مەلا و موفتی لە نێوان خوداوەند و شەیتان دا

Tuesday, 01.28.2020, 3:40

3307 بینراوە


بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان دوو زلحیزبەکە (پارتی و یەکێتی) و ئیسلامیەکان و پ.ک.ک، کۆمەڵگەی کوردیی تووشی دەیان قەیران و گیروگرفتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو.
-------------------------
 ڕووداوگەلێک کە کاریگەریەکەی ئەوەندە زۆر و بەهێز بوون، تا ئەمڕۆش بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستانەوە زەق و بەرچاوە و کارەساتی کوشندەی لێدەکەوتۆتەوە، بۆیە بۆ ئەمڕۆش ڕێگەی نەداوە تاکی کورد لەم بەشەی کوردستاندا ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەری هەبێت.
ئەوانەی بەوتەی خۆیان، لە شاخ پێخۆریان پێ نەبوو و خەڵکی گوندەکان یارمەتیان دەدان و بە پێڵاوی جیرو و لەپەنا و بندیوارەوە قەل و قازی خەڵکیان دەدزی و ڕۆڵی شۆڕشگێڕیان بۆ دەگێڕاین، بە فیکە و چەپڵەی خەڵک گەڕانەوە شار و بوونە خاوەنی چەندەها تەلار و سوپەرمارکێت و بە دەیان گرووپی دزیی و چەتەگەریی و سێکسی و کەناڵی تەلەفزیۆنیان دامەزراند.
مخابن، لەوەها هەلوومەرجێکدا؛ تەنیا خەڵکی هەژار و شۆڕشگێڕانی ڕاستەقینەی ئەم نیشتیمانە بوونە قوربانی سەرەکی شەڕی ناوخۆی مافیاکان. ئەنجامەکەشی بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی بنەماکانەی ئەخلاقی و کلتووریی لەبەر یەک هەڵەتەکێندرێت و ڕووت و قووتی و بەڕەڵایی و خۆدەرخستن و ڕیکلام بۆ فاشیۆن و شاجوان و هێنانی گۆرانیبێژی بەیانی؛ وەک پەتایەکی کوشندە و نامۆ لەهەمبەر کلتووری کوردیی خۆی بنوێنێت و پارەی تێدا سەرف بکرێت.
کەوابوو، ئەم حاڵەتە بە تەواوی کەوتە دژایەتیکردنی مێژوو و داب و نەریتی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانی خەڵکی کوردستان.

لەهەمان کاتیشدا، جیا لەوەی ئیسلامیەکانی کوردستان خۆیان هەڵقورتاندبووە سیاسەت و سات و سەودای حیزبیی و خێڵەکی و لە دزیی و گەندەڵی دوو بنەماڵەی مافیا و حکومەتەکەیان دەوریان هەبووە و هەیە، کۆمەڵێک شتی سەیر و سەمەریش لە لایەن ئەوانەوە بونیاتنرا و سەریهەڵدا.
لە لایەک بە درووستبوونی دەیان مەلای ساختەچی و عەقڵ داخراو، و بە پارەی مەدخەلیەکانی ئالی سعوود و هەروەها ئیخوانیەکانی قەتەر و ڕابێتەی ئیسلامی، ئیسلامی کوردیی و عیرفانی کە سەدان ساڵ بوو لە کوردستان جێگە و پێگەی تایبەتی هەبوو، و بە هەموو پێوەرێک نوێنەری ڕاستەقینەی مرۆڤی باوەڕمەندی کورد بوو، دوور خرایەوە و کەوتە پەراوێز و لە هەر گوندێکی کوردستان مزگەوتێکی منارە سەوز درووستکرا و هەروەها مەلای عەمامە سووری ئیخوانیی و ڕیش پانی سەلەفی بە جلوبەرگی سەیر و سەمەر و حەدیس و نەقڵی دژە عەقڵەوە کەوتنە ناو گۆڕەپانی کوردایەتی دیوەخانیەوە.

ئەو مەدخەلیانەی مەسعوود بارزانی و تاڵەبانیان پێ وەلی ئەمر بوو، دۆعای خێریان بۆ ئەوان و دەسەڵاتە ناشەرعیەکەیان دەکرد و لەگەڵ ئەمەشدا، مەلا ئیخوانیەکان وەک داشی تورک و عەڕەب لە کوردستان، ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبوونە دەرمان و چارەسەری تەنیا یەک زام و برینێکی نەتەوەکەیان.

لە هەرێمی هەولێر پارتی دیموکرات، مەلا مەسعوودی سەلەفی و مەلا مەزهەری شاگردی زەق کردووەتەوە و هەر مەلایەکی دیکەش پێچەوانەی سیاسەتی خێڵی بارزانی هەڵسووکەوت بکات، تیرۆر دەکرێت و یانیش لە مزگەوت و مینبەر دوور دەخرێتەوە. کوشتنی مەلا هوشیار و مەلا کامەران و زیندانی کردنی مەلا سمایل سوسەیی و دوور خستنەوەی مەلا نادر کانی کوردەیی لە وتاردان چەند نموونەی بەرچاون.
بنەماڵەی تاڵەبانیش ڕێگەیان بە عەبدولەتیفی مەدخەلی و هەڵۆ کاراتیی و کۆمەڵێک مەلای دیکە داوە، تاوەکوو بە دامەزراندنی تەلەفزیۆنی ئامۆژگاری و درووستکردنی مزگەوتی بەهەشت، گاڵتە بە ژن و کچی خەڵک بکرێت و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا نامووسی خەڵک بۆخۆیان حەڵال بکەن و چیان بوێت بە دڵی خۆیان بیکەن و لە کۆتایشدا دەست بە ڕیشی ناموبارەکیاندا بێنن.
مەلا هەڵۆی کاڕاتی، وەک مرۆڤێکی دووڕوو و درۆزن، هەرجارە و جیا لەوەش کە بۆ بەرژەوەندی دووکانی عەقیدەی خۆی، دژی عەبدولەتیفی مەدخەلی و مەلا فاتیح شارستانی، شەڕی دەست پێکردووە، بە نانەوەی ئاژاوە و بێ ڕێزیکردن بە خەڵک، بەو جۆرەی خۆی دەیهەوێت و پێیخۆشە تەفسیری ئایەت و حەدیس دەکات و بووەتە دەمڕاستی خودا و پێغەمەبەر لە شاری سلێمانی.!

هەڵبەت لە بابەتی پێشتر دا، ئاماژەم بە مانای ڕاستەقینەی دیووس و قەواد کە مەلا هەڵۆ باسی دەکات کردووە، باشترە بڵێم کە ئەم حاڵتە پێ ئیسلامیش خوێندنەوەی بۆکراوە و باسکردنی وها مەوزووعێک لە لایەن ناوبراوەوە و لەمڕۆدا، تەنیا بە مەبەستی نانەوەی فیتنە و ئاژاوەیە لە کۆمەڵگە دا، ئەگینا هەموو سفوورێک بێ حەیا نیە و هەموو داپۆشراوێکیش پاک و فریشتە نیە.
عەبدولەتیفی ژن دز، بە هاوکاری تاقمەکەی، هەموو کات دەست بە سینگیەوە دەگرێت بۆ سیاسەتی و ئەمری بنەماڵەی تاڵەبانی و بە پارەی مەدخەلیەکانی سعوودییە و خەڵکی ساویلکە و خۆش باوەڕیش، بەهەشتێکی پڕ لە حووڕولعەینی بۆخۆی پێکەوەناوە و هەرکەسیش لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ڕابکات و ڕوو بکاتە وڵاتانی ئورووپا، ئەوە ناوبراو بێ سێ و دوو بە خوێندنەوەی حدیسی پێغەمبەر بە کافری لە قەڵەمدەدا.!

ئاخر کاتێک پارتی و یەکێتی گاڵتە بە عەقڵی خەڵک دەکەن و خۆیان ئەم سیناریۆ قێزەونەیان هۆنیوەتەوە و دایانڕشتووە، بە بێ بوونی هیچ لەمپەرێک لە بەرانبەر خۆیاندا بەسەر خەڵکەوە بە تەواوی مانا خودایەتی دەکەن، بۆیەش قەبووڵیانە لە هەمان ئاڕاستەدا مەلاکانیش خۆیان بە نوێنەری خودا و پێغەمبەر بزانن.!
مەلا مەزهەری زەینولعابیدینی خۆراسانی بە دامەزراندنی تەلەویزیۆنی سرووشت لە هەولێر و عەبدولەتیف بە دامەزراندنی کەناڵی ئامۆژگاری لە سلێمانی، دەچنە شەڕی کەناڵی کورد ماکس و نێت تیڤی کە ئەڤین ئاسۆ و ئارامۆ و سۆرانی مام ئیسماعیل، تێیدا باسی مودێڕن بوونی ژنانی کورد و پێشەوەچوونی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن.!
بەداخەوە کەس نیە، تۆسقاڵێک بە وردبینیەوە لەم بەزم و چەلەحانێیەی نێوان شانۆکارانی دەسەڵات بکۆڵێتەوە و بڵێت ئەگەر ئەم حکومەتە مافیاییە، بۆخۆی لەم بەزمەدا ڕۆڵی سەرەکی ناگێڕێت و ئامانجی تایبەتی خۆی ناپێکێت، کە بریتیە لە گەوجاندن و خاپاندنی جەماوەری کوردستان، چۆن دەبێ بە ناوی داکۆکی کردن لە ئافرەتان و نوێنەرایەتی خوداوە گاڵتە بە کەڕامەتی تاکی کورد بکرێت.!
سەدان ساڵە ژنان و کچانی کورد بە جلی کوردییەوە و مەلاش بە جبە و مێزەری کوردانەوە دەرکەوتوون و هێچ کێشە و گیروگرفتێکی ئەوتۆش بەقەدەر ئێستا نەبووە و هەرگیز کۆمەڵگەش بەسەر بێ باوەڕ و باوەڕدار دا دابەش نەکرابوو.
کەوابوو، دەبێ بپرسین ئەم نوێنەرانەی خوداوەند لە کام ئاسمانەوە هاتوون و ئافرەتانی مودێڕنیش لە کام کۆمەڵەگەی مودێڕنی ئەم جیهانەوە، مودێل و ستایلی نوێیان بۆ ژنانی کوردستان بە دیاری هێناوە؟!
نە خودا و نە پێغمبەری ئیسلام، نوێنەری ئاوا مونافیق و درۆزن و ساختەچیان نەبووە، بێ هیچ گومانێک ئەمانە نوێنەری شەیتانن و مسقاڵێک کار و کردەیان لە پێغەمبەر و هەواڵانی ناچێت.
ئەوانە شاگردەکانی ئیبن عوسەیمنن کە پێی وابوو، وەلی ئەمر لەبەرچاوی خەڵک زینا بکات یانیش منداڵبازیی و بەڵام تەنیا شرک نەکات، ئەوە هیچ کێشەیەک نیە.!
زۆربەی مەلاکانی کوردستان، مەلای ئەوقاف و حیزبن، ئەگەر ویژدانیان هەبوایە پارەی حیزب و ئەم دەسەڵاتیان وەرنەدەگرت و دەبوونە ڕێبەری شۆڕشێکی جەماوەری بەهێز و چەکدار لە دژی حکومەتی دز و مافیای کورد. ئەوانە ئەگەر باوەڕیان بە شەهیدبوون هەبوایە، ئێستا لەمێژ بوو لە پێناو خودا دا ژیانی خۆیان دەبەخشی.
نەخێر، ئەوانە نوێنەری خودا و پێغەمبەر نین، بەڵکوو نوێنەری ئیبلیسن و خەڵک شۆڕ دەکەنەوە ناو کێشە و ناخۆشی و دونیایان لێ دەکەنە جەهەننەم و دەڵێن ژیانی دونیا تاڵە و تفتە و کەڵکی نیە، بەڵام لەهەمان کاتدا بۆخۆیان لەم دونیایەدا، جەننەت و بەهشتێکی پڕ لە خۆشی و حۆری پێکەوە دەنێن و سووکایەتی بە بوون و نەبوونی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن.




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 3.5/5)