بێمۆراڵى گۆڕان و خۆپیشاندان

Monday, 02/04/2018, 19:39

3561 بینراوە


پێشتر لە نوسینێکمدا ئاماژەم بە مەترسى دەستبەسەراگرتنى گۆڕان بۆ خۆپیشاندانەکان و بەحیزبیکردنى دا، لەبەر ئەوە کەوتمە بەر لێشاوێکى جنێو، کە لە ئاستى چاوەڕوانیمدا بوو.
--------------------،
بەداخەوە من بوێریکم نەبینى، کە ڕەخنەیەکى جدیم لێبگرێت بۆچونەکانم ڕەت بکاتەوە، ئەوەش ئاساییە، چونکە ئەمانە تەنیا دەنگى سەرکەوتى کوبە لە گردەکە ئەبیستین، بەداخەوە دواى مەرگى نەوشیروان مستەفا گیانێکى فاشیزمانە لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا لە چەکەرەکردندایە و ئەبێت ڕەنگت نیللى بێت و سنورى گردەکە بە سنورى دنیا بزانیت لەوە زیاتر دەنگى جیاواز نەبینرێت، ئەگەر دەنگێک جیاوازبوو ئەوا بە دەردى سەباحى عەلى قارەمان ئەچیت، کە نزیک بە گۆڕەکەى ڕێکخەرى گشتى ئەبێت تێهەڵبدرێت .
 مەلا سامانی مرۆڤ دۆست و هاونیشتمانیەکى دڵسۆزە درێخى لەبەرگریکردن لە ئازادى نەکردووە، ڕۆژانێک لەسەر ئەم بزوتنەوەى گۆڕانە جەستەى خوێناویکرا، ئەوەتا حیزبى (ئۆپۆزیسیۆن) ناهێڵن ووتار بدات، چونکە خۆپیشاندانەکە بووە مەیدانى نمایشى حیزبى، ئەمەش لە فەیسبوکەکەى ڕۆژى ١-٤-٢٠١٨ بڵاویکردۆتەوە بەشێکیەتى:
 (ئیستا حیزبە ئۆپۆزیسێۆنەکان ئیستغلالی ئەم خۆپیشاندانەیان کردوو بۆ کۆ کردنەوەی دەنگ ڕێگا نادەن بەمن وەک مەلایە لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانە کانەوە لەگەڵیاندا بووم وتارم هەبێت، هەرچەندە وتارەکانم بۆ دیفاع کردنە لە موچەى ئەوان بۆیە بریارم دا بەشدارى خۆپیشاندان نەکەم.). 
 ئەو دوونمونەیەم بۆ ئەوە هێنایەوە کە ئەو بزوتنەوەیە لەچ داڕمانێکى سیاسیدایە و ئەنجامى ئەو جۆرە مامڵەى و نەبونى دید و ستراتیژێکى ڕۆشن و کەوتنە دواى سیاسەتی جوت بنەماڵەى دەسەڵاتدار و چاوداخستن و ڕازیبون بەچەند پلەیەکى حکومەتى بێشکۆ و دابەشکردنى بەسەر دەست و پێوەنددا کە هەریەکەى لەشوینى خۆیەوە بەچکە حەملانێکن، تەنیا ئەوە ماوە ئیعلانى بکەن، ئیتر شاسوار عەبدولواحیدێکی بازرگان پەیدا ئەبێت، کە لە دزیی و دەستبڕین تێری نەخواردووە دەیەوێت ئەمجارە لە رێگای حیزبێکەوە، وەک کەڵە دزێکى وەک خۆی بەرهەم لیست دروست ئەکات و باس لەمەزڵومیەتى خەلک ئەکات. ئەو شاسوارەی کە دروستکراوی گۆڕان خۆیەتیی و لەگەڵ خوشکەکەیدا هاتنە ناو کایە سیاسیی و بازرگانییەکانەوە، ئیستا لێیان هەڵگەڕاوەتەوە و هەموو رۆژێک بە گۆڕانەوە دەدات.
بێمۆراڵى گۆڕان لە خۆپیشاندانەکاندا :
دوروویی و دوفاقى بزوتنەوەى گۆڕان بەرامبەر خۆپیشاندەران، لەکاتێکدا لەلایکەوە لایەنگیرى خۆپیشاندەرانن و بەرهەمى ڕۆژانەى لایەنگرانیان هەزارەها سێڵفیە، لە لایەکیترەوە لەهەوڵى لەبار بردن و خامۆشکردنى خۆپیشاندانەکاندان لەلایەن پارێزگارەکەیانەوە .
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت:
ئەمڕۆ 1/4/2018 بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌ و بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەموو فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و لایەنە سیاسییەكاندا؛ ئەم پەیامە پێشكەش بە ڕای گشتیی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان دەكەین: دەتوانن تەواوى پەیامەکە بخوێننەوە ئەمە لینکەکەیەتى :
 
ڕاستیەکەى لەکۆبونەوەکەدا چى گوزەراوە :
ئەگەر تەواوى پەیامەکە بخوێنیتەوە قسەگەلێکن بۆ میدیا و بۆ چەواشەکردنى خەڵک و گێلکردن و دەم کڵۆمدانى هەوادارانیان. بەڵام دیوێکی ترى کۆبونەوەکە شتێکیترە، درۆیەکى گەورەیە کەهەموو بەڕێوەبەرى فەرمانگەکان نەچوبون . پارێزگار ئەم قسانەى کەلەخوارەوە هەندێک پەرەگرافى ئەخەینە ڕوو پاش ئەوەى لە توێکڵى ووشە بازى پاکیان ئەکەینەوە، دوو ڕووى بزوتنەوەى گۆڕان دەرئەخان کەسەنگ و قورساییى خۆیان خستۆتە ناو خۆپیشاندانەکان و لەلایەکیترەوە هەڤاڵ ئەبوبەکرى یەکێکە لە لینەکانیان لەگەڵ جووت بنەماڵەدا .
 بزووتنەوەیەک .. گەردیلەیەک ڕێز بۆ ئەو خۆپیشاندەرە گیرفان خاڵیانە دابنیت، بزوتنەوەیەک .. تۆسقاڵێک کەرامەت بۆ ئەو خانەنشینە هەناسە ساردو سفرە بێڕەونەقانە دابنێت، بزووتنەوەیەک .. ڕێز بۆ هەناسە ساردى و بێدەرامەتى خاوەن پێداویستە تایبەتیەکان دابنێت نایەڵێت قاچى لەحکومەتێکدا بێت کە سەرتاپاى لە زوڵم و زۆر و خیانەت و چەقۆکێشى و بەتاڵانبردنى سامانى سەر زەوى و ژێر زەوى دا نغرۆ بوبێت و دەست بەجێ دێتە دەرەوە، بزوتنەوەیەک خەڵکانێک نانبڕاو ماڵوێران و توشى گرتن و سوکایەتى و شاربەدەرکردن بوون لەسەرى بەرهەمەکەى ئەوەبوو چەند ملپانێکى لەسنورى سلێمانى کرد بەپارێزگارو و بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەر .
ئەمە کرۆک و تەتەڵەیەکى قسەکانى پارێزگارەکەى گۆڕانە :
• ئەبێت بایکۆت نەمێنێت و بچنەوە سەرکارەکانتان، خۆپیشاندەران بچنەوە هۆڵەکانى خویندن هەتا خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا نەبرێت ..
بڕوانن: یەکێتى و پارتیش هەرئەم قسانە ئەکەن، بە قسەى ئەم پارێزگارە بێت مامۆستایان ببنە سوخرە کێشى ئالى تاڵەبانى و بەرزانى .
• ئەمشەو لەگەڵ بەڕێزان کاک نێچیر و کاک قوباد کۆبومەتەوە ئەڵێن : ئەبێت خۆپیشاندان کۆتایی پێبهێنرێت .
 بڕوانن: ئەم چڵکاوخۆرە چۆن پەیامى چەقۆکێشانى دەسەڵات بەخەڵک ئەڵێت .
• هەتا ١٢-٤- ٢٠١٨ موچەیەک بەسیستەمى نوێ وەرئەگرن .
• لەئێستادا کە قەیرانەکان بەرەو چارەسەر بون دەڕۆن ده‌كرێت هه‌موو لایه‌كمان ده‌رفه‌تی دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ حكومه‌ت بده‌ین و به‌وردی چاودێری جێبه‌جێبونی كارنامه‌كه‌ بكه‌ین كه‌ تیایدا مانگانه‌ موچه‌ به‌م په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌ دابه‌شده‌كرێت. 
بڕوانن: ئەڵێت قەیرانەکان بەرەو چارەسەر ئەڕۆن، دیارە پلانى بۆ ئەمەش هەیە وەکو پلانى نەوت کڕین لە هاویندا، ئەم ملپانەى گۆڕان ئەیەوێت خۆپیشاندانەکان خامۆشبکرێن خەڵک متمانە بداتەوە بە حکومەتى جەردەى جوت مافیا جوت کۆمپانیا جوت بنەماڵە جوت خاکفرۆش، تەلەفیزۆنى حیزبەکەى بەحکومەتى شکست خواردوو مێشکى هەردوو دیوى دێگەڵەى کاس کردووە، ئەم ئەیەوێت خەڵک متمانەیان پێبدات.
• وەعدى ئەوەم لەسەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى کە پاشەکەوتى موچە بکرێت بە ٥% بۆ لە ١٥% 
ئاخر کاکى پارێزگا تۆ لەچ مەوقعێکدایت هەتا وەعد وەربگریت، لە میدیاى گۆڕان بانگەشەى لابردنى پاشەکەوت ئەکەن، ئەمیش قەڵەمکارى لەپاشەکەوتدا ئەکات، ئێمە ئەزانین ئەم وەعد وەرگرتنە ئەم جۆرە دەستە واژە دۆنکیشۆتیانە خۆڵکردنە چاوى خەڵکە و ئەم ملپانەش قسەى قوبادو نێچیر کاوێژ ئەکات، خۆپیشاندەران بەم حکومەتەى کەپارێزگارەکەى گۆڕان دوائەکات متمانەى پێبدەن.
بۆیە جەماوەری خۆپیشاندەرانیش دەڵێن: بڕوخێ دز شەریکە دز .
شەریکایەتیش زۆر جۆر و زۆر مۆدێلى هەیە . قاچێکت لاى نانبڕە وئەویتر لاى نانبڕاو .
وتەیەک :
لەکۆتا پەرەگرافى ئەم نوسینەدا بووم، هەواڵى مردنى برایەکى نێچیرەوانم خوێندەوە، هاوار بەماڵم ئەوا شەریکە خەمیش هاتە بانى، منبم لەبرى گۆڕان رەشمەى پارێزگارەکەى واقایم ئەکەم ناهێڵم لەسنورى کیلۆمەترێک بترازێت و جوڵە بکات، ئینجا وەرە پارێزگار بچێتە پرسەى براى ئەو سەرۆکى حکومەتەى کە خۆى حیزبەکەى ئەیانوت ناشەرعیە و بەملى کەچەوە لەبەدەمیدا سویندى خوارد، وەرە گوێ لە شانامە و پێدا هەڵگوتنى بگرن، دور نیە خۆڵى گۆڕەکەى بکات بەسەرو ملى خۆیدا، ئەگەر گۆڕان ئەمەشمان لێنەکات بە پرۆتۆکۆڵى وەک قاچەکەى کۆسرەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە