ڕۆژنامەی الصباح و هەڵوەشاندنەوەی هەرێم!

Monday, 20/02/2023, 9:28

9487 بینراوە


لە ١٨/٢/٢٠٢٢دا ڕۆژنامەی الصباحی عیراقی، وتارێکی بڵاو کردۆتەوە لەژێر ناونیشانی (هل سيُحل إقليم كوردستان؟) واتا (ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟).  وتارەکە باس لەوە دەکات، کە ڕاپرسێکیان لەنێو گەلانی هەرێم بەتایبەتی لەنێو میللەتی کورد ئەنجام داوە، دەرکەوتووە کە زۆربەی گەلی کورد لە باشوور پێیان باشە، هەرێم هەڵبوەشێتەوە. ئەم وتارە سەرانی ینک و پدکی ناڕەحەت کردوە، بۆیە لە میدیاکانی خۆیاندا کردویانە بە هەرا.
 ڕوونە کە سوودمەنترین لایەن لە بوونی پەیکەری کارتۆنی هەرێم، بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی و وڵاش زاو و خوشەکەکانی هێرۆ و دارودەستەیانن، بۆیە تا مانەوەی ئەو پەیکەرە کارتۆنیەی هەرێم بەوشێوەیەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت، بەرژەوەندیی ئەوانیش زێتر لەنێو ئەو زەلکاوەدا ڕەگ دادەکوتێت. 

هەنووکە لە عیراقدا ئەوەی لێ بترازێت، کە کۆمەڵێک مشەخۆر لەسەر پرسی کورد، لە بەغداد و هەرێم بوون بە میلیاردێر، دەنا میللەتی کورد بەو هۆکارانەی خوارەوە بەهیچ شێوەیەک مافی خۆی نەسەندوە؟

یەکەم: 

جوگرافیای باشووری کوردستان زۆر لە زەمانی سەدام، ئەحمەد حەسەن بەکر و ئەوانی دی کە یەک لە دوای یەکدا هاتوونەتە دەسەڵات بچووکتر بۆتەوە. ئەو کات هیچ ڕێککەوتنێکی واژۆ کراو لەنێوان ئەو حکومەتانە و هیچ لایەنێکی کوردیی نەبوو، تا بە یاسا دەسەڵاتدارانی بەغداد مەشروعیەتی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن، هەروها ئەو سنوورانەی کە ئەمڕۆ بە واژۆی فەرمی، لایەنە کوردییەکان دەستبەرداری بوون دوای ئەو هەموو شۆڕش و خوێن ڕژانە، ئەو کات ئەو دۆکیۆمێنتانە نەبوون کە بەگوێرەی یاسا و دەستووری عیراقی زۆربەی کوردستان ڕادەستی بەغداد بکرێت. ئەو کات لەنێو میللەتی کورددا نوخبەیەکی بەشدار بوو لەنێو شۆڕشەکاندا شەڕی چەکداری دەکرد، فشاری لەسەر بەغداد دروست دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ میللەتەکە بەهێواشی، دەنگی کپ کراوە، خاوەن ئەو نوخبەیە نەماوە و  هیچ داخوازیەکی نیشتمانیی و نەتەوەیی وەک دروشم بەرز نەکردۆتەوە و خاوەن هێزێکی پێشمەرگەیە، کە شان بەشانی سوپای عیراقی پارێزگاری لەیەک پارچەیی عیراق دەکات. 

دووەم: 

 پارێزگاکانی هەرێم، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، تا بنەقاقایان پڕ بوون لە عەرەب، جاران تەعریب بەزۆرەملێی دەسەڵاتدارانی بەغداد بوو، بەڵام ئێستا لەژێر سایەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم پرۆسەیە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغداد هاسان کراوە. تەعریب ئەمڕۆ بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتێکی کوردییە کە بە یاسا و دەستوور شەرعیەتی بە تەعریب کردن داوە. 

سێیەم:

بازاڕ و ئابووریی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری سیاسیی کورد بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی و ئاوەڵ زاواکانی و عەرەب و تورکیی تورکیایە. ژێر خانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی هێزێکی کوردیی هەڵگری دروشمی نیشتمانیی و نەتەوەیی نییە، تا لە ئەنجامدا ببێت بە هێزێکی ئابووریی پەتەوی نەتەویی، تا بتوانێت لەکاتی تەنگانەدا سەربەخۆیی ئابووریی هەبێت، واتە ئێستا لەو ڕووەوە دۆخی میللەتی کورد لە باشوور زۆر لە جاران خراپترە. 

چوارەم:

پێش ڕاپەڕین و کۆڕەوی ١٩٩١، مەجلس تەشریعی و تەنفیزی هەبوو، ئەوانەی ئەندامی ئەو دوو دەزگەیە بوون، خەڵک تف و نەعلەتی دەکردن، ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێم پڕ بووە لە نەوەی ئەوان. ئەو کات ئەندامانی مەجلس تەشریعی و تەنفیزی، دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو، گاڵۆنێک نەوت هەڵهێنجن، ئێستا هەرچی هەرچیوپەرچی نێو ینک و پدک و دارودەستەیان لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باشوورە، بووە بە خاوەن بیرە نەوت و دەیپاڵێوێت.

پێنجەم:

جاران یەک دەزگەی ئیستخبارات و ئەمنی عیراقی لە هەرێم هەبوو، کە خەڵک ڕقی لێیان بوو، بۆ پێشمەرگەی ئەو کات بە ئامانج گرتنیان ئاسان بوو، بەڵام هەنووکە باشووری کوردستان پڕ بووە لە دەزگەی میتی تورکیی، ئیتیلاعاتی ئیرانی، ئیستخباراتی عیراقی کە لەگەڵ دەزگەی ئاسایشی هەرێم و پاراستن و دژەتیرۆر بەبێ کێشە کار دەکەن، واتە باشووری کوردستان خاوەن سیادە و ڕێزی خۆی نەماوە. 

شەشەم:

لە ڕابردوودا یەک سوپای عیراقی و هێزی جاشی کورد کە لە هەشتاکاندا ژمارەیان ٣٥٠هەزار جاش و جاشولکە بوو، دیار بوون کێن، بنکەیان دیاربوو، بۆ پێشمەرگە ئاسان بوو بە ئامانچ گرتنیان، بەڵام ئەمڕۆ سوپای تورکیا، پاسداران، حەشد و جەیشی عیراقی لە کوردستاندا تەراتێن دەکەن، ‌هێزی پێشمەرگەش زەقەی چاوی دێت، ئاخر پێم ناڵێن ئێوە لە نەوت فڕۆشێک بەولاوە هیچی تر هەن و هیچ دەسڵاتێکی سەربازییتان لەژێر دەستە؟

حەوتەم:

 شارەکانی هەرێم بەقەدەر مووی سەری هەر یەکێکمان شوێنی لەشفرۆشیی تێیدایە، هەرچی سوزانی ڕوسی، تورکیی، لوبنانی، سوریی، ئیرانی و کوردیی هەیە هەرێم بووە بە مەئوایان، کەلێنیان لە ئابووریی باشووری کوردستان دروست کردووە و هەر گروپێکیان لێپرسراوێکی هەرێمی لە پشتەوەیە و بازرگانییان پێوە دەکەن. جاران لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی عیراقدا لە هەرێم حکومەت زاتی ئەوەی نەبوو میللەتی باشوور بەرەو هەڵدێری بێ ئابروویی و خوڕەوشت ببات، ئێوە بۆرتان بە هەموویان دایەوە.    

هەشتەم:

بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێم، هەر هێڵێکی بەدەست لێپرسراوێکە، جاران سەدام ئەوەی ماددەی هۆشبەری پێ بگیرابا حوکمی لە سێدارەدانی دەدا، بەڵام ئێستا ئێوە خۆتان پێشڕەوی ئەو دیاردەیەن. 
ئێوە شینی خۆتانە دەکەن، شینی سەربەخۆیی کوردستان ناکەن، ئەو پەیکەرە کارتۆنییەی هەرێم بۆ پرسی کورد و میللەتی کورد لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دی لێ شین نەبووە، لێتان مسۆگەر بێت کە جاران خەڵک چەندێک لە سەدام و حزبی بەعس بێزار بوو، ئێستا هەزاران جار لەوە زێتر لێتان بێزارە. پرسی کورد پێویستی بە پەیکەری کارتۆنی نییە، پێویستی بەهێزێکی شۆڕشگێری خاوەن بیروباوەڕی پتە و مۆڕاڵ و هەڵگری دروشمی مرۆڤایەتی و نیشتمانییە، نەک ئێوە. 

ئەمە دەقی وەڵامەکەی هەرێمە بۆ ڕۆژنامەی ئەلسەباحی عیراقی: 

ئەمڕۆ 18ی شوباتی 2023، ڕۆژنامەی "الصباح"ی عێراقی، نووسینکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایا لە ڕاپرسییەکدا "خەڵک بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا".
ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25ی سێپتەمبەری 2017، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لە دژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە.
خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن، کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە!
هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە