وەڵامێک بۆ وڕێنەکانی پشکۆ

Sunday, 24/09/2023, 19:40

11205 بینراوە


نوری کەریم/ ئەڵمانیا

نوسەر و وەرگێڕو خەباتکاری ناسراوی کورد مامۆستا سەعید ناکام ی نەمر، کوردێکی نیشتمان پەروەرو نەتەوەییەکی چەپ و کراوەبو، ئەوەش لەدوتوێی بیرەوەرییەکانیدا رون و ئاشکرا رەنگیداوەتەوە، بەڵام ئەم کوڕەی لەم دواییانەدا کای کۆن بەبادەکات و شقلیوپقلییەکی لە فەیسبوک و هەروەها لە کوردستانپۆستدا نوسیوە زۆرتر لەوڕێنەی دەمی لەرزوتادەچێت و مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیەو هەرئەوەندە دەهێنێت بڵیین بەداخەوە رێوشوێنی باوکی بزرکردووەو لە بێخەبەران کەشکەک سڵاوات.. کانی ماسی بنکەو بارەگای لقێک پێشمەرگەی پارتی بو، چەند بەرپرسێکی ناسراوی پارتی لەسلێمانی ، لەسێبەرو نەدیودا سەپەرشتی و بەڕێوەیان دەبرد .. ئەوانە گەلێک تاوان وکاری ناڕەوایان ئەنجامدا ، هەرلەکوشتن و دزی و تاڵانکاری وروتکردنەوەو سەرانە سەندن و دەستدرێژی کردنە سەرکەسانی بێوەیەوە هەتا تەنانەت سەری ئەو لاو و هەرزەکارانەیان دەتاشی کە قژیان بەستایلی مۆدەی ئەو سەردەمە دەهێشتەوە!! خۆ کەس ناتوانێت نکولی لەو تاوانانە بکات، بەڵام کەسیش ناتوانێت لەکاتێکدا سەرکردایەتی (شۆڕش) خەڵاتی تاوانبارەکانی کرد ، بیسەپێنێت بەسەر لایەنێکی وەک کاژیک دا. تۆ لەگوێی گادا نوستبوی هەی بێخەبەر، ئەی لاپەڕەکانی سەردەمی دەسەڵاتی (مقاوەمە شەعبی – بەرگریی نیشتیمانیی)کە چەندین گروپی چەکداری پارتی کۆمۆنیستی عێراق بون هەلنادەیتەوە کەتژێیە لە تیرۆر و راکێشان بەسەر شەقامەکان وهەڵواسین بەعەمودەکانی کارەبادا؟ ئەوەی نوسیوتە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی مێژو نییە، رقوکێنەی تایبەتی وشەخسییە ولەم دواییانەدا بە نقەنق دەیدرکێنیت وبەرلەوەی ناوی کاژیک وپاسۆک بەدەمتدابێت دەستنوێژبگرە. لێرەدا یەکە یەکە بەوڕێنەکانی پشکۆدا دەچمەوە:
١ – {کاتی خۆی لەمەرگی گۆرانی مەزنا، کاژیکەکان جگە لە هەڕەشە خەڵکیان هاندەدا کەکەس لەگەڵ تەرمەکەیا نەچێ بۆبەخاک سپاردنی چونکە ئەو(شیوعی) بوو..}.
 ئەو چەند رستە هەناسەبڕە هەرچەندە بۆختان و هەڵبەستراوە، بەڵام ئاوها دەنوسرێت: کە گۆرانی مەزن مرد، چونکە شیویعی بو، کاژیکەکان خەڵکیان هاندەدا هاوبەشیی بەخاکسپاردنی نەکەن.
٢ –{.. جەماعەتی دیکەش هەبون دژ بە خەڵک بەڵام هیچ جەماعەتێکی دژ بە خەڵک وەک ئەوەی '' کانی ماسی" نەبوو، ئەوانە خۆیان بە(نەتەوەیی)!! ئەزانی وباک گراوندێکی(کاژیکانە) یان هەبوو ئەوێیان کردبوو بەبارەگای خۆیان .. زۆربەی زۆری قوربانییەکانی "کانی ماسی"شیوعییەکان بوون کە ئەمە بۆپارتی وەک حەڵوای جەژن بوو!!}. 
لێرەدا خوێنەر دەپرسێت {جەماعەتی دیکەش هەبون دژ بەخەڵک} کامانەبون و دژبە خەڵک مانای چی، دژی هەموان بون؟ کابرا دارێکی هەڵگرتووەو شەلم کوێرم ناپارێزم.
٣ –{ خوار کانییەکە شیوێک بوو کە تەرمی دەیان شیوعی و غەیرە شیوعی ڵێ بوو(لێبو)کە بەدادگای کوردایەتی گوللەباران کرابوون.}
کەدەڵێیت دەیان، واتا چەندین دەکەس و بیست وسی و چل، هەموانیش دەزانن قوربانییەکان شەش حەوت کەس پترنەبون، ئەوە دو کۆمونیست و نوسەری ناسراو، مامۆستا ئەحمەد حامید وحەمەسەعید حەسەن بزانە لەوبارەیەوە چی دەڵێن. ئینجا وەک پیشەی دێرینتان گاڵتەتان بەکوردایەتی هاتووەو تەنانەت بە معاریفی کوردستان تان دەوت معاریفی قلیاسان، قەشمەریتان بە رۆژباش و شەوباش دەکرد ودەتانوت( تاقمێ پەیدابون لەکەوش و کڵاش** سەلامی خوایان کردووە بە رۆژباش) بەمەرجێک ئەوانە هەر لەدژی کورد ناوی خوادەهێنن.
٤ – {.. باوکم خۆی بۆ شەرمینی خوشکمی گێڕابۆوە کە قارەمانی کوردایەتی و ناظم گزاری کانی ماسی (عوسمانی ئامە) پێی وتبوو: من ئەمری کوشتنی تۆم پێیەو ئەبێ بتکوژم، بەڵام ناتکوژم.. لەترسیشا نییە، زۆرم لێ کوشتون..رێگەت پێ ئەیەم بگەڕێیتەوە بۆ تیمار..} 
کابرا تۆ درۆ بەدەم باوکیشتەوەدەکەیت؟ ئاخر مامۆستا ناکام لە بیرەوەرییەکانیدا حەو روداوە بەجۆرێکی جیاواز دەگێڕێتەوە و هیچ گلەیی و ناڕەزاییەکی لە عوسمانی ئامە نییە. جگەلەوەش (ناظم گزاری کانی ماسی) بۆ دەبێت لە ماموستا ناکامێک بترسێت ئاوارەو لێقەوماو، هەمو پشت و پەناو چەکی دەستی قەڵەمێک بو؟ 
٥ –{ ئەم بەسەرهاتە لەبەر یەک هۆ گرنگە کە باس بکرێ ئەویش ئەوەیە کە (کانی ماسی)یەکەی (گەڵاڵە)ی کاژیکەکان هەموو بیرو بۆچوونی خۆیان تەنها لەسەر لەناوبردنی شیوعییەکان بونیادنابوو جگە لە دروشمە هەزەلییەکانیان: بەڕو خۆشترە لە خورما.. ئێمە کوردین کوردمان ئەوێ عەرەب "..ز"ە نامانەوێ .. جامانە لە عەگال فێنک ترە ..سوێندیشیان بەکوردو کوردستان بوو.}
هەرچەندم کرد لە مەتەڵی (کانی ماسی)یەکەی(گەڵاڵە)ی کاژیکەکان تێنەگەیشتم!!بیروبۆچونەکانی کاژیک لە کاژیکنامەدا رون و ئاشکرادیارە.ئەوەی تۆش پێیدەڵێیت دروشمە هەزەلییەکان، ئەوە خوالێخۆشبو هونەرمەند عەلی توانا بۆ تەنزو گاڵتەجاڕیی رێکیدەخستن. بەڵام ئێمە کوردین کوردمان ئەوێ عەرەب حیزە نامانەوێ لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شێخ مەحمودی حاکمی باشوردا بەدەم خەڵکەوە بو، لەو پەیوەندییە گیانی بەگیانییەشەوە سەرچاوەی گرتبو کەلەنێوان فەیسەڵی یەکەم وعەڕابی عەرەب کۆلۆنێل لۆرانس دا هەبو.!! ئینجا پشکۆفەنی نایەوێت کورد سوێند بە کوردستان بخوات، ئەی بەچی سوێند بخوات؟ بەسەری دیکتاتۆرە ملهۆڕەکەی روسیا، ستالینی خوێنڕێژسوێند بخۆن کە لەسەردەمی نیکیتا خەرەشۆف دا گۆڕەکەیان هەڵدایەوەو لە شوێنێکی دور لە گۆڕەکەی لینین ی مەزن گۆڕبەگۆڕکرا. ناهەقت نییە، بەعس کە کۆمۆنیستەکانی عێراقی لەپەل و پۆخست، ئەوەی دەربازبو، پەنای بۆئەو کوردستانە هێنا، داڵدەدراوحەوێنرایەوە کە بێشەرمانە گاڵتەی پێدەکەن.
٦ – {.. پاشماوەی کانی ماسی وقوتابخانەی کاژیک دوای دەیان ساڵ، خۆیان گیڤ دەکردەوەو لەدوای ئاشبەتاڵ بە دەپانزە کوڕی گەڕەکەوە چونە شاخ ..بەداخەوە گەرمای هاوینی شارباژێڕکردنی بە دوبەشەوە..}
 کوڕی کام گەڕەک؟هەر بۆ نمونە: بەڕێزان شێرزاد فاتیح، فەرهاد عەبدولقادر، مولازم شوان، مامۆستا ئەحمەد سەلام کەرکوکین، ئازاد مستەفا-گەڕەکی سەرشەقام، شەهید مولازم کەریم - گەڕەکی شێخان، شەهید مولازم شەوقی و مامۆستا عوسمان- هەڵەبجە، مولازم سەیفوڵڵا- شارباژێڕ، ئازاد مستەفا- سەرشەقام، شەهید جەلالی حاجی حسەین – پشت شەقامی مەولەوی ..
٧ – ئەم کابرایە، شەلم کوێرم ناپارێزم و (لەناڵ ئەدات و لە بزماریش) کاژیک تاوانباردەکات بەتاوانەکانی بنکەی پێشمەرگەی کانی ماسی، کەچی هەرخۆیشی دەڵێت ئەوانەی باک گراوندێکی(کاژیکانە) یان هەبو!
٨ –{ زۆربەی زۆری قوربانییەکانی کانی ماسی شیوعییەکان بوون.}بەڵێ منیش دەڵێم کەسێکی وەک شەهید ئەوڕەحمانی ساڵحی خلە شویعی بو، دوسێیەکیان لەمێژبو پەیوەندییان بەو حیزبەوە پچڕاندبو، یەک دوانێکیش لەقوربانییەکان بەهۆکاری دور لە سیاسەت وبێتاوان کوژران. 
٩ –نوسینەوەی وڕێنەکە، لایەنی زمانەوانی، داڕشتن و خاڵبەندیی زۆرلاوازەو دورە لەزمانی نوسین و دەچێتە خانەی زمانی بازاڕییەوە.

نوری کەریم/ ئەڵمانیا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە