سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


ناكۆكیەكانی نێوان مەسعود بارزانی و نوری مالیكی لەسەر بەرژەوەندی گەلە یان خۆیان ؟

Thursday, 24/05/2012, 12:00

1359 بینراوە







ماوەیەكی كێشە و ناكۆكی كەوتووەتە نێوان مەسعود بارزانی و نوری مالیكی یەوە هەریەكەیان لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە یەكتری تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە دیكتاتۆرو نەوت دز و قاچاخچی و دەستوری عیراق پێشێل دەكەن، بۆیە ئەمەوێت بەدوو نمونەی بەڵگەدار و دەستوری بەراوردێك بكەم لەنێوانیاندا و تیشكێك بخەمە سەر ئەوەی كە چۆن دەستور لەعێراقدا تەنها مەرەكەبی سەر كاخەزە.

سەرەتا ئەمەوێت لەنمونەی یەكەمەوە دەست پێ بكەم كێشەی مادەی 140ی دەستوری عێراقە.ناوەڕۆكی مادەی(58)ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوە،نە لەماوەی حكومەتی كاتی "د.ئەیاد عەلاوی" ونە لەقۆناغی حكوومەتی گواستنەوەی "د.ئیبراهیم الجعفری"، جێبەجێ نەكرا و دواتریش زیاتر ئەو سەرپێچییە دەخرێتە پاڵ(الجعفری) و ئێستاش(المالیكی(یە...!
بەبەراوردكردن لەگەڵ قۆناغی پێش دامەزراندنی حكومەتی هەمیشەی العێراق، لیستی هاوپەیمانی كوردستان هەنگاوێكی بەرەوپێشەوەی نا و، لەرێكەوتننامەكەیاندا لەگەڵ لیستی ئیئتلافی شیعەدا توانرا لەبەرنامەی كاری حكومەتی"د.نوری المالیكی"و، لە بەندی(22)یدا خشتەیەكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی مادەی"140" تەسبیت بكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە.
حكومەت پابەند دەبێ بەجێبەجێكردنی مادەی "140" ی دەستوور،كە پشت بە مادەی"58" یاسای ئیدارەی دەوڵەت دەبەستێت و،كەخۆی لەسێ قۆناغدا دەبینێتەوە: ئاسایكردنەوە و ئامار و راپرسی لە كەركوك و ناوچەكانی تر كە نیزاعیان لەسەرە،حكومەت، هەر لەدوای دامەزراندنی، هەڵدەستێ بەجێبەجێكردنی هەنگاوی پێویست بۆ ئاسایكردنەوە، وەك گەڕانەوەی قەزاو ناحیەكان بۆ سەر ئیدارەی كەركوك كە لە بنەڕەتدا سەر بەكەركوك بوونە، ئەم قۆناغە لە 29/3/2007 كۆتایی پێ دێت، قۆناغی ئاماریش لە 31/7/2007 دەست پێ دەكات و دوا قۆناغیش كە راپرسییە لە 15/11/2007 كۆتایی پێ دێت.
ئەوەی سەرەوە كە هاوپەیمانی كوردستانی و ئیئتلافی شیعی لە سەری رێكەوتبوون بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی بۆی دیاریكرابوو مادەی 140 جێبەجێ بكرێت لەلایەن ئەو حكومەتەوە كە نوری المالیكی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام لەو ماوە دیاریكراوەدا كە بۆی دانربوو مادەكە جیبەجێنە نەكرا، كەچی هاوپەیمانی كوردستانی هیچ كاردانەوەیەی توندیان نەبوو بەرامبەر "نوری المالیكی" كە هەم پێشێلی دەستوری كرد و هەمیش پەیمانەكەی خۆی و هاوپەیمانە شیعەكانی نەبردە سەر. پرسیارەكە لەوەدایە ئایە بۆچی هاوپەیمانی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی توندیان نەبوو و بۆ خولێكی تریش متمانەیان بە نوری مالیكی داو كردیانەوە بەسەرۆك وەزیرانی عێراق؟ وڵامی ئەو پرسیارە لە كۆتای بابەتەكەدا دەدەمەوە.

ئەمجارەیان دەچم سەر نمونەی دووەم كە كێشەی نەوتە لە نێوان بارزانی و مالیكی:
لە مادەی(111):نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا.
یەكەم-حكومەتی فیدراڵی هەڵدەستێت بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستادا لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەكاندا بەمەرجێ داهاتەكانی دادپەروەرانە دابەش بكرێت كە بگونجێت لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتوان لە هەموو ناوەچەكانی وڵاتدا و لەگەڵ دیاریكردنی بەشێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێمە زیان لێكەوتووەكان كە لەلایەن رژێمی پێشووەوە بەشێوەیكی بێ دادیی بێبەش كراون و زیانیان لێ كەوتووە دوای ئەوە، بەجۆرێك پەرەپێدانی هاوسەنگ بۆ هەموو ناوچە جیاجیاكانی وڵات دابین بكات و ئەمەش بە یاسا رێك دەخرێت.
دووەم- حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم وپارێزگا بەرهەمهێنەكان بەیەكەوە هەڵدەستن بە نەخشەكێیان بۆ ستراتیجییە پێویستەكان بۆ بەرە وپێشەوەبردنی سامانی نەوت و گاز بە جۆرێك بەرزترین سوود بۆ گەلی عێراق بەدی بێنێت بەپشتبەستن بە نوێترین تەكنەلۆجیا و پرەنسیپەكانی بازاڕ و هاندانی بەرهەمهێنان.

"نوری مالیكی" سەرۆكی حكومەتی عیراق بەپشت بەستن بەم مادەیەی دەستوری عێراقی بارزانی تۆمەتبار دەكات كە دەستوری پێشێل كردوە و داهاتەكانی نەوت دیار نین و گریبەستە نەوتیەكان زۆر ناشەفافن و نەوتەكە بەقاچاخ ئەبرێتە دەروە و بەتاڵان دەبردێت. بەڵام ئەپرسین بۆچی ماوەی چەند ساڵە نوری مالیكی بیدەنگی هەڵبژرادوە و رێگەی بە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی داوە دەستور پێشێل بكەن و بەشێوەیەكی ناشەفافانە نەوت دەربهێنن؟. وەڵامی ئەم پرسیارە راستە كە حیزبەكەی مەسعود بارزانی و جەل تاڵەبانی لە كوردستان دەستوریان پێشێلكردووە، بەڵام تاوانباری سەرەكی لە مەیاندا خودی "نوری مالیكی" و هاوپەیمانە شیعەكانێتی،كە لە بەرامبەر بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی خۆیاندا بۆ ماوەیەكی دوور و درێژە چاویان لە گریبەستە نەوتیەكانی حیزبەكەی تاڵەبانی و بارزانی نوقاندبوو كە پارەكەی دەچێتە گیرفانی ئەو دوو بنەماڵەوە و نەخراوبووە خزمەتی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتی كوردستانەوە.
بۆ وەڵامی پرسیارەكەی یەكەم كە بۆچی "مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی" لە بەرامبەر جێبەجێنەكردنی مادەی 140 هیچ هەڵوێستێكی توندیان نەبوو لە هەمبەر نوری "مالیكی" دا و جاریكیتریش متمانەیان پێ بەخشیەوە و كردیانەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئیستاش بە پێشێلكری دەستوری عێراقی دەزانن؟ بۆ ئەمەشیان خودی "جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی" تاوانبارن كە لەبەرامبەر بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەكانیان كە بریتی بوو لە بەدەست هێنانی پۆست و پلە و پای و پارە و گرێبەستەنەوتیەكان كە قەزانجەكەی دەچێتە گیرفانی خۆیانەوە بێدەنگیان لە "نوری مالیكی" كرد كە لە خولی یەكەمی سەرۆك وەزیرانیەكەیدا مادەی 140 جێبەجی نەكرد بەم ساتەیشەوە و دەستوری عیراقی پێشێلكرد.
لە كۆتایدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە "مەسعود بارزانی، تاڵەبانی، نوری مالیكی" دیكتاتۆر، خوێن ڕێژ،قۆرغكار، بازرگان، مافیا، نەوت دز، تاڵانچین و مامەڵە بە خوێنی خەڵكی كوردستان و عێراقەوە دەكەن و خەڵكیان پێ مێگەلە، هەر بۆیە بەكەیفی خۆیان یاری بە عەقڵی خەڵكی ئەم وڵاتە ئەكەن و لەو كاتەی كۆكن لەسەر دزی و تاڵانی دەستوریان لە تەنەكەی خۆڵە نابوو و هەردوو لاشیان لە كاتی ناكۆكیەكانی نێوانیاندا بەدرۆ دەلەسە پەنا بۆ ئەو دەستورە ئەبەن كە لەرابردودا هیچ ئەهمیتیكیان بۆ دەستور دانەناوە. بۆیە ئەو ناكۆكی و یەكتر تۆمەتباركردنەی نێوان "مالیكی، بارزانی" هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵكەوە نیە، تەنها شەری بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی هەردوو لایانەو پێویست ناكات بە خەڵكی كوردستان و عیراقی بفرۆشنەوە و لەلایەك مالیكی لەلای عەرەبەكان خۆی بە نیشتمان پەروەر لەقەڵەم دەدات، لەملایشەوە مەسعود بارزانی و جلال تاڵەبانیش خۆیان لە خەڵكی هەژاری كوردستان بەنیشتمان پەروەر لەقەڵەم دەدەن كە ئەوەیش درۆیكی گەورەی ئەو سێ مافیا و بازرگانەی كوردستان و عێراقە.
تیبینی: سود لە سەرچاوەی كتێبی كورد لەگەمەی دەقە یاسایەكاندا لەلاپەڕە 106- 107-126 وەرگیراوە.كە نوسەرەكەی"جەوهەر نامیق سالم"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە