ئەمریکا و سعودیە و ئیران

Friday, 31/03/2023, 17:54

8751 بینراوە


ئیران بە فیتی چین و ڕوسیا، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، دەستپێشەخەری کرد لە لێدانی چەند بنەکەیەکی سەربازیی ئەمریکیی لە سوریا، بەهەمان شێوە، ئەمریکا بە لێدانی میلیشیاکانی ئیران لە سوریا وەڵامی تارانی دایەوە. جگە لەوەی کە ئەمە یەکەم جار نییە ئیران و ئەمریکا بەرامبەر یەکدی لە وڵاتانی وەک سوریا و عیراق هێڕش دەکەنە سەر بنەکەی یەکدی، وێرای ئەوەش ئەو جۆرە دەستوەشاندنە لە هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سوریادا، بۆ ئەوەیە تاران دەیەوێت خاکی ئیران نەکات بە گۆڕەپانی جەنگ، لەلایەکی دی ئەو جۆرە دەستوەشاندنە لە میلیشیاکانی ئیران لە خاکی سوریادا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا دەیەوێت دەسەڵاتدارانی تاران لەسەر کورسی دەسەڵاتدا نەمێنن، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەمریکا نیازی لابردنی دەسەڵاتدارانی تارانی هەبێت، لەنێو خاكی ئیراندا بنەکە سەربازییە هەستیارەکان، دەزگەی هەواڵگری و جێگەنشینی دەسەڵاتدارانی ئیران لە تاراندا دەکاتە ئامانجی مووشەکی زەمینی و ئاسمانیەکانی، هەروها لەسەر ئاستی شەقامی ئیرانیش ئەو نەیدەهێشت دەنگی ناڕەزا خامۆش بێت، لە کاتیکدا ڕاپەڕینی گەلانی ئیران بۆ چەند مانگێک شەقامی شارەکانی ئیرانیان تەنی بوو، بەڵام ئەمریکا پشتی تێکردن، خۆی مات کرد، ئیران بەبێ منەتی و بەبەرچاوی دنیا، بە ئاشکرا پەتی سێدارەی بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران هەڵواسی،  بۆیە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە، جێگەی متمانە نییە و ڕوون نییە کە ژێربەژێر لەنێوانیاندا چی دەگوزەرێت.
لە دوای ڕووخانی شای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، بەهێز بوونی حکومەتێکی شیعە مەزهەب لە ئێراندا بۆ سعودیە جێگەی نیگەرانی بوو، پێیان وابوو بەهێز بوونی جەمسەری شیعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێک بوو لە پلانی ئەمریکا و کە بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی ئەوانی دەخستە مەترسیوە. مێژوو پێمان دەڵێت کە بۆ ماوەی ٤٤ ساڵ، دەسەڵاتدارانی ئیران بە پشتیوانی زلهێزەکانی دنیا لەسەر کورسی دەسەڵات مانەوە، بۆ دوو دەیە دەچێت بە هەڵخستنی بوار لەلایەن ئەمریکا و ڕوسیاوە، ئێران خەریکە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە عیراق، سوریا و لبنان و یەمەن پەلوپۆ دەهاوێژێت، لەهەمان قۆناغی مێژووییدا لە ساڵی ٢٠١٦ش ئەمریکا ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران واژۆ کرد، ئەم فاکتەرانە لەگەڵ کاتدا مەترسی زێتری خستە دڵی دەسەڵاتدارانی ریاز بەتایبەتی لەکاتێکدا بە ڕەواڵەت سعودیە خۆی لەبەرەی ئەمریکا ساغ کردۆتەوە و ئیران لەبەرەی ڕوسیا. واتە سعودیە پێی وایە کە ئەمریکا نەک هەر پشتیوانیان ناکات، بەڵکو دژەکانیشیان زێتر بەهێز دەکات، بۆیە سعودیە هەوڵی دا وەک جاران، ئەویش یاری لەنێوان بەرەی ئەمریکا بەرامبەر بە بەرەی ڕوسیا و چین بکات، تا بتوانێت هەندێک دەستکەوتی ئابووریی و سیاسیی لە هەموو لایەک بقاچێنێتەوە و لەسەر دەستی چین لەگەڵ سعودیە پەیوەندیی ئاسایی بکاتەوە.
ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی سەدەی ڕابردوودا تا دەگات بە ئەمڕۆ،، هەمیشە خاوەن دەسەڵات، گفت بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە سەدان بنەکەی سەربازیی، پڕۆژەی ئابووریی و سیاسیی لە ناوچەکەدا هەیە، واتە یەکێک بووە لە زلهێزەکان کە پێگە و جێگە پەنجەی لە هەموو ڕووداوە سەربازیی، ئابووریی و سیاسیەکاندا دیار بووە، ڕوسیاش هەروەتر، واتە لە ڕووی ئامادەیی سایکۆلۆژیەوە ئەمریکا ڕوسیای بەرامبەر خۆی دیوەو هەمیشە ململانێی لەگەڵدا هەبووە، واتە جگە لە جەنگی سارد و گەرمی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ناکاوێکدا هاتنی چین بۆ گۆڕپانەکە، بوون بە دەمڕاست بۆ نزیک کردنەوەی زلهێزە ناوچەییەکان لەیەکدی، لێدانە لە شکۆی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەرەتایی سەرهەڵدانی زلهێزێکی دییە لەو دەڤەرە، واتە هێزێک پەیدا بووە خۆی لە شانی ئەمریکا دەدا و سەرباری ئەوەش لەبەرەی ڕوسیایە، واتە ئەمە خاڵی جەوهەری کێشەکەیە کە ڕەنگە ئەمریکا تووشی دەمارگیری بکات، نەک ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئیران، لەبەرئەوەی ڕێککەوتنی ئەو دوایەی نێوان ریاز و تاران، هەرگیز هەنگاوێکی نامۆ نییە، هەمیشە کە پەیوەندیی سعودیە لەگەڵ ئەمریکادا لە لووتکەدا بووە، لە زەمانی شاوە تا ئەمڕۆ، لە ڕۆژانی دامەزراندنی ئۆپیک و پێش ئەوەش، ئەو پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئیراندا هەبووە و سەفارەی سعودیەش لە تاراندا ئۆفسی هەبوو تا ساڵی ٢٠١٦،  واتە ئەو ڕێککەوتنەی هەنووکەی نێوان سعودیە و ئیران ئەوەندە لە ڕێڕەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکەدا ناگۆڕێت، لەلایەکی دی کێشەی بنەڕەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە چارەسەر ناکات، کە ململانێیەکە بۆ بوون بە پلە یەکی زلهێزێکی ناوچەیی، جگە لەوەش کێشەی قوتبوونەوەی جەمسەرێکی بەهێزی شیعە مەزهەب بەرامبەر بە سونە مەزهەب لە ناوچەکەدا چارەسەر ناکات، سەرەڕای ئەوەش، ڕێگر نابێت لە سنووردار کردنی هەوڵەکانی ئیران بۆ فرەوان کردنی سنووری دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا. 
 ئەمریکا لە میدیاکاندا بە فەرمی ڕایگەیاند، کە ئەوان پێشوەخت ئاگاداری هەوڵەکانی نزیک بوونەوەی سعودیە و ئیران بوون،  ڕوونیش نییە کە ئەم ڕێککەوتنە دەستی هەواڵگری ئەمریکای لە پشتەوە نەبێت، لەبەرئەوەی بوونی میلیشیای حوسیەکان لەو ناوچەیە، کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات،  دەستوەشاندنیان لە کێڵگە نەوتییەکانی وەک  ئارامکۆ و چەند کێڵگەیەکی نەوتی دی، چەند زیانی هەبووبێت بۆ سعودیە ئەوەندەش زیانی بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا هەبووە لە ناوچەکەدا، لەبەرئەوەیە ئەگەر ئەو ڕێککەووتنە بتوانێت ڕێگر بێت لە بەزەبەلاح بوونی زێتری حوسیەکان هەنگاوێکی باشە بۆ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕیاز و واشینگتۆن.  
ئیران بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ واتە لە زەمانی شاوە تا کۆماری ئیسلامی،  پلان و ستراتیژیەتی داڕێژراوی هەیە بۆ فرەوان کردنی سنووری دەسەڵاتی و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی لە فۆرمێک و ناونیشانێکی دیدا، بۆیە هەمیشە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ میلیشیا و هێزە بچووکانی ناوچەکەدا کە دژ بە حکومەتەکانی خۆیان بووون بەستووە. ئەم ستراتیژیەت و سیاسەتە، لە زەمانی شادا هەر پەیڕەو کراوە، شۆڕش و بزوتنەوە چەکدار و حزبی ئۆپۆزسیۆنی ناوچەکەیان بە خۆیانەوە گڕێ داوە بۆ نمونە حزبوئەڵای لبنانی، بۆ ئەوەی هەمیشە کارتی فشاریان لە دەستدا بێت، بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان لە ناوچەکەدا، بۆیە دەبینین لە کاتی ڕێککەوتنەکاندا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، یەکەم داواکاری ئەو وڵاتانە لە ئیران ڕاگرتنی یارمەتی و هاوکاری کردنی ئەو هێزانە بووە، وەک چۆن ئەمڕۆ سعودیە یەکەم مەرجی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، ڕاگرتنی هاوکاری تارانە بۆ حوسیەکان، کە ئەمە هەمان ئەزموونی ساڵی ١٩٧٤ و ١٩٨٨ تمان بەبیر دێنێتەوە کە شا و دەسەڵاتدارانی تاران لەگەڵ هێزە کوردییەکانی باشووری کوردستاندا ئەنجامیان دا. 
مێژوو و  ئەزموونی ئەو جۆرە ڕێککەوتن و بەڵێنانەی ئیران کە بە وڵاتانی دراوسێی داوە، پێمان دەڵێت کە ئەو جۆرە بەڵێنانە تەنیا کاتی بوونە و جێگە متمانە نەبوون و نین، لەبەرئەوەی لەسەرەتادا بۆ پێشاندانی نیەت سافی بۆ ڕێککەوتنەکان، کار ئاسانیان بۆ سەرانی ئەو بزوتنەوانە کردووە بۆ ئەوەی ڕاکەن بۆ ئەمریکا و ئەوروپا، بۆ نموونە ڕاکردنی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەمریکا لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا، ڕاکردنی جەلال تاڵەبانی بۆ ئیران لە ساڵی ١٩٨٧دا و دواتر بۆ بریتانیا.  ئێران بەگوێرەی پێویستی قۆناغە مێژووییەکان لە ڕێگەی دەزگەی ئیتیلاعات و قەرارگاکانی سەرانی ئەو بزوتنەوانە، هەژموونی خۆیان سەپاندە و هێزی بزوتنەوە و میلیشیاکانیان هەرس پێ هێناوە، دواتر کاتێک کە پێویست بۆتەوە لەگەڵ هەمان هێز و ڕێبەری ئەو بزوتنەوانەدا دووبارە دەستیان گەیاندۆتە کاروباری نێوەخۆی ئەو وڵاتانە، بۆ نموونە ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و هێنانەوەی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە ئەمیرکاوە دوای ڕووخانی شا بۆ هەمان مەبەست لە دوای ساڵی ١٩٧٩. هێنانەوەی جەلال تاڵەبانی لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١. واتە ئەم ئەزموونە مێژوویانە دەیسەلمێنن، کە ئەمڕۆ ڕازی بوونی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ یارمەتی نەدانی حوسیەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە، لە تاکتیکی کاتی بەولاوە هیچی دی نییە،  ئەگەر ئێستا بەڵێنی دابێت بە سعودیە کە هاوکاری حوسیەکان نەکات و ئاشبەتاڵیان پێ دەکات، بەڵام لەژێرەوە ئەو پەیوندیی لەگەڵ ڕێبەرانی حوسیەکان بنبڕ ناکات و کاتێک پێویستی پێ بوو ئەوجا دووبارە هاوکاریان دەبێت.  
لە ئاکامدا، دەبێت ئەوە بگوترێت کە ڕێککەوتنی سعودیە و ئیران بەهیچ جۆرێک کێشەکان لە ڕەگەوە چارەسەر ناکات، ئەو وێنانەی کە لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێنەوە، کە سەڕۆکی هەردووک وڵات دەست لەنێو دەست دەنێن بە ئامادە بوونی چین، لە پروپاگەندە و زەبەلاح کردنی ڕێککەوتنەکە بەولاوە هیچی دی نییە. ئەو ڕێککەوتنەش کاتییە بەگوێرەی ئەو قۆناغە هەردووک لایەن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، چەند ساڵێکی دی نابات دووبارە دەمارگیری لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەر دوو لادا سەرهەڵدەداتەوە، دیسان سەفارەی وڵاتەکانیان لە پایەتەختی یەکدی دەکێشنەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە