قاسم ئاغای کۆیە ناوێکی دیار و مێژوویەکی قێزەون

Tuesday, 10.22.2019, 15:57

677 بینراوە


قاسم ئاغای کۆیە کێیە!؟
ناوی تەواوی قاسم فارس تاهیر مستەفایە، ناسراو بە قاسم ئاغای کۆیە و قاسمە کوێر.
قاسم ئاغا یەکێکە لەسەرۆکجاش و مستەشارە هەرە مەترسیدارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس و ڕۆژانی دەسەڵاتی سەددام حسێن، هاوکات بەوتەی خۆی هاوڕێی نزیکی سەددام حسێن بووە.
قاسم ئاغا سەرۆکجاش و مستەشاری فوجی الدفاع الوطني ژمارە (٨٥)بووە، لەهەمان کاتدا سەرۆکی عەشیرەتی ( غەفوری )یش بووە. قاسم ئاغا پێشتر فەرماندەی مەفرەزەی تایبەتی(٥٧) بووە.
کەسێکی خاوەن هێز و پشت بووە، هەر ئەم هۆکارانە وای کردووە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، گرنگی پێ بدرێ و بکرێتە سەرۆک جاش و چەندین سرییەی جاشی بخرێتە ژێر دەست...
قاسم ئاغا پێش بوونە جاشی پێشمەرگەی پارتی بووە لەسەردەمی مەلا مستەفادا، دواتر بووە بەجاش و چەکی جاشایەتی لەشان کردووە لەدژی خاک و خەڵکی کوردستان جەنگاوە.
قاسم ئاغا تۆمەتبارە بەتاوانی ئەنفالچێتی و جینۆساید و زیندەبەچاڵکردنی کورد و کوشتنی سەددان پێشمەرگە و بەگرتدانی سەددانی دیکە.
ناوی لەلیستی داواکراوەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا هاتووە بۆ دادگایی کردن لە ڕیزبەندی ژمارە (١١٥)دا.
ئەم سەرۆکجاشە یەکێک بووە لەو سەرۆکجاشە کوردانەی، کە زۆر لە خودی سەددام حسێن و عەلی کیمیاوییەوە نزیک بووە، زۆرجار بەسەرۆکی هەموو سەرۆکجاشەکان وێنا کراوە، چەندین مەدالیای ئازایەتی پێدراوە لەلایەن سەددام حسێن و عەلی کیمیایی و حیزبی بەعسەوە، لەپای ئەو کۆمەڵکوژییانەی بۆ بەعس و ڕژێم کردوونی و هەزاران خەڵکی بێ تاوان و بێ چەک و پێشمەرگەی بۆ بەعس و حکومەت کوشتووە و بێ سەروشوێن کردووە.

تاوانەکانی قاسم ئاغای کۆیە...
قاسم ئاغا بەبەشداری هەرە چالاکی شاڵاوەکانی ئەنفال دادەنێرێت، لەماوەی ساڵانی (١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨)دا..
بەشدار هەرە چالاکی ئەنفالەکانی ( ١ و ٢ و ٤ و ٥ و ٦ و ٧)بووە.
تەنانەت براکانیشی وەک خۆی هەر ڕۆژەو جەرگی دایکێکیان دەسوتاند، لەسەردەمی دەسەڵاتیاندا هەموو جۆرە دەستدرێژییەکیان کردۆتە سەر خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و شۆڕش.
قاسم ئاغا لەسەردەمی دەسەڵاتیدا زووڵم و زۆرێکی بەتایبەت لەخەڵکی کۆیە و دەورووبەی و دۆڵی جافایەتی کردووە، هاوکات بەپیاوێکی بێ بەزەیی و لەخۆبایی و ڕق لەدڵ لای خەڵک وێناکراوە..
قاسم ئاغا زۆرترین تاوانی نامرۆڤانەی دەرهەق بە کورد و شۆڕش و پێشمەرگە ئەنجام داوە، هەتا لەکاتی ڕاپەڕینیشدا لە (٣/ ٩/ ١٩٩١)دا تا دواین فیشەک لەدژی خەڵکی ڕاپەڕیوی کۆیە و پێشمەرگە شەڕی کردووە، تەنانەت دوو پێشمەرگە و (٢٨) کەسی ڕاپەڕیوی کۆیەی شەهید کردووە، لەگەڵ کوشتنی جاشێکی خۆیدا بەناوی ( ڕەحمان عەلی ئیسماعیل) تەنیا لەبەر ئەوەی وتبووی پێی ( ئاغا با تەسلیم بە جەماوەر بین) لەوەڵامدا ناودەمی پڕ کرد لە گوللە.. قاسم ئاغا کە توانای بەرگری کردنی نەما لەکۆیە بەناچاری بەرەو هەولێر ڕای کرد، لەپاش ئازادکردنی هەولێریش بەرە و موسل و بەغداد هەڵهات، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە (٩/ ٤/ ٢٠٠٣) بەرەو سوریا هەڵهات و لەوێ ژیا تا تێکچوونی سوریا.
بەڵام لەئیستادا یەکێکە لە پیاوە ڕێزلێگیراو و پارێزراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدهۆک نیشتەجێیە.
لەدوای ڕاپەڕین لەگرتەیەکی ڤیدیۆی کەناڵی عێراقەیدا، کە دیدارێکی سەددام حسێن و کۆمەڵە سەرۆکجاشێکی کوردی پەخش دەکرد، قاسم ئاغا بە سەددام حسێن دەڵێت: گەورەم من بەفەرماندەی فەیلەق لیوا ڕووکن (عەلی شەلالم) وت، کە کیمیاوی لە شاری رانییە و چوار قوڕنە و پشدار بدات، یان ساروخەکان بداتە من و خۆم کیمیابارانیان بکەم، بەڵام فەرماندەی فەیلەق بەقسەی نەکردم و بە کیمیایی لێی نەدان، ئەوە بوو شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک کەوتە دەست ئاژاوەچی و تێکدەرەکان ئێمەش ناوچەکانمان چۆڵکرد...
تاوانەکانی قاسم ئاغا هێندە زۆرن ئەگەر دادگایی بکرێت ڕەنگە بە (١٠) ساڵ دۆسیە و سکاڵاکان لەسەری تەواو نەبن، یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال بەناوی فواد قادر، کە بەدەستی قاسم ئاغا (٣٦) ئامۆزا و کەسی ئەنفال کراون.
سەددان نمونەی دیکە هەن کە ڕەنگە ئێمە نەتوانین مافی تەواو بەو قوربانیانە بدەین و یەک بەیەک باسیان بکەین، ئەوەی ئاماژەمان پێکرد نمونەیەکە لەسەددان نمونە..
بەدەر لە ئەنفال و زیندەبەچاڵ و ئەو کوشتن و کوشتارانەی کردوونی و نەزانراون، بەژمارە ناوی (١٢٢) شەهید هەن، کە بەدەستی قاسم ئاغا شەهیدکراون.
بۆ زیاتر زانینی تاوان و کوشتن و کوشتارەکانی قاسم ئاغای کۆیە بڕوانە پەرتووکی ( ئینسکۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوەکانی ئەنفال لەباشوری کوردستان) لاپەرە ((٤٠١ بۆ ٤١٦)، کە بە (١٥) لاپەڕە نوسەر دەرسیم دیبەگەیی باسی لێوەکردووە.

قاسم ئاغا و دادگا...
قاسم ئاغا لەساڵی (٢٠٠٣) بەمادەی (٤٠٦)ی کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، هەتا ئێستا (٤٢) سکاڵای یاسایی لەدژ تۆمارکراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە، چونکە ئەویش وەک ئەوانی تر لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە داڵدەدراون و ڕێگری کراوە لە بەدادگایی کردنیان، چەندین جار ڕێکخراو و کەسوکاری قوربانیان خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان لەسەر بەدادگایی کردنی ئەنجامداوە، بەڵام وەک هەمیشە داوا ڕەواکانیان گرنگی پێ نەدراوە و پشت گوێ خراون.

قاسم ئاغا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان...
قاسم ئاغا لە بەهاری ساڵی (٢٠١٠) بەفەرمی هاتەوە بۆ کوردستان و لە هەولێر لەگوندی مەلا ئۆمەر نزیک هاوینە هەواری پیرمام، لەژێر ئاسایشی پارتیدا ئارامی و پاراستنی بۆ دابین کرا، هاوکات لەلایەن کۆنە سەرۆکجاشی فەوجی ژمارە(١١)بەهرامی شیمەهارون، کە ئەویش یەکێک بووە لەسەرۆکجاشە دڕندەکان لە مەلا ئومەران پاسەوانی قاسم ئاغای کۆنە جاشی دەکرد، تەنانەت لەوێ دیوەخانانەی بۆ بڕایەوە و ماوەیەک خزم و کەس و ناسراوەکانی سەردانیان دەکرد، جۆرێک لەئازادی گەڕان و ژیانی سەربەستانەی بۆ دابین کرابوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام بەهۆی فشاری ڕێکخراوەکان و خەڵکەوە، بەنهێنی گواستیەوە بۆ دەوورووبەری دهۆک، دواتر نەوزاد هادی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەهەولێر دەریان کردووە و نەشیان زانیوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە!.
لەئێستادا قاسم ئاغا بەئازادانە لە ڕاستەهێلی کۆیە و هەولێر و دهۆک و تورکیا هاتووچۆ دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان موچە و پاسەوان و شوێنی نیشتەجێ بوونی بۆ خۆی و کوڕ و خێزانەکانی دابین کردووە، دوو لەکوڕەکانیشی وەک پاسەوان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە موچەیان بۆ بڕاوەتەوە و پاسەوانی باوکیان دەکەن.. هاوکات چەند ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتی پێشمەرگەیان پێدراوە بۆ هاتووچۆکردن.

سەرمایەی قاسم ئاغای کۆیە...
قاسم ئاغای کۆیە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی ئاشکرای نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە سەرچاوەی دارایی قاسم ئاغای کۆیە، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەپلەی جیاجیا موچەی خانەنشینی پلە باڵایان بۆ خۆی و ژن و منداڵەکانی دابین کراوە، مانگانەش دارایی تایبەت دەچێتە سەر هەژمارەکەی، تەنانەت کوڕەکانی هەر ڕۆژە و بەئۆتۆمبێلی گران بەهاوە دەردەکەون...

ژیانی تایبەتی قاسم ئاغا...
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون قاسم ئاغا لە (١/ ١/ ١٩٥٢) لە گوندی کرۆژی سەر بە کۆیە لەدایک بووە و چوار ژنی هێناوە بەناوەکانی ( نەرمین و ڕووناک و عەیشێ و بەیان ) و خاوەن پێنج کوڕ و کچە بەناوەکانی.
وەعد قاسم فارس تاهیر کە کوڕە گەورەی قاسم ئاغایە و لە (١٥/ ٤/ ١٩٨٩) لەدایک بووە.
ئاوارە قاسم فارس تاهیر لەساڵی (١٩٩٠) لەدایک بووە.
فارس قاسم فارس تاهیر لە (٣٠ / ٤/ ١٩٩٢) لەدایک بووە.
رۆژین قاسم فارس تاهیر لە (٣/ ٩/ ١٩٩٥) لەدایک بووە.
چرا قاسم فارس تاهیر لەساڵی (١٩٩٦) لەدایک بووە..
باوکی قاسم ئاغا، فارس تاهیر مستەفا ئەویش یەکێک بووە لەسەرۆک جاشەکان و دەستی بەخوێنی کورد سورە.
ئەوەی لەکۆتایدا ماوەتەوە ئاماژەی پێ بکەین تەواوی خێزانە گەورەکەی قاسم ئاغای کۆیە سەرجەمیان جاش و ئەنفال چی بوون.


https://youtu.be/HiMEKbTx3Hg



(دەنگدراوە: 1)