تاوانێکی پیرۆز

Friday, 23/02/2024, 8:53

1536 بینراوە


زارا، ھاواری زمانێکی کۆتکراو، بانگی ئازادیی نەتەوەیەکی دابەشکراو!!.
کوان؟!! ئەو ڕۆشنفکر و ھونەرمەندە زمان درێژانەی ئێران، کە بۆ خەڵکی نیکاراگوا و ئازادیی ژنان و ئازادیی میللەتانی دنیا، شیعر و شانامە دەھۆننەوە و فیلم گەلی ئۆسکاری بەرھەم دێنن، بۆ نوزەیان لێ بڕاوە؟!.
-  سنە ٦٠٠ کێلۆمەتر لە تارانەوە دوورە.
- زارا خەڵکی سنەیە.
-  تاوانەکەی فێرکردنی (زمانی دایک) ە.
شەرمە بۆتان، باسی زمانی دایکی خۆتان بکەن، کە زمانی دایکیی میللەتانی تر ، لە وڵاتەکەتاندا قەدەغە بکەن!.
شەرمە بۆتان، باسی ھونەری خۆتان بکەن، کە ھونەریی میللەتانی تر، لە وڵاتەکەتاندا قەدەغە بکەن!!.
شەرمە بۆتان باسی ئازادیی بکەن، کە  ئازادیی میللەتانی تر لە وڵاتەکەتاندا قەدەغەبکەن!!.
-  لەوانەش شەرمەزارتر ئەوەیە، کە ھێشتا کوردێک (مابێ) باوەڕ بەو قسە پووچانەی ڕۆشنفکران و ھونەرمەندانی میللەتانی سەر دەست بکات لە کوردستاندا و کتێبگەل و ھونەریان دەستا و دەست پێ بکات، کاتی ئەوە ھاتووە، ئەو جۆرە کوردانە چارەسەرێ بۆ ئەو گرێی خۆبەکەم زانین و ئەوان بەگەورە زانینە بدۆزێتەوە.
  زوو پێمووتن: لەشکرەکان بازووی سەربازیی، نەتەوە سەردەستەکانن، لەپشتی مەکینەی زەبەلاحی لەشکرکێشییەوە:
دانشگا، تاقیگای سەربازی مۆدێرن، کۆمپانیا، قەڵەمی ترسنۆکی نووسەران، فکر و بانگەشەی ھونەرمەندان و ھونەریی پووچی نەتەوەی سەردەست، ھەن.
سپاس، بۆ ئێوە خەڵکی سوید، عەقڵی سویدی، کە خوێندنی زمانی دایک، بە پێویستییەک دەزانن، بۆ گەشەکردنی کەسایەتی منداڵانی کورد و ھەموو منداڵانی، نەتەوە زۆرەکانی ئەم وڵاتە بەفرینە، لە ناویاندا منداڵانی ئەو نەتەوانەی، لە نیشتمانی داگیرکراوی کوردا، (زاراکان)، لەسەر فێرکردنی زمانی دایک، سزا دەدات و مامۆستاکانی زمانی دایکیی ئەو نەتەوانەش، بە بێدەنگییان ھاوبەشی ئەم تاوانی سزادانەی مامۆستا زاراکانی کوردن. شەجەریان مامۆستای زمانی دایکیی فارسی بوو!!.
چەند ناشرینە، زمان و بەرهەمی ئەو ڕۆشنبیر و هونەرکارانەی نەتەوەی سەردەست، کە بۆ بەرگریکردن و هێشتنەوەی قەوارەی وڵاتێکی مۆنتاجکراو* ڕاستییە مێژوویەکان دەشیوێنن، ڕاستییە زانستییەکان ئاوەژوو دەکەنەوە و بەرانبەر بە زمانی دایکیی منداڵانی نەتەوەیەکی داگیرکرا و بێ دەنگ و هەڵوێستن!!.
چەند شیرینە زمان و بەرهەمی ئەو ڕۆشنبیرانەی کە بۆ ئازادیی، ئاشتی و گەشەکردنی زمانی دایکیی منداڵانی نەتەوەیەکی داگیرکرا و دەخەبتێن و بەرخۆدان دەکەن و تا پای لە سێدارەدانی قەڵەمەکانییان گیانی خۆشیان دەبەخشن.
من شانازی بە زمانی کوردی و کوردبوون و تێکۆشانی هەموو ئەو ڕؤشنبیرانەوە دەکەم کە باوەڕیان بە (ئازادی) ی هەیە و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یاسایی، یەکسانیی نێوان مرۆڤ و نەتەوەکان، ‌هێمنیی و ئاسایشی گەلان، بەرخۆدان دەکەن.
هەندێ زمان بەهۆی ئاخیوەرە داگیرکارەکانیانەوە، دادەبەزێت بۆ زمانی داگیرکردن و کوشتنی منداڵان و دایکەکان!!.
هەندێ زمانیش بەهۆی مرۆڤە ئازادیخوازەکانییەوە باڵا دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ئاشتی، ئازادیی و ژیان. 

نامەکەی گریلا و شاعیر ئارین ڕوھات:

زارا، خوشکە شیرینەکەم، لە قەندیلەوە گوێم لەھاواری کوردستانی تۆیە، من پرچەکانی خۆم کردۆتە شوورای پاراستن و تێکۆشانم دەنگدانەوەی ئازادیخوازیی تۆ، خوشکە کوردستانییەکەم، ئەگەر ڕۆژی ئازادیی نیشتمان، ھاتی بۆ سۆراغم لە قەندیل و تەنیا پرچەکەی منیان  پیشاندای، بۆنی پرچەکانم بکە، بۆنی ڕۆحە کوردستانییەکی تۆ دەدات، پرچەکانم وەک دیارییەک، ببەرەوە بۆ سنە، لە پۆلی خوێندنی زمانی کوردیدا، بەسەرھاتی ئەو پرچانە بۆ قوتابییەکانت بگێڕەوە و پێیان بڵێ:  ئارین ڕوھات، گیانی بەخشی تا ئێوە بە ئازادی فێری زمانی دایکی خۆتان ببن، تۆ و خوێندکارەکانی تۆم خۆشدەوێ زاراگیان. 
خوشکە گەریلاکەت، ئارین ڕوهات
قەندیل، ٢٠/٠٢/٢٠٢١
------------

سەرنج:

مەبەست لە وڵاتی مۆنتاجکراو، ئەو قەوارە دروستکراوانەن، کە زلهێزەکانی براوە لە جەنگی جیهانیدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و ئاسایشی گەلەکانی خۆیان بڕیاریان لەسەر دا و مافی نەتەوەی کوردیان پێشێل کرد و لە خەیاڵی ڕۆشنبیران و ئەونەتەوانەش کە بوونە سەردەست لە نیشتمانی مندا، ئەو سنوورە دەستکردانە بوونە هێڵێکی پیرۆز و هەزار و یەک ئەفسانەی فشەڵیان بۆ هەڵبەست، لە نموونەی بەرچاویان: توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە