ئەوڕۆژەی لەمەیدانی ماستەکە جوتە پوزەوانەکەم کڕی

Monday, 07/08/2023, 23:06

3326 بینراوە


لەکتێبی چیرۆکەکانی "چیا"وە 

ساڵی ١٩٨١ تەمەنم تەنها ١٤ ساڵ بوو ئاگرم گرتبوو بۆ پێشمەرگایەتی ، لەخەمی ئەوەدابووم کە شۆڕش سەرکەوێت و منیش هیچم تێدا نەکردبێت . چوار هاوڕێ بڕیارماندا ڕوو لەچیا بکەین ."
هاوڕێ نوری ، شەهید حەمەبی کەی سی و شەهید عومەر فەرەیدوون و بەندە" ڕوومان لە ناوچەی قەرەداخ کرد ,  ئێمە نەشارەزابووین شەهید فەرەیدوون لەدایکەوە خەڵکی گوندێکی ناوچەی قەرەداخ بوو  بۆیە   ئەوچاوساغمان بوو ،حەمەش چەند جارێک چوبوو بۆ گوندی دەیلێژە و خۆی ووتەنی چۆتە سەر گۆڕی شێخ و بەردیشی ناوە بەکێلەکەیەوە بەنێتی دڵ .
 کەوتینە ڕێگە ، بەرەو گوندی کەنەسورەو نەچوینە ناوگوند و لای گوندی کۆستەی چەم و کەنەسورە واتە بەمابەینی هەردووگوندەکەدا گەیشتینەسەر چەمی تانجەرۆ بوارێکمان دۆزێوەو لێی پەڕینەوە ڕووەو چیاکە بۆ هەزار مێرد کەوتینە ڕێگا . دووگرد هەبوو هەردووکیان دووپایگای سەربازی لەسەر بوو ، یەکێکیان کە نزیکی گوندی کەنەسورەبوو لەپشتی کارگەی چنینەکە  تانکێکی لەسەربوو هەرڕۆژەو لولەکەیان دەکردە جێگەیەک . ئەوی تریان لەنزیکی گوندی عەواڵ بوولای بەکرەجۆ .  کات پایز یزێکی درەنگ وەخت بوو  لەباخچەیەکی پڕ گڵۆبەڕۆژە نزیک بووینەوە ، گەڵاکانی رزی بوو بەڵام گڵۆبەڕۆژەکان سەریان داخستبوو . ئەمە ڕێک لەگەشتەکەی گۆران دەچێت  ئەویش لەگەشتەکەی قەرەداخدا باسی ئەم گڵۆبەڕۆژانەدەکات ، کە چاوشین و قژزەردن وسەریان داخستوە و سەرگەرمی خایاڵن ، کێ ناڵێ گۆرانیش هەر بێرەدا تێنەپەڕیوە!؟ 
. ئێمە لەچیاکە نزیک بووینەوە ، بەچاو بڵندی چیاکەمان دەپێوا ، هێواش هێواش وشک دەبووینەوە ، ماوەیەک پشومان داو منیش پوزەوانەکەم لەپێکرد ، ئیتر بەڕاستی هەستم بە وە دەکرت جەنگاوەرێکم و تەیارم بۆ شەڕێک کە لەڕۆمانسێتی ڕووداوەکانەوە خۆم نەخشەم بۆ کێشابوو . لەبەرزایی چیاکەوە لەتروپکی ئەم چیایەوە بەر لەوەی داگەڕێن بەودیودا ئاوڕێکمان لەشار دایەوە لەبیری ئەوەدابووم ڕۆژێک دێت منیش دەبم بەو کەسەی کە شەو خەو لەخەڵکی شار دەزڕێنێ ، لەدڵەوە هەستم بەخۆشنودی دەکرد. 
بەرلەوەی ئاوابین ووتم نیشتمانەکەمان چەند قەڵایەکی سروشتیە ،ڕۆژ کورت بوو بەر لەتاریک بوون گەیشتینە گوندی مرێم بەگ و لەدووماڵی دەرەوەی گوندەکە نانمان خوارد ، تاریکی باڵی بەسەر ووڵاتدا کێشابوو ، بڕیارماندا هەر بڕۆین تا پێشمەرگە دەبینین و پێیان دەڵێن ئێمەش هاتووین ببینە پێشمەرگە . دەنگی سەگوەڕ کزبوو ئێمە نەمان دەزانی بۆکوێ دەڕۆین؟
 . سەرما زۆری بۆ هێناین و تاریکایش وەک شەمشەکوێرەیەکی زەبەلاح دونیای داگیرکرد ،هەربۆیە بڕیارماندا بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خانە خوێکانمان ، هەردەڕۆشتین و بەهیچ جێگەیەک نەدەگەشتن لەخۆمان پرسی ئەرێ چۆنە بەو ماوە کورتە ئاوا دوور ڕۆشتووین ؟ هەر ئەوشەوە بۆم دەرکەووت کە فێربوون پێویستی بەبوێری هەیە ، بەڵام لەناکاودا دەمانزانی سەگوەڕەکان پێمان دەڵێن کە نزیکی گوندەکەین ، تاگەشتینە نزیک دیواری ماڵی خانە خوێکەمان لە مریەم بەگ، لەهەر شوێنێک سێبەر هەبێت ڕووناکی بەردەوام لەوێ هەیە ، هاوارمان کرد میوانە سەرلێشێواوەکەی ئێوارەین. خاوەن ماڵ هات و ووتی پێمگوتن مەڕۆن ڕێتان لێهەڵە دەبێت.
 . ئەوشەوە گنگڵماندا لەژوورێکی گەرم ،لەئامێزی ماڵە جوتیارێکی بەئەمەکدا. دەمەوبەیان هێشتا تاریک بوو بەرچایان هێنا بۆمان و پێیان ووتین کە بەر لەڕۆژێک سوپاو جاش کێوماڵیان کردووە ،باشترە لێرە نەبن ، ئێوە کەم ئەزمون و چەکیشتان پێ نییە تا بەرگری لەخۆتان بکەن. ئێمە دوایی بەرچای کەوتینەڕێگە بەرەو چیایەکی تر وامان دانابوو کە 
لەوێ پارێزراوتردەبین. 
هەر ڕۆشتین و بەهیچ جێگەیەک نەگەشتین تا باڵای گوندێکمان بەچیاکەوە بینی و بڕیارماندا بەرەو ئەو گوندە بڕۆین ، برسێتی هێرشی بۆ هێناین ، هەرچۆنێ بوو عەسرێکی درەنگ گەیشتین وماڵات دەهاتەوە لەڕەوگاکان  لەناکاودا دووپێشمەرگەمان بینی بەشانی ماڵاتەکەدا دەڕۆشتن ، حەمەووتی :با دانیشین نەک پێشمەرگە نەبن ، پاش کەمێک لەبەردەڵانەکەوە سەیرمان دەکردن دووانی تر چواری تر کە مابەینیان هەبوو بەرەو ئاوایەکە دەڕۆشتن لەچاوتوکانێکدا لە پشتەوە دەنگیان داین ، کەنەجوڵێین ، دوو پێشمەرگەبوون ئێمەش هەستاین زۆر نزیک بوون لێمانەوە پاش چەند هەنگاوێک هاتن بۆلامان . 
لەکوێوەهاتوون ؟ 
چ کارەن و بەدوایی چییوە وێڵن ؟ 
لەگەڵیاندا بەرەو ئاوایەکە ڕۆشتین گوندی "مێوڵی بوو هەموویان لە بەردەم ماڵی خوادا لەبەر هەیوانەکەی ماڵی خوادا مۆڵیان بەست ، یەک دووانێکیان وەک ئێمە بێ چەک بوون . ئێمە نیازی خۆمان پێووتن کە هاتووین ببینە پێشمەرگە وەک ئێوە . 
هیچیان نەووت بۆیەکەمین جار لەگەڵ پێشمەرگەکاندا ئێمەش بەسەر ماڵەکاندا دامەزراین و بووینە میوانی ماڵە جوتیارێکی گەرم و ئەمەک دار ، ئەمجارە من و فەرەیدوون پێکەوە بووین نانمان خوارد دەووت لەدەمی گورگ بەربووین ، بیرمە خانەخوێکەمان ووتی : دەڵێ لەڕاوە بەراز بوون ؟ دووبەتانیمان وەرگرت و لەگەڵ دووپێشمەرگەکەدا گەڕاینەوە ماڵی خوا . بەیانی چوینەوە ماڵی خانە خوێکەمان چەند ژنی لێبوو ژنێکی بەتەمەن ڕووی لەمن کردوو ووتی : ئەی دایکت بمرێت خۆ هێشتا خەتی نەداوە ڕیش و سمێڵت . لەدڵی خۆمدا ووتم دایکی خۆت بمرێت . بۆ چێشت هەنگاوێک کە بەفر پڕووشەی دەکرد پێیان ووتین کە ئێمە منداڵین و بڕۆین قوتابخانە تەواوکەین چاکترە ، پێشمەرگایەتی سەختە و بەئێمە ناکرێت . زۆرمان ووت بەڵام کەمیان بیست و لەگەڵ مەفرەزەیەکدا بەهەمان ڕێگە گەڕانیانینەوە ، رێگەیان نیشان داین ، مام رۆستەم بەرپرسیان بوو . فەرەیدوون ڕۆی بۆ ماڵە خزمەکانی و لێمان جیابۆوە حەمەش بەرەو دەیلێژە ڕۆی و من هاوڕێ نوری ئێوارەکەی گەیشتینە گوندی دارۆغا . دەروێشێک ئێمەی میوانداری کرد بۆ ماڵەکەی . بیرمە برنج و شلەی پەتاتەیان لێنابوو برنجەکە ڕەقبوو بەڵام هێندە بەتام بوو ئێستاش کە پەتاتە دەبینم ئەو ئێوارەیەم بیر دەکەوێتەوە لەو ماڵە جوتیارە گەرمە کە بۆنی ژیانی لێدەهات .
 . لەکۆتایدا هەموو کەسێک شتێک فێر دەبێت ، کوڕەکانم بیرتان نەچێت تەنها ڕیش وسمێڵ ناتانکاتە پیاو ،ئێوە نەوەی 
داهاتووی ئەم گەلەن وەک پێشمەرگەکان پێیان ووتوون بڕۆنەوە بخوێنن ، مامەی دەروێش ئاوای ووت: 
 ئێمەلامان سەیربوو چۆن چیرۆکی ئەم گەشتەی ئێمە دەزانێت ؟ من ووتم ناوچەوانی پان نیشانەی زیرەکییە . هەربەڕاست مام دەروێش ناوچەوانی زۆر پان بوو. بەیانی کەلەپەنجەرە تەماوێکەوە ڕوانیمەدەرەوە بەفری تازەکەوتووم بینی ، پوزەوانەکەم لەژێر دۆشەکە لبادەکەدا جێهێشت ، بەخەیاڵی خۆم لەبیری ئەوەدابووم هیچ شوێن پێیەک جێنەهێڵم . ویستمان بێدەنگ بڕۆین کەچی بەرچایان بۆ ئامادا کردبووین و مامەی دەروێش تا دەرەوەی ئاوای هات لەگەڵمان و ڕێگەی پیشان داین ، لەپشت سەرێوە قژە درێژە ماش وبرنجێکەی بەردابۆوەو جامانەیەکی عاریفانەی بەستبوو بەسەرێوە .ئێمەش  لەچاوتروکانێکدا گەیشتینە ناو گڵۆبەڕۆژە سەرمەستەکان هەر کەلەچیاکە داگەڕاین ئیتر بەفر نەمابوو بەڵام زەوی تەڕبوو . لەتانجەرۆمان داو گەڕاینەوە حەمە پێش ئێمە لەشاربوو چونکە هەر دوێنێ  گەڕابۆوە بەئۆتۆمبیل . پاش چەند مانگێک من و حەمە گەشتێکی ترمان کرد بەرەو پێنجوێن ویستمان لەگوندی ڕاوگانەوە بڕۆین بۆ ڕۆژهەڵات ، بەڵام ووتیان ئەم شەو هیچ کاروانچیەک نییە . گەڕاینەوە دیسان بۆشار . بیرمە جارێک دایکم ووتی کوڕم تۆ بۆ لەکەلی شەیتان نایەتەخوارەوەو وازلەم سەرکەشیە بێنە ، ووتم دایکە من جێگەم نابێتەوە لەم شارەدا.
 . تاڕۆرێک شەهید مەلا برایم نامیلکەیەکی بچوکی دامێ کەناوی ئایەتەکانی کۆمەڵەبوو، هێندەم خوێندە هەموویم لەبەر بوو ، دواجار هەر چوارمان ئاواتمان هاتە دی و بووین بەپێشمەرگە . شەهید عومەر لای نزیک گوندی کەنەسورە لەو بنارەدا شەهید بوو . حەمەبی کەی سیش لەدووهەمین ڕۆژی ئەنفالدا لەچیای قەڵەم پاشا شەهیدبوو ، من و هاوڕێ نوریش هەریەکەمان لەجێگەیەک چیرۆکی پێشمەرگایەتیمان چنێوە . ماینەوە ، ڕەنگە سروشت منی هێشتبێتەوە بۆ ئەوەی چیرۆکەکان لەفەوتان ڕزگار بکەم .ڕۆژانی پێشمەرگایەتی مەرگ لەگەڵمان دەنوست و ، وەک ئێمە بەپەلە نانەکەی لەگەڵ دەخواردین ، لەگەڵمان مەرگ ڕێگەی دەکردوو وەک ئێمە هەناسەشی دەدا . بەڵام ئێستاو ئەوساش هەستم دەکرد کە تۆپێکی خوری ئاڵۆسکاوم ، بڕوام وابوو هیچ کەسێک ناتوانێ سەرە داوەکەم ئاسان ببینێتەوە . ئێستاشی لەگەڵ بێت دەڵێم فێربوون کۆتایی نییە . ئەوڕۆژە فێربووم کەچۆن سەگ کلکی وەفاداری دەلەقێنێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە