حیزبی ئیسلامی و مەدخەلیەکان لە دەسەڵاتی خێڵەکی پیسترن

Thursday, 12.10.2020, 12:50

2936 بینراوە


دوابەدوای پەرەسەندی ناڕەزایەتیەکان و فراوانتر بوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی عێڕاق، گەنجان و خەڵکی تووڕە و هەڵچوو لە دەسەڵاتی مافیا و جەردەکانی کوردایەتی خێڵەکی، چەندین بارەگا و لق و مەڵەبەندی حیزبەکانیان سووتاند.
جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستانی عێڕاق، تەنانەت هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگای کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی عێڕاق.
هەڵبەت، دواتر میدیای کۆمەڵ و یەکگرتوو بە بڵاوکردنەوەی وێنەی چەند قورئان کە لە بارەگای سیاسی و لە کاتی ئاگردانی مقەرەکانیان دا سووتابوون، ڕایانگەیاند ئەم کارە قێزەونە و خۆپیشاندان واناکرێت و خودا قەبووڵی ناکات لە میللەت.!!

"دلێر گەرمیانی" یەک لەوانە بوو کە بە نووسینی چەند دێڕێکی مەلایانە و فێڵبازانە ڕایگەیاند کە " بە سووتاندی قورئان مافەکانتان بۆ ناگەڕێتەوە"!
پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵە سەرەکیەکانی بابەتەکەم، لێرەدا دەقی نووسراوەکەی دلێر گەرمیانی وک خۆی بڵاو دەکەمەوە:
" حوکمی ئەو کەسانەی بە هەر بیانوویەک گاڵتە و سوکایەتی دەکەن بە قورئانی پیرۆز
قال الله تعالى: ﴿ قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ * لاَ تَعْتَذِرُوا قَدْ كَفَرْتُمْ بَعْدَ إِيمَانِكُمْ ﴾ [التوبة: 65-66].
واتا : ئەی محمد پێیان بڵی ئایە بە خوادا و بەڵگەکانی و پێغەمبەرەکەی گاڵتەتان دەکرد بیانوو و بەهانە مەهێننەوە بەڕاستی ئێوە کافر بوون پاش بڕواهێنانتان
ـ
وعن الشَّافعي أنه سئل عمَّن هزل بشيء من آيات الله، أنه قال: هذا كافر، واستدلَّ بقوله تعالى: ﴿ قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ * لاَ تَعْتَذِرُوا قَدْ كَفَرْتُمْ بَعْدَ إِيمَانِكُمْ ﴾ [التوبة: 65-66
واتا: پرسیار کراوە لە پێشەوا شافیعی ڕەحمەتی خوای لێبیت سەبارەت بە کەسێک گاڵتە بکات بە هەندێ لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز لە وەڵامدا فەرمووی (هذا كافر) ئەو کەسە کافرە
خوای پەروەردگار هەڕەشەی کردوە لەو کەسانەی کە گاڵتە بە هەندێ لە بەڵگە و ئایەتەکانی دەکەن بە سزایەکی ڕسواکەر

وەک دەفەرموێت :
﴿ وَإِذَا عَلِمَ مِنْ آيَاتِنَا شَيْئًا اتَّخَذَهَا هُزُوًا أُوْلَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ ﴾ [الجاثية: 9].
واتا: هەرکاتێک شتێک لە بەڵگەو ئایەتەکانمان ئاگاداربێت وە بەگاڵتەی بگرێت ئائەوانە سزایەکی ڕسواکەریان بۆ هەیە
ــ
پێشەوا نەوەوەی ڕەحمەتی خودای لێبێت دەفەرموێت : «وأجمعوا على أنَّ مَنْ استخفَّ بالقرآن، أو بشيء منه... كَفَر ـ
المجموع (2/193). وانظر: صحيح مسلم بشرح النووي (6/88).
واتا : زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی هەرکەسێک سوکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکات یان هەندێکی ئەوە کافر بووە
لە کۆتاییدا دلێر گەرمیانی دەڵێت: پێویستە ئەو میللەتەی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی هەر مافێکی خۆی ڕوو لە خودا بکات و داوای کۆمەک لە خودای گەورە بکات  بەهیچ شێوەیەک ڕێگا نەدات کەسانێک بەو ناوەوە قورئانی پیرۆز بسوتێنن چونکە ئەوەی بە قورئان سوتاندن ڕازی ببێت سەرەڕای ئەوەی توشی کوفر دەبێ ، خودا و موسوڵمانان لەخۆی دەڕەنجێنێت و ناگاتە مافەکەی.
سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَبِحَمْدِكَ ، أَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلا أَنْتَ ، أَسْتَغْفِرُكَ وَأَتُوبُ إِلَيْكَ. (دلێر گەرمیانی)".
----------------------
وەک لە نووسراوەکەی دلێر گەرمیانی درۆزن دا دەیبینن، بە هێنانەوەی دوو ئایەت لە قورئان، باسی جۆری سووکایەتی بە قورئان دەکات و دواتریش دەڵێت ڕای ئیمامی شافیعی و زۆربەی زانایان ئەوەیە، کە ئەو کەسانەی بێ ڕێزی بە کەلامی خودا دەکەن کافرن.!
لە وڵامی چەواشەکاری دلێر گەرمیانی سیاسی ـ مەدخەلی دا، با بە چەند پرسیار دەست پێبکەین.
باشە دلێر گەرمیانی، تۆ پێتوایە ئەو خەڵکە ماف خوراوەی کوردستان، بە دەست ئانقەست بێ ڕێزیان بە قورئان کردووە و قورئانیان سووتاندووە، یان کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پێناو کورسی و پارە و سیاسەت دا، خودا و قورئان و ئیسلامیان تێکەڵ بە سات وسەودای گڵاوی خۆیان کردووە؟!
تۆ خەڵکێکت بە تەفسیری سەقەتی خۆت لە قورئان و حدیسی زانایان کافر کرد، کە خودا مردنی یەک کەس لەوانەی لە ڕووخاندنی کەعبە بەلاوە گرنگترە.!

پاشان ساختەچی نامەرد، هەموان دەزانین کە عەلی باپیر و سەرکردەکانی یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی، هەر ڕێک وەک خومەینی جەلاد، پێیانوایە "مسجد سنگر است" واتە مزگەوت سەنگەرە و پێویستە لە پەنای قورئاندا، دەیان و سەدان کاری قۆڕ و ناشەرعیی و سیاسی تێدا بکرێت.!
سەرفترە بخۆی، پارە بە ناوی هەژارانەوە بدزی، سووکایەتی بە ژن بکەی، حوکمی کافر کردنی خەڵک دەربکەی، سیاسەت و حیزبایەتی تێدا بکەی و مایکرۆفۆنی مزگەوتەکان بەکار بێنی بۆ ناوزڕاندن و کاری چەپەڵ و...هتد!.
دەی ئێوە کە لە مزگەوت و حوجرەکان دا، هەموو ئەم ئیش و کارە گڵاوانە ڕادەپەڕێنن و چەندین نوسخە لە گەورەترین کتێب و مەرجەع و سەندی ئایینی ئیسلام(قورئان) لە مزگەوتەکان دا هەیە، ئیتر چ پێویست دەکات، ئەو هەموو قورئانە لە بارەگا و مقەرەکانتان دا کۆ بکەنەوە و بۆ چ مەبەستێکە کۆتانکردوونەتەوە؟!!!
ئێوە لە مقەڕ و بارەگادا کار و چالاکی سیاسی دەکەن، یان دەرسی قورئان و حەدیسیش دەڵێنەوە و بێوەژنیش بەشوو دەدەن و ناونووسی حەج و زیارەتیش دەکەن؟!
پێت وانیە بێ تاوان پیشاندان و خۆمەزڵووم کردنی حیزب و گرووپی ئیسلامی سیاسی لەم کاتەدا بە تایبەت دەکرێت!
دەی ئێوە خۆتان باش دەتانزانی کە لە ئاکامی هێرشی جەماوەری تووڕە و بێ ماف و هەژار و برسی دا، ویشک و تەڕ دەسووتێت و پەلاماری تەواویەتی سیاسیە چەپەڵەکان دەدەرێت.
هەر بۆیەش ئەو هەموو قورئانەتان لە مقەڕەکان کۆ کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بسووتێندرێن و بیانووتان گیر بکەوێت؛ کە ئەنەهوو ئێوە وەک پارتی و یەکێتی نین و تەنیا کار بە قورئان دەکەن و مقەڕەکانتان بە نووری ئیمان و وزەی شەرعی کار دەکەن.!
ئێوە خواستی ئەوەتان هەبوو کە بە خەڵکی بڵێن لە بارەگای حیزبە ئیسلامیە سەرشۆڕ و بەلاشخۆرەکان نەدەن، چونکە تەنیا قورئانی تێدایە و گوناحە و تاونی شەرعیە ئاگر لەو شوێنانە بەردرێت؟!
یانیش ویستان بەم پلانەتان، هاوکات پارتی و یەکێتی جەلاد و جەردە، فێری ئەم بەزمە شەرعیە بکەن. ئەمجار ئەوانیش لە پاڵ بوتڵی عاڕەق و موخدەراتی ناو مەڵەبەند و لقەکانیان، و ئافرەتی ڕاقیسەی و مودێلی هاوردە و ناوخۆیی، چەندەها کتێبی قورئان دابنێن، لەمەڕ ئەوەی وەک قەڵغانێک بەکار بهێندرێت لە کاتی هێرشی جەماوەریدا. بەم شێوەیە و بە پێی فرت و فێڵی ئێوە، ئیتر هێرش بۆ سەر بارەگا و مەڵەبەندی ئەوانیش تابوو و حەرام بکرێت؟!
ئێوە خۆتان ناو ناوە نوێنەرانی پێغەمبەری ئیسلام! یەکەم، مەلا نین و بەڵان و بە عەبا و عەمامەی پیستان و ڕواڵەتێکی ناشیرین و کردەوەی چەپەڵتان، ئابڕووتان بۆ ئیسلام و موسڵمان نەهێشتۆتەوە.!
ئێوە لە ئیسلام، تەنیا فرەژنی و ڕیشی درێژ فێربوون، بەڵام هەگیز نەمانبینی جیا لە یەک دوو مەلا، کەسێکی بوێر و چاونەترس لە جەماعەتی ئێوە سەرهەڵبدات و لە دژی زوڵم و ستەمی توڵە تاغووتی کوردایەتی خێڵەکی شەڕ ڕابگەیێنێت.!
هەر کاتیش دەسەڵات گوشاری بۆهێنان، شلتان کرد و بوونە ئەندام پەرلەمان و عەمامەتان دانا و ڕەنگ و ڕووتان گۆڕیی. یان لە چەشنی مەلا بەشیری ساختەچی، کە داوای دەکرد پەرلەمانی عێڕاق بەخاتری ڕیشی سپی ئەو، پارەی حکومەتی کوردیی نەبڕێت، یان لە خەمی گەلەوە، سوکانتان گۆڕی بۆ هزری گەڵ و وەک عەبە ژنی دزی داوێنپیس، ژن و کچی خەڵکتان هەڵخەڵەتاند و کردتانە سێ ژنە و چوار ژنە.!!!
کام یەک لە پیاوچاکانی ئیسلام نیو هێندەی ئێوە بێ غیرەت و کزەڵۆک و داماو بوون؟!
بێ دەنگی سەرکردەی حیزبە ئیسلامیەکان دەرخەری بێ شەرەفی و بێ ئەخلاقی ئەوانە و هیچی تر.
لە کۆتایی دا دەڵێم؛ تاکەی ئێوەی پۆخڵ و پیاوانی شەیتان، دەتانهەوێت بە ناوی دین و مینبەر و مزگەوت، خەڵکی کوردستان سەرشۆڕ بکەن بۆ دەسەڵاتی خێڵەکی و کوردایەتی تۆپیوو؟!
تا هەنووکە، زۆربەمان مەلایەکمان نەبینیوە لەتاو و تەنگی برسیەتی دا، بێتە بەر کامێرای تەلەویزیۆن و بگری و سواڵ بکات؟! مەلامان نەبینیوە بێ ژن و ژیان و خانوو و پارەی گیرفان بێت؟!
کام مەلای ئەوقاف و بەدەر لە ئەوقافت بینیوە لە گیرفانی خۆی خێر بکات؟!
دلێر گەرمیانی و سەرکردە و بنکەردەی حیزبە ئیسلامیەکان، وەک هوشدارێک پێتان دەڵێین کۆتایی بەم سیناریۆ قێزەونە بێنن با ڕیسواتان نەکەین. ئەگینا ئێمەش چونکە ڕۆژگارێک لە حوجرە و زانکۆی ئیسلامی دا ڕێک وەک ئێوەمانان خوێندوومانە، باش دەزانین ئێوە چ قوماش و قۆشمەیەکن و چلۆن لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرن.! الله اعلم بما اقول