وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت کاری تیرۆریستی لە دڵشاد بارزانی قبوڵ ناکەین


لە سێبەری شاخ، زنجیرەی (٦٤،٦٥)

Monday, 07.24.2017, 12:50

13135 بینراوە


ساڵی ١٩٨٧:
- بۆ خێزانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ساڵی خۆ دەرباز کردن، ژیان لە کۆشک و باڵاخانە و گرتنی خزمەتکار، بە جانتا دۆلار و بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتن.
 - بۆ خێزانی پێشمەرگەی سادە و خەڵکی لادێکانیش، ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی، سەرەتای لێ قەومان و چاوەروانی شاڵاوی "ئەنفال"، کوشتن، بڕین و دەستدرێژی کردنە سەر ناموس!
-----------------------------------------------
بەجێهێشتنی "بەرگەڵوو" بە یەکجاری
١٩٨٧، ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی و برسیەتی بوو، ژیان و گوزەرانمان سەخت تر بوو. ناوچەکانی دۆڵی جافەتی، شارباژێر، خۆشناوەتی، شێخ وەسانان, بیتوێن، پشدەر، بەری مەرگە، دەشتی کۆیە، بادینان، دەشتی کەرکوک ، قەرەداغ و ناوچەکانی تر ببوون بە ئامانجی بۆردومانی تۆپ، راجیمە، عنقودی، فڕۆکە و کیمیاباران. پێشمەرگەی تیپەکان لە هەموو ناوچەکان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەربازیی سوپای عیراقی و هێزی چەکداری جاش بوون، بارودۆخی خەڵکی لادێکان شڵەژابوو. ئایندەیی جوڵانەوەکە و خەڵک نادیار بوو، روون  نەبوو کە سەرانی یەکێتی ئاراستەی شۆڕشەکە و چارەنووسی پێشمەرگەی یەکیتی بەرەو کوێ دەبەن!
لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧دا ئەندازیار"پشتیوان" ڕادیۆیەکی یەدەکی لە "دۆڵەکۆگە" دامەزراند بوو. لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٨٧ دا نۆرەی "رێبوار" بوو بۆ جێگۆركێ لەگەڵ "پشتیوان" و بڕیار درا کە پێشمەرگەی بەشی ڕاگەیاندن "کاروان خالید تاهیر"یش لەگەڵ "ڕێبوار"  بچێ بۆ "دۆڵەکۆگە". 
"رێبوار و کاروان" لەگەڵ مەفرەزەی شەهید "غەریب" هەڵەدنی بە رێگەی پشتی گوندی چاڵاوە، شاخی کەرکەر، شاخی"ئاسۆس" لە ئاوی "هەرزنە" پەریبوونەوە بۆ بەری کوردستانی رۆژهەڵات، کە ڕێگەیەکی سەختی پڕ لە مەترسی ناوچەی موحەرەمەی نێوان سوپای عیراق و ئیران بوو، بە بەردەوامی سوپای هەر دوو وڵات تۆپبارانیان دەکرد و لوغم ڕێژ کرا بوو.
"ڕێبوار"، پێش ڕۆیشتنی پێ ڕاگەیاندم کە لەگەڵ برادەران ڕێککەوتووە و بۆ ئەوەی مشوری ناردنی  من و "‌هێما" بخۆن بۆ "بەری مەرگە" و بە یارمەتی جاشەکانی دۆستی یەکێتی بە ئوتوموبیل بمگەیەنن بە گوندی "سونێ". دواتر بە رێگەی قاچاخ و بە پێ بەرەو "دۆڵەکۆگە" بچم. من لە ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣دا لەو ناوچانە پێشمەرگەر بووم و شارەزاییم هەبوو کە لە گوندی "سونێ"وە رۆژە رێیەک دەمێنی بە پێیان بۆ گوندی "دۆڵەکۆگە" و ئەو رێگەیە کەمینی جاشی لێیە، بەڵام بە بەراوردکردن بە رێگەی شاخی "ئاسۆس"، ئەو رێگەیە باشتر بوو. دواتر "ڕێبوار" بۆی گێرایەوە کە تا گەیشتنیان بە گوندی "دۆڵە کۆگە" دوو پێشمەرگەی مەفرەزەی "غەریب ‌هەڵەدنی" لە ناوچەکانی "موحەرەمە"ی نێوان سوپای عیراق و ئیران  لە شەوە زەنگی تاریکدا لوغم بە پێیاندا تەقیبووە و کەوتبوونە ئاوەکەی هەرزنە و تەرمەکانیان ئاو بردبووی! 
دوای رۆیشتنی "ڕێبوار"، خۆم و "هێما"م  ئامادەکرد، لەگەڵ دوو پێشمەرگە "کاوە" "شوفێر" بوو لە ڕادیۆ، "جەزا" پاسەوان بوو کە بڕیار بوو لەگەڵمدا بێت بۆ یارمەتیدانم و هەڵگرتنی "هێما" لە رێگە. بە لانکرۆزەری رادیۆ لە گوندی بەرگەڵوو بەرەو بەری "مەرگە" کەوتینە رێ. لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتی ساڵی ١٩٨٧دا "بەرگەڵوو"م بەجێهێشت. ئەو گوندەی کە چوار ساڵ و سێ مانگ جوانترین قۆناغی تەمەنی جوانیم تیاددا گوزەراند و بە سەخترین و دژوارترین بارودۆخ ڕەتبووین لەگەڵ خێزانەکەم و پێشمەرگە هاورێکانم بە سەدان جار ڕووبەڕووی مردن بووینەوە لە پێناو دۆسی ڕەوای میللەتەکەمان، بەڵام سەرانی یەکێتی پێیان ڕەوا نەدیتم پێم ڕابگەیەنن کە بجێهێشتنی "بەرگەڵوو" بۆ یەکجارەکیە و خۆری سێبەری شاخ لە ئاوا بوون نزیک بۆتەوە!؟
بەری مەرگە
لە گوندی "سێروان" بووم بە میوانی "دلارەم" خێزانی "ملازم عومەر". ئەوان پێیان ڕاگەیاندم کە"بە یارمەتی جاش دەمگەیەنن بە گوندی "سونێ"، لەوێوە لەگەڵ قاچغچی دۆستی خۆمان دەچم بۆ "دۆڵەکۆگە"، بەڵام کاتەکە دەستنیشان نەکراوە". لەو کاتەدا "هەڤاڵ کوێستانی" هاتبوو بە دوام، بە پێیان لەگەڵی چووم بۆ گوندی "چنارنێ" ئەو کات "هەڤاڵ کوێستانی" لەگەڵ "فریشتە"ی خێزانی لە کەپڕێک دەژیان لە بارودۆخێکی ئێجگار نالەبار، ئەو ناوچانە لە ژێر راجیمە و تۆپبارانی رژێمی بەعس ژیانی تیاددا نەمابوو. لە ماڵی "هەڤاڵ کوێستانی" چەند رۆژێک مامەوە، دواتر چووم بۆ گوندی "کانیتوو". 
هێما و کاروان خالید تاهیر، برای شەهید د. بەختیار ١٩٨٧

گوندی "کانیتوو"
گوندی کانیتوو، کوێستانێکی خۆش و فێنک، ئاوی سازگاری کانیی، سروشتێکی ئێجگار جوان و دڵڕفێنی هەبوو، کەوتبووە نێوان شاخی "ئاسۆس" و شاخی "چل بزنە"، لە گوندی "کانیتوو" بووم بە میوانی ماڵی کاک "سەدرەدین" کە خێزانەکەی کچی مامی هاورێم سەربەست حوسێن ناسراو بە (سەربەست قەڵادزەی) بوو. ئەو ماڵە دوو کچیان هەبوو لە تەمەنی مندا بوون، لە گوندی "کانیتوو" دوو چادریان هەڵدابوو دوو رۆژ لە لایەن  مامەوە و زۆر خزمەتیان کردم. دواتر هەواڵم پێ گەیشت کە کاتی سەفەرەکەم دەستنیشان کراوە. خۆم کۆکردەوە دووبارە بە پێ گەڕامەوە گوندی "سێروان". ئەو ڕۆژەی کە بڕیار بوو دەربچم دەوری نیوەڕۆ "ملازم عومەر و دلارەم"ی خێزانی" پێیان راگەیاندم کە ئەو جاشەی بڕیار بوو یارمەتیم بدا تووشی کێشە بووە، بەهۆی ئەوەی "شعلە"ی خێزانی "نەوشێروان مستەفا"ی دەرباز کردوە، حکومەت گومانی  لێ کردوە و ناوێرێت ئەو کارە بکات، جا تەنیا هەڵبژاردەیەک کە لەبەر دەمدا مابێت، رێگەی پێشمەرگەیە کە رێگەیەکی قاچاغە لە "سەنگەسەرەوە" بۆ "دۆڵەکۆگە". بەم جۆرە پلانی دارێژراو بۆ سەفەرەکەم گۆڕا!
پلانی تازەی سەفەرم بۆ "دۆڵەکۆگە لە زورکانەوە"
 پێشمەرگەی ملازم عومەر گەیاندمیانە ماڵی "مستەفای سەید قادر" کە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵەکەی لە نزیک گوندی"مەرگە" لە بینای قوتابخانەیەک گوزەرانیان دەکرد. کەرتی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی بەری "مەرگە" کەوتنە مشور خواردن و پەیدا کردنی دۆستێكیان بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بمنێرن بۆ سەنگەسەر. من و"هێما" و دوو پێشمەرگە بە پێیان چووین بۆ گوندی "مەرگە". کە نزیک بوومەوە لە گوندەکە تێبینیم کرد زۆرێك لە خەڵکی گوندەکە لە سەربانی ماڵەکانیان  سەیریان دەکردین! ئەو کات بیرم بۆ هیچ شتێک نەچوو کە دەبێت هۆی ئەو تێرامان و سەیرکردنە چی بێت!؟ دواتر منیان بردە ماڵێک، پێشمەرگەکان لەگەڵ خاوەن ماڵەکە هەندێک چرپە چرپیان کرد و دواتر لە ژێر خانی ماڵەکە شاردمیانەوە. ژێر خان ئەوەندە تاریک بوو تەنیا رووناکی لە درزی دەرگای دار دەهاتە ژوورەوە، ئەوەندەی پێ نەچوو، پێشمەرگەکان هاتن و  گوتیان " پیاوێکی پیر کە دۆستی خۆمانە ناوی "مام بایز"ە "هێما"ت بۆ هەڵدەگرێت و بە پێیان دەچن بۆ سەر ئاوی "ئەستیلی" دوکان و بە بەلەم دەپەڕنەوە تا دەگەن بە جادەی قیر، لەوێوە بەرەو"سەنگەسەر" دەچن بۆ ماڵی کەسێک دۆستی خۆمان، مام "بایز" دەیانناسێت و تا دەتگەیەنێت بەو ماڵە لەگەڵتدا دەبێت. "جەزا" بە رێگەی تر ڕەوانەی سەنگەسەر دەکەین و هەوڵدەدەین قاچاغچییەکی دۆستی خۆمان بدۆزینەوە تا بە ڕێگەیەک لە گوندی "زورکان"وە بە پێ لە گەڵت بێت بۆ "دۆڵەکۆگە". لەگەڵ  "جەزا" و قاچاغچیەکە لە گوندی "زورکان" یەکتر دەگرنەوە". لە ژێر خان هاتمە دەرەوە، هێشتا خەڵکی گوندەکە هەر لە سەربانی ماڵەکانیان سەیریان دەکردین!
مام "بایز" و شەهید کردنی باوکم
 مام "بایز"، پیاوێکی تەمەن نزیک ٧٠ساڵ دەبوو، گەنم رەنگ، دەموچاوێکی درشتی هەبوو، لە لای شانیەوە پشتی قەمبور بوو، لە ناوقەدیەوە تۆزێ چەمابووەوە. دەست و پەنجەکانی گرژ و ئەستور بوون، کورتەکێکی شین و شەڕواڵێکی قاوەیی لەبەردابوو، کڵاو جەمەدانی لەسەردا بوو، پشتێنێکی باریک کیسەی توتنی پێ شۆڕببووەوە. لە جلوبەرگیدا دیار بوو کە جوتیارێکی ماندوو و کەم دەرامەت بێت، پیاوێکی گورجوگۆڵ بوو، هەر بە خێرایی گوتی "کوڕەکە بدە بە مامی خۆت و تۆ جانتا و کەلوپەلەکە بدە بە کۆڵتا، ئەگەر لە ڕێگە هەر کەسێک پرسیاری کرد تۆ کێی؟ دەڵیم تۆ "ئایشێ"ی بوکمی و بۆ سەردانی ماڵە باوان دەتبەمەوە، لە رێگە بە پەلە بڕۆ و خۆت گورگانی مەکە و گورجوگۆڵ بە، مەترسی ئەوە هەیە رەبیە تەقەمان لێ بکەن، هەروها ئەو ناوە جاشیشی لێیە". من و مام "بایز و هێما" کەوتینە رێگە، مام "بایز" لە ڕۆیشتندا لە من خێرا تر بوو، من لە دواوەوە مابووم و هەموو خەیاڵم لای ئەوە بوو کە رێنماکانی مام "بایز" پەیڕەو بکەم. چەند گردۆڵکەیەکمان بڕی و گەیشتین بە "کەلەکی مەرگە"، دوو گرد بەرامبەر بە یەک تولە رێگەیەک لە نێوانیان دا هەبوو، مام "بایز" ئاوڕێکی دایەوە و گەڕایەوە بۆ لام گوتی تۆ "کچی برایمە ئەفەندی"؟ لە وەڵامدا گوتم "بەڵێ". ئینجا گوتی "لەبەر خاتری باوکت، خۆت و ئەو کوڕەت لە نێو گلێنەی چاوەکانم دەنێم تا دەتانگەینم بەو شوێنەی کە پێم وتراوە، دواتر دەستی درێژ کرد گوتی باوکت ئا لەو شوێنە کەمینیان بۆ دانا بوو بە خۆڕایی و زۆر بە نامەردانە شەهیدیان کرد! مام "بایز" دەستی درێژ کرد بە ئاراستەی ئەو شوێنە و گوتی "باوکت تەرمەکەی ئا لێرە کەوتبوو دەتگوت "شێرە"ە و خەوتوە، من یەکێک بووم لەوانەی کە تەرمەکەم شوشتووە و بە خاکم سپاردوە"!؟. 
وێنەی شەهید برایم ئەفەندی(باوکم) دەورەدراو بە کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی١٩٦٥، گوندی بنەسڵاوە
لەو بار و دۆخەدا و بەو کتوپڕییە، هەرگیز چاوەروانی گوێبیستی باسێکی لەو جۆرە نەبووم! ئەو گێرانەوەیەی مام "بایز" ئەوەندە کاری تێکردم هێزیی ڕۆیشتنم نەما، دانیشتم و گوتم "مام بایز" قوربانی ئەو دەستانەت دەبم کە تەرمی ئەو بێتاوانەت پێ شوشتووە، یارمەتیم بدە و ئەمشەو با ببم بە میوانی ماڵی ئێوە، بەیانی لەگەڵم وەرە دەچینە سەر گۆڕەکەی".
مام "بایز"  لە وەڵامدا گوتی "کچی خۆم ئەو کارە هەرگیز ناکەم، چۆن ئابڕووی خۆم دەبەم، خەڵکی گوند هەمووی زانیویانە تۆ کچی کێیت! مەگەر نەدبینی چۆن خەڵکی دێیەکە هەموو لە سەربانەکانەوە سەیریان دەکردی، هەموویان رووداوی شەهیدکردنی باوکت دەزانن، ئەوە هۆکاری ئەوەبوو بە پەلە پێشمەرگە بەدەستوبردی نەیانهێشت لە گوندەکە بمێنی، جوتیارانی ئەو ناوچەیە هەموو باوکتیان خۆشدەویست بەڵام ئاغاکان هەمووی دوژمنی بوون و بێناموسن و دەستیان لەگەڵ هەموو لایەکدا هەیە، دوور مەبینە ئەگەر هەواڵیان پێبگات بەگرتنت بدەن. ئەگەر جاش و ئیستخبارات تۆیان دەستگیر کرد، ئەو کات من چی بڵێم بە پێشمەرگە؟ حەیا و حەسیەتم دەچێت دەڵێن تۆ تەسلیم بە حکومەتت کرد و پارەت وەرگرت، خۆت و کوڕەکەت ئامانەتن تەسلیم بە دەستی من کراون تا دەتانگەینم بەو ماڵەی کە دەستنیشان کراوە، بڕۆ پێ هەڵینە دەنا ئەو رەبیەی بەرامبەر تەقەمان لێ دەکەن یان دێنە سەر رێگەمان، ئەو ناوە پڕە لە جاش هەمووی دەمناسن با توشی بەڵایەک نەبین، کاتی ئەوە نییە پێ هەڵینە و بڕۆ."
مام" بایز"ی سادە، هەستی بەوە نەکرد کە کاتێکی نەشیاو بوو بۆ گێرانەوەی ئەو چیڕۆکە غەمناکە بەو شێوە سەرپێیە. مام "بایز" دەرکی بەوە نەکرد کە بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە پەنجەی خستە سەر برینێکی قوڵی سارێژ نەبوو لە جەستەی مندا و کولاندیەوە کە بوو بە مایەی ئازارێک و هەموو ناخمی هەژاند! 
لەو بارودۆخە ناهەموارەی کە خۆم و کوڕەکەم تێ کەوتبووین، مامە "پیرە" بە گێرانەوەی رووداوی "شەهید کردنی باوکم" بە ناڕەوا! هەموو نەهامەتییەکانی بێ باوکی و باری قورسی سەرشانی دایکم و ژیانی منداڵیمی هێنایەوە یادم. دوای بیست و یەک ساڵ، لە ساڵی ١٩٨٧دا لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا چارەنووس بۆی نووسی بووم کە من و "کوڕەکەم" بەرەو ئەو شوێنە ببات کە لە ساڵی ١٩٦٦دا ئاغاکانی دارودەستەی تاڵەبانی بە هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن ماڵی بارزانی لەو شوێنە باوکمیان شەهید کرد بوو، بۆ دەبێ چەرخی گەردوون ئاوا بە بێ بەزەییانە و کتوپڕ جوتیارێکم پێ بناسێنێت کە ئەو کات یەکێک بووە لەوانەی ئەرکی بە خاک سپاردنی باوکمی گرتۆتە ئەستۆ!   لە مێژوودا تاوانی هەڵگیرساندنی شەڕی برا کوژی و کوشتنی بە ناهەق و مێژوو شێواندن، مۆڕێکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی هەموو سەرکردە کوردکانی باشوور، فیتنەی دوبەڕەکی، کەمین دانان و کوشتنی بە ناڕەوا، وەک ئاو خواردەنەوە بووە لایان وە بەرژەوەندیی و گیرفان پڕ کردن تەنیا مەرام و مەبەستی هەرە بەرزیان بووە، لە کاتی تەنگانەشدا وەک "سەگی خوێری" بە جانتا دۆلارەوە ڕایان کردوە بۆ ئەو دیوی سنوورەکان!
وێنەی رێبوار و ئەردەڵان خالید تاهیر (برای شەهید د.بەختیار) دۆڵەکۆگە ١٩٨٨

پەڕینەوە لە ئاوی "ئەستیلی" دوکان 
لەگەڵ مام "بایز"، لە بەری "مەرگە" بە بەلەم لە  ئاوی "ئەستیلی" دوکان پەڕینەوە بۆ بەری سەنگەسەر، دنیا تاریک بوو گەیشتین بە "سەنگەسەر"، هەر گەیشتین بە ماڵەکە مام "بایز" چرپەچرپێکی لەگەڵ خاوەن ماڵەکە کرد و ئینجا هات بۆ لام گوتی "خواحافیز"، من کاری خۆم ئەنجامدا و بە رووسپیاتی ئامانەتەکم گەیاند بەو شوێنەی کە بۆم دەستنیشان کرابوو.
 ئەو ماڵەی لێ بووم نەخۆشیان هەبوو، لەدابونەریەتی کوردەواریدا بە تایبەتی لە دێ و ناحیەکان خەڵک پۆل پۆل دەچن بۆ هەواڵ پرسینی نەخۆش. کابرای خاوەن ماڵ گوتی "لەو قەڵەباڵخیەدا تۆ ئاشکرا دەبیت و مەترسی دەستگیر کردنت دەبێت و ئابڕووم دەچێت دەبێ شوێنکەت بگوازینەوە". هەر بەو شەوە منیان برد بۆ ماڵی "جەبار کەبابچی".
 کە کاک "جەبار"م دیت، ناسیمەوە بۆ ساڵانێکی زۆر پێشمەرگە بوو، لە شاخ زۆر بینی بووم مرۆڤێکی ئێجگار چاک بوو، دوای مفاوەزات ئەو نەگەڕایاوە بۆ شاخ. "جەبار" لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵێکی بچووکی کچ لە ساڵی ١٩٨٧دا لە خانوویەکی دوو ژووری کە دەرگاکەیان رەنگی "شین" بوو لە "سەنگەسەر" گوزەرانیان دەکرد، دە ڕۆژ لەو ماڵە مامەوە و ئەوەندە خزمەتیان کردم کە تا ئێستا خۆم بە شەرمەزار و قەردارباریان دەزانم. ئاخیر رۆژ دەمەو رۆژئاوا ماڵی کاک جەبار پریاسەکەیەکیان لە خواردن بۆ ئامادە کردم بە ئوتومبیلێکی جێب چووین بۆ "قەڵادزە" لە وێوە بۆ گوندی "زورکان".
زورکان و کەمین
 لە "زورکان" سەید حەسەن"ی قاچاغچی کە دەیکرد خزمی "مستەفای سەید قادر"، پێشمەرگە "جەزا" و پێشمەرگەیەکی تر لە ماڵێک دانیشتبوون چاوەرێ بوون دنیا تاریک بێت بۆ ئەوەی دەست بە ڕۆیشتن بکەین. هەر وەک پێم راگەیاندرابوو لە رێگە پێشمەرگە "جەزا"  "هێما" هەڵبگرێت، بەڵام کە سەرنجم دا "جەزا" ئەوەندە نەخۆش بوو هێزیی تیاددا نەمابوو و گوتی لە "سەنگەسەر بە نهێنی چووم بۆ دکتۆر، تووشی نەخۆشی "گرانە تا" بووم!
کەوتینە رێگە، لە "زورکانەوە" دەشتێکی تەخت هەتا دەگەیشت بە بن چیا هیچ داڵدەیەکی نەبوو بۆ خۆ حەشاردان، رێەگەیەکی ترساناک تاریک و چۆڵ بوو، دەبوایە بە پەلە و بەبێ دەنگی و تاریکی ڕێ بکەین، نزیکەی نیو سەعات ڕێ کردن، لە پڕ گوێ بیستی دەنگی شریقە شریقی میل هێنانەوەی کلاشنکۆف بووین، "حەسەن" هاواری کرد "کەمینە"! "هێما" لە باوەشم و کاتی خۆ بە زەوی دادان، لاقم کەوت بە بەردێکی نوک تیژ، وەک چەقۆ لە چۆکم بە سەرەوەی بڕی و خوێن فیچقەی کرد و دەورمان گیرا، ئێمە نیگەران بووین وامان زانی کەوتینە کەمینی جاش، لەو تاریکییەدا یەکێک پرسیاری کرد "هاورێ ئاشتی" ئەوە تۆی! ئینجا بۆمان دەرکەوت کە پێشمەرگەی یەکێتین هەندێکیان پێشمەرگەی تیپی بیستویەکی کەرکوک بوون، لە "دۆڵەکۆگە" دەگەڕانەوە بەرەو بەری مەرگە دەچوون. سڵاویان دا و گوتیان "دوێنی لای کاک "ڕێبوار" لە بارەگەی رادیۆ میوان بووین و چاوەرێت دەکات، دڵنییا بن تا دەگەن بە بن چیا مەترسی نییە، ئێمە لە شوێنی جیا پاسەوان و کەمینمان هەیە تا هێزەکەمان بەو دەشتەدا تێپەر دەبێت و دەپەڕێتەوە بۆ بەری مەرگە"!
بینینی ئەو پێشمەرگانە وەک گزنگی خۆری سەر لە بەیانیان بوو، کۆتایی هێنا بە دنیایی شەوەزەنگ و چۆڵ و پڕ لە مەترسی. بۆم دەرکەوت کە لە کاروانی سەختی رێگەی پڕ لە نەهامەتییمدا بەتەنیا و بێکەس نیم! شەقەی میل هێنانەوەیان دەنگی زوڵالی تێخورینیان و دواتر دڵدانەوەمان لە سەلامەتی رێگە، گڕوتەوژمێکی بێ هاوتای لە ناخمدا دروست کرد. هەردەم پێشمەرگە و شاخ دوو هێمای خۆشەویست بوونە لام و هیواو و ئامانجی گەلەکەمم لە نێو چاوانیاندا بەدی کردوە.  دیتنی ئەو پێشمەرگانە لەو سات و کاتەدا  دووبارە بۆمی سەلماند کە هێزی بەرەنگاری بوونەوەی کوڕی هەژار و چینی زەحمەتکێشی میللەتەکەم تاکە هیوایەکە کە تروسکەی ڕووناکی لێ بەدی بکەم!  ئەو پێکهاتەیەی نێو شۆڕش کە بە دڵ و بە گیان بەبێ بوونی بەرژەوەندیی، قۆڵی  لێ هەڵماڵیەوە بۆ خەباتی درێژ خایەن بەڵام وەک من ئاسا بێ ئاگا لەوەی کە خۆری سێبەری شاخ لە ئاوابوونە و سەرانی یەکێتی خەریکی بارگە تێکنان و چاڵ هەڵکەندن بۆ خەبات و تێکۆشانمان، بێ ئاگا لەوەی کە لە ئاینەدەییەکی نزیک دا وەک ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٤ دووبارە بازرگانانی خوێن و پارە پەروەردە بووی قوتابخانەی مەلایی و جەلالیی خەریکی دارشتنی پلانی ئاشبەتاڵێکی ترن!
 دووبارە دەستمان بە ڕۆیشتن کرد بە ژێر رەبایەی حکومەت. رەبیەکان ئەوەندە نزیک بوون گوێ بیستی کۆکەی سەربازەکان دەبووین، غەمی ئەوەمان بوو "هێما" بگریت و ئاشکرامان بکات. "جەزا" ئەوەندە نەخۆش بوو توانای هەڵگرتنی چەکەکەی نەمابوو. لە رێگە سەرباری قاچی بریندار بووم و هەڵگرتنی "هێما" چەکەکەی "جەزا"شم لە شان کرد. دوای شەش حەوت کاتژمێر گەیشتین بە "رەزگە و مارەدوو". 
شەو لە "رەزگە و مارەدوو" بارمان خست، کابرایەکی خەڵکی ناوچەکە کاسبی دەکرد، هەر لەو ناوە لەژێر چەند دارێک و بەردێک چەند بەتانییەکی کۆنەی چڵکنی دانابوو، ئاگردانێک دوو چاپەستی گەوڕەی ڕەش لە سەر ئاگر دەکوڵا، بە دوو "دینار" پەنا دارێک یان بەردێکت بەردەکەوت بۆ خەوتن وەک ئۆتێل وابوو! بە دەیان وڵاغدار، عەسکەری فیرار ، چەکدار و چەند خێزانێکی لێ بوو، هەندێک بەرەو عیراق دەڕۆیشتن هەندێک بەرەو ئیران، هەموو خەڵکەکان  تۆزاویی، ماندوو و نیگەران دیار بوون. من و"هێما" بە دوو "دینار" لە نزیک خێزانەکان ژێر دارێکمان بەرکەوت لە نێو تۆز و خۆڵدا بەتانییەکم لە ژێرمان  راخست و ئەویترم کرد بە دوو قەت و لە "هێمام ئاڵاند. 
سەڕەرای دۆخی نالەبار و هیلاکیم بەو شەوە بە یادگاریەکانمدا چوومەوە! ئەمە هەمان شوێنە کە لە ساڵی ١٩٨١دا لەگەڵ "خەجە" و "دلاوەر"ی برام و هێزیی"نەوشێروان مستەفا" ویستگەی پشوومان بوو. لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ دا دووبارە لەگەڵ "دلاوەر"ی برام بەهەمان رێگە گەڕاینەوە بۆ ناوچەکانی "دۆڵێ خانەقا"! ئەمەش هەمان ڕووبارە کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣دا "دلاوەری" برام کاتێک بە تەنیا دەچوو بۆ ناوچەکانی هەولێر لە کاتی پەڕینەوە لەو رووبارە ئاو بردبووی و دوای تەقەلایەکی زۆر خۆی بە دارێک گرتبووەوە و رزگاری ببوو.
لەگەڵ خۆرهەڵات، هەر چوارمان دەستمان کرد بە ڕۆیشتن, لە رێگە بە ووڵاغدار "حەسەن"م گوت "قاچم ئازاری هەیە باشترە من و "هێما" هەندێک  سواری وڵاغ بین! دیار بوو "حەسەن" بە دڵی نەبوو نەیدەویست وڵاغەکەی ماندوو بێت! بەڵام نەیتوانی رێگری بکات بەهۆی ئەوەی من پارەی وڵاغەکەشم  دابوو. من و "‌هێما" سواری ووڵاغ بووین، ڕەشمە لە دەست "حەسەن" و بە ئەنقەست ئاراستەی وڵاغەکەی بە نێو داران برد، لە ناکاو  لە کاتی ڕۆیشتنی وڵاغەکە من لە ملمەوە لە لقی دارێک گیربوو و بە "هێما" وە لەسەر وڵاغەکە کەوتم! لە کاتی کەوتن هەوڵمدا نەهێڵم "هێما" ئەزیەت بخوا، بەڵام خۆم پشتم تەواو ئەزیەتی خوارد و زۆر بە زەحمەت توانیم هەستمەوە و"حەسەن" دەستی درێژ کرد بۆئەوەی یارمەتیم بدا لە هەستانەوە و گوتی "ها براژن پێت ناڵێم باشتر وایە بە پێیان ڕێ بکەی!". زۆر ڕقم هەستا لە "حەسەن" یەک شەقم لە دەستی هەڵدا و پێم گوت "لاچۆ توخوا تۆ مرۆڤی؟ بە ئەنقەست ئەو هێسترەت بە ئاراستەی ئەو شوێنە برد، بۆ ئەوەی بکەوم و ئیتر سواری وڵاغ نەبم و وڵاغەکەت ماندوو نەبێت! "حەسەن" لە وەڵامدا گوتی " براژن چۆن ئەو قسانە بەمن دەڵێ؟"  لە وەڵامدا گوتم "پێت دەڵێم چاویشت دەرچێ، زۆریش نەڵێی دەنا هەر ئەوەندە گەیشتین بە بارەگە بە پێشمەرگەکان دەڵێم پڕ شەقت بکەن! ئەگەر کوڕەکەم لە کاتی بەربوونەوە شتێکی بەسەر هاتبا ئەو کات چیم دەکرد؟ پرسیارم کرد کە چەندمان ماوە بگەین بە "دۆڵەکۆگە"؟ لە وەڵامدا "حەسەن" گوتی هیچمان نەماوە ئەوەی بەرامبەر شاخی "سادرە" ئەو دیوی "دۆڵە کۆگەیە".
لەو شوێنەی کە پرسیارم کرد، چوار کاتژمێری خایاند تا گەیشتین بە بناری شاخی "سادر". لە بناری شاخ، کانییەک ئاوێکی پاک و بێگەردی لێ هەڵدەقوڵا، سی خولەک پشوومان دا و بە شاخی "سادر" سەرکەوتین. پێنج کاتژمێری خایاند تا گەیشتینە لوتکەی "سادر" و هەموومان ماندوو شەکەت بووین. "هێما" لە هیلاکی و بێزاری بە هەموو دەنگی دەیزیراند. هەندێک حەساینەوە لە سەر لوتکەی شاخی "سادر"، ئاورێکم دایەوە لوتکەی شاخ دەیڕوانیە ناوچەکانی قەڵادزی، بناری قەندیل، قەڵاتووکان، رەزگە و مارەدوو. ئەو دیمەنە بە رادەیەک جوان بوو کە ناتوانم وەسفی بکەم بەڵام ئەوەندە هیلاک بووم، هیچ تامێکم لە جوانی ئەو دیمەنە نەبینی. شۆربوونەوە بۆ "دۆڵەکۆگە" پێنج کاتژمێری تر بوو. کاتژمیر ٧ یان٦ ی ئێوارەی ١٥/٩/١٩٨٧ گەیشتینە بارەگەی رادیۆ لە "دۆڵەکۆگە". ئێمە لە خۆڕهەڵاتەوە تا ئاوا بوونی رێمان کرد کەچی "سەید حەسەن" دەیگوت هەر دوای "سادر" "دۆڵەکۆگەیە"!
هێما , دۆڵەکۆگە ١٩٨٧

گوندی "دۆڵە کۆگە" و دکتۆر "سەلام"ی حزبی شیوعی
"دۆڵە کۆگە" گوندێک بوو لە سەر سنووری عیراق و ئێران، کوێستانێکی سەخت بوو لە مانگی یازد تا مانگی سێ لە دنیا دادەبڕا، کەوتبووە نێوان زنجیرە شاخی "جاسوسان" و "شاخی سادر". لە دیوەکەی تر شاخی "سادر" دەیڕوانیە ناوچەکانی "ڕەزگە، قەڵاتووکان، مارەدوو، دەشتی قەڵادزی و بناری قەندیل". ئەو کات "دۆڵەکۆگە" سێ چوار ماڵی لێ دەژیا، کە لەسەر بەروبومی خۆماڵی گوزەرانیان دەکرد. بۆ سەرەوە گوندی "گوێزێ" بوو، لە سەروی گوندی "گوێزێ" بە دەستە ڕاست شاخێک و کۆتایی دەشتی مەزنێ دایدەبڕاند لە گوندی "ئاڵوەتان"ی ئیران. بە درێژای"دۆڵەکۆگە" لە سەرەوە تا خوارەوە چۆڵ و بەردەڵان و هەڵدێر بوو، لە ناوڕاستی دۆڵەکە چۆمێک بە درێژای دۆڵەکە هەبوو، بەهاران ئاوی چۆمەکە زیادی دەکرد، تا بەرەو خوارەوە دەچوو دۆڵەکە تەسک و باریک دەبووەوە و درێژ دەبووەوە، لە کۆتایەکەی بە دەستی ڕاست گوندی :"سویسنێ" بوو، بە دەستی چەپ گوندەکانی بناری مامەندە بە هەر دوو دیوی، گوندەکانی بناری چیای "مامەندە" کە گوندەکانی قوڵەهەرمێ، شێنی، سونێ زەڵێ و نێوزەنگ بوو" چومێک سەرتای دۆڵەکە و ئەو گوندانەی لێک جیا دەکردەوە."دۆڵەکۆگە" جگە لە بارەگەی "رادیۆ"، بارەگەی "چاپخانەی یەکێتی" و بارەگەی "دەزگای کۆمەڵە" و  بارەگەی "حزبی شیوعی" لێ بوو. 
یەکەم بەیانی لە "دۆڵەکۆگە" لەگەڵ ژانی قاچم هەڵسام، سەیرم کرد لاقی چەپم کە لە رێگە بە بەرد بریندار بوو ئەستور بووە و خوێنی تێزاوە و شینومۆر هەڵگەراوە. کە سەیری بنمێچی ژوورەکەم کرد ئەو ژوورەی پێشمەرگە "ئەردەڵان" بۆمانی چۆڵ کردبوو بۆ ئەوەی تیاددا بحەوێینەوە، لە ژێر نایلۆن (دوو ماری) زل بە درێژای بنمێچ ڕاکشابوون. دواتر پرسیارم لە "ئەردەڵان" کرد کە ئایا ئەوانە "مار"ن لە بنمێچ؟ "ئەردەڵان" لە وەڵامدا گوتی "گوێیان مەدەرێ"! گوتم " ئەی ئەگەر کەوتنە خوارەوە لەو ژوورە بچوکەدا دەکەون بەسەر من و "هێما"! "ئەردەڵان" دووبارە گوتی "هیچ نییە"!.
لەگەڵ "ڕێبوار" چووین بۆ بارەگەی حزبی شیوعی پێشمەرگەیەکیان هەبوو بە ناوی "دکتۆرسەلام"، کە سەیری لاقی کردم گوتی "ئەو برینە لەسەری ڕۆیشتی و ئیلتیهابی کردوە"، برینەکەی پاک کردەوە، مەلحەمی لێداو کۆمەڵێک حەبی "ئەنتی بایەتیکی" دامێ، هەموو رۆژێک دەهات بۆ تیمارکردنی برین. 
 پێشمەرگە دکتۆر "سەلام"، کوڕێکی باڵا مامناوەند بوو، گەنمرەنگ، لە دایکبووی خانەقین ساڵی ١٩٥٨، لە شاری بەغداد گەورە ببوو، لە ساڵی١٩٨٢دا ببوو بە پێشمەرگەی حزبی شیوعی، پێش ئەوەش لە خەباتی ژێرزەمینی حزبی شیوعی کاری کردبوو. کەسێکی لەسەرخۆ و هێمن، خوڕەوشت بەرز بوو.
دکتۆر سەلام، بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان ئێمە و پێشمەرگەی حزبی شیوعی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی شەڕی "قرناقە و پشتئاشان" و دوژمنایەتی نێوان سەرانی یەکێتی و حزبی شیوعی، چاودێری تەندروستی من و "هێما"ی دەکرد. ئەمە ئاماژەیەک بوو کە شەڕی براکوژی لە ناخی هیچ پێشمەرگەیەکدا بە خۆرستی نەڕوا بوو، بەڵکو سەرانی حزبەکان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان قین و رقیان لە نێو دڵی تاکی میللەتەکەدا بە دەستی خۆیان تۆ کردبوو و بە بەردەوامیی ئاویان دەدا. 
دکتۆر "سەلام"، گەلێک یارمەتی ئێمەی دا بە درێژای پایزی ساڵی ١٩٨٧ و زستانی ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی "دۆڵەکۆگە" هەرچی دەرزی و دەرمانی حزبی شیوعی هەبوو لەمن و لە "‌هێما"ی سەرف کرد. ئێستاش لە یادمە بەهاری ساڵی ١٩٨٨ بوو "دکتۆرسەلام"مان بانگ کرد "هێما" نەخۆش بوو "لەوزەتێنی" ئەستور ببوو، دەرزیەکەی دەرهێنا و گوتی بڕوا بکەن "ئەوە ئاخیر دەرزیە لە هەگبەی دکتۆریەکەم ماوە، هەموو داودەرمانەکەم ئەو ساڵ لە ئێوە سەرف کردوە"!
لە سێبەری شاخ زنجیرەی ٦٥
ژنی کورد و سیخوری
لە ساڵانی هەشتاکان ڕێژەیەکی زۆر لە ئافرەتانی کورد، بەعس کڕایبوویانی و لە دەزگای رادیۆ و تەلفزیۆن، گۆڤاڕ و رۆژنامەی بەعس کاریان دەکرد، بڕێکی زۆریان ببوون بە جەیشی شەعبی و لەسەر شەقامەکاندا نمایشیان دەکرد، هەندێک تر سیخوریان بۆ دەزگایی ئیستیخباراتی بەعس دەکرد. دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ زۆربەی ئەو ژنانە خزانە نێو پارتی و یەکێتی و پۆستی باڵای حکومی و حزبییان وەرگرت! هەندێکیان تا ئێستا کە ساڵی ٢٠١٧یە لە نێو ئەو پارتانە دەسەڵاتیان هەیە.
ژنێک، خێزانی پێشمەرگەیەک بوو لە ناوچەکانی قەرەداغ، دەستی لەگەڵ دەزگای ئیستخباراتی شاری سلێمانی تێکەڵ کردبوو، لە کۆتاییەکانی مانگی یازدەی ساڵی ١٩٨٧دا لە گوندی "سێروان"ی بەری مەرگە لە دەعوەتێکی ماڵی "مستەفا چاوڕەش" دا کە کەسوکاری خاوەن ماڵ و کۆمەڵێک لە لێپرسراوی پارتە کوردییەکان و یەکێتی ئامادەی بوون، ئەو ژنە ژەهری کردە نێو "ماستاو"، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک کەس شەهید و بریندار بوون. 
لێپرسراوانی یەکێتی لە بری ئەوەی "ژنە" بگرن کە ئەنجامدەری راستەوخۆی تاوانەکە بوو، کەچی هاوسەرەکەیان لە قەرەداغ گرت و دواتر کوشتیان و پروپاگەندەیان بڵاو کردەوە لە نێو هێزیی پێشمەرگە کە گوایە ژنەکە ڕایکردوە! بێگومان ئەمە ڕاست نەبوو، خۆیان ژنەکەیان برد لەسەر جادەی "سێروان" ڕەوانەی شاری سلێمانیان کرد هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئەو ژنە نهێنی لابوو بە تایبەتی لەسەر هەندێک بابەت کە پەیوەندیی هەبوو بە مەسەلەی خوڕەوشت!
یەکەم دوو کەس لە نیو یەکێتی کە پێش "ئەنفال" ڕایانکرد کێ بوون؟
ساڵی ١٩٨٧ سەرانی یەکێتی زانیارییان هەبوو بارودۆخ بەرەو شڵەژانە و رژێمی بەعس بڕیاری ئۆپەراسیۆنی "ئەنفال" دەخاتە بواری جێبەجێکردن، ئیتر بە خشپەیی و نهێنی کەوتنە دەرباز کردنی خۆیان و ماڵومنداڵیان. یەکەم دوو کەس لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٧دا لە شاخەوە ڕایان کرد بریتیبوون لە: 
یەکەم:
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، "تاڵەبانی" پێش ڕاکردنی خۆی "هێرۆ"ی خێزانی بە جانتا دۆلارەوە دەرباز کرد بۆ ئیران لەوێوە بۆ ئەوروپا واتە پێش ١٠/١١/١٩٨٧. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، ‌"هێرۆ"ی خێزانی تاڵەبانی گەڕایەوە بۆ کوردستان. 
دووەم:
"جەلال تاڵەبانی" سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرواری ١٠/١١/١٩٨٧دا ڕایکرد بۆ ئیران. سەرانی یەکێتی پروپاگەندەیان بڵاو کردەوە کە ئیران بانگێشتی تاڵەبانی کردوە و دوای تەواو بوونی کۆبونەوەکان و ئەنجامدانی هەندێک کاری سیاسیی دەگەڕێتەوە بۆ شاخ! دواتر دەرکەوت کە ئەمە لە دڕۆیەک بەولاوە هیچ بیناغەیەکی نەبوو، "جەلال تاڵەبانی" ڕایکرد لە ئێرانەوە بۆ ئەوروپا تا دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١نەگەڕایەوە بۆ کوردستان. 
ساڵانی تەمەنی "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" وەک هاوسەری پێشمەرگەیەک لە شاخ
- لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٩ دا هێرۆ  دوای تاڵەبانی لە رێگەی (سووریا- تاران) دەچێتە شاخ.
- لە ساڵی ١٩٨١دا لە رێگەی (ئێران - سووریا) دەچێتەوە بۆ شاری "لەندەن".
-  بەهاری ساڵی١٩٨٢ لە رێگەی (سوریا - ئێران) دەگەرێتەوە شاخ.
- مانگی یازدەی ساڵی ١٩٨٣، لە مفاوەزاتی نێوان سەدام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، تاڵەبانی و "هیرۆ"، یەک دوو مانگ لە بەغداد لە خۆشترین ئۆتێلی بەغداد دەمێننەوە.
- دوای گەرانەوەی لە بەغداد، لە خانووی هاوینەهەوارەکانی "دوکان" گوزەران دەکەن.
- لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٤ دا دووبارە لە رێگەی (بەغداد) دەچێتەوە بۆ لەندەن.
- ساڵی ١٩٨٦لە رێگەی (دیمەشق- ئێران) دەگەڕێتەوە بۆ شاخ.
- لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ تاڵەبانی پێش خۆی و پێش شاڵاوی ئەنفال "هێرۆ"ی دەرباز کرد، لە رێگەی (تاران- دیمەشق) دووبارە گەڕایەوە بۆ "لەندەن".
- لە دوای پێنج ساڵ واتە لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ دووبارە لە رێگەی (دیمەشق- تاران) هێرۆ دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. 
هەنوکە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٧یە، "هێرۆ" و کوڕەکانی و خوشکەکانی و زاواکانی، زڕ برازا و خوشەکەزاو ئامۆزاکانی تاڵەبانی بوون بە ملیۆنێر بە دزینی پارەی بیرە نەوتکان و سامانی گشتی، میللەتیش بە هەژاری و نەداری ژیان و گوزەران بەسەر دەبەن!
دووەم قافڵە، ناوی خێزانی ئەو لێپرسراوانەی یەکێتی کە لە پێش ئەنفال دەربازکران
 لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ و سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا کۆمەڵێک خێزانی لێپرسراوانی یەکێتی، پێش شاڵاوی "ئەنفال" ڕەوانەی ئەودیوی سنوور کران. خێزانی هیچ یەک لەو لێپرسراوانە بە دەست بەتاڵی نەڕۆیشتوون وە هیچ کامێکیان لە کەمپی پەنابەران نەماونەتەوە، هەموویان لە شارەکانی ئیران لە کۆشک و باڵەخانە ژیانیان بەسەر بردووە، خزمەتکاریان هەبوو و لانکرۆزەری ئیتیلاعاتیان لە خزمەت دا بوو تا بە جانتا دۆلار گەیشتوون بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوە لە کاتێکدا بوو سەرانی یەکێتی ڕێگەیان نەدا خەڵکی دێهاتەکان ڕابکەن پێش ئۆپەراسیۆنی "ئەنفال" لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا. 
ناوەکان
یەکەم:
رووناک، هاوسەری مەلا بەختیار لەگەڵ منداڵەکانی لە ساڵی ١٩٨٧ ئیران، ئەوروپا دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ کوردستان.
دووەم:
"پاکیزە" خێزانی فەرەیدون عەبدولقادر لەگەڵ منداڵەکانی ساڵی ١٩٨٧دەرباز کرا بۆ ئیران دواتر ئەوروپا. 
سێیەم:
"ڕووناک" هاوسەری فوئاد مەعسوم و کچەکانی هەر لە بریتانیا بوون، بۆ ڕۆژێکیش شاخیان نەدیوە. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ کچەکانی گەڕانەوە بۆ کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆست و خۆ دەوڵەمەند کردن.  
چوارەم:
"شنۆ"، خێزانی "یوسف زۆزانی" لە ساڵی ١٩٨٧دا دەرباز کرا بۆ ئیران، سوریا دواتر ئەوروپا، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١گەڕایەوە بۆ کوردستان.
پێنجەم:
"تاڤگە" خوشکی "نەوشێروان مستەفا ئەمین" و خێزانی "حەمە توفیق رەحیم". لەگەڵ منداڵەکانی لە ساڵی ١٩٨٧دەرباز کرا بۆ ئیران، ئەوروپا، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ کوردستان.
شەشەم:
"شوعلە"، هاوسەری "نەوشێروان مستەفا ئەمین" بە سێ منداڵەوە "نما، چیا و چرا"، لە کۆتایی ساڵی١٩٨٧ و سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا دەربازکرا بۆ ئیران، لەوێوە بۆ ئەوروپا لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ کوردستان.
حەوتەم:
بەیان، هاوسەری د.کەماڵ خۆشناو لەگەل هەردوو منداڵی  لە ساڵی ١٩٨٧ دەرباز کرا بۆ ئیران و دواتر ئەوروپا.
هەشتەم:
"سەبیحە"، هاوسەری "جەبار فەرمان" بە منداڵەکانیەوە ساڵی ١٩٨٧ دەربازکرا بۆ ئیران لەوێوە بۆ ئەوروپا، نەگەرایەوە کوردستان تا بوونی  "جەبار فەرمان" بە مردووی نێو پێخەف ساڵی ٢٠٠٣، کچەکانی گەڕانەوە بۆ پۆست وەرگرتن و گیرفان پڕ کردن. دواتر خانەنشین کرا بە پلەی (مودیر عام).
نۆیەم:
"حازیمە"، هاوسەری "بەختیار"ی برای نەوشێروان بە دوو منداڵەوە لە ساڵی ١٩٨٧دەرباز کرا بۆ ئیران دواتر ئەوروپا 
دەیەم:
"پەخشان"، خێزانی ئەرسەلان بایز لە ساڵی ١٩٨٨ دەربازکرا بۆ ئیران، ئەوروپا، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ کوردستان دواتر خانەنشین کرا بە پلەی (وەکیل وەزیر) 
یازدەم:
جەنگی و هاوسەر و منداڵەکانی زڕ برای تاڵەبانی، ساڵی ١٩٨٧ دەرباز کران بۆ ئیران، ئەوروپا دوای ڕاپەرین گەرانەوە کوردستان.
من لە ناوچەکانی سەرکردایەتی پێشمەرگە بووم، زانیارییم نییە لەسەر ناوچەکانی تر بەڵام گومانی تێدا نییە لێپرسراوانی یەکێتی لە ناوچەکانی تریش خێزانەکانیان بەهمان رێگە و بە گیرفان پڕی لە ساڵی ١٩٨٧دا دەرباز کراون بۆ ئیران و ئەوروپا.
 زۆربەی ئەو ژنانە بە رێگەی پیادە سنووریان نەبڕیوە بەڵکو بە رێگەی ئوتۆمۆبیل هەتا گوندی سونێ گەیەنرا بوون هەندێکیان بە هاوکاریی جاش، هەندێکی کەشیان لەلایەن پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی وەکو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و کۆمەڵەی یەکسانی و پارتی تری ئیرانی هاوکاری کرابوون و بەبێ ماندوو بوون خۆیان و جانتا زلەکانیان هەتا سەر سنوور بەرێ کرابوون و لە قاسمەڕەشەوە بە لانکرۆزەری ئیتیلاعات چووبوون بۆ ئیران. هەموو ئەو ژنانە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا تا هەنوکە سوودمەند بوونە لە سامانی گشتی و لە کۆشک و باڵەخانەکانی سەر گرد و چیا بەرزەکانی کوردستان دا بە گیرفان پڕی ژیانیان بەسەربردوە هیچ کامێکیان بە هەژاری و نەداری گوزەرانی نەکردوە و بۆ پشوو و کێشەی تەندروستی، ئەوروپا وڵاتی دووەمیان بووە!

تێبینی: بڕیارم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخ دا کە تا ئێستا لە یادم ماوە، لە چەند زنجیرەیەک بیانووسم، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستانپۆست".




(دەنگدراوە: 32 . زۆرباشە: 4.5/5)