گۆڕستانی شەهیدانی ئێمەو شەهیدانی ووڵاتان

Sunday, 03/12/2023, 1:06

1613 بینراوە


لێرەوە گەشتەکەم دەستی پێکرد....

سەرەتا لە سلێمانی بۆ گۆڕستان چووم تا سڵاوێک لە دایک و باوکم و کەسوکارە کۆچکردووەکەم بکەم.گڵکۆی دایک و باوکم بۆ من وەک" بەردی سەبور " وان و زۆر شتم هەبوو بۆیان باس بکەم و گوێم لی بگرن.پاشان بەرەو گردی شەهیدان ڕۆیشتم تا پێیان بڵێم ئێوە لەپێناوی ئێمەدا گیانتان بەخشی و سوپاسیان بکەم و بڵێم شەهیدان کە نەتانهێشت پیر و پەکەوتەبن لەپێناوی ووڵاتدا گیانتان بەخشی چەنێک ئیرەیی بەو ئازایەتیەتان دەبەم.شەهیدێکی هاوڕێم هەبوو هەمیشە دەیووت " ئەوانەی کە دژ بە دڕندە و نادادپەروەری شەڕ دەکەن، پێویستە زۆر ووریابن نەوەک لەکاتی شەڕدا ئێوەش ببن بە یەکێک لەوان 
 من هاوڕێ و برام کاکە هونەر لە شەقامی سابونکەرانەوە سەرکەوتین لەناو خۆڵ و خاش و ماڵە ئەتک کراوەکاندا کە هەموو سیمایان گۆڕاوە یان بۆتە کەلاوەیەک و چەند ئۆتۆمبێلی دزێو پارک کراوە لێی و شەقامیش جمەی دێت لەکڵاشی دۆمی و گوێزی شیلی و ئەمەریکی و نۆکاوێکی چەورو نانی سپی بەپەنگ بوو، عەرەبی دزداشە لەبەری دەنگ زل و داشقەی پڕ سەوزەی ڕەنگ زەرد و، سەلەفی و حیجاب و نیقاب کە خانمانی کردۆتە شتێکی سەمەرەو، لەزگەی لوتی کۆمەڵێ کوڕوکاڵ و کچی هەرزە و پیر، نزیکی گۆڕستانەکەش بازاڕێک تژی لەژێرکراسی ژنانە و مەکدان و مریشک و سەوزەی تورکی و هەناری ئیران و مرەباو هەنگوینی لە شەکر دروستکراو.سەدان لەچک بەسەرو سەدان سفورو مرۆڤی ماندوو چڵکن و هاوار هاواری فرۆشیارو کڕیارو جمەی ئۆتۆمبیل و هۆڕنی شوفێرە داماوەکان و جوێن و ڕشانەوە، تەنگیان بەگۆڕستانەکە هەڵگرتووە.
من هەمیشە بڕوام وایە مادام ئێمە نەمان توانیوە "ئەنفال " بخوێنینەوەو سودمان لەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوە نەبینیوە پێویستمان بەدڕندەیەکە جارێکی تر ڕێکمان خاتەوە، هەموومان دەزانین تەنها ڕێگەیەک بۆئەوەی خراپە کاری سەربکەوێت بێدەنگی خەڵکە و کاتێک مرۆڤە داماوەکان هیچ شتێک ناکەن، ئیتر ستەم تابێت هەڵدەکشێت.
ئێوە دەزانن جیاوازی چییە لەنێوان شایەتحاڵ و قوربانیدا؟ تەنها بێدەنگییە.

بۆچی گرنگە لە گۆڕستانەکانەوە ژیانی خەڵکی سەیربکەیت ؟ 

لەگۆڕستانەکاندا مرۆڤ خەو بەوە دەبینێت ببێت بەمرۆڤ، بۆئەوەی ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بەخەونەکانمان پێویستە سەردانی گۆڕستانەکان بکەین.لەوێ لەهەموو تەمەن و چینێک هەیە، کە دواجار ژیانیان جێهێشتوە، بەڵام لەهەمووی گەشاوەتر مردنە لەپێناو خەڵک و نیشتماندا.
من لەم گۆڕستانە دا دیمەنێکی زۆر سەیرم بینی کە لەسەر کێلێک نوسرابوو: (ئەمە برای شەهید.......بەکارەساتی دڵتەزێن گیانی دەرچوو).هێشتا شەهیدێک هەیە ڕێز بۆ مردوویەک دەگەڕێنێتەوە کە بەکارەساتی دڵتەزێن گیانی دەرچووە.من نەم زانی پێبکەنم یان بگریم.کە چوشمە سەر گۆڕی شەهیدانی ١٧ی شوبات ئیتر زانیم ئەم نیشتمانەی ئێمە جگە لە بەهەدەردانی قوربانییەکان هیچمان نییە بۆ ووتن.بەر لە چەند ساڵێک گەشتێکم کرد بۆ قەندیل لەوێ گۆڕستانی شەهیدانی گەریلام بینی هەستم کرد کە بەڕاستی شەهیدەکان لەپێناو نیشتماندا گیانیان بەخشیوە و ئێستاش لەم گۆڕستانەدا شاهیدی زیندبوونیان دیارە.

گردی شەهیدان و ١٧ شەهیدەکەی قڕگە 

هاوڕێ هاوڕێم بوو یەکێک لە گەنجە جوانەکانی سەردەمی شکۆمەندی کە لە کارەساتەکەی قڕگەدا گیانی بەخشیە نیشتمان، هەر جارێک بۆ هەر جێگەیەک بچم لەم جیهانەدا، دەمەوێت بەتایبەتی ئەو ووڵاتانە یان ئەو جێگایانەی کە ڕۆژگارێک شەڕ و بەرگری تێدا بووە، سەردانی گۆڕستانی جەنگاوەرەکانی بکەم، ئەم هاوینە لە شارەکەی تیتۆ بووم لەوێ ناوی شەهیدەکانم بینی کە بەر لە ٨٠ساڵ تۆمار کرابوون وەک ئێستا نوسرابن وابوو.
 ئێمە لە گۆڕستانەکانەوە دەزانین داهاتوومان بەکوێ دەگات ؟ داوای لێبوردن لە شەهیدان دەکەم کە ئێمەی ترسنۆک ئاوا بەرخورد دەکەین لەگەڵ ڕۆحیاندا.ئێستا مۆدێلێکی تر هاتوە کە ئەوەی دەسەڵاتدارە لەو زەویەی داگیریان کردوە گۆڕەکانیان دروست دەکەن.کۆمێدیایە نیشتمان بۆتە تراویلکەی هەندێک نەخۆش، شەهیدەکانیشیان دڵتەنگ کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە