ڕامان لە باری ئێستامان

Monday, 14/08/2023, 15:07

3426 بینراوە


ئەگەر سەیری ئەمڕۆی باری سیاسی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی بکەین، چەند پرۆسەی جیاواز و دژ بەیەک دەبینین
- دابەش بوون
- لێک نزیک بوونەوە
- هەڵوەشاندنەوە
- دروستکردنەوە
- فرۆشتن
- بەرەنگاربوونەوەی فرۆشتن
- لەگەڵ شەپۆلەکەدا مەلەکردن
- بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شەپۆلەکەوە بەرگری کردن و.....هتد
ئەم پرۆسانە هەر یەکەیان بەلایەنی کەمەوە سەدساڵە لە ناو کۆمەڵگەی کورد و نیشتمانەکەیدا لە هەڵکشان و داکشاندا بوون.
بە زۆری پەیوەندییان بە سۆزەوە بووە و پرۆسەیەکی سۆزداریی بوون تا بینینی واقع و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بزووتنەوەیەک بۆ گۆڕانکاریی لەو واقعەدا، ئەگەر چی بە ڕواڵەت هەموو پرۆسەکە بەناوی گۆڕانکارییەوە ئەنجامدراوە، خوێن بارانەکە بۆ گۆڕانکاریی بووە بەرەو باشتر، گوومانی تێدا نییە کە هەمیشە مرۆڤ بەرەو باشتر بوون دەڕوانێ و هەوڵی بۆ دەدا.
گرفتی سەرەکی ئەم پرۆسانە ئەوەیە کە ئەوانەی جڵەوی کاروانەکەیان ڕاکێشاوە، کوڕی باوکی کوڕی باپیرەیەک بوون و ئەوەی بە میرات بۆیان ماوەتەوە، پلەیەک بووە لە فەرمانڕانیی نەک هەگبەیەک لە دانایی و زانیار* کە سوودی گشتی و باشتربوونی حاڵی گشتی ڕاسپاردە کردبێت.
بۆ دواوە ناگەڕێمەوە و تاڵاوی ئەو مێژووە لە کتێبەکاندا هەڵڕێژراوون و ڕەنگە زۆرینەی خوێنەرانیش بە جۆرێک دوور یا نزیک خۆیان گرفتاری کێشەکانی بووبن.
نموونە بەرجەستەکەی کە ئاکامی ئەم هەموو خوێن بارینە بوو، لە فەرمانڕانیی سی و دوو ساڵەییی ئەو سەرکاروانانەدا چڕ بوویەوە کە تا سەر ئێسقان ژانەکانی ڕۆچوون و ئازارەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال و فرمانەکانی تری کاڵکردنەوە و سەرگەردانییەکی وای دروست کرد کە هەموو بەهاکانی ئەنفال کرد و لە دڵی هەموو شەرافەتمەندێکی کوردستانپەروەردا بۆمبێکی کیمیاوی ڕۆژانەی تەقاندەوە.
هیچ پرۆسەیەک بە ئەندازەی ئەوەی ناوی پرۆسەی سیاسی کوردە، کاریگەریی لەسەر مێنتالیتێتی کورد نەکرد:
- کورد دەیزانی نیشتمانەکەی داگیرکراوە و بە ئەرکی کورد بوونی خۆی دەزانی هەوڵ بدات بۆ ڕزگارکردنی و هەوڵێکی دا لە ناو هەوڵدانی میللەتانی دنیادا بۆ سەربەخۆیی، بێ وێنەیە.
- کورد دەیزانی کە دەبێت بۆ بەئاکام گەیشتنی هەوڵی رزگاربوونی خۆی ڕێک بخات و خۆی ڕێکخست و دوا نەکەوت و چیای ڕاخست و ئاسمانی نیشتمانەکەی دا بە خۆیدا و نەسرەوت.
- کورد دەیزانی کە دەبێت لە زۆر خۆشی دنیا بگوزەرێ، گوزەریا و تا ناو جەرگی هەموو تاڵاوییەکانی چەشت.
- کورد دەیزانی کە دەبێ چەند نەوەی بکاتە قوربانی و کردی و شانازیشی پێوە کرد، بە ئومێدی ئەوەی کە نەوەی دوای ئەوان بە سەربەخۆیی کوردستانەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، کردی و کردی و کردی و... .
- کورد دەیزانی کە دوژمنانی بێڕەحم و دڕەندە و نا مرۆڤن، دەبێ ئیرادەی هەبێت و دەیزانی هیچ هێزێک ئیرادەی بڕیاردانی مرۆڤێکی بە باوەڕی بۆ تێک ناشکێت، ئیرادەی بوو، تێک نەشکێنرا و هەر بەئازادی مایەوە و فرمانی کەسی قبوڵ نەکرد.
- تا سەرەتای ئەو زەمانەش کە دەسەڵاتی ئێستای کوردی وەک فیدیڵ کاسترۆ لە چیای ( سیرا مایسترۆ) وە گەڕانەوە، نەتەوەکە لەو بڕوایەدا نەبوو کە بەهەمان ئەو ڕێگایەدا بڕۆن کە کاسترۆ پێیدا ڕۆیشت و نەتەوەکەی خۆی خستە سەر ساجی عەلی، ئەگەرچی کاسترۆ ئەو غیرەتە کوبیایانەی ڕێگەی پێ نەدا، دەستی دوژمنی گەلەکەی بگرێت و پەلکێشیان بکات بۆ ناو کیوبا، بەڵام سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی هەر زوو ئەو غیرەتە کوردیانەیان ژێر پێیان ناو، کۆڵوانەیەکی سووریان لە پشت بەست وکەوایەکی سووریان لەبەر کرد و بوونە کەواسووری بەر لەشکری دێرینەی کورد بۆ سەر دڵی کورد.
- لە هەموو مێژووی کورددا، ئەگەر بۆ بەهانەهێنانەوە بگەرێیت، فەرهەنگی بەهانە هێنانەوەی سەرکردەیەتی سیاسی کورد بۆ خیانەتە نەتەوەییەکانیان، خیانەتی شەڕەکانی ناوخۆیان و شەڕیان لەگەڵ نەتەوەکەدا، دە هێندەی قامووسی زمانی کوردی گەورەترە، دەڵێی هەموو سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی، پسپۆڕی فەلسەفەی بەهانەهێنانەوەن بۆ خوارییەکان و تێکشکاندنەکانیان. تۆ بڕوانە تا ئەم دەمەش کە بەرەو ساڵی ٢٠٢٤ دەچین، سەرکردەکانی خێڵ-حیزبی کوردی لە پلەکانی دە و پازدەی ناو حیزبەکاندا، بۆ وێنەگرتنێکیان چ بەهانە گەلێک دەهێننەوە و چ سەربووردەگەلێک دەهۆننەوە!! بەڵام گۆزە هەر ئەوە دەدەڵێنێ کە لە هەناویدایە.
- ئەم زنجیرە درێژ دەبێتەوە و درێژ دەبێتەوە، ناچارین ئەڵقەیەکی بپچڕێنین تا زنجیرەکە بڕەوێتەوە، واتە لە شوێنێکدا دەستبەرداری:
1- سەرکردەیەتی کلاسیک و کلتووری خێڵ-حیزب ببین.
2- دڵبگێڕین و بەشێوەیەکی تر بیر بکەینەوە، جارێک چاومان بشۆین و دنیا گەرەتر لە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب ببینین.
3- سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب چی گوت و چی کرد، ئێمە پێچەوانەکەی بڵێین و بکەین، ئەگەر دەمانەوێ راست بڵێین و دروست ڕەفتار بکەین.
4- خۆ ئێمە هەر دڵمان بە نەتەوە و کوردستانەکەمان داوە، جا ئەگەر جێژوانەکانمان پڕن لە مار و مێروو، با جێژوانەکانمان بگۆڕین. دڵ هەر یەکە و نەیدەین بەهەزار. لە هەواری تازەوە، بە بیرێکی تازەوە، بەهێزێکی کوردبوونێکی نوێوە خۆمان ڕێک بخەین و جێژوانەکانمان لە مار و مێروو خاوێن بکەینەوە.
5- خۆبەخشین یەکەمین پرانسیپی بزووتنە، مانەوەمان پرانسیپی دووەم، دڵ دەدەین و گیان دەین، بەڵام مانەوەمان لەیاد ناکەین، خاوەن گەورەترین سۆزین بەڵام رێکخراو و ئامانجدار بین.
6- هەموومان، کوردستانپەروەرە شەرافەتمەندەکانمان، قەڵەممان بێت یا تفەنگمان، کچمان بێت یا کوڕمان، ڕابووردومان بێت یا ئێستا و ئایندەمان، بەیەک شمشێر لێمان دەدرێت، یەک ئازار دەچێژین، یەک خۆر دەبینین، یەک بەربەست ڕێگەمان لێ دەگرێ. ئێمە دوژمن دەناسین، دەبێ باشتر و باشتر خۆمان بناسین، بە ناسینی خۆمان، کلیلی دەرگای سەرکەوتن بەدەست دێنین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە