گردى شەقوەشێنەکان

Sunday, 25/03/2018, 17:38

5653 بینراوە


ڕۆژى شەممە ٢٤ – ٣ - ٢٠١٨ لەو گردەى کە گۆڕەکەى نەوشیروان مستەفاى لێیە، سەرکەوتى کوبەى گۆڕانخواز لەگەڵ پاسەوانە بێمۆراڵەکانى بە شەق و زللە و بۆکس بەربوونە گیانی سەباحى عەلى قارەمان، هەڵبەت ئەمیش بە ڕاسپاردەى کوڕانى نەوشیروان مستەفا، یان بۆ رازیکردنی دڵیان بوو، تا دوایی بیبستنەوە و خەلاتیان بکەن لەسەر ئەوەى کە رەخنەى لە بە بنەماڵە کردنى بزوتنەوەى گۆڕان گرتووە.
 ئەم شەق هاویشتنە بەرامبەر بە ئەندام و ڕۆژنامەنووسێکى چالاکى گۆڕان، ئاماژەیە بەوەی، کە تاقمى بە بنەمالەکردنى گۆڕان زۆر پەلەیانە و دەیانەوێت وەک هێنانى عومەرى سەید عەلى خێرا ئەمەش تێیبپەڕێنن.
 سەباح بەو کەم توانایی جەستەییەوە هەمیشە دەنگێکى بوێر و خۆڕاگر بووە ، من چەندە دڵگرانم بەو دەستدرێژییەى، کە شەلاتیەکانى گۆڕان، هێندەش دڵگرانترم کە لە ڕیزى بزوتنەوەیەکدا ئەم سەرسەریانە نەک ئابڕوى گۆڕانیان برد، بەلکو هەموو گۆڕانکارییەکى زیندە بەچاڵکرد .
نابێت لێم بگرن، کە بەم زمانە قسە دەکەم، ئێوە هێندەی من ئەم سەرکەوتی کوبەیە ناناسن، سەرکەوتی گوڕانخواز لە خوێڕێتیدا پسپۆڕە و دەرچووى ئاسایشەکەى مامەیە، کە چەندین کەسی وەکو وەستا حەسەنى کۆنە جەیشى شەعبییەی پێگەیاندووە. ئاکار و کردەوەکانى ڕێک وەکو پاراستنەکانى بنەماڵەى کوردستانفرۆشى بارزانییە، کە هەرخاوەن دەنگێکى ئازاد ئەگەر لە کوشتنیش دەربازى ببێ، بەڵام لە لێدان و سوکایەتى پێکردن ڕزگارى نابێت.
سەرکەوتی کوبە لە ئوتێلی ئەبوسەنای سلێمانی ژووی تایبەت بەخۆی هەیە، تا ئیستا کەس باسی نەکردووە، تەنیا بۆ راوکردن و بێناموسی و داوێنپیسی دەچێت و کاری خۆی دەکات، من لە نزیکەوە دەیناسم و ئاگاداری زۆربەی کارەکانی ئەم کابرایەم، تەنیا ئەمەیان لێرەدا دەنووسم، تا بزانێت هیچ شتێک ون نابێت، بۆ رۆژی خۆی هەڵدەگیرێت.
جیاوازی شەقی دوێنی سەرکەوتی کوبە و شەقوەشێنەکانی ئەمرۆی پارتی لە هەولێر جیاوازییەکیان نییە!
لێرەدا دەپرسم، کە ئایا ئەم شەق وەشێنانە لە کۆێ بوون، کاتێک گۆڕانخوازان بەرشەق دەدران، سەریان دەتاشین نانبڕاویان دەکردن، ئۆتۆمبیل و مەکۆکانیان دەسوتاندن، هەوادار و ئەندامانیان شاربەدەر دەکران؟

بۆ لە سەباح بدرێت!؟
خۆ سەباح عەلی قارەمان پەڕلەمانى ئەتک نەکردووە! وەزیرەکانى شار بەدەر نەکردووە! خۆ ئەو حەملانى نەکردووە بە وەزیر!،
بۆ ئازاری سەباح بدرێت، خۆ ئەو نەبوو، کە قاچى کۆسرەتى  بەرزدەکردەوە، تا هەزار شەق لە ڕێککەوتنەکەى خۆى و نەوشیروان بدات!؟
لە گردەکە دەنگى ڕەخنە و مەعریفە نەماوە، باو باوى شەقە، شەقێک پڕاوپڕ بە گۆڕانخوازەکانی ئەمڕۆ، گۆڕانێک بە ئاڕاستەى بەبنەماڵەییکردن لەژێر سێبەرى فوئاد مەعسومى گردەکە، کە ناوی (عومەری سەید عەلی)یە؟!
هەموو لە بیرمانە، کە هێشتا کفنەکەى نەوشیروان مستەفا نەژاکابوو کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا (چیا و نما) گردەکەیان بەناوى خۆیانەوە تۆمارکرد، بەپێی یاسا بەمردنى نەوشیروان مستەفا گردى زەرگەتە دەبێت بەموڵکى میراتگرەکانى ئەوەش بەپیى مادەى ١٩٨ لەیاساى تۆمارکردنی خانووبەرە ژمارە ٤٣ سالى ١٩٧١ هەموار کراو، واتە بە حوکمى قانون (ئۆتۆماتیکى) زەرگەتە دەبێتە موڵکی نەوەکانی پاش مردنى باوکیان، بەڵام وەک ئەمەکدارى و بەهایەکى مەعنەوى دەکرا هەر بەناوى نەوشیروان مستەفاوە بێت، بەڵام هێشتا کفنەکەى نەوشیروان زەرد نەبووبوو، کەچی کوڕەکانى گردەکەیان کرد بەناوى خۆیانەوە، کەواتە ئەم شەقوەشاندنەى کوڕەکانى نەوشیروان کە  پێویستە بە شەقی کوڕانی باوکى لێقەوماوان ناوببرێت! ئەمە لە پای چى؟ وەڵامەکەى لە بەشێکیترى ئەو مادە قانونیەدایە، کە تێیدا هاتووە: میراتگران ناتوانن کردە (تصرف) بە میراتییەکەوە بکەن، هەتا لە تۆمارى خانووبەرە بەناویانەوە تۆمار نەکرێت.
 ئێستا گردى زەرگەتە بە کوچک و کەڵەکیەوە مڵکى هەردوو کوڕەکەى نەوشیروانە، ئەوەى کە ڕێگرە لەوەى تەسەروفى پێوە بکرێت ئەو خاوەن ویژدان و لە خۆبوردانەن لە وێنەى سەباح عەلی قارەمان، کە دەنگ و ناڕەزایەتییەکانیان سەنگ و قورساییى هەیە، بۆ کپکردنى ئەو دەنگانە لەپاڵ گۆڕەکەى نەوشیرواندا ڕەشمەى سەرکەوتى کوببەیان بەرداوە و جوتەى پێدەوەشێنن . 
 سەباح عەلى قارەمان ئەڵیت:
 ئاڕاستەیەكی وا دەسەڵاتی گرتووە بەسەر گۆڕاندا، كە ئازادیی بیروڕا لەلایان قبوڵ نییە و هیچ ماوەیەكیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی لەو روەوە نییە. منیش لەسەر نووسین و بیروڕای جیاواز لێیان 
 
لە کۆتاییدا منیش دەڵێم: کەواتە گردەکەى گۆڕان بێجگە لە چیا و نما و سەرکەوتى کوبە هیچى تێدا نەماوە!
-----------------------------------
ئاوێنە:
سەباح عەلی قارەمان: هەڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و پاسەوانەكانی زۆریان لێدام
سەباح عەلی قارەمان، رۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند كە ئەمڕۆ (شەممە) لەلایەن هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕانەوە لێی دراوە ئەوەش وەك خۆی دەڵێت”لەسەر نوسین و بیروڕای جیاواز بوە.”
ئاوێنە: سەباح عەلی قارەمان، لەلێدوانێكدا بە ئاوێنەی راگەیاند كە ماوەیەك لەسەر “كێشەی تەوریسی سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا”چەند نوسینێكی رەخنەگرانەی بڵاوكردۆتەوەو كاتژمێر 11:40 خولەكی ئەمڕۆ(شەممە)ش كاتێك لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی وەستاوە، سەركەوت حەسەن، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان هاتوە و پێی وتوە: تۆ بۆچی رەخنە لە كوڕی كاك نەوشیروان دەگرێت؟”
سەباح وتی”منیش پێموتوە نوسینەو پەیوەندی بەتۆوە چییە و تۆ چیت دەوێت؟”، بەپێی قسەی سەباح لەو كاتەدا “سەركەوت حەسەن زلـلەیەكی تێسرەواندوەو پاشان كەسێكی دیكەو دوان لە پاسەوانەكانی ناوبراو بەشەق و بۆكس لێیانداوەو كۆمەڵێك برادەر لەژێر دەستیان دەریانهێناوە.”
وتیشی”زۆریان لێدام و دەموچاوم و سەرو ملم برینداربوە.”
سەباح عەلی قارەمان بەپێی قسەی خۆی سكاڵا لەو بارەیەوە تۆمارناكات چونكە “هیچ ئەنجامێكی نابێت” و پێشبینیش ناكات لەناو گۆڕان لەسەر ئەو كارە لێپێچینەوە بكرێت “چونكە ئاڕاستەیەكی وا دەسەڵاتی گرتوە بەسەر گۆڕاندا كە ئازادی بیروڕا لەلایان قبوڵ نییەو هیچ ماوەیەكیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی لەو روەوە نییە. منیش لەسەر نوسین و بیروڕای جیاواز لێیان داوم.”

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە