مەپاڕێنەوە! سەرکردەکانی باشوور بۆ سەڕۆکایەتی کردنی پرسی کورد نابن!

Wednesday, 02/11/2016, 5:31

3793 بینراوە


لە باشووری وڵاتدا، میدیا کوردییەکان، هەندێک لە نووسەر، رۆشنبیر، خەمخۆر کەوتونەتە پاڕانەوە و ئامۆژگاریی کردنی هەندێک لە سەرکردەکان، بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەدا هەڵوێستی ڕاست بنوێنن! سەیری ئەو داواکاریە لەوە دایە کە لەو بارودۆخە پڕ هەستیارەی وڵات بە تایبەتی لە باشوور سەرکردەیەک خۆی ئەو خەسڵەتەی تیادا نەبێت کە دڵسۆزانە رێبەرایەتی میللەت بکات، لێپرسراوەیی پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان نەخاتە ئەستۆی خۆی! خۆی نەکات بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان و دەنگی شەقام، چۆن ئەو جۆرە هەڵوێستەی لە نێو ناخیدا لە دایک دەبێت؟ گریمان لە ژێر هەر پاڵەپەستۆیەکدا بێت، ئەو سەرکردەیە ئەو هەنگاوە بهاویژێت! هەڵبەت ئاییندەی ئەو جۆرە هەڵوێستە دیارە فشەڵیی و شکستە، دوای نەفەسێکی کورت کۆڵدەدا وەک جاری جاران دەچێتەوە نێو قاوغەکەی خۆی.هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو سەرکردەیە بە شێوەیەکی سروشتی ئەو خەسڵەتە لە ناخیدا نەڕواوە، تا ئەو هەڵوێستە مەزنە لە ناخییدا بە سروشتی لە دایک بووبێت، بەڵکو هەوڵدەدرێت تیایدا دروستبکرێت، دواتر پیرۆز بکرێت بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایی نەبوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو و پارتێکی پێشڕەو لە باشوور.
مانەوەی دۆزی کورد بەبێ چارە و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد لە لایەن چوار رژێمی داگیرکەر لە هەر چوار پارچەی وڵات، زەمینەیەکی لە باری رەخساندوە و بووە بە داینەمۆی لە دایک بوونی بزوتنەوەی سیاسیی، میللیی، شۆڕش هەڵگیرساندن، نارەزایی، توڕەیی دەربڕین و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە نێو جەرگەی دڵی میللەتدا.
لە باشووری وڵات، لە دێر زەمانەوە تا هەنوکە گۆڕەپانی زۆرەملانێی، خەبات، بزوتنەوەی سیاسیی، شۆڕش هەڵگیرساندن، هەرەسهێنان، ئاشبەتال و هەستانەوە بووە.لەو ناوچەیەدا میللەت ئەگەر نوخبە بووبێت یان زۆرینە، سەر بە هەر چینێک و توێژێکی کۆمەڵگای کوردیی بووبێت، هەوڵیداوە و ئامادە بووە ببێتە سوتەمەنی و لە نێو ئاگری ئەو کێشمەکێشمەیدا بسوتێت، بە ئومێدی تەکاندان بە بزوتنەوەیی رزگاری و گەیشتن بە ئازادی.بەو مەبەستە لەهەر قۆناغێکدا بە نیازپاکی پشتیوانی لە سەرکردەیەکی دیاریکراو کردووە، متمانەی تەواوی پێبەخشیوە و خاترجەمبووە لەوەی کە ئەو سەرکردەیە خەیانەت لە پرسی کورد ناکات.میللەتی کورد لە لای خۆیەوە دڵنیابووە لەوەی کە ئەو سەرکردانە وڵات نافڕۆشن و پرسەکە فەرامۆش ناکەن.لەو دیدەوە بەبێ پرسین، لێکۆڵینەوە لەو سەرکردانە لە جۆری بەرێوەبردنی شۆڕش، پەیوەندییان لەگەڵ دوژمنەکان جێگە گرنگی پێدان و سەرنجی ئەو نەبووە، ئەوەندەی سەرقاڵی ئەوەبووە کە بەدڵسۆزی و بڕوای تەواو بەردەوامیی بە خەبات و ماندووبوونی خۆی بدات تا مردن.
لەدەر ئەنجامدا، بە گشتی و میللەت بە تایبەتی ئەندام، لایەنگر و دۆستی ئەو پارتانەی کە سەرکردەیەکی دیاریکراو سەرکردایەتی کردوون، توشی هەڵە هاتوون لە جۆری هەڵسەنگاندن، بینینی کەسایەتیی هەر سەرکردەیەک لە پێستێکدا کە پێستی ئەو کەسە نەبووە.ئەمە بۆتە هۆکاری سەڕەکی لەوەی کە چاوەروانیی و پێشبینی زیاتر و چاکتر هەبێت لە کەساییەتیی ئەو سەرکردەیە لە هەموو بارێکدا، بگرە لە ئاستی رۆشنبیری سیاسیی، دڵسۆزی و توانای تیژ تێڕامانی ئەو کەسایەتییە لە بارودۆخ، قوڵی بیرکردنەوە لە لێکۆڵینەوە، شێکردنەوەی رووداوەکان، لە سوود وەرگرتن لە ئەزمون و مێژوو، نەکەوتنە ژێر کاردانەوەی خەڵکی دۆڕا و بودەڵە، لە هەڵوێستە سیاسییەکانی، بوێرانە پەنجە ڕاکێشان بۆ تاوانەکان، بێلایەن نەبوون و هاتنە دەنگ دژ بە تاوانبار، تێگەیشتوو و ژیرانە لە بڕیاردانی یەکلایکەرەوەی چارەنووسساز، حەکیمانە تێڕاونین لە سوود و زیانی ئەو بڕیارە سیاسییانە، پێشبینی کردنی ئاسۆیەکی روون لە شکەست و دەستکەوتی رێککەوتنە سیاسییەکان دا و لە کۆی رووداوەکان، تا دەگات بە دانی متمانە، لە بوونی هەناسەیەکی درێژ بۆ بەردەوامییدان بە هەنگاو هەڵوێستە ڕاستەکان.
کاتێک تاکەکانی نێو کۆمەڵگا دێن و متمانە دەدەن بە هەر سەرکردەیەک لەسەر ئەو بیناغەیەی کە ئەو سەرکردەیە لە چ کەسایەتییەک خۆی نیشانداوە و کەسایەتییەکەیان هەڵسەنگاندوە بە بێ ئاگابوون لە حەقیقەتی کەسایەتی ئەو سەرکردەیە، لێرەدا خاڵی ناکۆک و کێشە سەرهەڵدەدات، کە تاک، گەل ئامانج و ئاواتەکانیان، خەونی نیشتمانیی، نەتەوەیی، خەبات و ماندووبوونیان لە دەوری ئەو سەرکردەیە چڕ دەکەنەوە، دواتر دەردەکەوێت کە ئەو کەسایەتییە هی ئەو بارە نەبووە، ئینجا خەڵک تووشی بێمتمانەیی و بێهیوا بوون دەبێت، بۆی دەردەکەوێت کە کەسایەتیی ئەو سەرکردەیە ئەوەی تیادا نییە ببێت بە سەڕۆک، بەرپرسیاریەتی هەڵگرتنی پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆی خۆیدا بگرێت، سەرکردایەتی رێگەی سەخت، هەلگری مەشخەڵی رزگاری و سەرفیرازی بێت.گەیشتن بەو ئەنجامە بۆ میللەت بە تایبەتی بۆ ئەو تاکانەی کە خاوەن خەبات، قوڕبانیین و تەمنیان لە رێگەی ئەو رێبازەدا بەخشیوە کە ئەو سەرکردەیە سەرکردایەتی کردوە دەبێت بە واقعێکی تاڵی پڕ لە ئازار، دڵساردبوونەوە و بێ هیوا بوون لە دڵ ودەروونیادا چەکەرە دەکات.
ئیمرۆ، مێژووی سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی باشوور لە عیلمانییەکان تا دەگاتە ئیسلامییەکان، هیچ جیاوازییەکیان نییە، هەموویان بە یەک شێوە لە وێستگەیەکدا گیریان خواردوە! توانای تەکاندانیان نییە بە بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان و هیچیان پێناکرێت، چۆن؟ لەم بارودۆخە پڕ هەستیارەی باشووری وڵات، لە قاتوقڕی، نەبوونی موچە، شەڕی داعش و بوونی گرانی دا، ژیان و گوزەرانی ئەو سەرکردانە و خیزانەکانیان لەگەل ژیان و گوزەرانی سەرتاپای میللەت بەراورد بکرێت، دەردەکەوێت کە ئاستی جیاوازییەکە بە قەد بۆشایی ئەرز و ئاسمانە.باری گوزەرانی خێزانی سەرکردەکان لە ئاستێکی بەرز دایە و زۆربەی خێزانەکانیان وەک خێزانی ملیۆنێرەکانی دنیا دەژین بە تایبەتی خێزانی بنەماڵەی بارزانی، خێزانی تاڵەبانی بە پلەی یەکەم و دووەم دێن دواتر ئەوانی تر.سەرکردەکانی باشوور تێکرا لە کۆکردنەوەی خەڵک و هەڵبژاردنی دموچاوەکان بۆ کردنیان بە واجیهەی پارتەکان، لەسەر بیناغەی شیاویی لێهاتووی کەسەکان نەبووە، یان لەسەر بیناغەی پاکی هەڵوێستی سیاسیی و مێژووی ئەو کەسە و ئاستی رۆشنبیریی، بەڵکو لەسەر بیناغەی ئەوە بووە کە کێ دەبێت بە پیاویان، کێ زمانلوسە، کێ ماستاوی تیر دەگرێتەوە، کێ بێ دەنگ و دیکورە تەنیا زەردەخەنە بە چواردەوریدا دەبەخشێت.
سەرکردەی ئەو پارتانەی کە بەشداربوون لە حکومەتی بنکە پەرتەوازە بوو هاوشێوەن لە هەڵوێستە سیاسییەکان، هەموویان تێکرا بە بڕوایەکی پتەو چوونە نێو دەسەڵاتی سیاسیی خێڵەکیی، کەوتنە چەپڵە لێدان، هەوڵدان بۆ کپکردنی دەنگی نارەزایی شەقام، پارە وەرگتن و پۆست دابەشکردن بە دەورووبەریان لە ژێر ناوی "حکومەتی بنکە فرەوان"دا.هەموو ئەو سەرکردانە رەزامەندییان هەبوو لە درێژ کردنەوەی ماوەی سەڕۆکی ماوە بەسەر چوو لە هەرێم بە ئامادە بوونی نوێنەری بیانی بە تایبەتی ئەمریکا.پەیتا پەیتا سەرکردەکان یان نوێنەریان ڕایانکردوە بۆ سەر خوانی دوژمنانی کورد وەک ئێران، تورکیا، نزیک بوونەوە لە مالکی، جەعفەری، ئۆردوگان، رۆحانی و وەلائی خۆیان دەربریوە بۆیان بەبێ بوونی یان سەپاندنی هیچ مەرجێکی نیشتمانی و نەتەوەیی یان بەدەسهێنانی دەستکەوتی سیاسیی.دیارە ئەو نزیکبوونەوانە تەنیا بۆ گیرفان پڕ کردن بووە.هەموویان دەستیان هەبووە لە هێنانی هێزی داگیرکەران بۆ هەڵکوتانە سەر یەکتری و پارتە کوردییەکانی تری پارچەکانی تری کوردستان.سەرکردەکان کۆکبوون لە یەک هەڵوێستی لە لکاندنی باشووری وڵات بە عیراق، پاراستنی یەک پارچەیی عیراق.هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد بەرامبەر بەو تاوانانەی کە لە هەرێم ئەنجامدراون وەک بە تاڵانبردنی نەوتی هەرێم، کوشتنی ویداد حوسێن، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان و سۆڕانی مامە حەمە، دیفاع نەکردن لە شەنگاڵ، ناوچەکانی مەخمور هاتنی داعش.هیچ کامێکیان پێشوەخت بەرنامە، پلان و مەرجی کوردییان نەخستۆتە بەردەمی زلهێزەکان، وڵاتانی ناوچەکە پێش بەشداری کورد لە شەڕی داعش و بە تایبەتی شەڕی شاری موسڵ.
خۆپیشاندان و شەقامی بێکەس، بۆ؟
سەرکردەکانی حکومەتی بنەکە پەرتەوازە بوو، هەنوکە بەرامبەر بە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی میللەت دوورەپەرێزن، ئەم هەڵوێستەی ئەو سەرکردانە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئیمرۆ ئەو خۆپیشاندانە بۆ ئەوان هیچی لێ شیننابێت.لە ساڵی ١٩٩١دا کاتێک کە ئەم سەرکردانە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات گەرانەوە خاوەن هیچ نەبوون، خۆیان کرد بە خاوەنی خەباتی دڵسۆزانی گەلەکەمان لە قۆناغی شاخ، ڕاپەڕین و کۆڕەو، لە ئەنجامدا گەلێک دەستکەوتی شەخسیان بەدەستهێنا کە بریتین لە بیرە نەوتەکان، پارە، پۆست، ماڵوموڵک، پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆشگوزەرانی بۆ خۆیان، خێزانیان، کەسوکاریان و دارودەستەیان، ئیتر لەوانە زیاتر ئەو سەرکردانە هیچ خەونی تریان نەماوە پێیبگەن ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە خۆیان دوورە پەرێز گرتووە لە دەنگی شەقام.بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش ئەزمونی ١٧ی شوبات زیندووترین بەڵگەیە کە سەرکردەی هەندێک لە پارتەکان لە سەرەتادا هەندێک هیوای تریان پێوە گرێدابوو، وەک بوون بە کەسی یەکەم لە هەرێم و حکومەتەکەی، بەڵام کە بۆیان دەرکەوت خۆپیشاندانەکە ئەو ئامانجەیان بۆ ناپێکێت، ئیتر پاشەکشەیان کرد لە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و پشتیان کرد لەو کەسانەی کە بوون بە قوربانی.
پوختەی بابەت
بە پاڕانەوە، سەرکردە و سەڕۆک، دروست نابیت، بەڵکو دەبێت کەسایەتیی سەڕۆک لە نێو ئازارەکانی میللەتەکەیدا لە دایک بێت و گەورە بێت، قاڵبێتەوە لە بڕوابوون بە گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە گوێرەی قۆناغی بزوتنەوەیی میللەتەکەی هەڵگری هیوا، خوازی میللەتەکەی بێت.
لەم قۆناغەدا، هەر یەکێک لەو سەرکردانە بووە بە ملیاردێر و دەیانەوێ پارێزگاری لەو پێگەیشتنە ماددیە بکەن.خۆ تێهەڵقوڵتاندنیان لە خۆپیشاندانەکان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسی و ماڵوموڵکیان بەفیرۆ بڕوات.
مێژووی تەمەنی سیاسیی و ئەزمونی جۆری کارکردنی ئەو سەرکردانە سەلماندویانە کە هیچ یەک لەو سەرکردانە نەیانتوانی هەڵگری نامەی میللەتەکەیان بن، توانای ئەوەیان نەبوو ئەو بارە قورسە کە پرسی نەتەوەیەکە بەرەو ئاقاری سەربەخۆبوونی ببەن.ئەو ڕاستییانە و بوونی ئەو جۆرە دیاردانە لە باشوور، پێمان دەڵێن، بۆشاییەکی سیاسیی لە نەبوونی پارتێکی پێشڕەو و سەرکردەیەکی لێهاتوو هەیە.پێویستە میللەتی کورد لە باشووری وڵات دا بیری لێبکاتەوە و خۆی پابەند نەکات بەو سەرکردانەی کە سەدان جار خەبات، ماندوو بوون و توڕەیی میللەتیان بەرەو هەڵدێر بردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە