بۆ لەبیربردنەوەی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، دەسەڵاتی کوردی سیناریۆی بۆ دروست دەکات

Wednesday, 14/12/2016, 22:38

5217 بینراوە


هەفتەی رابورو چەند دەهۆڵێکی میدیایی لێدران کە لە هەندێک روداوەوە دەرهێنرابوون. مەبەستیش لەم دەهۆڵانە ئەوەیە کە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بۆ لە بیربردنەوە و خۆدزینەوە لە داخوازییەکانی خۆپیشاندەران، بە مەبەست ویستیان سەرنجی جەماوەر بەلایەکی دیکەدا راکێشن. پارتی و یەکێتی ئەزمونی داهێنانی ئەم جۆرە گەمانەیان هەیە، وەک گرتن و هێنانی کەسانێک بۆ سەر شاشەی کەناڵەکان، ناساندنیان وەک تیرۆریست گوایە ویستوویانە تەقینەوە ئەنجام بدەن، یان بابەت دروستکردن لەسەر شەڕی دروستکراوی نێوان خۆیان، دروستکردنی کێشەی شەڕی بودجە و موچە لەگەڵ بەغدا، هەروەها کۆمەڵێک گەمەی دیکە. ئەو پەلاماردانەی پارتی بۆ سەر پەرلەمانتاری گۆڕان (سروە عەبدولواحید) و خۆپیشاندانی کۆمەڵێک پیاوی پارتی و پاراستن وەک هاوشانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان. دووەم شەڕە دەنوکی نێوان مەلا بەختیار و شانازی برایم ئەحمەد، هەموو ئەمانە گەمەی دەسەڵاتە بۆ خەفەکردنی خۆپیشاندانەکانی دەڤەری سەوز، بۆیە بە پێویستمان زانی لەو بارەیەوە وەکو "کوردستانپۆست" ئاگاداری نووسەر و خوێنەرەکان بکەینەوە، کە پارتی، یەکێتی و پارتەکانی دیکە بە مەبەست لە کاتێکی وادا ئەم رووداوانە دروست دەکەن، تا خەڵکی خۆیان بەمانەوە سەرقاڵ بکەن، داوا لە نووسەرەکانمان دەکەین، ئاگاداری ئەم فێڵانە بن، چیدی لە نائاگاییەوە خۆیان نەخەنە نێو تەڵەی ئەو پلانانەی دەسەڵاتەوە. ئەو باسانە نە شەڕی ئێمەیە، نە بە شەڕی ئەو نووسەرانەشی دەزانین، کە لەگەڵماندا لە یەک سەنگەردا کۆبوونەتەوە و بڕوایان وایە دەسەڵاتی کوردیی و حیزب و پەرلەمەنتارەکانیان بەشێک نیین لە ئازاری خەڵکیی، بەڵکو بەشێکن لە ئازاردان و برسێتی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان. دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بۆ چاواشەکردن و بەلاڕیدابردنی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان ئەم گەمانە روست دەکەن و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن.
دووبارە خوێنەر و نووسەرەکانمان ئاگادار دەکەینەوە، کە چیدی لە سەر هیچ رووداو و باسێکی دروستکراو و گەمەی پارتەکانی باشوور خۆیان نەخەنە نێو ئەو شەڕانەوە و پێی نەخەڵەتێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە