تۆ!

Saturday, 24/07/2021, 22:38

7082 بینراوە


تۆ ئەمڕۆ: ئەمرێکی داسەپاوی واقعی کوردستانێکی داگیرکراومی
تۆ، نوێنەری کەمینەیەکی پەلامار دەریت
تۆ، نەفرەتییەکی حەفتاساڵەی لەگەردنم ئاڵاویت
تۆ، ھەژدیھایەکی بە خوێنی کورد نەبێ، تینوێتیت ناشکێت
تۆ، درۆیەکی گەورەی ساڵ لە دوای ساڵ، نەوە دوای نەوە، دەکرێیتەوە و دەکرێیتەوە
تۆ، لە داوێنی کێ کەوتیەخوارەوە، کێ ھەڵی گرتیتەوە، کێ گەورەی کردی؟!
تۆ، بۆ لە من ناچیت؟!
تۆ، بۆ نازانی وەک من سەرت بەرزبگری، بە ئازادی بژیت، لە داوێنی دوژمنی دێرینەی مندا نەبیت؟!
تۆ، بۆ درۆت ھەڵبژاردوە، کاتێ باسی خۆشەویستی من دەکەیت؟!
تۆ، دەتوانی پاک نەبیت، ترسنۆک بیت، نادڵسۆز بیت، بێ وەفا بیت، کام باوەشت پێخۆشە لەوێ بیت، دەست بەداوێنی ئەوانە بیت کە دەتەوێن، چاو بەژێر و ملکەچ و خزمەتکار بیت.

تۆ دەتوانی ھەموو شتێک بیت، بەڵام:

- ناتوانیت من بیت
- ناتوانیت، نە وەکیل و نە کەفیل و نە دادوەری ژینی من بیت
تۆ، خەلقێکی سروشتیی داخوازیی یەکێک لە قۆناغەکانی من نەبوویت، تۆ دروستکرای و بە ملی مندا ھەڵواسرای،ھەمیشە ھەوڵم داوە، لەگەردنی خۆمت کەمەوە، بەڵام بەشێک لەخۆم، ھەر ھەبوون تۆیان کردۆتەوە ملم.
من ھەمیشە لای خۆم بووم و تۆیش ھەرجارەی لای ڕەقیبێکی من بوویت، لەگەڵ ئەواندا، شەبەیخونت لێکردووم.
من سەدم تۆ سییەکی ناشرین و گەندەڵی، ئەگەر بە ھەموو خۆمت بگرم، تۆ ھیچی، یان (یەک)ی دوای دەیان سفری پاش فاریزەی.
من، لەگەڵ تۆدا بچووک دەبمەوە، ڕۆشتنم بۆ دواوەیە، گەشەم دەوەستێت، زمانم تەتەڵە دەکات، سەرچاوەکانی گومان، ڕق و کینە لە ناخمدا دەتەقنەوە، ناشرین دەبم، خۆم و خوام بیردەچێتەوە، ڕقم لەوی تر دەبێت، ئاسوودەیم دەشێوێ، دەست و داوێنم پیس دەبێت، ڕەحم و میھرەبانیم گەندەڵ دەبن، بەھاونرخە کۆمەڵایەتییەکانم قێزەون دەبن، تەنیا دەبم لەھیچ ناچم، بۆش بۆش، خاڵی خاڵی دەبمەوە لە خۆم.
· تۆ، چەکت دا بە براکان بۆئەوەی خوشکەکانیان بکوژن
· تۆ، چەکت دا بە باوکەکان بۆئەوەی ژنەکانیان بکوژن
· تۆ، کوڕەکانت فێری بێکاریی کرد و کچەکانت کردە بووکەشووشەی دەستی پیاوە بودەڵەکان.
· تۆ، ھەموو جوانییەکانی ژنانت، بە بەھای جەستەیان ھەراج کرد.
· تۆ، لاوکەکانی منت کوشت، گۆرانییەکانی منت خنکاند، ھونەرەکانی منت پوکانەوە
تۆ، ڕەواجت دا بە زمانی دوژمنانم، گاڵتەت بە زمانەکەم کرد، شێوانت، من چەندین ساڵ بوو،
بە خوێنی خۆم، ئەدەبێکی ڕەسەن و نایابم دەنووسیەوە، تۆ گڕت تێبەردا و زوڕناخانەی کلتووری
( تازی و عەجەم و مەغۆل)ت، لەلاوەکانم کردە ناسنامەی لە من نامۆبوون.
تۆ، دەترسی، لەرزت لێ دێ، کاتێ من باوەش بە کوردەواریدا دەکەم، کاتێ دەڵێم: کوردەواری تۆی وڵاتەجوانەکەم، تۆ دەھری دەبیت، ماخۆلان دەتگرێ، سەر بەکۆشی نەیاراندا دەکەیت، خۆت ڕادەنێی، ھاوار دەکەیت، داروبەرد تۆمەتبار دەکەیت.
دەڵێیت: من خۆم نیم، سێبەری ئەوی ترم، دین دەبیت، پەلامارم دەدەیت: ھەوڵ دەدەیت لەبەرەوە خۆم بکوژی و لەپشتەوە، سێبەرەکەم

تۆ، بۆ ناتەوێ تێ بگەیت:

منم من، کوردەواری، لە ھەموو شوێنێک دەمبینی:
لەسەر شەقام ئەوە خۆمم
لەسەر لوتکەی چیا، کچی باوکمم
لە داوێندا، ھاواری خوشکەکەمم
لە ڕاوی دوژمن و کاتی ھەڵمەت و بنیات ناندا، ورە و میھرەبانی و فرمێسکی و خۆشویستنی دایکمم.
تا ستەمی تۆ بمێنێ، منم من، گۆرانی خۆشی کیژان و کوڕانی ئەو نیشتمانەی ناوی کوردستانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە