فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن (بەشی یەکەم)

Thursday, 24/08/2023, 8:56

2461 بینراوە


ئەم فۆڕمە نوێیە کە ڕوانینێکی نوییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ( لە ئێستادا بۆ باشووری کوردستان)، بەرێوەبردنێکی سەردەمیانەیە کە پارت ( حیزب) لەم بەڕێوەبردنەدا هێچ ڕۆڵی نییە، واتە هەڵبژاردن و دەنگدان و سندوق و نوێنەرایەتی لە پەڕلەمان و ئەنجوومەن و ....هتد تێدا نییە. 
ئەو جۆرە بەڕێوەبردنانە بۆ سەردەمی ڕابووردوو دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵگە ئاوەدان و سەردەمیانە و بەرەوپێشبەرن، بوونە بەربەستی جددی لە بەردەم ئاوەدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا و هەڕەشەی جددیشن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئازادیی تاک، ئەمە لەم ماوەی سی و دوو ساڵەدا لەباشووربە ڕوونی تێکشکان و ئیفلیجی سیاسی خۆی دەرخست و ئەو باروودۆخەی هێناوەتە پێشەوە کە دەبێت زۆر بە وردی و جددی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و بیر لە جێگرەوەی بکرێتەوە، چوونکە بەڕاستی گرفت و هۆی سەرەکی داڕمانی کۆمەڵگەی کوردییە لە باشووردا و کاریگەریی زۆر نایەتی* بووە لەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە لە سەرتاسەری کوردستاندا، دەتوانم ئەوە بڵێم کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی تا ڕادەیەکی زۆر چەواشەکردووە و لە زۆر حاڵەتدا لە دژی وەستاوەتەوە و رێی پێگرتووە، کە ئەمەش بۆتە هۆی لاواز بوونی هەموو پێگە سەردەمییە پێویستەکان بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە بریتین لە: پێگەی ئابووری،  سیاسی، سپایی، کلتووری و دبلۆماسی، ئێمە دەبینین کە هەموو ئەم پێگە گرنگانە، لە حاڵەتێکی تا ڕادەیەک سەقامگیر و تواناوە لەو ساڵانەی سەرەتای ڕاپەڕینەوە یا وا دەردەکەوت و چاوەڕوانی لێ دەکرا، داکشاوە بۆ نزمترین و لاوازترین پلە، کە ئێستا لە خۆبەڕێوەبەریی باشووردا، جگە لە کۆمەڵگەیەکی بچووک لەناو کۆمەڵگەی گەورەی باشووردا کە حەساوەن و دەژین، ژمارە زۆرەکەی تری کورد لە باشووردا، گرفتاری هەموو سەختییەکانی ژیان کراون، تەنانەت ژیانی مەمرە مەژیشیان هەڕەشەی ڕۆژانەی لەناو چوونی لەسەرە و ئەمەش ڕۆژانە لە باشوور ڕوو دەدات، کوشتن بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، جا دارودەستە چەکدارەکانی حیزب، لێپرسراوی حیزب ئەنجامی بدەن، یا دەوڵەتانی داگیرکاری کۆلۆنیالیستی نەتەوەی سەردەست، مانای وەک کورد خۆی دەڵیت: لە با بێت یا لە باران، هەر لە کوردەکە کەم دەبێتەوە. 
ئەمەش بوویە هۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی توڕە، لە کاتێکدا کە بە دەسەڵات ناوێرن، یا لە چارەنووسێکی نادیار دەترسن، کێشەکانی ناو خۆیان بە ( هێز) چارەسەر دەکەن و لە دنەدانی ئەم کلتوورە تووڕەیەشدا، دەسەڵاتی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب ڕۆڵی گرنگ دەبینێ چوونکە مانەوەی دەسەڵاتەکەی لە پەرت بوونی تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە و بە درێژای ئەو حەفتا ساڵەش ژیان و مانەوەی سەرکردەیەتی حیزبی بنەماکەی هەر دووبەرەکی و دەبەرەکی بووە.

• ئەگەر حیزب نەمێنێ!

ڕەنگە ئەم قسەیە بۆ زۆر کەس نەیەتە قبوڵ کردن و تەسەوری کۆمەڵگەیەکی بێ حیزبی بۆی سەخت بێت، بەڵام با لە سەرەتاوە بە کورتی باسی ئەوە بکەم کە حیزب چی کرد و چی بەرهەم هێنا؟!
١-نەتەوەکە شۆڕشی کرد: سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب  ئاشبەتاڵی پێ کرد. سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب ئەو کلتوورەی داهێنا کە ڕەوایە و ئاساییە بۆ کوردێک کە کوردێکی تر بکوژێت و تەرمەکەشی بداتەوە دەست دوژمنانی کورد و خۆشی ئەم تاوانەی وەک ڕچەشکاندن بەرانبەر بە ئازادیخوازی کوردستانی کاک سڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی ئەنجام دا. کلتووری سەرکردەیەتی پارتی ئەوەشی بەرهەم هێنا کە بۆ مانەوەی گرووپەکەی خۆت و بنەماڵەی خۆت، لە پارچەیەکی تری کوردستانی داگیرکراویشدا دەتوانی ببیتە کەواسووری بەر لەشکری دوژمنی نەتەوەکەت و سەرکردەیەتی پارتی هەر خۆشی ئەم ڕچەیەی شکاند و پێش سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کەوتن و ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتیان ڕاودەکرد بۆ دوژمنی دێرینەی فاشیزمی فارس.
٢-شەڕی کورد بە کوردیان تا ناو قوڵایی دڵی خێزانی کورد شۆڕکردەوە و خوێنی برایان بە دەستی برا ڕشت وباوکیان کردە دوژمنی کوڕ و کوڕیان کردە دوژمنی ئامۆزا و خاڵۆزا، لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئاسایدا هەموو شتێکیان لەت کرد، تەنانەت ڕەنگشیان لەت کرد... برادەرێکم بۆی گێڕامەوە میوانێکیان هات و کاتی خەوتن لێفەیەکی سەوزیان بۆ دانا بوو، خانەخوێ دەچێت بۆ ئەوەی شەوباشی لێ بکات تەماشا دەکات میوانەکەیان ڕانەکشاوە و لەسەر دۆشەکەکی دانیشتووە، لێی دەپرسێت: بۆ ناخەوی؟ ئەڵێت: بەخوا تا بەیانی دا ئەنیشم و ئەو لێفە سەوزە نادەم بە خۆمدا. ئەمە بەرهەمی ئەو کلتوورەیە کە خێڵ-حیزب بەرهەمی هێناوە. لای هەمووتان لیستەی ئەو تراژیدیایەی خێڵ-حیزبەکان لەو نموونەیەی من زۆر درێژترە.
٣-ئەو هەموو دوکان و کارخانە و کۆمپانیای حیزبیانە کە خەڵکێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، بووە بەهۆی ئیفلیج کردنی توانایەکی گەورەی کۆمەڵگە، شتنەوەی مێشک، دڕ کردنی بەشێکی گەورە لە ڕەفتار و خوو و خدەی ئەوانەی لە دەوریان گرد بوونەتەوە.
خێڵ-حیزب بە درێژایی دروست بوون و گەشەکردن و خۆ زل کردن و ئەوی تر بچووککردنەوە و لە زۆر حاڵەتدا سڕینەوەیان بە تیرۆرکردن، تەنیا ناکۆکی، گرفتاریی، وێرانکردن و کۆمەڵگایەکی جوێندەر و لە سەرو هەمووشیانەوە مەلای سیاسی بەرهەم هێنا، کە هاوکاری دەسەڵاتەکەی بن بۆ درێژەدان بە فەرمانڕانییەکەیان بە گەمژەکردنی زیاتری کۆمەڵگە. ئەمە بەرهەمی سی و دوو ساڵەی خێڵ-حیزبی باشوورییە و بەو زانیار**ەی  شەش ملێۆن کوردی نەتەوەیەکی دابەشکراو و بەکۆلۆنی کراو بەڕێوە دەبات.
کەواتە بەم پێوانانەی سەرەوە دەتوانم بڵێم کە دەشێ و دەبێ بیر لە فۆڕمێکی نوێ بۆ بەرێوەبردن بکەمەوە.
ئەمە بەشی یەکەمی ئەو زنجیرە وتارەمە کە هێدی هێدی لە بوارە جیاکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانە دەکۆڵمەوە، کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو لە زەمانی ژیریی دەسکرددا Artificiall Intelligence    
--------------------

سەرنجەکان

*نایەتی" نەرێنی"....مامۆستا مەسعوود محەمەد
**وشەی " زانیار" وەک "پرسیار" بریتییە لە "تجرید" بە واتای "معرفە" نەک ناوی کارا بە واتای زانا. لە وشەی کڕیار کە ناویکارایە پاشگری "یار" چۆتە سەر ڕەگی "کڕی..." ویەک لەو دوو "ی" ە قرتاوە. مامۆستا مەسعوود محەمەد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە