خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ناو کوردستانپۆست

Monday, 08/01/2024, 22:47

4804 بینراوە


بەشی دووەم/ هاوارەکانی ئیلهام مورادی

سێیەم: شیعری " توولە ڕێکانی پاییز"
+وەک بەڵێنم دا بوو، کە ئەو شەش شیعرەی ئیلهام لەم بەشەدا پێکڕا خوێندنەوەیان بۆ بکەم، بەڵام کە ڕوانیم نووسینەکە زۆر درێژ دەبێتەوە، بۆیە گوونجاوترە کە هەر بەشێک خوێندنەوە بۆ دوو شیعری بکەم، هیوادارم نێرگزەجاڕی بەرهەمەکانی هەر گەشاوە بن.
نموونەیەک:
کاتێک خەیاڵێک ( گۆران)ی شاعیر مەست دەکات و گەرەکییە ئەو مەستییە بخاتە ناو تابلۆی دەربڕینەوە، هەر چەند دەکات چوارچێوەیەکی شایان بەو خەیاڵە مەستییهێنە لە قاڵبی وشەی وێنەداردا نادۆزێتەوە. ئەو (گۆران) ەی کە بە قوڵایی سروشتی نیشتمانەکەیدا و کلتووری ئەو خەڵکەی لەسەر ئەم نیشتمانە دەژیان، ڕۆچووبوو و کون و قوژبنی زمانەکەیان شارەزا بوو، هێشتا دەستەوسان دەبێت بۆ دۆزینەوەی وشەگەلێک تا وێنەی خەیاڵەکانی پێ بکێشێت.
کەواتە ئامرازی یەکەمین و دواهەمینی نووسەر(شاعیر) بۆ پیشاندانی خەیاڵی خۆی کە وێنەی دەوروبەرێتیشی لە ئاوێنەی زەینی نووسەرەکەدا، ئەو دەنگە وێنەکراوانەن کە ئێمەی کورد پێیان دەڵێین وشە(پەیڤ) و بە پانووپۆڕی خۆیان لە زمانی دایکیی شاعیردا دەبیننەوە.
بەڵام شیعر ڕیزکردنی وشە نییە، بەڵکو وێنەکردنەوەی خەیاڵ و ئەو سروشەیە کە زۆر بۆ شاعیر دێنن دەریانببڕێت یا بە وشە وێنەیان بکێشێت. کە خەیاڵ و مەستییەکەش لەو حاڵەتی شەیدایی و مەستیی و بێ ئۆقرەییەوە، چوونە حاڵەتی وێنەکیێشان بە وشەوە، ئارامیی لای هەندێ شاعیر و گڕگرتن لای هەندێ نووسەری تر دروست دەکەن، بەڵام هەم ئارامییەکە و هەم گڕگرتنەکەش یەک ئاکامیان دەبێت، بەرهەمهێنانی تابلۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگ لە وشە، بۆیە تێگەیشتن و خوێندنەوەکانیش ڕەنگاوڕەنگ دەبن. کەسی بەرانبەری شاعیر کە خوێنەرانی شیعرەکانی ئەون، وێنە شیعرییەکان دەبنە ناو حاڵەتی سێیەمەوە کە حاڵەتی دەنگە، دەنگیش نابینرێ بەڵکو دەبیسترێ، ئەمەش لە دەسەڵاتی هونەریی شاعیر دایە کە بتوانێ وا لە خوێنەر بکات دەنگەکان ببیستن و ببینن، تا وێنە شیعرییەکانی بەرجەستە بکەن.
ئەوەش ئەو ڕایەڵەیەیە کە هزری شاعیر دەگوێزێتەوە بۆ خوێنەر و خوێندنەوە و کاردانەوەی خوێنەریش بۆ شاعیر. 
لە نێوان شاعیر و خوێنەرانیدا ئەم حاڵەتانە دروست دەبن، کە هەمووشیان پەیوەندیان بە ئەزموونی شاعیر، دەسەڵاتی هونەری شاعیر و شارەزایی زمانی دایکیی شاعیر و سەلیقەی پەروەردەکراوی خوێنەر و ئاستی تێگەیشتنییەوە هەیە، لە هونەر و زمانی شیعر.
شکور تۆ لە فکرم ناچی، ئەگەر چی من لە فکرت چووم
لە من غایب نەبی تۆ، بەسمە، با من بم لە تۆ غایب                               
مەحوی
چە دانستم کە این سودا مرا زین سان کند مجنون         
دلم را دوزخی سازد، دو چشمم را کند جیحون                                             
مەولانای بەڵخی
چم دەزانی کە ئەم عیشقە من دەکا وا شێت و شەیدا               
دڵم دەکا بە دۆزەخ و دوو چاوانیشم بە زەریا    
کاتێک تەماشای ئەو دوو دێڕ شیعرەی مەحوی دەکەین، سپاسبژێرە لەوەی کە (ئەم)، (ئەو)ی لە یاد نەچووە، هەرچەندە دڵبەر ئەمی لە یاد کردووە، لای مەحوی ئەوەی کە گرنگە و جێگای سپاسە لە بیرنەکردنی دڵبەرە لای خۆیەوە بەوەندە ڕازییە و ئەمەش سەرچاوەکەی ئەو ئەڤینەیە کە دڵبەر بەمی بەخشییوە، چ وێنەک دەکێشێ مەحوی بۆ حاڵەتی سەودایی خۆی؟!
هێندە شەیدایە و لەو حاڵەتە مەستییەدا کە نووقمی شەیدایی دڵبەرە، خۆی لە بیر دەکات تا دڵبەر لەیاد نەکات، کە لە زمانە شیعرییەکەی دەڕوانی یا دەبییەی، دەبێ چ ئەزموونێکی زمانیی فراوان لای مەحوی کەڵەکە بووبێت، کە توانیبێتی ئەم جێگۆڕکێیە بەو هەستە ونانە بکات لە ناو ڕۆحی پەیوەندییەکەیدا بە دڵبەرێکەوە کە ئەمی فەرامۆشکردووە و ئەم شادمانە بەوەی کە شوکوور ئەم ‌هێشتا بەو هەوایە دەژی کەلای ئەوەوە دێت و وای لێدەکات زۆر شارەزایانە لە هونەری بەکارهێنانی زماندا ڕەنگی گونجاوی وشەکان لە جێی خۆیان دابنێت لەناو تابلۆ شیعرییەکەیدا، زمانی شیعریی مەحوی زمانەشیعرێکی زۆر تایبەتی ناو ئەدەبی کوردییە.
شیعرەکەی مەولانای بەڵخی* کە ئەویش بە زمانی دایکی خۆی حاڵەتەکانی دەربڕییوە، وێنەیەکی شیعری هێند دڵڕفێنە کە کە لەگەڵ خۆیدا هەموو خوێنەرێک ڕاپێچ دەکات. وێنە شیعرییەکە ئەوەیە کە کە مەولەوی خۆی داوەتە دەم ڕووباری بە خووڕی ئەوینەوە و دڵی بردووە، لەم دڵدانەدا کاریگەری عەقڵ هەست پێناکەین و حساباتێک نابینین کە مەولەوی بۆ چارەنووسی خۆی کردبێ پاش ئەوەی دڵی دەدۆڕێنێ!! بۆیە ئاکامەکەی تووشی سەر سووڕمانی دەکات، کە ئاکامەکەی گڕگرتنی دڵ و دروستبوونی زەریایەکە لە فرمێسکەکانی بەهۆی دڵدانی بە دڵبەر. کە لە زمانە شیعرییەکەی ورد دەبییەوە، تەماشا دەکەیت مەولەوی دەستوورێکی گرنگی زمانی هەڵگەڕانۆتەوە و تەنانەت یاسا لۆجیکییەکانیشی تێکداوە بەڵام دنیایەکی نوێی خوڵقاندووە بە ئارەزووی ئەڤینەکەی، ئەو بەوەڵام دانەوەی پرسیارێکی  نادیار دەست پێدەکات، چوونکە  نایەوێت لە کاتی وشیاریدا بکەوێتە بەر لۆمەی عەقڵ کە بۆچی وات کرد؟!! بەرلەوە ئەم وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: چم دەزانی..........!! دوو کارەکتەری زمانی شیعریی لە گفت و گۆدان، هونەرە جوانکارییەکەی لە وێدایە کە ئەم دەستپێشخەری دەکات، ئەوین ئەو مەستییە وشیارەی پێبەخشییەوە، کە پێش عەقڵ بکەوێت و وەڵام بداتەوە، ئەمە وردەکاریی زمانە لە ئەنجامی ئەزموونی زۆری گەشتکردنی بە زمانی دایکییدا.

دەگەڕێمەوە بۆ لای ئیلهام و خوێندنەوەی شیعرەکانی 

توولە ڕێکانی پاییز، چیرۆکی یادێکە کە لەگەڵ خۆیدا شڵەژان و تێکەڵبوونێک دەهێنێت و مەسەلە گرنگەکانی لێ ون دەکەن، کە بریتی بوون لەو وانانەی لە قوتابخانەی ئەڤیندا فێری ببوو، هەر ئەوەندەش نا بەڵکو لەگەڵ خۆیدا ڕۆژەکانی تەمەنیش دەبات. بەڵام لە دایکبوونێکی نوێ دەست پێدەکات قوڵتر لەوەی یەکەم کە خودی شاعیری هێنایە بوون، نیشانەکانی ئەم لە دایکبوونەش دەبینێت، ئەویش وێنەی ونبووەکەیەتی کە هەمیشە ئامادەیە لەسەر پەردەی زەینی.
خەونەکانی بوونەتە خەیاڵ، لە نێوان خەون و خەیاڵدا شارێک ( دەنگ و رەنگ و هاوار) دەخوڵقێنرێت، لە وێدا شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، ڕۆشتن دەبێتە خەزانی نیشتمانێک بۆ حەزەکان، گەڵا گەڵا هەڵدەوەرێن و ڕوویان بەرەوخوارە.
لە ناو لۆچەکانی تەمەندا توولە ڕێگا غەمگینەکان ویست و داواکارییەکان دەبەنەوە بۆلای دوا هەناسە کە لەسەر لێوەکان سەرگەردان بوون و هیوا تیشکی کزی مۆمێکە کە لە دوور ڕا دەسووتێت.
دەسەڵاتی ڕەشی شەو بڕیاری داوە کە قەرەباڵغی و دەنگ و هاوار قەدەغەیە، بزووتن بڤەیە، بەڵام شەقام جمەی دێ و لەو دەسەڵاتە ڕەشەی شەو یاخی بووە و وەک لە خۆباییەک، کە ئیرادەی بزووتنی هەیە و بڕیاری داوە ببزوێ داناساکێ و گوێ بە قەدەغەی شەو نادات. هەر چەندە پایزە و گەڵا ڕێژان( گەڵا ڕێزان) وەلێ بۆنی هەناسەکانی بەهار دێت، ئەم دەیان ناسێتەوە، چون بۆنی دوا هەناسەی ونبووەکەی خۆیەتی.
چڕ و تژی بۆ ونبوویەکی دیارنەما و بە زمانێکی کە کۆت و زنجیرکراوە، شاعیر وێنە شیعرییەکانی دەکێشێ و وشەکانی بەیەک ئاشنا لەسەر شانۆی زمانێکی کۆتکراو کە لە دڵی شاعیردا ئازاد و زیندووە، وێنە گیراوەکانی چواردەوری لە چاوی قەروڵ دەشارێتە و لە پریاسکەی زمانێكی شیعریی کورت و چڕدا ملوانکەی ئۆغری حەزەکان کە مژدەی لە دایکبوونێکی نوێی پیرۆز دەدەن دەکاتە گەردی ئەو شارە نوێیەی لە کەناری خەزاندا دەیخوڵقێنێ.
لە هەزار بەهەزاریی تیفتیفە وردەکانی دەربڕین و وێنەکردنی هەستە قووڵەکان بە وشە، ئیلهام تادێ بەرە و سەرەوە هەنگاوی ورد بەڵام دڵنیا دەنێت و ئەزموونی شیعریی فراونتر دەبێت، وەک ئەو سکێچە زۆرانەی دەستی وێنەکێشێک کارامەتر دەکات، ئەمیش سکێچە شیعرییەکان بە هێواشی بەڵام ئاغر و بە شەیداییەوە، قوژبنە تاریکەکانی زمانی بۆ ڕۆشن دەکەنەوە و بە توولە ڕێکانی ئەم شەقامە بەپێچ و پڕ لە زەرد و ماهەی ئاشناتر دەکەن، لە دڵسپاردن بە شیعرەکانی دەنگێکی نوێ لە شیعری ژنانی دلێری کورددا دەبیستی کە نوقڵانەی لە دایکبوونێکی نوێ دەدەن. 

چوارەم/ خەونەکانم پڕن لە ئاشتی

ئەگەر دەتەوێ بمناسیت، کە ناتەوێت!! بڕۆ سەربووردەی من لە شەونمێک بپرسە، ئەو بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی تۆ بۆ منت نەخشاندوە، باسی توانا و ئیرادەی ژیانی ژنە کوردێکت بۆ دەکات، تەنک وەک هەناسەکانی خۆی، ڕوون وەک چاوی زنە، کە تەمەنی بە دەشت و چیاکانی نیشتمانێکەوە دووراوە لێوڕێژی کردووە لە وەفا و باڵای چیایەک و سەرکەشی ئاراراتی پێبەخشیوە.
 ئەم ژنێکی چیایی کوردە دۆستی دار بەڕوەکان و خەڵوەتکێشی نێرگزەجاڕەکانی قەدپاڵەکانە، ئەڤین لە دڵیدا سەردەکا و چاوەکانی تاسەی بینینەوەی دڵبەرە ونکراوەکەیەتی.
ڕۆژگارەکانی یەکتر دەژمێرن و ئەزموونەکانی تا دێت زیاتر و قولتر دەبنەوە. تۆ بە یاخی و سەرکەش ناوم دەبیت چوونکە دژ بە شەڕەنگێزییەکانی تۆم، هەر چەندە شەڕی تۆ کە تاریکی دادێت لە کوچەو کۆڵانەکانی نیشتمانەکەمدا دەلوورێنێ و بە دیواری ماڵەکەماندا هەڵدەگەڕێ و لە دەرگا نادات و دەڕژیتە سەر سفرەی کۆنەکراوە و ناوجانتای قوتابخانەی منداڵەکانم دەپشکنێ و پرچی کچەکانم ڕادەکێشێ، بەڵام من کە دەخەوم، خەونەکانم سەرڕێژن لە ئاشتی و خواستی ئاشتی و باسی ئاشتی.
من بەڵینم بە خەڵکی شارەکەم داوە، دڵنیا بن گەنم لە ڕێگایە و بەرەو ئێڕە دێت، ئاشتی بوکی ئازادییە و لەسەر پشتی ئەستێرەیەکی کشاو ڕووی لە نیشتمان و خەڵکی منە، کاتێک دەگات من دەناسێتەوە، چوونکە ژنەفتوویەتی کە ئەو جێژوانەی نیشتمانی کورد، شا ژنێک پارێزگاریی لێ دەکات ئەویش ژنێکی دلێرە، تۆ نایبینی ئەو دەمبینێ، ئەو شەیدایی لە روخسارمدا دەخوێنیتە و مێژووی چیرۆکی شاراوەی ئەو نیشتمانە دەزانێت، کە ناوی نیشتمانی کوردە.
زمانی شیعری ئیلهام لەم شیعرانەیدا ڕەوانتر و زوڵاڵترە، وشەکان لەناو خۆیاندا مۆزیکێکی میللی دێرینی کوردەوارییان هەڵگرتووە، ئەگەر خۆی شیعرەکانیمان بۆ بخوێنێتەوە، ئێمە تەنیا بیبیستین، دەتوانین ووشەکان وێنە بکەین و ڕەنگەکانیان ببینین.
سەدا و دەنگی وشەکانی تا دێن نزیکتر دەبنەوە لە زمانی چیا و کانیاوەکانی بەر تریفەی مانگە شەوی کوردستان، لە ئاوازی ئەو زمانە شیعرییەی لە قوڕگی کیمنەییەکان و زیرەکەکاندا، چیرۆکی عەشقێکی ئەبەدی نەتەوەیەکیان هاوار دەکرد.
ئیلهام لەگەڵ ئەوەدا کە ناچارکرابوو بە زمانێکی غەوارەی داسەپا و بەسەریدا بخوێنی، کە بەگفتی بیرمەندی گەورەی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد : " فارسی، لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە"، بەڵام ئەم ژیرانە و جوان، لە قوتابخانەی خۆشویستنی نیشتمان و زمانی دایکیدا، بەردە ئەسڵەکانی زمانی دایکی دەناسێتەوە و بۆ بنیاتنانی کۆشکی وێنە شیعرییەکانی و ڕازاندنەوەی گولستانی هاوارە ڕەنگاوڕەنگەکانی، لە جێی خۆیان دایان دەنێت.
ئەو زمانەی ئیلهام شیعری پێدەڵیت، زمانی ئازادی و ئاوەدانکردنەوە و ئاشتی و خۆشویستنی مرۆڤە، پێچەوانەی ئەوانەی داگیرییان کردووین، زمانەکەیان زمانی وێرانکردن، بە سووتماککردنی ژینگە، کوشتنی منداڵان و شەڕە.
ئێمە بەختەوەرین کە لە زەمانێکدا دەژین، شیعری ژنێکی کورد بە زمانێک دەخوێنینەوە، کە نەتەوەکەی لەو سەری مێژووی مرۆڤایەتییەوە، بە بیردۆزی نوێ و بەرخۆدانێکی فرەباڵا و شایستەوە، مژدەی ژیانێکی تر نەک هەر بەنەتەوەکەی خۆی بەڵکو بە هەموو منداڵان و ژنانی ستەمدیدەی دنیا دەدات و ژنانی کورد وێنەیەکی نوێ لە ئازاد بوون، ئاشتی، ئەڤین و ژیان بۆ هەموو ژنانی دنیا دەکێشن....گەشاوە بیت هاوڕێی هێژا.
.........

سەرنج

*فارسەکان... بەپێی ئەو کلتوورە داگیرکارییەی کە خوویان پێوەگرتووە، مەولانای بەڵخی، بە شاعییری خۆیان دەزانن، مەولەوی هیچ پەیوەندەیەکی بە ئێران و لەهجەی فارسییەوە نییە، مەولانا بە زمانی دایکی خۆی شیعرەکانی وتوو، ئەوە فارسەکانن کە هەر دیاردەیەک لەهەر بورارێکدا دەربکەوێ، دەیکەن بە هی خۆیان و ئەوە ئەوانن کە خۆیان بە زمانی دایکی مەولانادا هەڵواسییوە و بانگەشەی ئێرانی بوون و فارسی بوونی دەکەن. ئەمەشیان سەدان ساڵە لەگەڵ زمان و مێژووی کورددا کردووە/ دەیکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە