کۆچی ئەوجارەی خەڵک و جێهێشتنی نیشتیمان، لەبەر گەرمای تاقەت پڕوکێن و بێچارەی هاوینێ دەبێت

Saturday, 15/07/2023, 22:47

2990 بینراوە


- ئەوەی ئێستا مایەی تیاڕامانە، خەڵک لەبەر سێبەرێش حەوسەڵەی ژیانی نەمایە.
- پێشان وا سیستەم بوو، دەبوا هەموو ماڵێک فەقیرو دەوڵەمەند بەلای کەم قانە فریزەکەی لەحەوشەکەیدا هەرهەبووایە، نەک هەرهەمووی کۆنکرێت و کاشی و سیرامیک و جام بی.
ساڵی١٩٧٧کۆڵان و بەردەرگای خانیەکانی مەعمەل پاکەتی گەڕەکی سەبعەنیسانی سەرڕێی شەقڵاوەمان سەب دەکرد. تەمەنی مێرد منداڵیمان هی ئەوەی بوو ئیشی سووکمان پێبکەن و بەسۆندەی سەبەکەی ئاودەین.
ئەودەم ڕەمەزان کەوتبووە مانگی حەفت، عەمەلەی گرتنەوەی خەفتەی لەبەر ئەوسۆرە هەتاوەی بووزی دەخستە ناوكڵاوی بن جەمەدانی سەری هەتا تۆزەک فەڕاحەتی فێنکی بگەیەنیتە جەستەی بەڕۆژی و شەکەت و هیلاکی بەرتۆزی چەگڵ و قوم و چیمەنتۆی.
گەرمای هاوینێ لەچێشتانەکی درەنگ دەستی پێدەکرد بەرخۆرەتاوەکەی گەرم بوو، بەڵام بەر سێبەرەکەی ئاسایی بوو بێزاری نەدەکردی، نیوڕانەکەی ئەگەر ماڵێ بلۆک و سەبە نەبوایە یان خشت و قوڕو کەرپوچیش بووایە ئەوە هەر بەڕشاندنەکەی بەمەسینەو گێسک ماڵینەکەی جگە لەبۆنەخۆشەکەی تەواویش فێنک دەبۆوەو یان ئەگەر سەبە بوایە ئەوە ئەوە هەر بەئاو پێداپڕژانەک و کاشیش تەنیا سڕینەوەکەی. دەنا بەباوەشینەکی حەسیری دەستی خۆت جار ناجار باوشینەی خۆت دەکرد دەتووانی سەرخەوەکی باشی لۆ بشکێنی ئەو تاک و تەرای ئەو ماڵانەش کەپانکەی سەقفی یان عامودی ئەندۆلای عێراقیان هەبووا ئەوا هەستیان بەگەرماو هیلاکی بێزارکەر نەدەکرد.
جگە لەهوڕەی مانگی تەمووزێ بەتایبەت منداڵ ناسک بوو هەتاو دەیبرد تای دەهاتێ.
هەتا عەسرێ ئیدی ووردە ووردە فێنک دەبۆوەو تینی گەرمای نەدەما. زۆر ئاسایی بوو لەبەر هەیوانێ یان حەوشە و فریزی باغچەی ماڵێ بەئیستراحەت لێی پاڵدەکەوتی. لەدوای عیشایێش نەریت بوو شفتی و گندۆرەیان لەسەر سێنی دەخستە سەر ستارەی بانی تەواو فێنک دەبۆوە. شەوانیش شەربەی ئاوێ یان دۆلکەیەکی باغەو نایلۆنی ئاوی شەوێ تەواو سارد دەبۆوە. لەبەرەبەیانی لەحەوشەی یان لەسەر بانی بوای دەبوا بەتانیەک یان چەرچەفەکەی بەخۆت دادەدی ئەگەر سبیانەکەش درەنگ لەخەو ببوایەوە ئەوا بەتەنیا گواستنەوەی یاتاغ و نوینی جێیەکەتی دەویست بچیە بەر سێبەری ستارەی ئەگەر مێش لێبگەڕابوایە.
بەگشتی، هەموو گەرەکەکانی شاری هەولێرێ و ئەوانەی قەراغ شاری بای شەماڵی شەوێ دەگرتنەوە کەشێکی سروشتی تەندروستی لۆدابین دەکردی.
شاری هەولێرێ وەک هەوکە تاقەت پڕوکێن نەبوو هەناسەت لێی سوار بی و لەقالبی خۆت وەڕەس بکات. هەر ئەوەندە گەلاوێژ هەڵبهاتبا ئیتر شەوانی تەواو تەواو فێنک دەبۆوە تینی گەرمای ڕۆژێی لەهەناوی دەردەکردی.
وەکی ئەلحانی نەبوو مەلا بانگدانی سبیانێش نەوێری پێ بخەیە سەربانی، چونکە بەدرێژایی ئەو شەوەش ئەو هەموو کۆنکرێتەی ئەو هەموو خانوە دووقات و ئەو باڵەخانە بەرزانە هەر تیشی گەرمای ڕۆژێت دەداتەوە.
کوردستان بەگشتی دەرودەشتەکەی و چیاو چۆڵەکەی فێنک و شەوانی هاوینی سارد بوو.
ئەگەر وەک موستاف و گەشتیاری عارەبیش بگەیشیبوایە شەقڵاوەو گەلی عەلی بەگی ئیتر هەستت بەوگەرمایە نەدەکرد ژیانت لێ تاڵ بکات.
ئەو هۆڵە گەورەو قەڵەباڵغانەی ئەودەمی سینەمایەکانی شاری هەولێرێ بەتەنیا بەچەند موبەڕیەەکی تەواو فێنک دەبوونەوە. باغچەی گازینۆ لەیالی عەسرانی ساڵی هەشتایەکان لەچەقەی گەرمای هاوینێ خەڵک بێ بوونی هیچ موبەڕیدەیەک و پانکەیەک لێی دەحەسایەوە. 
هەولێر، زستانەکەی هەندە دوورودرێژو پڕ باران و شەوێی بەکڕێوە بوو، ئەو دەستەواژەی(تفی هەڵدەی دەیبەستی)لەسەر وێردی زمانی خەڵکی بوو.
هەموو بەیانیەک ئاوی ناو بۆڕی و بەرمیل و تانکی سەربان و حەوشەو بەر بەلۆعەو جۆگەی کۆڵانێ ئەو گۆم ئاوانەی ئەو دەرو دەشتەی هەر هەموو دەیبەستا.
گرفتی ئیشی عەمەلەو وەستای خانی بینایانەی ئیشیان لێەەکرد بەو بەیانیە زووانە هەر هەموو حەوزی ئاوی ئەودەمی و سەر ئەو قوم و چەگڵ و نساری کۆڵانەکان سپی دەچۆوە هەر هەموو دەیبەستا.
مەننتکاوە گەڕەکەکی دوورە شار بوو هەر هەموو پێش ماڵەکانی قۆڵت بوو هی ئەو خۆڵەی خشتیان لەبۆ خانی لێ دروست دەکرد بەو ئاوە زۆرە ڕۆنەی بارانی بەڕێژنەو نم نمی بەردەوامی ئەودەم تەواو تەواو پڕئاو دەبوون فەرخە قازو مراوی مەلەوانیان تێدادەکرد. ئەو گۆمانە کەتبوونە بەر نساری سێبەری خانیەکان شەختەی ئاوەکەیان هەتا مانگی نیسانێش دەمایەوە منداڵ خلیسکانێیان لەسەر دەکرد.
بەخۆکە، وەلی بوو هەموو بەیانیەک لەچلەی زستانێ شەختەی ئاوی حەوزی ئەو خانیانەی دەشکاند کەتازە دروست دەکران خۆی تێدا بسمیل دەکرد.
چونکە زستانی ئەودەم دوورو درێژو پڕ باران بوو بەهاریشی درێژ بوو هاوینی کورت بوو. سبەینەی ئەودەرودەشتە هەموو خوناو بوو.
جار ناجار، ئەگەر ڕەمەزان هاوینان بووایە، خەڵک لە بۆ فتاری لەبۆ بووزی پەريشان دەبوو کە لەماستاوی دەکرد.
بیری ئاوی ئیرتیوازی گەڕەکەکان کە لەناو جەرگەی شاریدا نوون، بەسروشتی خۆی ساردو کەللەتەزێن بوو، بۆڕیە ئاوە چارئینجیەکەی سارد سارد بوو، قامکەک ئاوی سپی بەفراوی لەبەردەڕۆی، هەر هەموو چاردەورەی قامیشەڵان و تەڕو پاراو بوو، ئیختیار دامەیان لێدەکردو دەستنوێژیان لێهەڵدەگرتوو لەسایەی سێبەرەکەی دەخەوتن. سەیرەکە ئەوەیە هەمووشی لەناوجەرگەی شاری دابوون و پێش چڵ ساڵان وەها بوو، ئێستا کەئاو لەقووڵایی بن عاردیش نەمایە.
ئەگەر کۆچی یەکەمی خەڵکی ساڵی پەنجاو شێستەکان لەبۆ ئەوروپا لەبەر خیندن و گەشتیاری خواپێداو و دەوڵەمەندەکان بوو.
هی ساڵی حەفتاو پێنج و دواتر هەتا نەوەتەکان لەبەر سیاسەت و هەڵهاتن لەصەدامی بواو پاش نەوەتەکان لەبەر قاتی و قڕی بێ یاسایی و شەڕی ناوەخۆ بوایەو هی دوای دوو هەزارەکان بەدەست کەوتنی ڤیزاو مۆدیلی سەفەری ئەوڕوپای بوایە.
ئەوا پێ دەچیت کۆچی ئەو جارەی خەڵک و جێ هێشتنی نیشتیمان لەو بێسەرو بەریەی حکومەتی بیت .
کەشارێکیان لەناو گەرمای کۆنکریت و جادەی قیڕو گڕەگڕی دووکەڵی موەلیدەو گزۆزی ملیۆنەک سەیارەی دروستکردیە. کەهەناسەی ئاسایی تێدا نەمایە.
کەچی سەیردەکەی لەو تورکیاو ئەوروپایەی ئەگەر ڕۆژێک گەرمیش بێت ئەوا تاوێک رێژنە بارانێکی خۆشی لێدەداو تەواو فێنکی دەکاتەوە.
لای خۆمان کەزۆر گەرم دەبی ئەوجا بێ ئاوی و تۆزوباو قسە قۆڕەکانی حکومەتی لەکردنەوەی سێ دەریاچەی دەستکردیش سەربارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە