی و  ئابووریەی لە هەرێمی کوردستانی بینیوە .
بۆ چەندین ساڵە خەڵکی دڵسۆز و بەسەلیقە و شارەزا، هاواری ئەوەیانە کە سەرکردەکانمان با بە کەوچکێک ئاو نەکەونە مەلە و سەرجەم هەڵوێستەکان بە جوانی بخوێننەوە و تەکتیک و ستراتیجی وڵاتان تێکەڵ نەکەن، گرنگترین بنەمای بەهێزی هەر وڵاتێک تەبایی و ئارامی و ئاسایش و پەیوەندی دروست و راستی نێوان لایەنە نێوخۆییەکانیەتی لەگەڵ پێگە جیۆپۆڵەتیکە ستراتیجیەکەی و توانا ئابوریەکەی کە قورساییەکەی دیاری دەکات، نەک بەرژەوەندی تەسکی هیچ لایەنێکی دیاریکراوی نێوخۆی ئەو وڵاتە . ئەوەتا بۆ سەرجەم لایەنەکان دەرکەوت، کە خەڵکی دڵسۆز پێش نزیکەی سێ ساڵ بە دەنگی بەرز قیراندی و، وتی زەمینەکەت بەهێز بکە برا، ئینجا هەنگاوی ستراتیجی بنێ، پەیوەندیە نێوخۆیی و شەراکەتەکەت و برایەتیت توندوتۆڵ بکە ئنجا پشت بە هاورێ دەرکیەکانت ببەستە، ئەویش بە پێی بەرژەوەندیەکانیان نەک بە خێر و سەدەقە مامەڵەت لەگەڵدا بکەن، باری دارایی خۆت توندوتۆڵ و قایم بکە و هەوڵی خودئیکتیفا بدە، ئینجا هەنگاوی گەورە بنێ کە هەموو جموجوڵەکانی دوژمن و نەیارانت لەوبارەوە خوێندبێتەوە، بەڵام تەنها بیر کردنەوە لە بەرژەوەندی حزبی و بە پاڵنانی هێزی نەرجسیەت و، هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی مەجدی شخسی و بێ هیچ بنەمایەکی راستی یارمەتیدەر و، بۆ چەواشەکاری و ململانێی نێوخۆیی قسەیەک بکەیت کە جێگەی نەبێتەوە، ئاوها و بەم شێوەیەت بەسەر دێت کە لە گۆشەیەکدا بە توندی قەتیس بکرێیت و جگە لە ملکەچبون بە گەڕانەوە بە شەرمەوە بۆ شوێنێک کە دەتوانرا بە جوانی و بە هێزەوە رووی تێبکەیت، هیچی ترت بەر ناکەوێت، کەچی ئێستا بە ملنان و بە سوتاندنی سەرجەم کارتەکانت بەدەستی خۆت، روو لەوێ بکەیت و تەنانەت ئەگەری بەدیهێنانی ئامانجە کورتخایەنەکانیشت زۆر لاواز بێت . ئا ئەمەیە کاری نەزان کە بەم دەردەت دەبات و، چێشتی نەزانیش مەگەرخوا بیگێرێت و، بۆلەمەودواش چاوەروانی لەمە گاڵتەجاریی تر دەکەین لە سیاسەتی ئەم سەرکردە زانا و بە سەلیقانەماندا !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە