قەڵەمە کوردە تورکێنراوەکان، جلەکانیان خوارە

Wednesday, 06/12/2023, 22:37

1273 بینراوە


بۆ ئەوەی بتوانیت بە بیرێکی واڵاتر و زمانێکی پاراوتر کە لەگەلەوە نزیکە بدوێیت، دەبێت وابەستی سیاسی لایەنێکی کوردی نەبیت، بەڵکو سەر بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەکە بیت، تا بتوانیت فراوانتر چاودێری ڕەوش و بارودۆخی بزووتنەوەکە بکەیت، دەنا دەکەویتە ناو هەڵە زۆرەکانی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەوە و ناچار دەبیت بە سازی ئەوان هەڵپەڕیت. ئەمەش گرفتی زۆرینەی ئەو دەنگ و قەڵەمانەیە کە هەریەک بە ناوێکەوە و لە پشتی پەردەی کوردبوونەوە توانج و تانە و تەشەر لە بزووتنەوەکە دەدەن و بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو ڤیدیۆکلیپ و نووسین بڵاودەکەنەوە. لەسەرەتادا ناتوانیت کەسەکە، نووسەر یا وتاربێژەکە لەبەرەی نەیارانی بزووتنەوەکەدا دابنێیت، بەڵام پاش ماوەیەک کە نوسەر و وتاربێژەکە  هێڵە هزریی و مەرامەکانی خۆی باس دەکات، کە ناچارە باسیان بکات، ئەوسا دەتوانیت ناوەندەکەی دیاری بکەیت و جەخت لەسەر مەرامەکانی بکەیتەوە.
لە گۆڕەپانی ئەوەی ناوی سیاسەتە بە تایبەتی لە باشووردا، تاقم و دەستە و بنەماڵەی زۆر هەن کە پشکدارییان لەم بازرگانییەدا هەیە و هەوڵ دەدەن کە هەر بەوجۆرە پاڵی پێوە بنێن و لە مانەوەیدا بەو جۆرەی کە هەیە چالاکن و بەر بەهەر هەوڵدانێک دەگرن کە بیەوێت ئەو بچم و فۆڕمە بگۆڕێت. لە داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستانەوە و درێژەکێشانی داگیرکارییەکەی کلتووری تایبەت بەخۆی دروستکردووە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی هەبووە/ هەیە.

دوو بەرە لەم کێشەیەدا ڕۆڵییان گێڕاوە:

1- بەرەی داگیرکاران کە دیار و ئاشکران و کورد دەیانناسێت.
2- بەرەی ناوەکی کە خۆیان لە پشت مانا و مەبەست و خواستەکانی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە وە حەشارداوە و مەترسییان زۆر فراوان و کاریگەرتربووە لە بەرە دەرەکییە ئاشکراکە، ئەمەیان کوردییە و هەر بە ناوی کوردایەتییەوە بازرگانییەکانی ئەنجام دەدات. ناسینەوەی ئەمانەی دوایی واتە بەرەی دووەم ئاسان نییە و هەمیشە چەواشەکاریی تێیدا باڵا دەست بووە. کەسانی زۆر لەسەرەتاوە نەزانانە و ڕەنگە دڵسۆزانە لە بەرە ناوەکییەکەدا چالاکیان کردووە و سەریان لە ژمارەیەکی فراوان لەخەڵک شێواندووە و گرفتاریی زۆریان دروست کردووە.
ڕاپەڕینی باشوور ناکۆکی و بەرەکانی ئاشکراتر کرد و لایەن و کەسایەتییەکان زوڵاتر بۆ زۆرینەی نەتەوەکە خۆیان دەرخست. پەتاکە بە جۆرێکە کە لە عەقڵ و بیرکردنەوەی بازرگانەسیاسییەکانی کورد تێپەڕی کردووە و عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەوانەی نوێنەرایەتی ڕوخسارە ڕۆشنبیرییەکە دەکەن، گرفتار کردووە و ئەوەش نەخۆشییەکی کوشندەیە و کۆمەڵگا چەواشە دەکات و تا ئیفلیج بوونی دەبات.
ناسیینەوەی ئەم کەسایەتیانە بۆ خاوێنبوونەوەی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە پێویستە و چالاکییەکی گرنگە، چوونکە ئەوان لە ناو دڵی نەتەوەکەدا وەک لەشکرێک لەهەوڵی وێرانکردنی هزری نەتەوەکە و کلتووری کوردەواریدان، واتە ئەگەر دەستنیشان نەکرێن، ناسینەوەیان ئاسان نییە و زیانی گەورە دەدەن لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان.
هەندێ کەس پێیان وایە کە ئەوەی چوو چوو، وەک کورد دەڵیت کای کۆن بەبا نەکرێت، لە کاتێکدا بە ( تەن) کای نوێ ڕۆژانە دەخرێتە سەر ئەم خەرمانەی کلتووری وابەستیی و چەواشەکارییە، هەر بەناوی کورد و خەباتیی نەتەوەیی کوردەوە.
لە پەرەگرافی یەکەمی یاساکانی دادگای گەلدا، یاسای تاوانەکان، لە ژێر ناونیشانی یاسای تاوانی حەسەن خەیری تایبەت بە خیانەتە نەتەوەییەکان، هەموو کەسگەلێکی مردوو یا زیندوو، کە بە درێژایی خەباتی نەتەوەکە بۆ ئازادیی، زیانیان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە داوە، بە نووسین، بە وتن، پەنامەکی یا بە هاوار، بە چەواشەکاری یا پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە داگیرکارانی بەشێک لە نیشتمانی کوردەوە، لە دادگای گەلدا مافی خۆیان پێدەدرێت و مافی خەڵکیان لێ دەستێنرێتەوە. دادگای گەل داواکاریی گشتی نەتەوەی کوردە، بۆ گێڕانەوەی مافی ئەو مرۆڤە ئازادانەی کورد، کە کرانە قوربانی سەرکردەبازرگانەکانی کورد و ڕێبازی خێڵ-حیزبی کوردی.
لەو سەرەتایانەی خەمڵاندنی بیری ئازادیخوازیی کورد کە لەناو کورددا بە کوردایەتی ناسراوە، بیرکار و فەیلەسوفی کورد پیرەمێرد هەر زوو ئاگادارمان دەکاتەوە لە چەواشەکاریی و کاریگەرییەکانی کلتووری داگیرکاران و نەتەوەی سەردەست، لە نموونەیەکی بەرجەستەدا ئەم پەیامە نەتەوەییەی خۆیمان بۆ باس دەکات. خوشکەزایەکی پیرەمێرد، ڕۆژێک نامەیەک بۆ خاڵی واتە پیرەمێرد دەنێرێت بە زمانی تورکی، کە زمانی داگیرکەرێکی فاشتی بە شێکی گرنگی نیشتمانی کوردە، بۆ بەیانی پیرەمێرد لە هەفتەنامەکەیدا ژیان دەبێ یان ژین، لاوانی کورد لەم مەترسییە ئاگادار دەکاتەوە و وەڵامی خوشکەزاکەی بەم شیعرە دەداتەوە:
مستۆ، وادیارە، تۆش جل خوار ئەکەی
ئەستۆت ئەخورێ و مەیلی بار ئەکەی
نامە ئەنووسیت بە زبانی تورکی
لە میللیەتدا مائل بە شرکی
ئێمە کە کوردین لە لامان وایە
کوردی زبانێکە زۆر بێ هاوتایە
ناوی پێغەمبەر حەمەی ڕەسووڵە
نوێژمان بە کوردی لای خوا قبوڵە
ئەگەر تەڵقینم بە کوردی نەدرێ
گوێی لێ ناگرم با کفنم بدڕێ
گەر مەڕنەمووکەی عارەب لێم پرسێ
وای تێ ئەخوڕم کە ئەو بترسێ
ئەمە دینمە و دینێکی بە حەق
لەسەر پێستی خۆم ئەگەر بکرێم شەق…
لەم زەمانی ئاسان بوونی بڵاوکردنەوە مێدیاییەدا کە شۆڕشی دیجیتاڵی ڕەخساندوویەتی، هەرکەس ئەگەر موبایلێکی هۆشمەندی هەبێت، دەتوانێ هەم زانیاری بەسوود بڵاو بکاتەوە و هەم زانیاری چەواشەکار، واتە ئیفۆرمەیشن و دیس ئیفۆڕمەیشن.
زانیاری بەسوود قسەگەلێکی وترا و یا نووسراوە کە فاکتی لەگەڵدایە و لۆجیک پشتیوانی لێ دەکات، واتە ئینفۆرمەیشن.
زانیاری چەواشەکار، قسەگەلێکی هەڵبەستراوە، فاکتیان لەگەڵ نییە و لۆجیک لێیان بێبەرییە و پلان بۆ دانراوە و مەبەست لێی گەیاندنی زانیارییەکی درۆینە و چەواشەکردنی گروپێکی تایبەتە لە کۆمەڵگادا، واتە دیس ئینفۆرمەیشن.
لێمان ڕوون و ئاشکرایە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کورد، تەنانەت سنوورە دەسکردەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و بوویە بزووتنەوەیەکی جیهانی، هۆی ئەوە زۆرە لەوانە:
ئەلف: بزووتنەوەیەکی خەڵکی بوو نەک سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب.
بێ: ڕۆڵی سەرەکی کچان و ژنانی کورد بینیان، بە پشتیوانی کوڕانی لاوی دەڤەری ڕۆژهەڵات.
پێ: بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات لە هەناویدا، بزووتنەوەیەکی کلتووری ڕەسەنی کوردییە، بەر لەوەی ئەو ڕوخسارە سیاسییەی ئێستای هەبێت، ڕۆژهەڵاتیش لانکی چەکەرەکردن و گوڵزاری بیری نەتەوەیی کوردە، کە لە سەرەتاوە لە کلتوورێکی قوڵی ڕەسەنەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە مەسەلە سیاسییەکەی کورد، کە خەبات بووە بۆ ئازادکردنی نیشتمانەکەی لە بەرگی کلتووردا بە گەشی خۆی نواندووە و زمان تێیدا ئامڕازێکی گرنگی ئەو پەیوەندییە بووە کە چالاکییە کلتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی بە تایبەت بەستۆتەوە بە باشوورەوە.
تێ: مێژووی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات، یەک زنجیری نەپساو نییە کە میراتی سیاسی سەردەمێکی، بە ئەڵقەیەک بەسترابێتەوە بە سەردەمێکی تریەوە، ئەو بانگەشەیەی کە حیزبەکانی دەیکەن، بەتایبەت حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئەگەر بەراوردێک بکەیت ئەم قۆناغانە دەبینی: سەردەمی ژ.ک، سەردەمی کۆماری کوردستان، سەردەمی دوای نەمانی کۆماری کوردستان. بۆیە ناتوانیت، ئەو میراتە کلتووری و سیاسییەی سەردەمی قازی و کۆمار بدەیت بە شانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی ئێستادا، نە ئەو توانایەیان هەیە و نە شایان بەو بەرپرسیارێتییە بوون و ئەوەشیان دەیان جار سەلماندووە.
- لەودا لەشکری کورد دروستکرا، لەمدا پێشمەرگەی کورد دابەشکرا.
- لەودا زمانی کوردی گەشایەوە، لەمدا زمانی کوردی پووکایەوە.
- لەودا لە سێ پارچەداگیرکراوەکەی ترەوە کورد بوونە پێشمەرگەی کۆمار، لەمدا لاوانی کورد بوونە پێشمەرگەی سەرکردەیەتی حیزب.
- لەودا قازی بڕوای بە سنووری دەسکرد نەبوو، لەمدا وتییان ئەوەی لە باشوور دەقەومێ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
- لەودا .........هەتا دوایی و لەمدا هەتا دوایی.... .
جیم: بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئەو بەشە بندەستە لە نەتەوەی کورد لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا، خۆی نوێنەرایەتی خۆی دەکات، چوونکە ئەو کچ و کوڕە لاوانەی لە پێشەنگی بزووتنەوەکەدان، لە سەردەم و قۆناغێکی سەر بە سەردەمەکەی خۆیاندا هاتنە دنیا و گەورە بوون و نوێنەرایەتی خۆیان کرد، مەسەلەیەک کە بۆ سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب قووت ناچێت و لە خەیاڵی خۆیدا ئەوە ئەوە کە نوێنەری بیرێکی تازەی مۆدێرنی دوای نەمانی کۆماری کوردستان دەکات، بەڵام لە پراکتیک و واقعدا، ئەو نەوە نوێیە هەرگیز بە ئومێد و هیوای ئەو خێڵ-حیزبانەوە ڕانەپەڕی و بزووتنەوەکەی بەردەوام نەکرد، ئێمە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا، هەموو ڕەگەز و ئامڕازە مۆدێرنەکانمان بینی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بیرکردنەوە و ڕیبازی سیاسی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانەوە نەبوو. 
جێگای سەرنجە کە ژمارەیەک لە دەمڕاستانی ڕۆناکبیریی!! سەر بە خێڵ-حیزبگەلی کلاسیکی دەڤەری ڕۆژهەڵات بە تایبەتیش لە ناوچەی موکریان و لەوەش زیاتر لە شاری سابڵاغەوە، لێکدا لێکدا گرتەی ڤیدیۆیی و وتاری خوێندراوەی تۆمارکراو وەک زانیاری چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە، بە هیوای پاککردنەوەی پاشەڵی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی باشوور کە زیاتر ئەم هەوڵەیان بۆ ئاوەژووکردنەوەی مێژووی خیانەتباری سەرکردەیەتی قیادە موەقەتەیە. 
سەرەتا کە گوێ لە گرتەڤیدیۆیی و وتارەکانیان دەگریت، کە بەرگێکی بەناو ناسیونالیستییان پۆشیوە و لەپشتیەوە خۆیان مەڵاس داوە، پێت وایە کە گوێ لە وتارێک و لێدوانێکی کوردی پاک و بێغەوش دەگریت و دڵت خۆشدەبێت کە سنوورە دەسکردەکە لە هزری وتاربێژدا سڕڕاوەتەوە و باسی کوردستانێکی ئازاد و هەنگاوە پراکتییەکانی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەت بۆ دەکات، واتە گوێ لە ڕەخنەگرێکی واقع بین دەگریت تا هەندێ لە تاریکییەکانی مێژووە چەواشەکراوەکەت بۆ ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا و دەرکەوتنی مەرامی پشتی وتارەکان، ئێدی هێڵی بیرکردنەوەی وتاربێژت بۆ ئاشکرا دەبێت و لێت ڕووندەبێتەوە کە ئەم کەسە بەناوی زانیارییەوە دەیەوێت زانیارییەکی پێچەوانەت دەرخوارد بدات لە وشەی جوانی ڕەنگکراوی کوردیدا، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە پێی دەوترێت: زانیاری چەواشەکارانە، واتە دیس ئینفۆرمەیشن.
لەوەش ناقۆڵاتر نییە کە تۆ بتەوێت بەناوی ئازارەکانی گەلەوە، بەشێک لە نەتەوەکەت بخەڵەتێنی، مرۆڤ ئازادە لە بیرکردنەوە و ڕاو بۆچوونەکانیدا و جێگای ڕێز و خۆی بەرپرسیاری بیر و گوتار و کردارەکانییەتی، بەڵام کە کارەکە بووە بەلارێ بردنی مێژووی نەتەوەیەک و بەرخۆدانی ئازادیخوازیی بەشێک لە نەتەوەکە، کە لە واقیعدا وانیە کە تۆ دەیڵێیت و کارەکەت لەبەر خاتری خاترانە، ئێدی بەرپرسیارییەکە دەبێتە بەرپرسیاریی گشتی و تا ئەو ڕۆژەی داواکاری گشتی لەم چەواشەکاریانە دەپرسێتەوە، ئەرکی ئەوانی ترە کە هەست بەم خوارییە دەکەن، بێنە دەنگ و بەرگری لە نەتەوەکەی خۆیان بکەن. 
کاک عومەری حەمیدی، یەکێک لەو نموونانەیە کە چالاکە لە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و وتاری خوێندراوەدا، ڕاستیگەلێک دەڵیت و بەرگ و ناونیشانی زۆر دەکاتە بەر وتارەکانی، زۆرجاران وتارەکان پچڕپچڕ دێنە بەرگوێ و لەم مەبەستەوە باز دەدات بۆ ئەو مەبەستەی دی، ئەمەش لە ناوەرۆکدا شێواندنی گەیاندنی مەبەستەکەیە، بەهەر حاڵ ئەوە ڕەوشی وتار نووسین و خوێندنەوەی خۆیەتی، ئەوەی مەبەستی منە ئەو زانیارییە چەواشەکارییانەیە کە دەرخواردی بەشێک لە لاوانی نەتەوەی کوردی دەدات، بەتایبەت لاوانی ئازادیخوازی کوردستانیی لە ڕۆژهەڵاتی ئازیزمان.
کاک عومەر چوونکە سەر بە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانە/ بووە و دیارە لە تودەییە کۆنەکانی ناو حیزبی دیمۆکراتیشە، بەبیرکردنەوە بێت یا بە فعلی هەو بووبێت، دەڵێت با بێن و خۆمان پاک بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ناو گەلی خۆمان، دەستخۆش ڕێنماییەکی بەجێیە.
ئێمە دەزانین کە نەتەوەی کورد لەو نەتەوە دلێرانەیە کە هەرگیز ملی بەو دابەشکردن و سنوورانە نەداوە کە سەپێنراوە بەسەریدا، هەموو رێگاکانی خەبات و بەرخۆدانیشی ئەزموواندووە و کەمتەرخەم نەبووە بەرانبەر بەو دەرفەتانەی هاتوونەتە پێش و هەوڵی جدی داوە، لە خۆبەخشین و ئازیز بەخشینەکانیشیدا بۆ سەربەخۆیی نیشتمان و سەربەستی نەتەوەکە پێشەنگ بووە و جوانترین و باشترین ڕۆڵەکانی بەخشیوە بە ئازادی نیشتمانەکەی. 
کەمووکوڕییەکی کە هەمیشە ئێخەی پێگرتووە و بۆتە بەربەستی جدی سەر ڕێگایی و لە لوتکەی خەباتەکەیدا، بە تێکشکاندن و دەربەدەریی و سەرگەردانی سپاردووە، سەرکردەیەتی حیزبەکانی بوون، خۆیان دەرباز کردووە و نەتەوەکەیان بە گورگان سپاردووە. دەبێ ئەم تاوانانە چۆن چۆنایی پاکبکرێنەوە و بکرێنە کای کۆن و بە با نەدرێن؟!!. 
ئێمە لە سەربووردە هەش نۆ جڵدییەکەی هاورێیەکی توودەیی تری کاک عومەری حەمیدی ناوحیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بەناوی ( لە یادداشتەکانم / کە کوردییەکی سەقەتە) کەریمی حیسامیدا، دەیخوێنینەوە کە دووجار (ئەسکەندەری) سکرتێری ئەو کاتەی حیزبی توودەی ئێرانی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتەوە بە رێگەی بەغدادا هێناوە بۆ باشووری کوردستان و وەک خۆی دەڵێت شەڕواڵی کوردیم لە پێکرد و بە چیاکانی کوردستاندا هەڵمگێڕا بۆ بینینی مەلا مستەفا!! بۆ و لە پای چیدا کابرایەکی فارس، ئەم هەموو زەحمەتەی لەگەڵ دەکێشرێ و پەیوەندی ئەو بە شۆڕشی کوردەوە چی بووە؟!!.
پەیوەندییەکە ترس بووە لە ئازادیخوازانی کوردستانی ئەو بە شە لە حیزبی دیمۆکرات کە لە دەستەیەکی نوێدا و بە بیرێکی نوێی کوردستانییەوە، خۆیان ڕێکخستبوو کە دەیان ویست حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئەو کاتە لە ژێر کاریگەریی و هەژمونی توودەی فارسی ئێرانیدا دەربێنن، تا بتوانێ بڕیاری سەربەخۆی کوردستانی بدات کە لەناو جەرگەی ئازارەکانی کوردەوارییەوە هەڵقوڵابێت. ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوە کوردستانییە نوێیە دەستنیشان کرابوون و دەبوو لە ناو ببرێن، بەمجۆرە ساواکی شا، سەرکردەیەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق، مەلا مستەفا و حیزبی توودە ڕێکەوتن و پلانی تاوانەکەیان داڕشت و جێبەجێکرا، بەمەش سەرکردیەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق، دەرگایەکی گەورەی کوشتنی کورد بە کوردی خستە سەربشت و ڕەوایی دا بە کوشتنی کورد بەدەستی کورد، هەر ئەمەش سەرەتای زنجیرەتاوانەکانی پاش ئەو مێژووە بوو کە قیادەموەقەتە پێی هەڵسا بەرانبەر بە کوردانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات و پاشان باکوور و ئینجا شەڕە زۆرەکانی ناوخۆی باشوور و بوونە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکاران!!.
کاک عومەر دەبوو لەو خاڵەوە دەست پێ بکات و بەرگریی لە خوێنی قوربانیانی کوردستانی ئەو تاوانە گەورەیە کردبا نەک هەوڵی سڕینەوەی تاوانەکە و پەردەپۆشکردنی و ئاوەژووکردنەوەی مێژووەکە و بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشە.
خوێنی کاک( سلێمانی موعینی، مەلا ئاوارە، ئیسماعیل شەریف زادەکان و هەڤاڵەکانیان) تەنیا لە دادگای گەلدا یەکلایی دەکرێتەوە و ئەگەر پەنجا ساڵێش بەسەر تەمەنی بکوژەکانیاندا تێپەڕی بێت، دەبێت ئەو تاوانە بۆ نەتەوەکە ڕوونبکرێتە و حەقدار ( نەتەوەکە) بە حەقی خۆی بگاتەوە، ئەمەش مەسەلەیەکی کوردستانییە و پەیوەندی بە دەڤەر و شار و گوندێکی نیشتمانی کوردەوە نییە. نەتەوەی کورد کە بیرێکی کوردستانیی ئازادیخوازی هەیە، خۆی بە خاوەن و لێپرسراو دەزانێت بەرانبەر بە هەر تاکێکی کورد لە نیشتمانی گەورەی کورددا.
جا کاک عومەر وەک پڕۆگرامەکە بۆی دیاری کردووە هێدی هێدی دێتە سەر کرۆکی مەبەستەکەی کە گەوهەری باسوخواز گرتەڤیدۆیی و وتارە خوێندراوەکانییەتی. ئەویش خولانەوەیە بە دەوری سپای ڕزگاری کوردستان و ڕێبەرە ئازادیخوازەکەیدا.
لە دنیای ئەمڕۆدا و لە مێژووی نوێی نەتەوەکەماندا پاش سەدساڵ خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەکە کە ساڵانێکی زۆرە نەتەوەکە داوای لە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانی ئەوە بوو کە بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی دروست بکەن و هێزی پێشمەرگە بکەنە هێزی گەل، ئەم ڕێبەرە ئازادیخوازە کوردە ئەو نیاز و خواستە دەروونییە زۆر گرنگەی بەجێهێنا و لە خواست و خەم و کەسەر و هۆکانی تێکشکاندنە زۆرەکان و بە فیڕۆچوونی خوێنی ڕژاو و ڕەنجی بێوەری نەتەوەکەی تێگەیشت و خواستی نەتەوەکەی گەیاندە مەبەست، بۆیە لە چاوی دنیای بەرژەوەندییەکاندا ئەم سەرکێشی و لاسارییەی لێ قبوڵ نەکرا و بە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵتی و پشتیوانی ناوخۆی کوردیی دەستبەسەریانکرد و ئەوە بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەکە لە دنیای دەرەوەیان دابڕیووە، ئەو بووە هێمایەکی گەشی درەوشاوە لە مێژووی نەتەوەی کوردا و قسەی خۆی کرد و بناغەیەکی پتەوی کوردستانی سپای ڕزگاری کوردستانی داڕشت کە سنوورە دەسکردەکانیان لە ژێر پێنا و ئێستا جاوید لە سابلاغەوە و هیوا کوردستانی لە سنەوە، لە ڕۆژئاوا و ڕوهات بەرخۆدان لە ئامەدەوە لە کرماشان، شەهید دەبن، تۆ چاوت ئەمانە نابێنێ بۆیە دڵخۆشی بە زیندانی کردنی ساغترین کوردی مێژووی نەتەوەکەمان؟! 
زەینەب جەلالیان بوویە ژنەپاڵەوانەکەی زیندانی فاشییەکان و تۆ نایبینی!!.
شیرین عەلەم کوهی پەنجەی تێکەڵی تیشکی خۆر بوو کە پەتی سێدارەیان کردە گەردنە بەرزەکەی و تۆ نەتبینی!!.
من هەموو شەوێک خوشکێکم دێتە خەونم ناوی ( بێریتان) ە لەو بەرزییەوە پێڵاوە دڕاوەکانی دەبینم، سێبەریان بۆ هەزاران سەری شۆڕی پیاوانی کورد کردوە، تۆ نایبینی و من دەیبینم.
.......

سەرنجەکان:

کەریمی حیسامی کە پەروەردەی قوتابخانەکەی حیزبی تودە بوو، لە چاخانێکیدا دەڵێت: لەبەر ئەوەی من چاوم شین بوو، کیژانی دێ زیاتر سەیری منیان دەکرد و برادەرەکانم حەسودیان لێ دەهات، کاک کەریم چاوشینی بە ئیمتیاز بۆ خۆی قایل بووە و ئەو کیژانەش پێیان وا بووە کە کاک کەریمی حیسامی بەڕاستێتی کە خەبات بۆ ڕزگارکردنی ئەوان دەکات!!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە