کورتەیەک لە مێژووی" رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە".(بەشی دوازدەهەم)

Tuesday, 16/01/2018, 23:37

3945 بینراوە


لە رۆژی سێیەمی کۆنگرە، تا دەهات ،ئەکسا هەڵوێستی شل و لاواز دەبوو، هیچیان بۆ نەدەسەلمێندرا، چونکە دەست و پێ بەستراو بوون. هەردوو KSSE، باڵا دەستی خۆیان بەسەر کۆنگرەدا کێشا. لە دوا وێستگەدا ئەکسا، چاوەڕێی چرای سەوزی بەرپرسێکی خۆیان دەکرد، تا هەموو شت بدەنە دەستەوە. خۆبەدەستەوەدانی ئەکسا، جێی نیگەرانی ئێمە بوو،هاوکات، بەزیانی گەورە و مێژوویی بزاڤی خوێندکارانیش دەکەوتەوە. بەم جۆرە  ئێمە پشتێکی گەورەمان بەرەو چۆکدادان دەچوو. 
هەرچیمان کرد، ڕونکردنەوەیەک بدەین و هۆڵەکە بە ئارامی جێبهێڵین، لێ ئەوە بوو  چ دەرفەتیان نەداین  هەڵوێستە بنجییەکانمان باس بکەین: مەسەلەی ئاڵا و کۆلۆنیبوونی کوردستان بچەسپێنین. 
لە ئاکامدا ئەوان داوایان کرد، ئەو مەسەلانە کە بەلای ئێمەوە و لە ڕاستیشدا لە حوکمی  بەڵگەنەویستان، بخەنە دەنگدانەوە. ئێمە بە توندی ئەمەمان ڕەتکردەوە و وتمان بە هیچ جۆڕێک ئامادە نین وەک (شاهد الزهور) بەشداری، تاوان و گەمەیەکی وا بکەین. بەلای ئێمەوە ئەو مەسەلانە گفتوگۆ هەڵناگرن و وەک بوونی خۆر و ئەستێرە و زەوی بەڵگەنەویستن. لە کاتێکدا ئێمە هەر  سووربووین لەسەر ئەم دوو پرنسیپە،دەمانویست بە دەنگێکی زوڵاڵەوە ڕای بگەیەنێن.  بۆیە زۆر هەوڵمان دا، مایکرۆفۆن بگرین بەدەستمانەوە و بە وتەیەک، ڕاستییەکان بۆ ئامادەبووان ڕوون بکەینەوە و هۆڵی کۆنگرە هێمنانە بەجێبهێڵین. لێ چ بوارێکیان نەداین و هەموو ئامادەبوانیش ئاگاداری پسکەپسک و خۆڕاپسکاندن و گرژی نێوان ئێمە و بەڕێوەبەرانی کۆنگرە و زلە بەرپرسەکانی  پارتی و کۆمەنیست بوو بەتایبەت.
 من چەند ووشەیەکم وەک سەرە قەڵەم لە پارچە کاخەزێکدا نووسیبوو دەمویست بیخوێنمەوە، دەرفەتی ئەوەشیان نەدا. لەبەرئەوەی من ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرە بووم،جوڵەکردنم گران بوو. نووسینەکەم دایە دەست هاوبیر عوسمان تاوەکو، بیخوێنێتەوە، کەچی پەلاماری ئەویش درا و رێی پێ نەدرا، قسە بکات. ئیدی هاوبیرانی ئێمەش کەوتنە خۆ و هاتنە پێشەوە بۆ ئەوانە ڕێگرییان لێ دەکردین و کەشی کۆنگرەکە بەتەواوی گرژی  تێکەوت.
 وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تومەز ئەوان لەوە دەترسان ئێمە دەقی "لقاء الرفاق"مان بەدەستەوەیە و دەمانەوێ  ئەو شەرمەزاری و گاڵتەجاڕییەی ئەوان ئیمزایان کردووە و کردوویانە بڕیاری یەکگرتنەوە،ئاشکرای بکەین و ڕیسەکەیان لێ بکەینەوە بە خوری.
دەبێ ڕاستییەک بۆ مێژوو بڵێم گەر بهاتایەو ئێمە ئەو کارەشمان ئەنجام بدایە،لایەنگرانی ئەو حیزبانە ئامادە نەبوون،دەستبەرداری هەنگاوەکانی خۆیان بن. هۆکەشی بە حیزبی بوون و دەروێشییەکی بێ کۆت و بەندی خەڵکەکە بوو.دەنا دەبوو ئەوان بەڕامبەر بە ڕێگریکردن لە ئێمە هەڵوێستیان بنواندایە و ناڕەزاییان نیشان دایە.  
لە لایەکی دیکەشەوە،دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم،کەوا لەراستیدا،تا ئەو چرکەساتە، ئێمە چ ئاگایەکمان لە لە"لقاء الرفاق" نەبوو. ئاخر نوێنەرمان لە سوریا نەبوو. ئەو رێکەوتنامەیەش پێموایە خودی دەزگای سیخوڕی سووری بڵاوی کردبۆوە،تا کورد نەگەنە ئامانجی یەکگرتن.
ئەوە بوو  گرژیی و ئاڵۆزی کەوتە نێو هۆڵەکەوە. ئێمە بە توڕەیی و ناڕەزایی و ڕاپسکانێکی زۆرەوە، کۆنگرەمان بەجێهێشت. ئەوان هەر بەردەوام بوون لەسەر بەڕێوە بردنی کۆنگرە و باوەڕیشیان نەدەکرد، سۆکسە بڕیاری وا قورس بدات و کۆنگرە بەجێبهێڵێت.
دوای بەجێهێشتنی هۆڵی کۆنگرە، دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکمان سازدا، بۆ  هەڵسەنگاندنی پرسی یەکگرتنی خوێندکاران و ئەو شانۆگەرییە نەزۆکەی ساز درابوو. لە پێناوی روونکردنەوەی مەسەلەکان و راگەیاندنی هەڵوێستمان  بەیاننامەیەکمان بە نێوی " ڕوونکردنەوەیەکی ناچاری " دەرکرد. 
بۆ مێژوو ئێمە ئەو دوو ئاڵا و تابلۆ و کەرەسانەی بردبوومانە ناو هۆڵی کۆنگرەوە،لەبەر حورمەتی گیانبەختکردووانی ڕێی سەربەخۆیی کوردستان و خوێندکاران و میوانە بەڕێزەکان، کاتێ دەرچووین لەگەڵ خۆماندا نەمان بردن. کەچی دوایی هەموویان دیزە بەدەرخۆنە کرد و وەک ماڵە تاڵانی هەڵیان لووشی. پاشان بە نامەیەکی پڕ لە ڕەخنە و گلەییەوە،بە فەرمی لە ٤/٢/١٩٨٩دا، داوامان لێ کردنەوە،کەچی ئاستی شەرمەزاریی و خەجاڵەتییان بە پلەیەک گەیشتبوو،ڕووی وەرام دانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیان نەبوو.
دوای چەند رۆژێکی کەم ، باشم لە یاد نییە و نازانم لە ڕێی کێوە بوو، نوسخەیەکی "لقاء الرفاق"م دەستکەوت. دەستبەجێ،بە فاکس ناردم بۆ ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی نووسەرانی خوێندکاری کورد. ئیدی لە ژمارە ١٢ ی خوێندکاردا،بە چەند بابەتێک لەسەر یەکگرتنەکە، ئەم شانۆگەرییە ڕیسواکرا و توانیمان باشتر پەردە لە ڕووی دزێوی ئەو کارە ناشایستەیەی دەرهەق بە خوێندکاران و کوردایەتی کرا،هەڵ بدەینەوە.
هەرچۆنێک بێت، لقاء الرفاق هەموومانی تووشی شۆک کرد،بەتایبەت،ئێمەی سۆکسە،دوای ئەو پەرۆش و گەرموگوڕییەمان بۆ سەرخستنی ئامانجەکە نواندمان، هیچ ئاگامان لەم کەینوبەینەی لایەنەکان نەبوو. پێشموابێ،برادەرانی یۆکسی،لە رێی پارتی گەلەوە،کە لە سوریا بوون.  سەرەتا رێکەوتنە ژێربەژێرەیان دەستکەوتبوو، بڵاویشیان کردەوە. بەم شێوەیە لەم شانۆگەرییە نەزۆکەدا ئەنجام  درا، کە هێڵە گشتی و ئەکتەرەکانی لە سوریاوە دیاریی کرا بوو. بە ڕواڵەت پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی خوێندکاران، خوێندکاران ڕۆڵی کۆمبارسێکی پاسیڤیشیان پێ نەبڕا و هەموو خەبات و تێکۆشانەکەیان بووە قوربانی ئەو لاپەڕە ڕوو زەردە پڕ لە شکست و شەرمەزارییەی بۆ مێژووی تاریکی خۆیان تۆماریان کرد. 
پێویستە ئەوەش وەبیر بهێنینەوە، لەتەک ئەو ڕاستییەشدا لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوە، کەچی لە مانا و ناوەڕۆکدا، ئەو پرسە گرنگە نەک هیچ هێز و پێزێکی بە بزووتنەوەی خوێندکاران نەبەخشی، بەڵکە لاواز و سست و بەرەو پووکانەوەشی برد.
ئەوەی بەلای ئێمە جێی شانازی و مایەی سەرکەوتن بوو، وەک سۆکسە،  بێ ئەوەی چ ئاگادارییەکمان لەسەر ئەم نهێنکارییەی ئەو لایەنانە هەبێت، لێیان بە گومان بووین. بەڵێ بێ چەند و چوون ئامادە بووین لەگەڵیان دا یەکبگرین، دەستبەرداری بەرژەوەندی و پلە و پایەی شایستەی خۆمان بین،لە پێناوی مەسەلە گشتی و ڕەوا و پیرۆزەکەدا. بەڵام هەرگیزاو و هەرگیز ئامادە نەبووین لە گەڵیاندا، لەسەر خاڵ و پرنسیپ و بنەمای سەرەکی و گەوهەری، هیچ سازش و یەکگرتنێک ئەنجام بدەین. دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر لەبەر ڕۆشنایی فەلسەفەی کوردایەتی و چەمکی کوردبووندا،بڕیاری پاراستن و مانەوەی سۆکسەمان دا،بۆ درێژەدان بە ڕێبازە پیرۆزەکەی، کە لە یەکەم چرکەوە خستبوومانە ئەستۆی خۆمان.
دوای کۆتایی هاتنی شانۆگەریی یەکگرتن و یەکگرتنەوە، کۆمەڵەی یەکگرتوو بە شەپڵەلێدراوی مایەوە،و چ چالاکییەکی بەرچاوی نەما و تەنانەت بڵاوکراوەیان،نەبوو،وە بەیاننامەشیان ڕووی لە کزی کرد. مخابن، پرۆسەی یەکگرتنی کوردی لەسەردەستی ئەو لایەنانەدا، هەروابووە، چ هێزێکی بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو سستی و ناچالاکبوون و کەمتەرخەمیکردن و خەمساردی نواندن پەرتەوازبوون، ئاکامی یەکگرتنەوەکانی کورد بووە. چونکە زۆرینەیان لەسەر بنچینەی تاکتیک و فێڵ و فەرەج و باوەڕ بە بەرامبەر و لایەنی تر نەکردن ئەنجامدراون و هەوڵی قوتدان و سڕینەوەی بەرامبەر ئامانج بووە،نەک یەکخستنی توانا و خورتکردنی بازووی کوردایەتی. بە کورتی ئەو بڕیار و هەنگاوەی یەکگرتن،چونکە بنەمای ڕاستەقینە و ڕیشەی بنجی نەبوو،چ سیمایەکی نوێی لێ بەدیار نەکەوتوو و هێز و پێزی نەبەخشییە خوێندکاران.
کۆمەڵەی یەکگرتوو، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و هەوڵی رازیکردن و بەشداریکردنی ئەو ڕێکخراوانەی لەدەرەوەی کۆمەڵە مابوونەوە،کۆنگرەی دوومی خۆی لە رۆژانی ١٨ ـ٢٠/٨/١٩٩٠، لە شاری گراتسی ئۆتریش/ نەمسا بەست. سۆکسەش،بە فەرمی داوەت کرا و ئێمەش پێمان باش بوو،بۆ هێشتنەوەی ڕایەڵەی پێوەندییەکان و نائومێدنەبوون لە هەوڵی یەکگرتن،بەو بنەما بەڵگەنەویستانەی لای  ئێمە و پێویستە هەموو کوردێک بەلایەوە بەڵگەنەویست بێت، بەشداریمان کرد. 
بەندە، دەستنیشان کرا وەک نوێنەری سۆکسە، بەشداری کۆنگرەکەیان بکەم. لە کۆنگرە، وتاری سۆکسەم خوێندەوە،کە وتارێکی ڕەخنەئامێزی دڵسۆزانە و بە پەڕۆشانە بوو.  بە ئاشکرا و ڕوونی بیر و ڕاو و بۆچوون و ڕەخنە و کەموکوڕی و هەڵسەنگاندنەکانم خستە بەرچاو و هەم لە پێناسە و پێگەی کۆمەڵە و هەمیش لە دوورکەوتنەوە، لە گیان و ڕێبازی کوردستانی و هەمیش لە پێشێلکردنی هەموو پرنسیپەکانی دیموکراسی و خوێندکاری و ڕازیبوون بە گەمەی ناتەندروستی حیزبەکان. داوامان کرد، کۆمەڵە بێتەوە سەر هێڵی دروست و لۆژیکداری خەباتی ڕاستەقینەی خۆی و ڕۆڵی مانا و بەهای کوردستانی بگێڕێ.
هاوبیرانی کوردستان لەسەر هەڵوێستی سۆکسە لەمەڕ یەکگرتنەوە، ڕووبەرووی ڕەخنەی زۆری لایەنەکان بوونەوە و لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانیدا،باسی کێشەکە کرا بوو. هاوبیرانی پاسۆک، بە لۆژیکێکی کوردانە توانییان ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکە،لە فۆڕمێکی ئەرێنیدا بخەنە بەردەم لایەنەکان و بە گەرمیش دەستخۆشییان لە هەڵوێستەکەمان کرد. ئەمەش بەڵگەیەکی چەسپاوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین، سۆکسە بەمانای وشە، لە پرسە هەستیارەکاندا ئازاد و سەربەخۆ بوو،دەبوو لەوە زیاتریش بکات،کە تا ئەو کاتە پیی هەڵسا بوو. 
 دوای چەند دیدار و گۆڕینەوەی بیروڕا،لەتەک بەرپرسی لایەنەکان دا، بۆمان ئاشکرابوو کە هیچ بە نیازنین گۆڕانکارییەکی پرنسیپی لە پێڕەو و پڕۆگرام و بەرنامە کۆمەڵەدا،ئەنجام بدەن، تا  نیازی پاکی خۆیان بە ئێمە نیشان بدەن. بۆیەکا دیسان و سەرلەنوێ چ ئامادەگییەکی خۆمان بۆ یەکگرتن و یان چوونە سەر خوانی ئەوان، وەک ئەوەی ئەوان چاوەڕێیان دەکرد،نەنواند و شێڵگیرتر بووین لەسەر ڕێبازەکەی خۆمان.
سۆکسە ئەودەم ، ساڵێ زیاتر بوو،کەوتبوو بەسەر کۆستی گەورەی گیانبەختکردنی کاک ئازاد مستەفادا،کە لە ١٩/٣/١٩٨٩ دا دوا ماڵئاوایی لێکردین. لەتەک ئەم گورزە کەمەرشکێنەدا و باری نائومێدی ئەو ڕۆژگارەی کوردستان،دیسان سۆکسە،دوای ئەوانەش بە تەنیا و سەربەخۆ مایەوە،درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا و بڵاوکراوەکانی ڕووی لە زیاد بوون و بە پێزتربوون دەکرد. بە واتایەکی دیکە ١٣ ژمارەی خوێندکاری کوردمان دەرکرد و کۆمەڵێ کاری تریشمان ئەنجام دا. وەک لە لیستی بڵاوکراوەکاندا، ئاماژەی بۆ کراوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە