ڕیفراندۆم و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو (بەشی چوارەم)

Monday, 07/09/2020, 23:54

3402 بینراوە


سێھەم: دورایی جیھانی
کێشەی کورد، کێشەیەکی جیھانی و نێودەوڵەتیە. یەکێک لە ھەرەزەرەرمەندەکانی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە، گەلی کوردبوە. زۆرکەس بێ بەرپرسیاری و ناھەستیارانە نزیکی کێشەی کوردو ھەبوونی نەتەوەیی کوردان و گەلانی کوردستان دەبنەوە. کاتێک دەوڵەت نەتەوە دەمەزراو بوە ڕاستیەکی پێکھێنراو، دەوڵەت بۆ عەرەبەکان، تورکەکان، و فارسەکان دروستکراو بەشێوەی سیاسی و یاسایی لە ئاستی جیھانیدا ناسێنران و پێگەیان دیاریکرا. ئەو دەوڵەتانەی دروستکران بۆ پاراستنی باڵادەستی ووڵاتانی زلھێزو پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەوان بوون. تەنیا بێبەشی گەورە لەو پڕۆژەیەی دەوڵەت نەتەوەدا، کوردان بوون،کە سڕینەوەو لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و نەتەوەیی گەلی کوردبوو. بەوپێیەش، ئەوسیاسەتەی پەێڕەوکرا، سڕینەوەو پاکتاوکردن بوو. ھۆکارەکەشی تەنیا دەستگرتن بەسەر نیشتیمانی کوردستان و سەروەت و سامانەکەیەتی.
ئەو سیاسەتەشیان لەڕێی کوشتار پاکتاوکردن و ھەڵکەندنی خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکەیە لەزێدی خۆی و ئاوارەکردنیەتی. بەوشێوە سیاسەتی ئاسمیلە( وەک خۆلێکردن) و پاکتاویان لەسەر گەلی کورد پەیڕەوو جێبەجێکرد. ھەرچیشیان لەسەر گەلی کورد بەڕێوەبرد، بەشێوەیەکی ئاسایی و سانایی لەبەرچاوی بڕیاربەدەستانی سیاسەتی جیھانی بەڕێوەبردو ئەوانیش چاوی خۆیان لەبەرامبەر ئەو دەسکەوت و قازانج و باڵادەستیانەی دەستیان دەکەوێت، نوقاندوە. سیاسەتێک کەلەسەر کوردان بەڕێوەدەبرێت، بڕیارلێدڕاوو حساب بۆکراوە. بۆیە بەچەند شێوە، بەڕێوەی دەبەن.
یەکەم: شەڕوو وێرانکردن و کوشتار و چاونوقاندن لە ئاستی ڕوداوەکاندا.
دووەم: ئاوارەکردن و ھەڵکەندن لەزێدی خۆ.
سێھەم: ئاسمیلەکردن و تواندنەوە لەمەترۆپۆڵەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریدا، واتە شاڕەلەورەو پیشەسازیەکان.
چوارەم: سڕینەوەی مێژوو کلتورو ھونەری نەتەوەیی.
پێنجەم: سڕینەوەو لێدانی کەسێتی تاکی کوردو بچوککردنەوەو بێھێزکردنی. بەوپێیەش زاڵ بوون بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا.
شەشەم: دروستکردنی کێشەی ژیان وخێزان و سەپاندنی ھەژاریەکی کوشندە، کەمرۆڤ ناچاربێت، لەپێناوی پارویەک ناندا خۆی بفرۆشێت.....
حەوتەم: سڕینەوەی ھەستی خۆناسین و ئازادی و خاوەنداری لەخۆو لەنیشتیمان. بچوککردنەوەی ئاستی ژیان بۆنزمترین ئاست.
ھەشتەم: پارچەکردن و لێدان لەیەکیەتی نەتەوەیی کوردان و گۆڕینی بۆ یاری و تەڵەزگەیەک، کەھەرکات ویستیان بەکاری بێنن......
ئەو ڕەوشە بۆکوردان زۆرقورس کەوتەوە. بەھۆی ئەوەی کەناوچەکە لەسەرکێشەو ناکۆکی دامەزراوەو بۆ دەستگرتن بەسەریدا، پێویستی دروستکردنی ئەو ناکۆکیە ھەیە. دەوڵەت نەتەوەکان بە سنوڕو جوگرافیایەکی زۆر ناکۆک و پڕکێشە نەخشەکێشراون، کەزۆر کێشەی نەتەوەیی، ڕەگەزی، تائیفی، ئاینی و کلتوری تێدا جێکراوەتەوە. کێشەی کورد وەک قوڵترین کێشە و یاری ناو کایەی دەوڵەتە ناوچەیی و زلھێزەکان دەستنیشانکراوەو بەکاردەھێنرێت. بۆیە قوڵایی لەسیستەمی قازانجپەرستی سەرمایەدا جێگەی گرتوە. بەھۆی دەسکەوتی زۆری قازانجپەرستی و زۆرترین قازانجەوە، ناوچەکەھەمیشە لەناو پێکدادان و شەڕدا بوە. بەڵای ھەرەگەورەش بەسەر کوردندا باریوە.
بۆتێگەیشتن لە پێگەی کوردان و ھەڵوەشانەوەی ئەو پیلانگێڕیەی لەسەر کوردان و گەلانی ناوچە بەڕێوەدەبرێت. پێویستە خودناسی و ناسینی مێژووی ناوچەکەو تەماعکاری و قازانجی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری سەرلەنوێ شیبکرێتەوەو لەبەرامبەریدا ھزرو تێکۆشانی دیموکراتیک ودەرھێنانی کوردان لەوبەکارھێنان و تەڵەیەی لەناوچەکەدا نراوەتەوە دەربھێنین.
کوردان لەناوخۆشیاندا نەبونەتە خاوەنی ھوشیاریەکی نەتەوەیی، نیشتیمانی و دیموکراتیک کەلەسەر سیستەمی تێکەوەیی ئامانجی نەتەوەیی تێکۆشان بکەن. بۆیە لەناودرزەکانی ژیانی گەلی کوردەوە، ھێزەداگیرکەرو باڵادەستەکان توانیویانە بچنە ناو ژیانی کوردان و ئەوەندەی ترپارچەیان بکەن و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریان بێنن، لەکۆتایشدا بەکارھێنراوان پاکتاوبکەن وبە قازانجی بەرژەوەندیەکانی خۆیانی بشکێننەوە. ئەگەر سەیرێکی مێژووی کوردان بکەین، بەجوانی ئەو پارچەبوون و دژبەری و کەوتنە خزمەتی ھێژەدەرەکیەکان دەبینین. لەبری ئەوەی کوردان بۆ یەکتری دڵنزم و پێکەوەبن، دەکەونە بەرامبەریەک و پارچەدەبن.
بۆیە یەکێک لە بەھانەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و زلھێزەکان بەرامبەر کوردان ئەوەیە. کەیەکیەتی ناوخۆتان پێکبێنن با ئێمەش لەگەڵتاندا پێکبێین. ئەمە دوو لایەنی خراپی ھەیەو پاساوێکی نەشیاوە.
یەکەم؛ نەرێنیە بۆ ناوماڵی کوردان و ھێزەکانی ناوی، کە ئامانجیان ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردان نیە.
دووەم؛ پاساوێکی نەشیاوی باڵادەستیە، کەسەرچاوەی کێشەکانی کوردان داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنی نیشتیمانی کوردانە. بۆیە ئەوەندە پارچەکردنیش ھەیە، لەبەرئەوەی ئەوەندە دەستتێوەردان ھەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە