وەڵامێکی درێژ بە پرسیارێکی یەکجار ئاسان: ئایا دەبێت چی بکرێت؟ (بەشی دووەم)

Saturday, 05/09/2020, 19:25

4517 بینراوە


نووسینەکەی مەریوان وەکو پاڵەوانبازی و ڕوو لە نائومێدی

هەموو رێکخراوێکی سیاسیی، کە خاوەنی فەلسەفە و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆیەتی، کاتێک رێکخراوێک دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست. هەوڵی پراکتیزەکردنی ئایدۆلۆژیاکەی دەدات، لە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی تەنفیزی و ئیداریی و یاساییەکانەوە دەست پێدەکات، هەموو ئەو دامو دەزگایانە لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکانی خۆیدا دەگونجێنێت، وەکو یەکێتی شۆرەوی (سۆڤیەت) و دەوڵەتەکانی سۆسیالیستەکانی رۆژهەڵات پێشوو، کە هەموویان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مارکسی بەڕیوەدەچوو. لە هەموو سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتانەدا فەلسەفەی مارکسیزم رەنگی دابوەوە.
ئایدۆلۆژیا، واتا فەلسەفەی رێکخراوە سیاسییەکان، لێرەدا کاتێک لە یەکتر جیادەبنەوە. ئەگەر دوو هۆکار کاریگەری لە سیستەمی بەڕیوەبردنەکە بکات، خودی ئایدۆلۆژیاکە و فەلسەفەش، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، یەکەم ناتەواویی لە خودی فەلسەفەکەدا، کە بە پراکتیک دەیسەلمێنێت، پراکتیزێرەکردنی ئەو فەلسەفەیە هەڵەیە، دووەم رابەرانی ئەو رێکخراوانە لە فەلسەفە و یائدۆلۆژیاکە  لێی لادەدەن و بەشێویەکی دیکە بۆ مەبەستی خۆیان دەسەڵاتی سیاسیی بەڕیوە دەبەن، نمونە زۆرە، بۆ شکستی حوکمی بەڕیوەبردنی پارتێکی سیاسیی کە دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەوەی کە پێی دەڵێن حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، هیچ کام لەوانەی سەرەوە نایانگرێتەوە، چونکە پارتیی و یەکێتی خاوەن فەلسفە و ئایدۆلۆژیای سەر بەخۆی خۆیان نەبووە، بۆ رزگاریی کوردستان و ئازادی خەڵکەکە دروستنەبوون و دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست، رابەرەکانی تەنیا گەندەڵ و پیسخۆر نەبوون، بەڵکو کەسانی خائین و ناپاکیش بوون، سی ساڵی دەسەڵاتی حوکمڕانیان ئەوەی سەلماندووە درێژەی پێنادەم، بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکی وشیار و خاوەن موراڵ ئەوەیە، ئەرکی لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە و دادگاییکردنی ئەو رابەر و بەرپرسانە بە ئەرکی خۆی بزانێت، بەتایبەتی نووسەر و روناکبیرەکانی، ئەوانەی لە دەرەوەی ئەمە پەیامێکی تریان پێیە، بە مەریوانی وریا قانعیشەوە، شایانی ئەوە نیین چیدی گوێیان لێبگیرێت، وەکو نووسەر و روناکبیری خاوەن هەڵویست چاویان لێبکرێت.
------------------------
لە دوا ڕستە و کۆتایی وتارەکەی مەریوان وریا قانع، دەڵێت:
"ھەموو گوتارێکی دژە سیاسەت و هەموو گوتارێکی خۆ بە پاڵەوان و فریادرەس کردن و هەموو گوتارێکیش ڕوو لە نائومێدی کردن، جگە لە بەرھەمھێنانی تاریکیی شتێکی تری لێ سەوزنابێت."
هەر وتارێک وەکو ئەمەی مەریوان کە زۆربەی خەڵکی لە بارێکی ناهەمواردایە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بۆ ئەم دۆخە نالەبارەی ئەمڕۆی گەلەکەمان بەدەست پارتەکانی باشوورەوە تێی کەوتووە، تێیدا مڕۆڤی کورد سەری لێشێواوە، روو دەکاتە هەموو ڕێگایەک بۆ ئەوەی چارەسەر و بەهای مرۆڤبوونی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، نکۆڵی لەوەش ناکرێت، کە زۆربەی گۆمەڵگای کۆردی لەدەست ئەم دەسەڵاتە بێزارە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارێشەوە، هەمووش دەزانین، کە ناڵەی تاکی کورد بە پلەی یەکەم بەدەست دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مافیاییەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆی تاکی بێزارکراوی کورد، تامەزۆیەتی، گۆرانکاڕییەکی بنەڕەتیە لەو فۆرمەی کە تێیدا دەژی، گۆڕینێتی بۆ فۆرمێکی تەواو جیاواز. دڕوشمێکی پاڵنان بەرەو جوڵاندن، نەک ساردکردنەوە لە شێوەی ئەم جۆرە وتارانەی وەک مەریوان، کە ڕوو لە نائومێدی دەکات، ئەمەش تەواو لە نووسینەکەی مەریواندا هاتووە، جگە لەبەرهەمهێنانی تاریکی شتێکی تری لێ سەوز نابێت، مەریوان بۆ خۆشی ددانی پێدا دەنێت. 
ئەوەی جێگای سەرنجە مەریوان قانع لە خودی ئەم وتارەی خۆشیدا خوێنەر و تاکی سەرلێشێواوی کوردی، کە بە ناچاری ئەم پرسیارەیان ئاراستەی کردوە، لە بری ئەوەی بەدوای ڕێگایەکی کراوە و پوزەتێڤدا بەڕێت، کەچی هەموو دەرگاکان دادەخات، لەسەرەتاوە بە ``پرسیارێکی ئێجگار سەخت`` دەست پێدەکات، کە ئەمەشیان وەک دەگوترێت ئەرکی نووسەر نییە تا دەرگاکان بەڕووی خەڵکییدا دابخات، بەتایبەتی کۆمەڵگای کوردی کە ئەمڕۆ پێویستی بە ڕێنمایییە.
ئەرکی رۆشنبیر ئەوەیە رۆشەنگەرایی پێشانی کۆمەڵگا بدات و بەرەو هەنگاوی داهاتوو پرۆگریسڤێتیت (تدريجي) ببات، نەک ساردکردنەوەی کۆمەڵگایەکی سەرلێشێواو، کە پارتیی و یەکێتیی هەناوی هەموو تاکێکی شکاندووە. ڕاستە ئەمرۆ دووبارەکردنەوەی شۆڕشی چاکداری بەو شێوازەی شاخ باوی نەماوە، بەڵام لە فۆڕمێکی تردا بوونی هەیە، لێرەدا من راستەوخۆ ناوی ناهێنم، بەڵام دەتوانم لە فۆڕمی دادگای گەل شیوازی خەباتەکە دژی ئەم دەسەڵاتە باس بکەم، خوێنەر لێم تێدەگات، کە مەبەستم لەو جۆرە خەباتە چییە! نووسەر و روناکبیران دەبێت نەترسن با لەو دەرگایە بدەن و بە روویاندا دانەخەن. زۆربەی کۆمەڵگاش لەگەڵ ئەوەدا نییە تاکی کورد بەڕەو خۆێنرشتن بەڕێت، بەڵام کاتێک ریش دەبێت بە تووشەوە دەبێت شانەی بۆ هەڵبگریت، پارتیی و یەکێتیی، خۆشیان چاک دەزانن کە هەر بەو شێوەیە دەڕۆن، بەڵام دەیانەوێت دەروازەی ئەو رێگایە بگرن و کەس باسی نەکات، زۆریان پێ خۆشە مەریوان وریا قانعەکان بەم شیوەیە دەنووسن، بۆیە هەڵەیە ئەو پرسیارە ``ئایا دەبێت چیبکەێن) روو بە رووی کەسانی وەك مەریوان قانع بکرێتەوە، چونکە بە بوونی زەحمەتی پرسیارەکەدا، کوردوتەنی نیشانی داوە پیاوی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نییە. (پیاونەبوون بۆ سوکایەتیی نییە، کورد دەڵێت من پیاوی ئەو کارە نییم)، هەرچەندە ئەمەی مەریوان لە خۆێدا باوەڕپێکردنە بە شۆرشێکی فکری و بە قسەی خۆی دووبارەکردنەوەی هەمان پرسیارکردنی لیىنینە، هەڵبەت ئەمەش تا ئەو دەسەڵاتە جڵەوی کۆمەڵگای بەدەستەوە بێت، هەرگیز نایەتە دی، بۆیە تاکە رێگاچارە، هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە، ئەوسا شۆڕشی فیکری و رۆشنگەرایی بخرێتە نێو کۆمەڵگاوە، بە پێچەوانەی ئەو کارەی کە پارتیی و یەکێتی لە ماوەی سی ساڵدا پێچەوانەکەیان کردووە، کۆمەڵگایان بەرەو ئاراستەی ڕەشبینی و ناوشیاری بردووە، ئەنجامەکەش ئاشکرایە کە بۆ ڕۆشنبیرانی وەکو مەریوان بۆتە ئەرکێک کە کۆمەڵگا بە ئاڕاستەی پێچەوانەیدا نەبەن رێگای تەسلیمبوون هەڵبژێرن بەو پێچ و پەنایەی کە لە نووسینەکەیدا دەریبڕیوە و وشەبازی پیوەکردووە.
چی بکرێت (کلیک لەسەر وێنەکە بکە)
شۆڕش حاجییش بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی کە باشوور تێی کەوتووە بە ناونیشانی (چی بکرێت؟) وتارێکی نووسیوە، هەر وەکو مەریوان وریا قانع کە ناوی لێناوە پرسیاریی لینیانە، لینینەکەی کوردیش هەمان پرسیاری لە خۆی کردووە، لە وەڵامدا منیش پێی دەڵێم: چی بکرێت ئەوەیە، کە کورد دەبێت لە دەست ئێوە رزگاری بێت، ئەمە دەبێتە بەشێک لە چارەسەر! چونکە ئێوە خۆتان بەشێکن لەو نەهامەتییەی، کە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە! وەڵامی ئەو پرسیارەش مەدەرەوە، چونکە نە پرسیارەکە ئاڕاستەی تۆ کراوە، نە وەڵامەکەشمان لە تۆ دەوێت! سەری خۆت بەسەر ئەو دەستکەوت و موچەی خانەنشینیەی پەرلەمەنتارییەکەتدا شۆڕ بکەرەوە، کە جگە لە چارەخراپی، چارەسەر لای ئێوە نییە. هەموو کەس دەزانێت، کاتی خۆی ئێوە بەناوی (رەگ)، (گۆڕان) و پۆستی (ئەندام پەرلەمان)ییەوە، چاکتان لە کێکی دەسەڵات خوارد، ئیتر بۆ هەر جۆرە خەبات و تێکۆشانێکی داهاتوو دژی ئەم دەسەڵاتی دز و ستەمکارانەی کورد.... بەشی ئێوەی تێدا نەماوە.  ئێوە چی ماوە نەتان کردبێت، ئەوەی کە کورد زیانی پێگەیەندرابێت ئێوە کردووتانە هیچی تر نەماوە تا ئێوە بیکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە